شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئاگرە سوورێ، لەخۆم دوورێ
یەکێک ئەیڵێ کە ئاژاوەیەک قەومابێ و خۆى تیانەبێ.
ئاڵتوون لە قوڕا دیارە
بە ژنى جوانى هەژار ئەوترێ. واتە هەزار جار ڕەش و ڕووت بێ، جوانییەکەى هەر دیارە.
ئاڵتوون ناوى زەڕەکەریش بۆى ئەزەڕێ
واتە کەر بۆیە ئەزەڕێ، چونکە زەڕەکەى لە وتەى (زەڕ) ئەچێ کە ناوى ئاڵتوونە.
ئاڵیاوا لە قنگییەوە دیارە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕەش و ڕووت و شڕ و وڕ بێ.
ئومێدمان بە وەیس بوو، وەیسیش بە سوننى دەرچوو
وەیسى قەرەنى: یەکێکە لەوانەى کە بە خزمەت هاوڕێى پێغەمبەر گەیشتووە، خوابگاهى لە ماهیدەشتە لە کوردستانى ئێران، وە زیارەتگاى موسڵمانانى ئەو ناوەیە، وادەرئەکەوێ چەند شیعەیەک لە دوورەوە هاتوون بۆ زیارەتى، لە پاشا کە زانیویانە وەیس سونییە ئەم پەندەیان وتووە. ئێستا بە یەکێک ئەوترێ کە هیوایەکى زۆرت پێببێ، کەچى بە پێچەوانەى هیواکەى تۆ ئەو دەرچێ.
ئۆخەى ئۆخەى لە منێ، مێردە وتى چڵمنێ، گا دەرکە لە هەرزنێ
بە ژنێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە مێردەکەى قسەیەکى خۆشى لەگەڵ بکات.
ئۆخەى ماڵى خۆم، حەزکەم ئەتخۆم حەزکەم ناتخۆم
یەکێک ئەیڵێ: کە چاوى لە ماڵى کەسەوە نەبێ و منەتى کەس هەڵنەگرێ.
ئیتر ڕۆن بدە لەسەر سنگت
بە یەکێک ئەوترێ کە ڕقى لە یەکێک بێ و خوا بە ئارەزووى دڵى ئەو پێى نوواندبێ و ئەم دڵى ساڕێژ بووبێ.
ئیش ئیشى خاتوونێ ناو ناوێ مەیموونێ
بە کارێک ئەڵێن یەکێک بیکا و یەکێکیتر ناوبانگى پێدەربکات.
ئیش شێرە، دەستت پێکرد ڕێوییە
واتە ئیش کە نەیکەیت هەر بە سەرتەوە ئەمێنێتەوە، کە دەستیشت دایە بەرە بەرە کەم ئەبێتەوە.
ئیش کەرە، تا لێى نەخوڕیت ناڕوا
واتە ئیش کە نەیکەیت هەر بەسەرتەوە ئەمێنێتەوە، کە دەستیش دایە بەرە بەرە کەم ئەبێتەوە.
ئیشى ئەمڕۆ مەخەرە سبەینێ
نەوەک تەگەرەى تێبکەوێ
ئیشى بەزارى، بۆ خۆم دەچمە یارى
یەکێک ئەیڵێ کە هەمیشە چەقەى بێ لەگەڵ دەست و پێوەندا و هەمیشە پێیان بڵێ: ئەوە بکەن، ئەوە مەکەن، ئەوە وانابێ و وا ئەبێ، واتە خۆم هەستم و بیکەم گەلێ ئاسانترە لەم چەقە چەقەم.
ئیشى من ڕاست بێ، ئیشى تۆ ئاسانە
ئەمەش جۆرێکە لە خودپەرستى.
ئیشى نییە کرداران دەکا، گولى نییە هەوساران دەکا، عەمەلى نییە فەرمانان دەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە بە خۆڕایى خۆى لە هەموو کارێک تێهەڵقوڕتێنێ.
ئیشى ژنان بیست و چوارن، هەر نان و هەویر دیارن
واتە ئیش و کارى ژن ئێجگار زۆرن، بەڵام بەشى زۆرى وردە ئیشن و نابینرێن، دووانیان نەبێ کە لەبەرچاون.
ئیشکەرم بمرێ، مشوور خۆرم نەمرێ
تەماشاى ڕاڤەى پەندى (تەگبیرکەرە نەمرێ، فرمانکەرە بمرێ) بکە.
ئیشکەرى خۆتى، خۆشەویستى خەڵقى
واتە مەردومى لەش سووک خۆشەویستى هەمووانە.
ئیمساڵ ساڵى مەیموونە، ئەمە هەوەڵمانە ئاخۆ ئاخرمان چۆنە
بە هاودەمێک ئەوترێ کە یەکەم ڕۆژ دڵت بشکێنێ.
ئیمڕۆ و سبەى ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە تەفرەت بدا و دەستى دەستیت پێبکات.
ئیمڕۆ چى بچێنین، سبەینێ ئەوە ئەدوورینەوە
واتە هەر وەک گەنم بچێنین، گەنم و جۆ بچێنین جۆ ئەدوورینەوە، هەروا چاکەش بچێنین چاکەو خراپە بچێنین خراپە ئەدوورینەوە.
ئینسان بچێتە شارى کوێران، ئەبێ دەست بە چاوەوە بگرێ
واتە ئەبێ مەردوم لەگەڵ ناوچەدارێ بکەوێ
ئینسان بە وەسیەت نامرێ
واتە هەموو کەسێک چ ئارەزوویەکى هەیە بۆ دواى مردنى با هەر لە ئێستاکەوە بینووسێ.
ئینسان سەر ئەدۆڕێنێ قسە نادۆڕێنێ
واتە ئەوى مەردە، قسە ناگێڕێتەوە.
ئینسان غەریب لە بەرەوە پێى ئەڵێن دانى قەوییەو لە پێشەوە پێى ئەڵێن قنگى قەویە
واتە کەس شەرمى لێناکا.
ئینسان قەدرى وا بە خۆیەوە
واتە ئەگەر کارى جوان بکەیت بەڕێزى و کارى ناشرین بکەیت بێڕێز ئەبیت.
ئینسان لە نزیک کوورەوە بێ پریشکى لێئەپەڕێ
واتە تا ئەتوانیت هاوڕێى پیاوى خراپ مەکە.
ئینسان وەک گا هەر لە پێستێکا نابێ
واتە دەوڵەمەندیش ئەبێ و هەژاریش ئەبێ، ساغیش ئەبێ و نەخۆشیش ئەبێ.
ئینسان کە بە خەیاڵ پڵاوى لێنا، هەتا چەورتر بێ باشترە
بە یەکێک ئەوترێ کە کردەوەى نەبێ و بە خەیالأ ئیش بکات.
ئینسان کە خۆڵ بکا بە سەر خۆیا، لەدەر ماڵى گەورە بیکا بەسەر خۆیا
مەبەست لەم دەوڵەمەندە، ئەو دەوڵەمەندە موسڵمانانەیە کە دەوڵەتەکەیان بە ماڵى خوا ئەزانن، وە هەژاران و لێقەوماوان بە هاوبەش ئەزانن لە داراییەکانیان.
ئێستر و ماین بەشەڕ دێن، کەرو گا بەر لەقە ئەکەون
واتە خۆت تێکەڵى جەنگى پیاوى گەورە مەکە.
ئێسکت مرێ ئێسک گران، حەسیرە شڕەى گوێ ئاگردان
زۆرتر بە پیاوى ماڵێ ئەوترێ کە پیر بووبێ و لەگوێ ئاگردان کەوتبێ.
ئێسکى ئەکا کانێ، موسکى ئەبەنە دیوانێ
ئیسکى: عیساییە. مووسکى: موساییە. بە یەکێک ئەوترێ دەستى خۆى وەشاندبێ و بە کامى خۆى گەشتبێ و یەکێکیتر بگیرێ و بخرێتە ژێر گیروگرفتەوە.
ئێوارە وەختە، چرپن بە جەختە
بە ئافرەتێکى تەمەلأ ئەوترێ کە ئێواران بکەوێتە خۆى، وە دەست بکا بە مالأ پاککردنەوە.
ئەتەرو مەتەر، یەک لە یەک بەتەر
بە دوو کەسى هیچ و پووچ ئەوترێ کە یەک لە یەک بڵحترن.
ئەدا بەلاى مارا کلکى ئەقرتێنێ
بە یەکێ ئەوترێ کە زۆر بەتەماع بێ.
ئەدا لە ئاو، قولى تەڕ نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر فێڵبازو زۆرزان بێ.
ئەرتۆ مەنى، من دوو مەنم، بێجگە لە گورزو کەمەندام
یەکێک بە یەکێکى سووکى ئەڵێ، کە سووکەکە گاڵتەى پێبکا.
ئەرز وەک چەرمى گا وایە
واتە جێى لە جێى چاکترە.
ئەزانێ چەند موو وا بە قنگییەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر شارەزاى یەکێکیتر بێ و بزانێ چى لەبارایە.
1234567