شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئاخ زۆرە! پەى زاتێ
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى هەورامى بەهێز، بە ڕێگایەکا ئەڕوا، جەردەیەک دووى ئەکەوێ، بۆ ئەوەى کە لە هەلێکدا ڕووتى کا، تا کابراى هەورامى ئەگاتە قوڕو ئاوێک، وڵاخەکەى بە بارەوە لە قوڕەکە ئەچەقێ، ئەمیش ئەچێتە ژێر سکى کەرەکە، وە بە خۆى و باریەوە هەڵیئەگرێ و ئەیباتە وشکانى، جەردەکە کە ئەمە ئەبینێ پەشیمان ئەبێتەوە لە ڕووتکردنەوەى، بەڵام کابراکە وڵاخەکەى دائەنێ، ئەڵێ: (ئاخ زۆرە پەى زاتێ)، واتە خۆزگە ئەم هێزە، زاتێکى لەگەڵدا ئەبوو، کە جەردەکە گوێى لەمە ئەبێ، تێئەگا کە کابرا ترسنۆکە، ئیتر ئەچێتە سەرى ڕووتى ئەکاتەوە.
ئاخرى عومر و هەوەڵى تڕۆیى
بە یەکێک ئەوترێ، کە دواى پیرى دەست بکا بە بەدکردارى.
ئاخرى پیرى، جۆ بە تیرى
تیرى: نانێکى تەنکە کە بە تیرۆک بکرێتەوە، لەبەرئەوەى کە ئاردى جۆ بێپێزە، نانى تیرى لێناکرێتەوە، مەگەر بە ڕەنج و کۆششێکى زۆر، کە ئەوە هەر لە تواناى جوانایە، نەک پیرى بێتاقەت. بە پیرێک ئەوترێ کە بە کارێکى قورسەوە خەریک بێ.
ئاخوڕ خوار، گا هار
بە کارێکى چەواشە ئەوترێ کە هیچى بەسەر هیچەوە نەبێ.
ئاخوڕى بەرزە
بە یەکێک ئەوترێ، کە تڕى زل و لووتى بەرز بێ.
ئاخوڕى خۆى لێگۆڕاوە
بە یەکێک ئەوترێ، کە لە خۆى گۆڕابێ.
ئاخوڕى چەورە
بە یەکێک ئەوترێ کە ساماندار و سایە چەور بێ.
ئادار ناڕوا بەبێ دۆ، نیسان ناڕوا بەبێ جۆ
واتە لە کوردستان، لە یەکەم مانگى بەهاردا لەوەڕ پێئەگا و ئاژەلأ پاک ئەبێتەوە، هەر وەک لە نیسانا جۆ دروێنە ئەکرێ و نوخشە دەرئەچێ.
ئادارە، مەشکە لەدارە
واتە لە کوردستان، لە یەکەم مانگى بەهاردا لەوەڕ پێئەگاو ئاژەلأ پاک ئەبێتەوە، هەر وەک لە نیسانا جۆ دروێنە ئەکرێ و نوخشە دەرئەچێ.
ئارد چووە هەمانێ، مێردە ئەڵێ هانێ، ژنە ئەڵێ کوانێ
بە یەکێک ئەوترێ، هەرچییەکى بۆ بکەیت دیار نەبێ.
ئاردبێژان و گیانکێشان
ئەگێڕنەوە کە ژنێکى مێرددار، دۆستێکى ئەبێ، هەموو ڕۆژێک کە مێردەکەى ئەچێتە سەر ئیش، ئەو لەگەڵ دۆستەکەیا دەست ئەکا بە کەیف کردن، تا نزیک هاتنەوەى مێردەکەى، ئەو حەلە ئینجا پەلە پەل دەست ئەکات بە نانکردن، مێردەکەى کە بە برسێتى و ماندوویەتى دێتەوە، ئەبێت زۆر چاوەڕوان بکا، تا دوو نانى بۆ ئەبرژێنێ، هەرچەند بە ژنەکەى ئەڵێ: (تۆ بۆچى ئەم نانە زوو پێناگەیەنى؟) ئەڵێ پیاوەکە (ئارد بێژان و گیان کێشان) ڕۆژێک کابرا وەڕس ئەبێ ئەڵێ: وا نییە، ئارد زوو ئەبێژرێتەوە، ئەو ئاردەم بۆ بێنە، من زوو بۆت ئەبێژمەوە)، ژنەش ئەچێ ئاردەکەى بۆ ئەهێنێ، وە فێڵێکى لێئەکا، بەم ڕەنگە هێڵەکەکەى بۆ لە ئاو هەڵئەکێشێ، لەپاش چۆڕانەوەى ئەیداتە دەست مێردەکەى، کە ئاردەکەى تێئەکا، لەبەر تەڕى هێڵەکەکە ئاردەکە ئەخوسێتەوەو کونى هێڵەکەکە ئەگرێ، وە هەرچەند ئەکا ئاردەکە دانادا، ئینجا ژنەکە پێى ئەڵێ: پێمنەوتى (ئاردبێژان و گیان کێشان) ئێستا ئەم پەندە لە ڕووى تەوسەوە بە یەکێکى ئەڵێیت کە ئیشێکت بۆ بکات وە بە فێلأ دواى بخات و درەنگ بیداتە دەستت.
ئاردى بن دڕک، گرد نابێتەوە
بە ماڵێک ئەوترێ، کە پژا بێ بە جۆرێک کۆنەکرێتەوە.
ئاردى بێژراوە، سۆسیشى ڕێژراوە
بە کارێک ئەوترێ، کە پوختەو ئامادە کرابێ.
ئاردى بێژراوە، کەپەکى ماوە
واتە باشى ڕۆیوەو خراپى ماوە.
ئاردى جەواڵم خواردووەو هەمانەم ماوە
یەکێک ئەیڵێ کە بەشى زۆرى تەمەنى بەسەربردبێ و بەشى کەمى مابێ.
ئاردى ورد، لە ماڵى خاوەنى دێتە دەرێ
هەژارێک ئەیڵێ، کە داواى شتێکى لێبکەن کە لە ماڵیا نەبێ، واتە شتى وا لە ماڵى من چى ئەکات؟ ئەوە هەر لە ماڵى خاوەنى خۆى دێتە دەرێ.
ئاردى ڕۆیوەو سۆسى ماوە
بە شتێک ئەوترێ، کە کەڵى نەمابێ.
ئاروو بە بڕکەوە جوانە
ئاروو خەیارە، واتە مەردوم بە کەسوکارو خزم و خوێشیەوە جوان و بەنرخە.
ئازا جارێک ئەمرێ، ترسنۆک ڕۆژى سەد جار ئەمرێ
واتە هەموو ترسێک مردنێکە.
ئاسمان دوورو زەوی سەخت
یەکێک ئەڵێ: کە لە تەنگانەیەکا بێ، وە دەستى بە کەس ناگا.
ئاسمان ستوونى ئەوێ
بە قسەیەکى درۆى زۆر زل ئەوترێ.
ئاسمان سەرە خەرێتى و زەویى ژێرەخەر
بە یەکێک ئەوترێ، کە زۆر هەژارو ڕەجاڵ بێ.
ئاسمان لێفە بێت، دایناپۆشێت
بە یەکێک ئەوترێ کە دەنگى زڕا بێت و نەنگ و بەدناوى دەرکەوتبێ.
ئاسمان لەبەر چاوم تاریک بوو
یەکێک ئەڵێ: کە لە شتێک زۆر تووڕە، یا بە شتێک زۆر خەمبار ببێ.
ئاسمان و ڕێسمانە
بە دوو شتى وا ئەوترێ، کە زۆر لە یەکەوە دووربن.
ئاسنى سارد ئەکوتێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە ئیشێکەوە خەریکبێ کە دەرەقەتى نەیەت.
ئاسنى سارد بە فوو گەرم نابێ
بە یەکێک ئەوترێ: کە بە ئیشێکى گەورەوە خەریکبێ، بێ ئەوەى یارمەتیدەرێکى ببێ.
ئاسنى سارد مەکوتە
تەماشاى دوو پەند پێش ئەم پەندە بکە.
ئاسودە خۆم، کەرم نییە لە کاو جۆ خەبەرم نییە
یەکێک ئەڵێ: کە کەسێکى واى نەبێ داواى شتى لێبکا.
ئاسکى ماندوو ئەگرێ
بە یەکێک ئەوترێ، کە بچێ بە گژ یەکێکى زەبوونا.
ئاسکى نەگیراو ئەبەخشێ
بە یەکێک ئەوترێ، شتێک ببەخشێ کە هى خۆى نەبێ.
ئاسکى نەگیراو زۆرە
واتە شتێک نرخى هەیە کە لەژێر دەستا بێ.
ئاسیاو کە کرا، یادانى دە، یا ئاوى ببڕە
بە یەکێک ئەوترێ کەلام سەرلایى، کارێک بگرێتە دەست، واتە کارەکەت یا پیاوانە بکە یا دەستى لێهەڵگرە.
ئاسیاو گرمەى دێ و ئاردى دیار نییە
بە یەکێک ئەوترێ، کە هەمیشە خەریکى ئیشکردن بێ، کەچى هیچیشى دیار نەبێ.
ئاسیاوى فەرەهاڕ، وردیش ئەهاڕێ و درشتیش
بە یەکێک ئەوترێ، کە لەبەر ئیشوکار زۆرى، ئیشەکەى ناپوخت بێ.
ئاش ئاو بردوو، ئاشەوان لە چەقچەقە ئەگەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ، زەرەرێکى قورسى کردبێ، دواى ئەوە بە شوێن شتێکى بێنرخا بگەڕێ بۆ پڕکردنەوەى ئەو زیانە.
ئاش ئەگەڕێ و چەقەنە سەرى خۆى ئەشکێنێ
بە یەکێک ئەوترێ، کە زۆر قسە بکا لە ئیشوکارى یەکێک، وە ئەو یەکەش هەر خەریکى ئیشى خۆى بێ.
ئاش بمیزێ، لە حیزى ئاشەوانە
بە یەکێک ئەوترێ، کە دەست و پێوەندى بە قسەى نەکەن، لەبەر بوودەڵەیى و بێ دەسەڵاتى.
ئاش بە چەقەنەو مەسۆیى بە چەنە
مەسۆ: ناوى دێیەکە لە ناوچەى قەرەداخ، دانیشتۆکانى زۆر چەنەبازن، واتە کارى ئاش بە چەقەنە و کارى مەسۆیى بە چەنەدان جێبەجێ ئەبن، بە یەکێک ئەوترێ کە بەهێزى چەنە کارى خۆى بباتە سەر.
ئاش لە خەیاڵێ، ئاشەوان لە خەیاڵێ
بە یەکێکى ئەڵێیت: کە تۆ لە خەیاڵێک، و ئەو لە خەیاڵێکى تردا بێ، وە ئەو وابزانێ کە تۆ لە خەیاڵەکەى ئەوایت.
1234567