ئەوەی بۆ گووکەر هەڵئەکەوێ، بۆ ڕاوکەر هەڵناکەوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى خۆیا ئیشێکى نەکردبێ و لە پاشا بیکا.
ئەوەی بە بێوەژنى ئەیکەیت، بە کچێنى بتکردایە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى خۆیا ئیشێکى نەکردبێ و لە پاشا بیکا.
ئەوەی بە تەماى دراوسێ بێ، بێشێو سەرئەنێتەوە
کەواتە بەتەماى کەس مەبە، هەولأ و تەقەلاى خۆت نەبێ.
ئەوەی بە فەلاح ببڕێ، دانەوێڵەیە
دەوڵەمەندێکى دڵفراوان ئەیڵێ کە دەوڵەتەکەى خەرج بکا و پیاوەتى بە سەرەوە لێبدات.
ئەوەی بە منەوەیە، ناومە بە تۆوە، هەتاکوو بمریت بسووتێیت پێوە
یەکێک ئەیڵێ کە خۆى نەنگێکى ببێ، کەچى خۆى بە بێنەنگ نیشان بدا و نەنگەکەى خۆى بنێ بەسەر یەکێکیتردا.
ئەوەی بە گاوان ببڕێ، ماکەر گاینە
بە یەکێکى هیچ و پووچى پەست ئەوترێ کە لە کارێکى پیرۆزا بەهرەمەند نەبێ، مەگەر بە شتێکى زۆر بێنرخ.
ئەوەی بەوى کرد، با بەدەوارى شڕى نەکا
واتە زۆرى شەکانەوە.
ئەوەی لاى بەندە خەیاڵە، لاى خوا بەتاڵە
واتە هەرچى تۆ بتەوێ خوا بۆت ناکا.
ئەوەی پێمکرد خێرە، لێمبوو بە گورگ و شێرە
کەواتە تا ئەتوانى خۆت بپارێزە لە شەڕى ئەو کەسەى کە چاکەى لەگەڵ ئەکەیت.
ئەوەی کە خاوەن ماڵ ئەیزانێ دز بیزانێ هیچ لە ماڵا ناهێڵێ
چونکە خاوەن مالأ لە دزەکە زۆرتر ئەترسێ.
ئەوەی گا دەیکا، گا نایخوا
واتە ئەوى دەستت کەوێ نابێ هەمووى بخۆیت، بەڵکوو ئەبێ هێندێکى پاشەکەوت بکەیت.
ئەوەیش وا لەژێر بەڕەدا، ئەکەوێتە سەر بەڕە
واتە هەموو شاراوەیەک دەرئەکەوێ.
ئەچمە باوان تەکۆ دەرم، خەمى دنیا ئەکەوێتە بەرم
تەکۆدەرم: یەکێک لە وتە کۆنەکانى کورد کە سەدەها ساڵە باپیران و داپیران بۆیان هەڵگرتووین. واتە ئەچمە باوان تا تۆزێ ڕابوێرم، کەچى خەمى دنیا ئەکەوێتە بەرم. هێندێ لە پیرێژنەکان لەجیاتى (تەکۆدەرم) ئەڵێن (تەکەوە بەرم).
ئەچمە جێیەک گۆشت بگرم، نەک دەردێ بگرم پێى بمرم
بە یەکێک ئەوترێ کە بچێتە شوێنێکى وا کە تیا نەحەسێتەوە.
ئەچمە شارێ کەس نەمناسێ، خۆم هەڵئەکێشم پڕ بە کراسێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەناو چەند کەسێکى نەناسیاوا خۆى هەڵکێشێ.
ئەچێ بە پێتا، دڕکە، ئێژێ: وەى خاسە، پەرژینى باخى پێئەکەى
واتە شت بە ئیعتبار ئەگۆڕێ، وەک لێرەدا دڕکەکە لەم ڕووەوە کە ئەچێ بە پێدا لێى ئەترسن و ئەڵێن: وەى، وە لەم ڕووەوە کە پەرژینى باخى پێئەکرێ قازانجى هەیە. ئەڵێن: خاسە. ئینجا ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى بەلاوە باش بێ لە کاتێکدا و خراپ بێ لە کاتێکى تردا.
ئەچێتە شایى هۆمەرە کوێر، هەڵئەپەڕێ بەبێ بلوێر
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەزى لە کەیف و ڕابواردن بێ بە خۆڕایى.
ئەگەر ئەبوو عەقڵ و فامى، یەکێ بە خاسى ئەیبرد نامى
بە یەکێک ئەوترێ کە دڵى مەردوم زویر بکا.
ئەگەر ئەتەوێ عەقڵت ساوا کەیت، لەگەڵ گەوران شەڕو دەعوا کەیت
واتە هەرگیز مەچۆ بە گژ کەسێکا کە لە خۆت بەدەسەڵاتتر بێ.
ئەگەر ئەزانى لایلایە بکەیت، بۆ ئەگرى
بە یەکێک ئەوترێ کە ئامۆژگارى یەکێک بکا لەسەر شتێکى ناشرین، کە خۆى ئەو شتەى تیابێ، واتە کە تۆ ئەزانى ئامۆژگارى مەردوم بکەیت لەسەر ئەو کارە ناشرینە، ئەیخۆت بۆچى ئەیکەیت.
ئەگەر ئەمدەیتێ مەدح و سەنایە، ئەگەر نامدەیتێ چەکوش و فەنایە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە زۆر شت لە مەردوم بسێنێ.
ئەگەر بایەو ئەگەر بۆرانە، بۆ بەفر زیانە
یەکێک بەکاریدێنێ کە لە هەموو سەرێکەوە زەرەرمەند بێ.
ئەگەر برا شوانە، خوشک هەر چاوەڕوانە
واتە خوشک هەمیشە چاوى لە دەستى برایە، با شوانیش بێ.
ئەگەر بزن هاتە مردن، چەقۆکێش زۆر ئەبن
بۆ سەربڕینى و کەوڵکردنى و گۆشت خواردنى.
ئەگەر بە دوعا ئەبوو، پشقل بە خورما ئەبوو
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر بە دەم لە خوا بپاڕێتەوە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەوڵێک نەدات. واتە دوعا ئەبێ لەگەڵ کردار بێ، نەک هەر بە گوفتار.
ئەگەر بە ماڵى، بە مام و خاڵى، ئەگەر بێ ماڵى بە (بیت المال)ی
واتە کە پارەت بوو هەموو کەسێک خزمتە، کە پارەشت نەبوو، خۆت خاوەنى سەرى خۆت نیت.
ئەگەر بەد نیت، مەبە بە یارى بەد
واتە هاوڕێى پیاوى خراپ مەکە.
ئەگەر تۆ نەبیت بە یارم، خوا ئەسازێنێ کارم
چونکە خوا کەسى بێ کەسانە.
ئەگەر حوشتر باڵى ببوایە، ئەم عالەمە چى بکردایە
بە هێندێ مرۆڤى ناڕەسەنى، پیسى، حەسوودى، قین لە سکى، نالەبار ئەوترێ کە هیچیان بەدەست نییە. واتە ئەگەر ئەمانە شتێکیان بەدەست بووایە مەردوم چى بکردایە.
ئەگەر خانەدانیت، لە خانەدانان خەبەرداریت
خانەدانێکى لێقەوماو بە خانەدانێکى ترى ئەڵێ.
ئەگەر خلە ماڵى ئەکرد، لە موڵکى خۆى گاڵى ئەکرد
یەکێک ئەیڵێ کە هەژار بێ و هیچى نەبێ. واتە هەردەمێ من لە موڵکى خۆما گاڵم کرد، ئەو حەلە ئەتوانم ماڵیش بکەم.
ئەگەر خوا باڵى بە حوشتر بدایە، ئەبوایە سەربانمان گشت بڕوخایە
تەماشاى سێ پەند لەمەوپێش بکە.
ئەگەر خۆت بە پیاو ئەزانى، مەوێستە لەسەر ڕێگاو لەسەر بانى
چونکە ڕێگا بۆ هاتوچۆى ژن و پیاو و گەورەو بچوک کراوە، کە تۆ وێستایت ڕێگا لە مەردوم ئەگیرێ. وێستان لە سەربانیش نابێ، چونکە حەوش و ناوماڵى مەردوم دەرئەکەوێ.
ئەگەر خۆت لە هەموو کەس بە زیاتر بزانى، دیارە ناکەس بەچەو نادانى
ئەگەر خۆت لە هەموو کەس بە کەمتر بزانى، دیارە یەکە پیاوى جیهانى
ئەگەر خەنە زۆر بوو، گونانیشى پێ ڕەنگ ئەکرێ
لە کاتێکدا بەکاردێنرێ کە شتێک لەبەر زۆرى دەستى پێوە نەگیرابێ و زۆرى لێبەکارهێنرابێ.
ئەگەر خەو چاک ئەبوو، کەروێشک بە گا ئەبوو
چونکە کەروێشک هەمیشە ئەنوێ.
ئەگەر دڵسۆزت ببوایە، ئێستا لە میرى سوور ئەبوویت
میرى سوور ئەو دێیەیە کە خوابگاه (مەرقەد)ى میرى سوورى کوڕى شێخ عیساى بەرزنجى لێیە. وا دەنگ بڵاوە کە هەرکەسێک شێت ببێ و ببرێ بۆ زیارەتى میرى سوور چاک ئەبێتەوە. واتە تۆ شێتیت و کەس نییە بتبا بۆ سەر میرى سوور.
ئەگەر دۆستێکى وەک تۆم ببێ، ئیتر دوژمنم بۆ چییە
بە دۆستێک ئەوترێ کە قسەیەک بکات بە زەرەرى تۆ تەواو ببێ.
ئەگەر دەروازە گەڕ بێ، بێ کەشکۆڵ نابێ
دەروازەگەڕ: دەروێشێکە کە ماڵەو مالأ بگەڕێ بۆ سواڵ. کەشکۆلأ: لەتە گوێزێکى گەورەى هیندییە، لووس کراوە و زنجیرى تێخراوە. زۆرتر دەروێَشى ڕەوتەنى "مسافر" هەڵیئەگرن بۆ ئاو پێخواردنەوەو هێندێ شتیتر. بە یەکێک ئەوترێ کە دەستى دابێتە کارێک و خۆى بۆ ئامادە نەکردبێ.