ئەوى لەگەڵ هەوادا بێ، لەگەڵ هەوادا ئەڕوا
چونکە بە ڕەنجى شان و عەرەقى ناوچەوان پەیداى نەکردووە.
ئەوى منارە بدزێ، کیفیشى بۆ ئەکا
کە تیا حەشار بدا. واتە هەرکەسێک دەست بداتە هەر کارێک ئەبێ خۆى بۆ ئامادە بکات.
ئەوى نامگۆڕێتەوە بە ئێستر، نایگۆڕمەوە بە کەر
واتە ئەوى حورمەتم نەگرێ باشتر حورمەتى ناگرم.
ئەوى ناوکى بوێ، ئەبێ توێکڵ بشکێنێ
واتە ئەوەى گەنجى بوێ ئەبێ ڕەنجى بۆ بدات.
ئەوى نەبێ لە دەرپێى شڕم، نابێ بە کوڕم
تەماشى ئەو پەندە بکە کە ئەڵێ (بەڵا لە شەرواڵى شڕت، کوڕى کەس نابێ بە کوڕت).
ئەوى هەڵیگرت شمشێر، نابێ گوێ بداتە شێر
واتە کە چەکت پێبوو، ئەبێ لە هیچ نەترسیت.
ئەوى پشتى ناحەق بگرێ، نۆکەرى زاڵمە
چونکە بەو پشتگرتنى ناحەقییە خزمەتى زوڵم ئەکات.
ئەوى پیازى نەدیبێ، قنچکە نێرگس ئەچێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر نەشارەزایى لەجیاتى شتێک بە شتێکى ترەوە خەریک بێ.
ئەوى پیشەى ئازاردان بێ، ئەبێ تووشى ملشکان بێ
چونکە ئەگەر ستەملێکراوەکانیش دەستى لێنەوەشێنن، خوا لە باڵى ئەدا.
ئەوى پێم ئەکرد خێر، لێم بوو بە گورگ و شێر
بە یەکێکى ئەڵێیت، کە خراپەت لەگەڵ بکات، دواى ئەوەى کە تۆ چاکەت لەگەڵ کردبێ.
ئەوى ڕووتە، مەلکەمووتە
مەلکەمووت: بێنرخە.
ئەوى کردى بە قسەى ژنێ دەستى داوە لەوێ گونێ
ئەمە بۆ هەموو ژنێک نییە، بەڵکوو هەر بۆ ژنێکى نەخوێندەوارى هیچ نەزانە، ئەگینا زۆر ژنى وا هەیە لە پیاو ژیرترو بەدینرترو زاناترو داناترە.
ئەوى کەوش دروست بکات ، ئەبێ دانیش بەکاربێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خەریکى کارێک بێ بێئەوەى ئەو ڕەنجەى کە بیەوێ بۆى بدا، کە کەوشت دروستکرد، ئەبێ بە دان چەرمیش ڕابکێشێت.
ئەوى گەڕا دڕا، ئەوى کردى بردى
واتە ئەوى گەڕا بە جیهانا دڕا ئەوەندە ڕووپەڕەى جیهانى دى، بەڵام ئەوی ئیشى کرد و ڕەنجی دا، بەرى کردەوەى خۆى برد.
ئەوە ئاوى ساردەو ئەوە بەرەو ژوورەى سەخت
بەرەو ژوورەى سەخت: بە خواردنەوەى ئاوى سارد ئەبڕرێ. دوژمنیش بەرەو ژوورى لێگرتیت زالأ ئەبێ بەسەرتدا. بە یەکێک ئەوترێ کە لێت توڕە بووبێ و هەڕەشەت لێبکات. واتە ئەوە ئاوى سارد بیخۆرەوەو ئەوەیش بەرەو ژوورى سەخت، بڕۆ لێمبگرە بزانم چیت لەدەست دێ.
ئەوە ئەرز و ئەوە گەز
بە یەکێکى ئەڵێیت کە گاڵتە بە کارێکت بکات، واتە فەرموو تۆ بچۆ بیکە بزانم لەوە باشترى ئەکەیت.
ئەوە ئەزم، هەڵئەبەزم
یەکێک ئەیڵێ کە ماوەیەک بێ سەربەستى کپکرابێ، ئێستا ڕزگارى بووبێ.
ئەوە باوە، وا لەناوە
واتە چى داهات ئەبێ بە باو.
ئەوە بەختى من نییە گەسک بدەم و کێرى کەر بدۆزمەوە
یەکێک ئەیڵێ کە گلەیى لە بەختى خۆى بێ.
ئەوە خەتەنە سوران بوو، زەماوەند وا لە دواوە
واتە خۆشى گەورە لەدوایە.
ئەوە خەوێک بوو دیت، ئیتر نایبینیتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆشییەکى دیبێ و لەدەستى چووبێ.
ئەوە ملى من و ئەوە چەقۆى تۆ
بە یەکێک ئەڵێیت کە لێت زوویر بووبێت لەسەر هەڵەیەک، واتە چیم لێئەکەیت سەرم لەڕێتدایە.
ئەوە کاوڕبازى بوو، ئەمە بەرانبازییە
بە دوو کار ئەوترێ کە دووهەمیان لە یەکەمیان گرنگتر بێ.
ئەوە گۆڕت بێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە لاساریى خۆى کارێکى ناپەسەند بکات، تووشى تۆڵەى خۆى ببێ.
ئەوەش کەوا لەژێر بەڕەدا ئەکەوێتە سەر بەڕە
واتە ئەوەى ئەمڕۆ داپۆشراوە، سبەینێ دەرئەکەوێ.
ئەوەندە باوەڕ پێبکە، بڵێ خوا یەکە
واتە زۆر درۆزنە، هیچى باوەڕی پێمەکە.
ئەوەندە بچۆرە باوان، بەڕەیەک بەژێرت بیاران
بیاران: واتە بیهێنن. واتە ئەوەندە مەچۆرە جێگایەک کە لێت بێزار ببن.
ئەوەندە بێ و بچۆ، قەدرت نەچۆ
واتە ئەوەندە مەچۆرە جێگایەک کە لێت وەڕس ببن.
ئەوەندە بەشوێن دزدا بچۆ، لێت هەڵنەگەڕێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کەزۆر نوزە درێژ بێ. زۆر لەسەر قسە بڕوات.
ئەوەندە تاریکە، بە دە کوێر چاوساغێک ناگەیەننە ماڵ
ئەوەندە دزە کل لەچاو ئەفڕێنێ
بە دزێک ئەوترێ ئەوەندە دز بێ شتت لێبدزێ لەبەرچاوى خۆت و هەستى پێنەکەیت.
ئەوەندە ساغە، ئەڵێى دارەکەى قەرەداغە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ساغ بێ. ئەم دارى قەرەداغە ئەو دارەیە کە یەکێک نزاى تەمەندرێژى بۆ یەکێک بکات و پێى ئەڵێ: (یاخوا بە دارەکەى قەرەداغ بیت).
ئەوەندە شیرینە بە قوزەڵقورتەوە ئەخورێ
واتە ئێجگار ڕەوشت و خووى جوانە.
ئەوەندە لاواز بووە، سەگەل چاوى لێدائەگرن
واتە بە تەمان لە کۆڵانێکا بمرێ و بکەوێ و سەگەل ورگى بدڕن.
ئەوەندە گەڕا بێ مایە، چووەوە سەر کۆنە قایە
بە بەکێک ئەوترێ کە لەدواى هەولأ و تەقەلایەکى زۆر بە نائومێدى بچێتەوە جێگاى جارانى.
ئەوەندە گەڕاوە، دڕاوە
واتە فێرى زۆر شت بووە.
ئەوەندەى قنگە جنۆکەیەکە
بە شوێنێکى زۆر بچووک ئەوترێ.
ئەوەی ئامۆژگارى نەوێ، یارمەتیشى ناوێ
بە یەکێکى ئەڵێیت کە لە کارێکا ئامۆژگاریت کردبێ و بەگوێى نەکردبیت، لە پاشا تێشکابێ و داواى یارمەتیت لێبکات.
ئەوەی ئەیخوات نایزانێ، ئەوى تێى ئەگووشى ئەیزانێ
واتە ئەو کەسەى مەسرەفى مالأ ئەکات ئەزانى چى خەرج ئەکا.
ئەوەی با کردى بە باران، باران کردى بە بەفر
واتە هەر ستەملێکراوێ بۆى بلوێ تۆڵەى خۆى لە یەکێکیتر ئەکاتەوە.