شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئەزانێ کەرى خۆى، چەند مەن بار ئەبا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر شارەزاى یەکێکیتر بێ و بزاێ چى لەبارایە.
ئەزم، هەڵئەبەزم؟
بە یەکێک ئەوترێ کە لە خۆى بایى بووبێ. واتە بە زوبانى حالأ وا ئەڵێ بە خۆى.
ئەستێرە هەر چەند پرشنگدار بێ بە مانگ نابێ
بە یەکێکى بەهرەمەند ئەوترێ کە بەهرەمەندێکى گەورەتر لە ژوور ئەوەوە بێ.
ئەسپ بە ڕاکردن، ئالیکى خۆى زیاد ئەکا
تەماشاى پەندى نۆهەمى دواى ئەم پەندە بکە.
ئەسپ لەژێر کورتان، کەر لەژێر زین
بە یەکێکى بەرزو یەکێکى پەست ئەوترێ کە یەکەم پیشەیەکى پەست و دووهەم پیشەیەکى بەرزى درابێتێ. واتە ئەمە چۆن ئەبێ؟
ئەسپ و ئێستر، لەقە لەیەک نادەن
چونکە خزمى یەکن، بە دوو کەس ئەڵێن کە خزمایەتى نەفامن.
ئەسپ و زین، کەر و قەررازە
بە دوو کەس ئەوترێ کە هەریەکێکیان شایستەى شتێک بن.
ئەسپ و ماین ناڵ ئەکران، قرژاڵ و کیسەڵ قاچیان هەڵئەبڕى، ئەیان وت ئێمەش
بە یەکێک ئەوترێ کە لاسایى لە خۆى گەورەتر بکاتەوە.
ئەسپ پێیەکى ڕەنجە، پێیەکى گەنجە
واتە ئەوەندەى تیا خەرج ئەکەیت، ئەوەندەش بەهرەى لێئەبینى.
ئەسپى خەڵاتى، کەس تەماشاى دەم و دانى ناکا
یەکێک ئەیڵێ کە شتێکى خۆڕایى دەستکەوتبێ.
ئەسپى شێ، یا ئەفڕێ، یا ئەتڕێ
بە ئیشێک ئەوترێ کە زۆر درەنگ بێتە بەر.
ئەسپى چاک ئاوزەنگى ناوێ
چونکە بۆ خۆى ئەڕوا.
ئەسپى چاک خۆى ئالیک بۆ خۆى زیاد ئەکا
بە مووچەخۆرێک ئەوترێ کە پیشەیەکى پێ سپێررا بێ، وە داواى زیادکردنى بکا. واتە ئەگەر ئەتەوێ مووچەکەت زیاد بکرێ ئیشى باش بکە، ئەو حەلە بە ناچارى بۆت زیاد ئەکرێ.
ئەسپى چاک شووڵێکى بەسە
تەماشاى پەندی دووهەم لەپێش ئەم پەندەوە بکە.
ئەسپیان ناڵ ئەکرد، کەریش پێى هەڵبڕى وتى: منیش
بە یەکێک ئەوترێ کە لاسایى لە خۆى گەورەتر بکاتەوە.
ئەسپێ ئەکوژن لە دەورى، لە باتى کولێرە چەورى
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر لات بێ.
ئەسپێ لە باخەڵیا سەوزەڵە گیانم ئەڵێ
سەوزەڵە گیانم: گۆرانییەکى تایبەتییە. بە یەکێک ئەوترێ کە دەمێک بێ پارە لە باخەڵیا نەبێ.
ئەسپێک بە چل ساڵ تەعلیم بدرێ، بۆ مەیدانى قیامەت بەکاردێ
بە ئیشێک ئەوترێ کە زۆر درەنگ بێتە بەر.
ئەسپێکى لەڕ، لە تەویلەیەکى پڕ لە کەر، چاکترە
واتە شتێکى باش لە سەد شتى خراپ باشترە.
ئەشوەڕێ و ئەشتڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خراپیش بێ و دەمەوەڕیش بێ.
ئەشى خورێ و ئەشى یەشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى حەز لە گاڵتە کردن بکا لەگەڵ مەردوما، بەڵام نەیەوێ کەس گاڵتە لەگەڵ ئەوا بکات.
ئەلف لەیلە، ئەخوێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر قسەى بێ سوود بکات بە ڕەوانیى.
ئەم تڕە کەڵەکێیە، سەر ناگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هیواى زۆرى ببێ، وە هیوا لەسەر هیوا دابنێ و کەڵەکەیان بکات.
ئەم دەست موحتاجى ئەو دەست نەبێ
ئەم دەسى لەو دەسى چڵک وەرناگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕژدو چرووک بێ.
ئەم سایە، هى ئەو سایە
بە یەکێک ئەوترێ کە حورمەتێکى کۆنى بنەماڵەیى مابێ.
ئەم قسەیە، با لەناو دوو توێى نانابێ
بە یەکێک ئەوترێ قسەیەک بکا کە هێشتا وەختى نەهاتبێ، واتە قسەیە با فەرامۆش نەکرێ، وە هەڵگیرێ بۆ ڕۆژى خۆى.
ئەم لا ئەکەم و ئاو ئەمبا، ئەولا ئەکەم گورگ ئەمخوا
یەکێک ئەیڵێ کە لە ناوەندى دوو بەڵاى گەورەدا بێ.
ئەم لا تات و ئەولا تات، ئاى بابە جیقم دەرهات
تات تەلە بەردى پانى گەورەیە، یەکێک ئەیڵێ کە لە دوولاوە زۆرى بۆ هاتبێ.
ئەم مردووە، بەم شیوەنە زیندوو نابێتەوە
واتە زۆر شیوەن مەکەن لەسەر مردوو.
ئەم نانە بەو ڕۆنە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئارەزووى شتێکى ببێ و دەستى نەیگاتێ.
ئەم هەویرە ئاو زۆر ئەکێشێ
بە قسەیەک ئەوترێ کە زۆر مەعناى ببێ.
ئەم کاسەیە بێ ژێر کاسە نییە
بە کردەوەیەک ئەوترێ کە مەبەستێکى تایبەتى تیابێ.
ئەمانەتیان دا بە عەردى، نەچووە ژێرى
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو جۆرە سپاردەیەک وەربگرێ و باکى نەبێ ئەگەر لەلاى بفەوتێ، ئەم پەندە ئاماژەیە بۆ ئایەتى [أنا عرضنا الأمانة على السماوات والأرض والجبال فأبين أن يحملنها واشفقن منها وحملها الإنسان]. واتە ئێمە سپاردەمان ڕانواد بەسەر ئاسمانەکان و زەوى و کێوەکانا، هەموو لە گەڵگرتنى یەخەیان هەڵتەکان و لێى ترسان.
ئەمسەر ئەکاو ئەوسەر ئەکا، پارە ئەداو پینە ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە خەریکى پینەکردنى ئەو گوفتارو کردارانە بێ کە ئەیانکا.
ئەمسەر کرێ، ئەوسەر کرێ، پارە کرێ پینەکرێ
پارە: مەبەست پارچە کردنە، واتە هەرچیت بۆ بەرن، یا بۆت بێنن یا بۆت پارچە پارچە بکەن، یا بۆت لەیەکبدەن، هەمووى هەر بە کرێ، وە بە پارەیە.
ئەملاى ناوە بەولاوە، گووى کردە هەردوو لاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە دوو کارى بە دەستەوە بێ و هەردووکى تێکدابێ.
ئەمڕۆ ئێرە دیوەخانە، سبەینێ هێلانەى مشکانە
واتە دنیا تاسەر بۆ کەس نامێنێ، ئەمڕۆ شوێنێک ئاوەدانە سبەینێ چۆڵ و وێرانە، مەگەر زوڕناى تیا لێبدرێ.
ئەمڕۆ بە حازر، سبەینێ بەقەرز
خاوەن دوکان ئەم پەندە ئەنووسێ و هەڵیئەواسێ، بۆ ئەوەى هیچ کاتێک هیچ بەقەرز نەدات، چونکە لە هەردەمێکدا بچیت بۆ لاى ئەو ئەڵێ ئەمڕۆ نا سبەینێ.
ئەمڕۆ دنیایە، سبەینێ زوڕنایە
واتە دنیا تاسەر بۆ کەس نامێنێ، ئەمڕۆ شوێنێک ئاوەدان و سبەینێ چۆلأ و وێرانە، مەگەر زۆڕناى تیا لێبدرێ.
2345678