شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئاو لەسەر من، کە تێپەڕیى، چ یەک گەز چ سەد گەز
واتە من کە خنکام چ لە ئاوێکى تەنکا بێ، چ لە دەریایەکى قووڵا بێ.
ئاو و ئاوەدانیان وتووە
واتە لە هەر کوێیەک ئاو بوو ئاوەدانى ئەبێ.
ئاو و ئاگر ئەمانیان نییە
واتە لێیان بترسە.
ئاو کرا بە ئاگرا
واتە ئاژاوەکە کوژایەوە.
ئاوایى پڕەو مەتى کڕە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەنگێکى ناشرینى لێدەرچووبێ و هەموو ئاوایى بیستبێتى، کەچى بە مەردوم بڵێ: ئەم قسەیە با هەر لاى خۆت بێ و کەس نەزانێ.
ئاوت شیرین، نانت گەنمین، ژنت هەر بووک بێ
چونکە ژیانى جیهان لاى پیاوى دنیا هەر خواردن و خواردنەوەى پاک و تەمیزو ژنى جوانى ڕێک و پێکى شەنگ و شۆخە.
ئاوى ئاموون و توونى باباچێ
ئاو نییە لە جیهانا بە ناوى ئاوى ئامووون. ئەبێ ئەمە ئاوى ئامور بێ کە ناوى چەمێکە لە ناوەندی ڕوسیاو چینا. توونى بابا: ناوى دۆلأ و دەڕەیەکى زۆر دوورو درێژو بە پێچ و پڵووچە لە ڕێى دەربەندیخان. هەرچى تێیکەوێ ون ئەبێ. ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە حەزت لە چارەى نەبێ و نەتەوێ بیبینیت.
ئاوى بێلغاو ئەخواتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشى سەربەخۆ بکات و لە کەس نەترسێ.
ئاوى زۆردار سەر بەرەو ژوور ئەڕوا
چونکە زۆرى لەگەڵیە.
ئاوى سوێر، تینوێتى ناشکێنێ
بەڵکوو تینوێتى ئەدا. بە هەموو شتێک ئەوترێ کە پێچەوانەى مەبەست کار بکا.
ئاوى سەر بەڕوو، نانى بێ کەڕوو، کووزەڵەى بێ زەروو، خۆشە
واتە شتى باش لە شتى خراپ پەیدا نابێ.
ئاوى شیرین لە گڵى سوێر دەرناچێ
واتە شتى باش لە شتى خراپ پەیدا نابێ.
ئاوى لێژان، گۆشتى گێژان (...)ى درێژان بەتامن
واتە ئەگەر من وەختى خۆى ئاوى درەختم نەدایە، وە گەورەم نەکردایە، ئەمڕۆ بەو ئاگریان لە من بەرنەئەدا، وە منیان نەئەهێنایە کۆلأ بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ زۆر خزمەتت کردبێ و پێت گەیاندبێ و ئەمڕۆ بچێ بە گژتا و دڵت بێنێتە کۆڵ.
ئاوى لەکوڵ ئەڵێ: هەرچیم کرد خۆم بە خۆمم کرد
واتە ئەگەر من وەختى خۆى درەختم نەدایە، وە گەورەم نەکردایە، ئەمڕۆ بەو ئاگریان لە من بەرنەئەدا و منیان نەئەهێنایە کۆڵ، بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ زۆر خزمەتت کردبێ و پێتگەیاندبێ و ئەمڕۆ بچێ بە گژتا و دڵت بێنێتە کوڵ.
ئاوى وا بە بێڵەوە
بە یەکێک ئەوترێ، کە هەموو ئیش و کارێکى بۆرایى ببێ.
ئاوى وا بە جۆگەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو ئیش و کارێکى بۆرایى ببێ.
ئاوى چاوى سەنراوە
ئاوى چاوسەندن: کردەوەیەکى تایبەتییە بۆ کوێرکردنى یەکێک بێ ئەوەى چاوەکەى ناشرین ببێ. جاران لۆتى کە یارییان بە مەیمون و ورچ ئەکرد، ئاوى چاوى ورچەکانیان دەرئەهێنا تا ڕانەکەن و پەلامارى کەس نەدەن. ناسرەدین شا، ئاوى چاوى "ظل السلطان"ى کوڕى خۆى دەرهێنا، تا دواى مردنى خۆى نەچێ بە گژ (مظفرالدين شا)ى جێگەدار (وەلى عەهد)یا. ئێستا بە یەکێک ئەوترێ کە لە کار خرابێ.
ئاوى ڕژاو گرد نابێتەوە
بە شتێک ئەوترێ کە لە دەستچوو بێ.
ئاوى کردە ژێر
واتە جێى پێ لەق کرد.
ئاوێ بڕوا بۆ ڕۆخانە، خوێش بیخوا نەک بێگانە
واتە هەرچى خۆشى و قازانج هەیە هەمووى بۆ خزم و خوێش و گەل و هاوزوبان بێ، تا ئەگاتە ئاوى چەم و ڕووباریش.
ئاوێ بە جۆگەیەکا ڕۆى، ئەبێ هەر بڕوا
واتە باوى کۆن زۆر درەنگ ئەگۆڕێ.
ئاوێ بە شوێنێکدا ڕۆى ئەبێ هەر بڕوا
واتە باوى ئەبێ هەر وەک خۆى بمێنێتەوە.
ئاوێنە ئەگرن بە دەمێوە
تا بزانن هەناسەى تیاماوە. بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر کەشەنگ بێ.
ئاوێنە ئەگرنە ڕووى
تا بزانن هەناسەى تیا ماوە. بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر کەشەنگ بێ.
ئاوێکى خراپ ڕێژراوە
کاتێک ئەوترێ کە دەستوورێکى خراپ دانرابێ و شتێکى خراپ کرابێ بە باو.
ئاوەدان بێ "حەریر"ە هەر گوندێک و نۆ میرە
حەریر: ناوى ناوچەیەکە لە کۆیە کە چەند دێیەکی بەسەرەوە بووە، هەر دێیەک چەند ئاغاو میرێکى تیابووە، کە حەق وایە هەر دێیەک تاقە یەک میرى تیابێ. ئینجا ئەم پەندە بە تەوشەوە ئەوترێ بە شوێنێک کە لە جیاتى یەک گەورە، سێ چوارێکى تیابێ و هەر یەکە لە لایەکەوە فەرمان بدا.
ئاوەدان بێ مەراغە، خوڵامى لێبوونە ئاغا
مەراغە شارێکە لە تورکستانى ئێران. بە یەکێکى بچووکى نەدارا ئەوترێ کە کەوتبێتە حەسانەوەیەکى کاتییەوە، وە دەستى لە ئیش و کارى خۆى هەڵگرتبێ و پشتى سارد بووبێتەوە. واتە بە تەمەڵى دامەنیشە بچۆرەوە سەر ئیش و کارى جارانت.
ئاوەڵى قەل دەندووکى بە گووە
بە یەکێک ئەوترێ کە هاوڕێى مەردوومى دەم پیس بێ و ئەمیش وەک ئاوەڵى قەل دەمى خۆى پیس بکات.
ئاگاى لە خشەى مارو مێرووە
بە خوا ئەوترێ.
ئاگاى لە مام شەهاب نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێک بێ ئاگا بێ.
ئاگاى لە مەحمودى بێ زەواد نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێک بێ ئاگا بێ.
ئاگر ئەکاتەوە
واتە زۆر توڕەیە.
ئاگر لە چاوى ئەبارێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەوەندە توڕە بووبێ، چاوى سور هەڵگەڕابێ.
ئاگر لە چاوى ئەبێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەوەندە توڕە بووبێ چاوى سور هەڵگەڕابێ.
ئاگر لە کاى کۆن بەر نەبێ
بە کۆنە عاشقێک یان خەفەتبارێک ئەوترێ، کە عەشقەکەى یان خەفەتەکەى تازە بووبێتەوە.
ئاگر لەسەر پشتى بکەرەوە
بە یەکێکى حیزى بێ نرخ ئەوترێ کە هیچى لەدەست نایەت.
ئاگر نەچێتە کاى کۆن
بە کۆنە عاشقێک یان خەفەتبارێک ئەوترێ، کە عەشقەکەى یان خەفەتەکەى تازە بووبێتەوە.
ئاگر کەوتەوە، ئاگربڕ ئەکرێ
ئەگینا تەڕو وشک پێکەوە ئەسوتێ.
ئاگرى بەرى، داى لەسەرى
بە یەکێکى حەشەریى ئەوترێ، کە ئارەزووى جووتگرتن سەری لێتێکدابێ، وە کارى ناشرینى پێکردبێ.
ئاگرى پێوەنێیت، بۆسۆى لێهەڵناستێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕووت و قووت بێ.
1234567