شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئەوى بخوازێ ڕوویەکى ڕەشە، ئەوى نەیداتێ هەردوو ڕووى ڕەشە
ڕوویەکى ڕەشە: ئەو ڕووەیەتى کە پێى داواکردووە، هەردووى ڕووى ڕەشە: ڕوویەکى بەوە ڕەشە کە داوای لێکراوە و نەیداوە، ڕووەکەى ترى بەوە ڕەشە کە ئەو شتەى داواى لێکراوە هەیەتى و نەیداوە.
ئەوى بنیشێ بەلاى خاسەوە، ئەویش ئەپێچرێ بە لباسەوە، ئەوى بنیشێ بەلاى حیزەوە، ئەویش ئەپێچرێ بە تیز تیزەوە
واتە لەگەڵ باش بیت باش ئەبێت، وە لەگەڵ خراپ بیت خراپ ئەبیت.
ئەوى بووکەکەى ماڵى مەتى، سەرت ڕووتەو پات پەتى
بە ئافرەتێک ئەوترێ کە بەربەرەڵڵا بێ.
ئەوى بڕواى بە خۆى نییە، شایەنى پشت پێبەستن نییە
چونکە مەردوم تا خاوەنى بیروباوەڕێک نەبێ هیچى لێناوەشێتەوە.
ئەوى بۆ ئەو ڕێکەوتووە، بۆ بزنى دێلێژە ڕێنەکەوتووە
دێلێژە: دێیەکە لە قەرەداغ، ئاوى ساردو لەوەڕى باشى هەیە، لەبەرئەوە بزنى هەمیشە قەڵەو و بەدەقە. بە یەکێک ئەوترێ کە زۆرباش بۆى ڕێکەوتبێ.
ئەوى بۆ جێگەر ئەیکا، بۆ دێگەر نایکا
جێگەر، جگەرە، دیگەر: لە (دگر)ى فارسییەوە هاتووە، بە مەعناى بێگانەیە، واتە بێگانە نابێ بە کەس.
ئەوى بۆ خۆتى ڕەوا ئەبینیت، بۆ خەڵقیشى ڕەوا ببینە
واتە خۆت بکە بە ئاوێنە، مەردومى تیا ببینە.
ئەوى بە فەلاح ببڕێ، دانەوێڵەیە
یەکێکى بخۆرە ئەیڵێ، کە پێى بڵێن تۆ بۆ ئەوەندە پارە خەرج ئەکەیت و دەست ناگریتەوە؟ واتە چۆن فەلاح لە هەموو خۆشییەک نائومێدە دانەوێڵەکە نەبێ کە پێى ئەبڕێ، منیش هەر خواردنەکەم بۆ ئەمێنێتەوە.
ئەوى بە مێروولە بتڕێ، تەبەقە تڕانەى ناوێ
چونکە هەرکەس بیخوا هەر ئەتڕێ.
ئەوى بە پەیژەدا سەرکەوێ، ئەبێ لە خوارەوە دەست پێبکات
واتە هەموو شتێک ئەبێ لە نووکەوە دەست پێبکات و لە بناغەوە سەرکەوێ.
ئەوى بەتەماى نانى ماڵاوسێ بێ، لە برسانا ئەمرێ
کەواتە بەتەماى کەس مەبە، هەولأ و تەقەلاى خۆت نەبێ.
ئەوى بەسەر ڕۆى، بە ملا ئەڕوا
واتە شتى نادروست ئەنجامیشى نادروستە.
ئەوى تۆ پێى پەستى، من پێى مەستم
چونکە لە دەستوورى جیهانە کە ناخۆشى یەکێک خۆشى یەکێکیتر بێ.
ئەوى تۆراوە، بەشى خوراوە
کەوابوو تا ئەتوانى لە هیچ مەتۆرێ.
ئەوى تۆوى دڕک بچێنێ، تا ماوە گوڵ نابینێ
بەڵکوو هەر دڕک ئەبینێ.
ئەوى تەڕ بێ، لە باران ناترسێ
چونکە ئەو کەسەى لە باران بترسێ، لەبەر تەڕبوونەکەیەتى، کە تۆ تەڕیت لە چى ئەترسیت.
ئەوى حاجەت زێڕینە، هۆت ئەکەوێتە حاجەت گووینە
بە یەکێک ئەوترێ کە قاپ و قاچاخ نەدا بە دراوسێ بە سپاردە (امانة). واتە ئەى ئەو کەسەى حاجەتەکانى خۆت بە زێڕ ئەزانیت، ئەوەندە دڵڕەق مەبە، با خوا تۆش وەک ئێمە نەکات بە خاوەنى حاجەتى گووینە.
ئەوى حوشترەوانى بکا، ئەبێ سەر دەرگاکەى بڵند کا
واتە دەستت دایە هەر کارێک ئەبێ بەپێى ئەو کارە خۆت ئامادە بکەیت.
ئەوى دڕک بچێنێ نابێ بە پێخاوس بگەڕێ
بە یەکێکى دوژمندار ئەوترێ.
ئەوى دۆست بە دۆستى ئەکا، دوژمن بە دوژمنى ناکا
چونکە ئەوەندەى دۆست شارەزاتە، دوژمن ئەوەندە شارەزات نییە.
ئەوى دەرزییەکى پیا کردیت، تۆ سووژنێکى پیا بکە
واتە هەر کەسێک ستەمێکى لێکردیت، تۆش ستەمەکەى لێبکەرەوە بە زیادەوە، تا جارێکیتر ستەمت لێنەکات.
ئەوى زۆر بخوا، زۆر ناژى
بۆیە قورئان ئەفەرموێ (كلوا واشربوا ولا تسرفوا). واتە بخۆن و بخۆنەوەو زیادەخۆرى مەکەن.
ئەوى سەرى ئەپۆشێ، ژێرى ئەفرۆشێ
ئەوى قەرز ئەدا بە دۆست هەردووکى لەکیس ئەچێ
واتە قەرزەکەش و دۆستەکەش.
ئەوى لاى بەندە خەیاڵە، لاى خوا بەتاڵە
چونکە زۆرجار بەندە شتێک بڕیار ئەدا و خوا شتێکى ترى بڕیوەتەوە.
ئەوى لاى دیزەوە دانیشێ، ڕەش ئەبێ
واتە هاوڕێى خراپ خراپە.
ئەوى لاى کوورەى ئاسنگەرەوە بێ، پریشکى بەرئەکەوێ
کەواتە تا ئەتوانیت خۆت بپارێزە لە هەموو پریشکێک.
ئەوى لە ئاش بێ بە ئاشەوانى مەزانە
ئەوى لە ئاش بێ، شانى ئارداوى ئەبێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە نزیکى شتێکەوە پریشکێکى لێپەڕى بێ.
ئەوى لە تۆ دوورە، ڕەنگى سوورە
بە یەکێکى خراپ ئەوترێ کە هاوڕێى خراپ بێ.
ئەوى لە دیزە بێ، بە ئەسکوێ دەردێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ نەنگێکى تۆ بڵێ. واتە ئەگەر تۆ نەنگى من بڵێیت منیش نەنگى تۆ هەیە ئەیڵێم. وە هەرچى لە دیزەدا بێ بە ئەسکوێ دەریدێنم.
ئەوى لە شەڕا نەبێ شیرى تیژە
چونکە خۆى هەڵئەکێشێ وەک فسفس پاڵەوان.
ئەوى لە شەڕا نەبێ شێرە
چونکە خۆى هەڵئەکێشێ وەک فسفس پاڵەوان.
ئەوى لە ماڵم نییە ئاگاى لە حاڵم نییە
ئەوى لە مشک بێ جەواڵ ئەدڕێ
بە نەوەى زۆردارێکى ستەمکار ئەوترێ، کە ئەمیش وەک باوکى زۆرو ستەمێکى کردبێ. واتە هیچ شتێک بنیانى خۆى ون ناکا.
ئەوى لە مشک بێ هەمبان دڕە
بە نەوەى زۆردارێکى ستەمکار ئەوترێ، کە ئەمیش وەک باوکى زۆرو ستەمێکى کردبێ. واتە هیچ شتێک بنیانى خۆى ون ناکا.
ئەوى لە کاسەدا بێ بە کەوچک دەردێ
تەماشاى ڕاڤەى سێ پەند لەمەوپێش بکە.
ئەوى لەبەر چاوانە لەبەر دڵانە
چونکە شەرم لە چاو ئەکرێ.
ئەوى لەسەر ڕێگا گوو بکات، ئەبێ جنێویش قبوڵ بکات
چونکە خەڵق پیس ئەکات.
ئەوى لەگەڵ بووکێ نەبێ لەگەڵ بەربووکێ نییە
چونکە بەربووک نابێ کەسى لەگەڵ بێ.
45678910