شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئەمڕۆ دنیایەو سبەینێ قیامەت
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستدرێژى بکات بۆ مردوو.
ئەمە ئەرزو ئەوە گەز
بە یەکێک ئەوترێ کە بە هاشەو هووشە قسەیەکى زل بکات کە لە دەستى نەیت، واتە ئەگەر ڕاست ئەکەیت فەرموو بیکە.
ئەمە باوکى گشتیانە
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى شارەزوورى، ئاشناى ماڵێکى گەورە ئەبێ، ساڵى هەشت نۆ جار ئەچێ بۆ ماڵیان، هەموو جارێک یا مەشکۆڵەیەک دۆ، یان چەند سەلکێک دۆینە، یا تۆزێک کەشکیان بۆ ئەبات بەدیارى، وە هەموو جارێ دوو سێ ڕۆژ ئەمێنێتەوەو تێرو پڕ پڵاوو گۆشت ئەخوا، بێجگە لە خەڵات و بەرات، ساڵێک بە بەهاردا ئەچێ، وەک جاران چەند ڕۆژێک ئەمێنێتەوە و بە خانەخوێکەى ئەڵێ ئێستا لاى ئێمە زۆر خۆشەو هەمووى سەوزایى و ئاو و نێرگز و گوڵاڵە سوورەیە، ئەم مناڵانە بۆ نانێرى چەند ڕۆژێک بەخۆشى لەوێ ڕابوێرن، کابراش دەڵێ باشە، لەگەڵ پیاوەکەیا ئەیاننێرێ، ڕۆژى یەکەم چێشتى دۆینەیان بۆ لێئەنێ، ڕۆژى دووەم دۆ کەشکیان بۆ ئەکات، مناڵەکان لەمانە لە هیچیان ناخۆن، چونکە فێرى ئەم جۆرە خواردنانە نەبوون، کابرا نە بەرخێکیان بۆ سەرئەبرێ، نە گیسکێک و نە مریشکێک، لەلەى مناڵەکان خێرا ئەیانباتەوە و داستانەکە بۆ باوکیان ئەگێڕێتەوە. باوکەکەیان زۆر دڵگیر ئەبێ. لە دڵى خۆیدا بڕیار ئەدات کە ئەمجارە کابراکە هاتەوە دەریبکا. ڕۆژێ تەقە تەق لە قاپى ئەدەن، خاوەن مالأ تەقەى دەرگاکە ئەناسێتەوە، ئەزانێت کە ئەمە کابراى شارەزوورییە، ئەڵێ کەس نەچێ بە دەنگییەوە خۆم دەرگاى لێئەکەمەوە، لەپاش ماوەیەکى زۆر ئینجا ئەچێت، ئەڵێ ئەوە کێیە؟ کابرا ئەڵێ خۆمانین، ئەڵێ خۆتان کێن؟ ئەڵێ قوربان نامناسى؟ ئەڵێ نەخێر، ئەڵێ فڵانم، ئەڵێ بۆچى هاتوویت؟ ئەڵێ بۆ دیدەنى مناڵەکان. ئینجا ئەمیش دەرگاکەى لێئەکاتەوە (.....) بۆ دەرئەهێنێ و ئەڵێ (ئەمە باوکى گشتیانە). وە ئەوانە هەموو لەمە کەوتوونەتەوە، کابرا سەر دائەخاو ئەڕوا، ئیتر جارێکیتر ناچێتەوە. ئینجا ئێستا ئەم پەندە بە شتێک ئەڵێن لەناو چەند شتێکدا کە لە هەمووان باشترو بەکەڵکتر بێ.
ئەمە خوێى چێشتە، لەچاو ئەودا
واتە زۆر کەمە.
ئەمە سنعەتەو سەبەتە، مزگەرى نییەو قنگ هەڵسووڕان
یەکێکى پسپۆڕ لە کارێکا ئەیڵێ بە یەکێکى وا کە لە ئیشەکەى ئەمدا نەشارەزا بێ و کەچى قسەشی تیابکات.
ئەو بۆناو هۆز، ئەو بۆناو کۆز
یەکێک ئەیڵێ کە دەستێ بەرگى لەبەرابێ و دەستێکى کۆنى دڕاویشى هەڵواسى بێ، لێى بپرسن ئەم دەستە دڕاوە بە کارى چیدێ.
ئەو بەرد لەمشت و ئەم دیزە بەکۆڵە
بەرد لەمشت: بە یەکێکى بێ ڕەوشت و خوو ئەڵێن کە داواى کچى بێوەژنێک بکات، ئەگەر نەیداتێ نەنگێک بخاتە پالأ کچەکەى. دیزە بەکۆلأ: بە بێوەژنێک ئەڵێن کە کچێکى پاک و تەمیزی ببێ، هەمیشە لە دەمى مەردووم بترسێ کە نەنگێک بخەنە پالأ کچەکەى.
ئەو تڕەى لە قنگتایە بیکەنە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى ناشرینى لەدڵدا بێ و بیەوێ پێتى بڵێ.
ئەو جێیە خۆشە کە دڵى لێخۆشە
بە یەکێک ئەڵێیت کە پێت بڵێ تۆ لەم شوێنە ناخۆشە بۆ نیشتەجێ بوویت؟ واتە لێرە دڵم زۆر خۆشە.
ئەو خورمایەى تۆ خواردووتە، دەنکەکەى وا لە گیرفانى منا
واتە ئەم فڕوفێڵەى کە تۆ ئەیکەیت، من لەوسەرى دێمەوە.
ئەو خوێنەى شەوى بەسەرا تێپەڕى، تۆڵەى فەوتاوە
ئەو دانیشتووە لە وێرانەى وێرى، خەڵقى تەموورە لێئەدەن بە گون و کێرى
بە یەکێک ئەوترێ کە بێخەم دانیشتبێ لە ماڵى خۆى، بێ ئەوەى گوێ بداتە ئەم و ئەو کە ناوى ئەبەن بە خراپە.
ئەو ساڵە ساڵى سى بوو، کۆستە برسى بوو
تەماشاى پەندى ( ساڵ سییە، سیوەیل برسییە) بکە.
ئەو سوارو من پیادە
هەرچەند ئەکەم نایگرم، وە نایبینم.
ئەو سەرینە بخەرە ژێر سەرت
واتە دڵنیابە.
ئەو سەرە سوونە، بۆ ئەو بنە سوونە
سوون: کەرتەى (هەسوونە) بە دوو شتى هیچ و پووچ ئەڵێن کە بۆ یەک دەست بدەن، یان دوو کەسى خراپ کە لەگەڵ یەکدا یەک کەوتبن.
ئەو شوێنەى پاک بێ، خۆمى تیا دائەنیشم
واتە مەردوم نابێ درێغى لە خۆى بکات، چى بەباش ئەزانێ ئەوە بۆ خۆى بەکاربێنێ.
ئەو مانگە مانگى قیروسیایە، ئەم مانگە مانگى ملشکایە
بە یەکێک ئەوترێ کە کە کارى یەکێک دوابخات، ئەم مانگ بۆ ئەو مانگ.
ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لەخوانە
یەکێکى لێقەوماو ئەیڵێ بە ناکەس بەچەیەک کە ئەمڕۆ ناندار بێ و خاوەنى سفرەو خوان بێ.
ئەو وارە نا ئەو بەهارە
وار: هەوارە. ئەگێڕنەوە کە یەکێک لە بەهارێکدا ئەچێت بۆ لاى یەکێک لە شوێنێک، وە زۆر خزمەت ئەکرێت، هەر ئەو کابرایە لە بەهارێکى تردا ئەچێتەوە بۆ ئەو شوێنە، بەڵام ئەو خزمەتە ناکرێت. ئینجا بەو بۆنەیەوە ئەڵێت: (ئەو وارە، نە ئەو بەهارە). واتە هەوار هەر هەوارەکەى جارانە، بەڵام بەهارەکە ئەو بەهارە نییە. ئێستا بە شتێک ئەوترێت کە وەک جاران نەمابێت.
ئەو وەختە دانى دوێتەم کەن، کە کردم لەگەڵ گاگەل
دوێت: کچە، واتە ئەو ڕۆژە کچەکەم ماڵوێران کرد کە کردم بە شوانى گاگەل. یەکێک ئەیڵێ کە پاشەڕۆژى مناڵى خۆى نەخوێنێتەوەو بە دەست سپى بیهێڵێتەوە.
ئەو چاوە کوێر بێ، دوژمنى خۆى پێنەناسێ
مەردوم چۆن ئەبێ دوژمنى خۆى نەناسێ.
ئەو ژنەى دانى جوان نەبێت، بە چاو پێئەکەنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە کردەوەیەکى جوانى بووبێ نەیکردبێ، ئێستا بە قسەیەکى خۆش بیەوێ دایپۆشێ، یان قسەیەکى باش بووبێ نەیوتبێ، ئێستا بە کردەوەیەکى جوان بیەوێ دایپۆشێ.
ئەو کاتە زانیم کار گوو بە گووە، سەرۆکى بازاڕ یاق و بەجووە
بە ڕۆژگارێک ئەوترێ کە ناوەجاخى ناڕەسەن ببێ بە سەرۆک و کاربەدەست.
ئەو کاروانچى، من خانچى
بە یەکێکى ئەڵێیت کە هەر ڕۆژە ناڕۆژێ بێتە سەرت، ببێ بە میوان و تۆش ناچار بیت خزمەتى بکەیت.
ئەو کانییەى ئاوى لێئەخۆیتەوە، بەردى تێمەخە
واتە لە هەرکەسێک بەهرەیەکت وەرگرت، ناوى بە خراپە مەبە.
ئەو کوتەکەى بە خۆما نەدرێ، وەک لە ڕەشکەى کا بدرێ وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە خودپەرست بێ، هەرچاوى لە خۆیەوە بێ.
ئەو کەسەى بڵێت و بیکاتە فیلەتەنە، نەڵێت و بیکا کەرکەدەنە، بڵێت و نەیکا مانگاى تەڕەزەنە
کەرکەدەن: گیاندارێکى زۆر گەورەو قاچ و مل ئەستوورە، تاقە شاخێک وا بەسەر لوتیەوە. تەڕەزەن: گیاندارى تازە زاوە کە شیرى زۆرو ڕوون بێ.
ئەو کەسەى دوو بەردان بە یەک بدات، ئەردێکى پەیدا ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە لە داوێنى شاخێکەوە تەلانێک دروست بکات و ناوەکەى پڕ بکاتەوە بە گڵ، ئەوسا ئەبێت بە خاوەنى ئەرزێک. ئینجا لەو ئەرزەدا ئەتوانێت بیکات بە باخ یان بە زەراعەت یان بە خانوو.
ئەو کەسەى ماڵەى لە شووشە بێ، نابێ بەرد بگرێتە ماڵى کەس
واتە یەکێک خۆى نەنگدار بێ، نابێ نەنگ لە مەردوم بگرێ.
ئەو کەسەى گیان ئەدا، گیانیش ئەسێنێ
واتە چاوەڕوانى هەموو شتێک هەر لە خواوە بکە.
ئەوا گا گوى کرد
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ چاوەڕوانى گوفتار یا کردارێکى جوانى لێبکەیت، کەچى ئەو بە پێچەوانەى ئارەزووەکەى تۆ، قسەکە یان کردەوەکە بکات.
ئەوجا بزانە کفرى کاوولە، ئازاى مەجلیسى قۆجە شاوورە
قۆجەشاوور: ناوى پیاوێکى هیچ و پووچى بێنرخ بووە لە شارى کفرى. بە شوێنێک ئەوترێ کە لە جیاتى پیاوە باشەکان پیاوە خراپەکان لەسەر کار بن.
ئەوسا شا، شالیار بوو، تەتەر وێران بوو
واتە جاران کە ئەو هەموو پیاوە باشانە بوون، دنیا وێران بوو، چ جاى ئێستا.
ئەولاد شیرینە، تەربییە لە ئەولاد شیرینترە
واتە ئەولادى بێ تەربییە نەبوونى باشترە لە بوونى.
ئەوى ئەى پایزە برا، مەرحەبا
بە یەکێک ئەوترێ کە تا ئیشێکى نەبێ نەیەتە لات، وەک ئەو هەژارانەى کە لە پایزانا دەرئەکەون بۆ کۆکردنەوەى دەغڵ و دان لەسەر خەرمانان.
ئەوى ئەیدەم بە کرێ ئەیدەم بە ترێ
یەکێک ئەیڵێ کە ئیشى خۆى خۆى بیکا، نەک بە یەکێکیترى بکا بە کرێ، وە ئەو پارەیەى کە ئەدرێ بە کرێ بۆ ئەو جۆرە ئیشانە بۆ خۆى و لە خۆیا خەرجى بکات.
ئەوى ئەیزانیت گشتى مەڵێ، ئەوى گوێت لێیە بە هەمووى باوەڕ مەکە
گشتى مەڵێ: واتە ئەوەندەى بڵێ کە ڕاست بێ.
ئەوى ئەیەوێ ماسى بگرێ و قنگى تەڕ نەبێ
واتە هەموو کارێک جۆرە هەولأ و تەقەلایەکى ئەوێ، وە هیچ شتێک بەبێ هەولأ دەستناکەوێ.
ئەوى بترسێ، ناخەلەسێ
واتە ئازابە لە هیچ مەترسە و بە ترسەوە دەست مەدەرە هیچ کارێک.
3456789