شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئاش و تەنوور بە نۆرە
واتە هەموو شت ئەبێ بە نۆرە بێ.
ئاش گرمەى دێ و ئاردى دیار نییە
بە یەکێک ئەوترێ، کە هەمیشە لە ڕەنجا بێ و هیچى دیار نەبێ.
ئاشتى بە ئاشتى و، چێشتى بە چێشتى
یەکێک بە ئاشنایەکى خۆى ئەڵێ، واتە ئەگەر تۆ بە وشکى بێیت بۆ لاى من، منیش بە وشکى دێم بۆ لات، وە ئەگەر بە چەورى بێیت، واتە ناو بەناو زیافەت بکەیت زیافەتت بۆ ئەکەم.
ئاشتى دواى دەعوا خۆشتر لە حەڵوا
چونکە هەردووکیان پەشیمانن.
ئاشتى کتک و مشک، پرسەى بەقاڵە
چونکە کە ئەم دووانە یەک کەوتن، هیچ لە دوکانى بەقاڵەکەدا ناهێڵن، ئەم پەندە یەکێک بە کارى ئەهێنێ کە دوو دوژمنى یەکیان گرتبێ.
ئاشتى کتک و مشکە
بە دوو کەس ئەوترێت کە یەکێکیان زۆردارو ئەویتریان زەبوون بێ، وە زۆردارەکە بیەوێ بەناوى دۆستایەتییەوە ماڵى زەبوونەکە بخوات.
ئاشى ئاو، بە ئاو ئەگەڕێ
واتە هەر شتە شتێکى ئەوێ.
ئاشى فرەهار، وردیش ئەهاڕێ و زبریش ئەهاڕێ
واتە ئیش کە زۆر بوو باشیش ئەبێ و خراپیش ئەبێ.
ئاشى نەزان خوا ئەیگێڕێ
بە یەکێکى گێلۆکە ئەوترێ کە لە کارى خۆیدا هەمیشە سەرکەوتوو بێ.
ئاشى کەم گەڕ هەیە، بەڵام هیچ نەگەڕ نییە
بە یەکێک ئەوترێ، کە هیچى لەدەست نەیەت.
ئاشى کەم گەڕم دیوە، بەڵام هیچ نەگەڕم نەدیوە
بە یەکێک ئەوترێ، کە هیچى لەدەست نەیەت.
ئاشێ لە میزتن بێ، هەر ئەمیزێ
بە کارێک ئەوترێ، کە چەند جارێک پەکى کەوتبێ و دەستى پێکرابێتەوە.
ئاشە تەنوورە، بە نۆرە
واتە هەموو شت ئەبێ بە نۆرە بێ.
ئاشەوان لە خەیاڵێک، باراش هاڕ لە خەیاڵێک
ئەم پەندە بە مەعنا چوار پەند لەمە پێشە.
ئاشەوان، چ دۆست، چ دوژمن
واتە من کە باراشدار بم، باراشى خۆم ئەهاڕم، دەخڵم نییە بە سەر ئەوەوە ئاشەوانەکە دۆستە یا دوژمنە، بە یەکێک ئەوترێ، کە بە پارە ئیش بکات، واتە ئیشى خۆت بکە، دەخڵت بەسەر شتى ترەوە نەبێ.
ئاغا دەست مەشۆ، نە بۆ منەو نە بۆ تۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە بەتەماى شتێک بێ کە بۆ ئەو نەبێ.
ئاغا چوو بۆ سەروپێ نەبوو، خزمەتکارى نارد بۆ دەس و پاڵوو
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى چووبێ بۆ کارێکى سووک پێى نەکرابێ، کەچى دواى ئەوە خزمەتکارەکەى بنێرێ بۆ کارێکى گەورەترە.
ئاغا ڕۆ، خوا شوکر
بە یەکێک ئەوترێ کە مردوویەکى واى مردبێ پێى خۆشبێ، بە دیمەنیش شیوەنى بۆ بکا.
ئاغا ژنى بەرچەپەرێ، باوەشێن کلکى کەرێ
بە یەکێکى بووەى لێکەوتوو ئەوترێ کە تڕو زڕى جارانى مابێ.
ئاغا ژنى سەر چەپەرێ، پشیلەکە هات دووگەکە بەرێ، بێزى نەهات ختەکەرێ
بە یەکێک ئەوترێ، کە لەبەر دەعیەو دەمار زەرەر لە خۆى دوور نەخاتەوە.
ئاغاو خزمەتکار لێک ڕاست بوونەوە قوربانى و قوربان لەبیرچوونەوە
بە بچووکێک ئەوترێ کە سیوایى لە گەورەکەى بووبێتەوە.
ئافتاوەو لوولێنە، کارى یەک ئەکەن، بارمتە نانیان حسابە
ئافتاوە: مەسینەیەکى دەسکدارى لوولەدارە لە مس. لوولێنە: گۆزەڵەیەکى بچکۆلانەى لوولەدارى دەسکدارە وەک مەسینە، ئەوى بە مەسینە بکرێ، بە لوولێنەش ئەکرێ، بەڵام ئافتاوە نرخێکى هەیە، بە ڕەنگێک کە لە بارمتەى شتێکا دابنرێ، بەڵام لوولێنە ئەو نرخەى نییە. بە دوو کەس ئەوترێ کە هەردووکیان لە شتێکا وەک یەک وابن، بەڵام یەکێکیان لەویتریان بەنرختر بێ لەناو کۆمەڵدا بە ڕەنگێک کە قسەو گفتوگۆى زۆرتر بایەخى پێببێ.
ئافرەتى تافتەخوار، پیاوى گوێ بە گوار، ساڵى دوو بەهار، پەسەند نییە
بە شتێک ئەوترێ کە لە باوى ناو کۆمەڵە بەدەر بێ.
ئانە گورز و ئانە مەیدان
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى هەڵکێشێ، وە بڵێ من بوومایە وامئەکرد و وام ئەکرد. واتە ئەگەر ڕاست ئەکەیت فەرموو ئەوە گورز و ئەوە مەیدان.
ئاو ئەکاتە بێژنگ
بە یەکێک ئەوترێ کە ڕەنجێکى بێهوودە بدا.
ئاو ئەکاتە سەبەتە
بە یەکێک ئەوترێ کە ڕەنجێکى بێهوودە بدا.
ئاو ببرێ لە ڕۆخانە، خۆ نابێ بە بێگانە
ڕۆخانە: چەمى گەورەیە. واتە وشکبوونى ئەو جۆرە چەمانە کە هەرگیز نەبووەو نابێ ئەگونجێ، بەڵام بوونى خۆ بە بێگانە هەرگیز ناگونجێ.
ئاو بتبات، لە پردى نامەرد مەپەڕەوە
چونکە کە ئاو بردتى، یەک جار ئەمریت، بەڵام کە لە پردى نامەرد پەڕیتەوە تا ئەو ڕۆژەى ئەمریت هەموو ساتێکت مردنێکە.
ئاو بێنەو دەست بشۆ
بە شتێک ئەوترێ کە هیچى نەمابێ.
ئاو بە ئاوەدانى دا ئەچێ
واتە تێر ئارەزووى ئاو خواردنەوە ئەکات، نەک برسى.
ئاو بە دووى بێلەوە ئەڕوا
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستى بڕواو هەموو ئیشێکى بۆ بچێتە سەر.
ئاو بە دەستى خۆت نەخۆیتەوە تامى نییە
واتە ئیشى خۆت خۆت نەیکەیت، بێگانە وات بۆ ناکات بەکاربێ.
ئاو بە شوێنى لێژەوە ناوەستێ
واتە مەردومى دەست بڵاو پارەى بە دەستەوە نامێنێ.
ئاو دەزانێ پەنیرى مەلا کێ خواردوویەتى
ئەگێڕنەوە کە مەلاى دێیەک لە دێهاتى کۆیە چەند سەلکێک پەنیرى ئەبێ، یەکێک لێى ئەدزێ و ئەیخوا، ئێوارێ ئەهلى دێیەکە لە مزگەوت کۆئەبنەوە. یەکێکیان زۆر ئاو ئەخواتەوە، لە پاشا لە مەلا ئەپرسن: ئایا نەتزانى کێ پەنیرەکەى خواردیت؟ ئەویش ئەڵێ: ئاو دەزانێ پەنیرى مەلا کێ خواردوویەتى.
ئاو لە بێژنگا ئەهێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ڕەنجى بێهوودە بدا.
ئاو لە بێژنگا ناوەستێ
بە یەکێکى دەمشڕ ئەوترێ کە قسە لە دەمیا ناوێستێ.
ئاو لە دنگا ئەکوتێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە تەماى شتێک بێ و هەوڵى بۆ بداو دەستى نەکەوێ.
ئاو لە دەستى ناتکێ
واتە زۆر پیسکەیە.
ئاو لە سەرچاوەوە لێڵە
بە شتێک ئەوترێ کە هەر لە سەرەتاوە باش نەبێ.
ئاو لەسەر زوڵفى ئەتکێ
واتە زۆر گەنج و جوانە.
1234567