ئەگەر دەستى بڕوا بە زیندوێتى پیاو ئەگوروى
بە یەکێکى دڵڕەقى قین ئەستوور ئەوترێ.
ئەگەر دەستى بڕوا لە پشتى ملەوە پیاو سەرئەبڕێ
بە یەکێکى دڵڕەقى قین ئەستوور ئەوترێ.
ئەگەر دەنگێ ئەکەم، دەنگم دەرئەچێ، ئەگەر دەنگێ ناکەم ڕەنگم ئەچێ
ئەگەر دەوڵەت هاتە سەرى، بزەڕەوەکى کەرى
بە یەکێک ئەوترێ کە بە پارەو دارایى زۆر یاخى بووبێت.
ئەگەر زانى ئەزم، ئەگەر نەیزانى دزم
بە یەکێک ئەوترێ کە بەناوى دیدەنییەوە بێتە ماڵەکەت، ئینجا ئەگەر مالأ چۆلأ بوو، وا دزەو شتێک ئەدزێ و ئەڕوا، وە ئەگەر مەردومیش دیار بوو ئەوا میوانەو دائەنیشێ.
ئەگەر زاڵ نەبیت، بەس زمان ئەبیت
واتە ئەگەر تۆ زۆر و ستەم لە مەردوم نەکەیت تا لێت بترسن، ئەوان زۆرو ستەم لە تۆ ئەکەن.
ئەگەر زمان بیەڵێ سەر ڕەحەتە
واتە هەموو دەردیسەرییەک کە تووشى مەردوم ئەبێ، بەهۆى قسەو زوبانەوەیە، کەوابوو تا ئەتوانیت ئاگات لە زمانت بێ.
ئەگەر زۆر بڵێیت، زۆریش هەڵە ئەکەیت
ئەگەر زیخێ نییە لە کەوشیا بۆچى ئەلەنگێ
بە یەکێک ئەوترێ کە نەنگێکى ببێ و خۆشى بزانێ و پێوەى دیار بێ. واتە ئەگەر خۆى بە نەنگدار نازانێ، بۆچى خۆى ئەشارێتەوە؟
ئەگەر زەمانە هێناتیە پێکەنین ساتێک، وریابە نەتگرێنێ ساڵێک
واتە ئەگەر تووشى خۆشییەک بوویت یاخى مەبەو لەخۆت و بایى مەبە، با تووشى ناخۆشییەک نەبیت کە خۆشییەکەت لەبیر بباتەوە.
ئەگەر سیروانیش بخۆیتەوە، ناڵێم بە گیانت خۆش
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە حەزى لە چارەى نەبێ.
ئەگەر سەبر بکەیت، لەبەر سیلە حەڵوا ئەکەیت
واتە هەموو شتێک بەپێى خۆى سەبرێکى ئەوێ، وە سەبر کلیلى دەرگاى فەرەحە. نابینیت بەرسیلە بە دە پانزە بیست ڕۆژ لە ترشییەوە شیرین ئەبێ و دۆشاوەکەى ئەکرێ بە حەڵوا.
ئەگەر سەر هەبێ پێ چ نییە
چونکە هەموو شت بەسەر ئەوەستێ.
ئەگەر سەگ نەبێ، گورگ ئەتخوا
بە ستەمکارێک ئەوترێ، کە ستەمکارێکى تر بەیدەست بکات.
ئەگەر شتێکت نەزانى، مەیڵێ، ئەگەر زانیت نیوەى بڵێ
واتە هەمیشە قسەنەکردن لە قسەکردن باشترە.
ئەگەر شێر مەرحەباى کردى، هەوڵى ڕاوکردنى مەدە
واتە ئەگەر پیاوێکى گەورە ئیشێکى پێت وت، مرخى لێخۆش مەکە کە بەو بۆنەیەوە شتێکى لێ بپچڕیت.
ئەگەر شەعبانە، ئەگەر ڕەمەزانە، مووچەى کوڕە کەچەڵ، هەر دوو نانە
یەکێک ئەیڵێ کە مووچەکەى هەرگیز زیاد نەکات.
ئەگەر فیل هەیە، کەرگەدەنگیش هەیە
واتە دەست بە بانى دەست زۆرە.
ئەگەر قاز نیت، هێلکەى قاز مەکە
واتە هەرگیز لاسایى پیاوى گەورە مەکەرەوە.
ئەگەر قەردارى، هەرۆ بەیارى
بەیار: زەوییەکە کە چەند ساڵ بێ نەکێڵڕابێ و دانەچێنرابێ، کە زۆر بەهێزە، وە هەرچییەکى تیا بکرێ زۆر بە بڕشت ئەبێ. واتە ئەگەر قەرزار بوویت بە کارێکى واوە خەریکبە کە قازانجى باش بدات تا قەرزەکەت بدەیتەوە.
ئەگەر قەلەڕەش ڕێنیشاندەر بێ، ئەبێ گەورە هەر دەربەدەربێ
کەواتە دەخیل سەد دەخیل دواى قەلەڕەش مەکەون، بەڵکوو هەمیشە لە دواى شابازان بکەون.
ئەگەر لووت نەبێ لە بەینا، چاو چاو ئەخوا
بەهێزێک ئەڵێن، کە دوو هێزیتر شەرمى لێبکەن.
ئەگەر لە جانان یەکێک بمێنێ، حەقى بەرو دوا لە گشت ئەسێنێ
واتە تیرەیەکى ئازان.
ئەگەر لە کین، گشت چوون یەکین
یەکێک بە یەکێکى وەک خۆى ئەڵێ کە ئەو خۆى لەم بە گەورەتر بزانێ.
ئەگەر ماڵت هەیە کەفیل بە، ئەگەر ئیشت نییە شاهید بە
واتە کاتێک ببە بە کەفیل کە دەوڵەمەند بیت، چونکە قەرزدار قەرز ناداتەوە، وە بە ناچارى ئەبێ تۆ بۆى بدەیتەوە. هەروەها کاتێکیش ببە بە شاهید کە بێ ئیش بیت، چونکە زۆرت ئەبەن و ئەهێنن. ئینجا ئەگەر کارت ببێ ناتوانیت ئەو هاتوچۆیە بکەیت.
ئەگەر موو بە بەخت ئەبوو، بزن لەسەر تەخت ئەبوو
چونکە لە هەموو گیانلەبەرێک مووى زیاترە.
ئەگەر موو بە بەخت ئەبوو، کەچەڵ بەدبەخت ئەبوو
کەچى وانییە، بەڵکوو زۆر کەچەلأ بەبەخت و ناوچەوانە.
ئەگەر مەلا بتڕى، جەماعەت لە خۆى ئەڕى
واتە مەلاو مامۆستا ئەبێ سەرمەشقى چاکى و پاکى بن. ئەگەر خوانەخواسە ئەوان هەڵەیەک بکەن دەستوپێوەندیان سەد هەڵە ئەکەن.
ئەگەر مەڕم نەدیبێ لە هەرێزا، پشقلم دیوە لە پەرێزا
پەرێز، شوێنى دەغڵێیە کە دوورابێتەوە، هەرێز، فرووزووە، بە یەکێک ئەڵێیت کە بە ژیرت نەزانێ.
ئەگەر ناتوانیت بگەزیت، هەرگیز دانت دەرمەخە
واتە کە دەستەڵاتت نەبوو، هەڕەشە مەکە.
ئەگەر ناو نەبڕێ و ئاش نەکڕێ، هەر کەسە کولێرەیەکى پێ ئەبڕێ
ئاش کە لە گەڕابوو، وە دانى نەما، ئەڵێن ئاشەکە ئەکڕێ. واتە بەرداشەکانى کڕە کڕى لێوەدێ. واتە ئەگەر هەموو شت بەپێى مەرام بێ، ئەوا باشە، ئەگینا هیچ.
ئەگەر نەشبی بە ئاغا، بە نۆکەر مەبە
واتە هەمیشە چاوت لە پایەبەرزەوە بێ.
ئەگەر نەمدیایە باوکى، ئەمردم لە عەزرەت دایکى
بە یەکێکى ناوەجاخ ئەوترێ کە خۆى لێ گۆڕابێ.
ئەگەر نەیدا مەعبوود، چى بکا مەحموود
ئەگێڕنەوە کە سوڵتان مەحمودى غەزنەوى لاى وابووە کە بەدبەختى نییە لە جیهانا، وە هەرکەسێک ئیشکەرو هەوڵدەر بێ پێ بژێوى خۆى و مالأ و مناڵى پەیدا ئەکات. ئەیازى وەزیریشى لاى وابووە کە بەدبەختى هەیە، وە بەدبەخت هەرچەندە هەولأ و تەقەلا بدات بەدبەختییەکەى بەرى نادات. ئەمە ساڵەهاى ساڵ بیروباوەڕیان ئەبێ. ڕۆژێ ئەیاز بە سوڵتان مەحمود ئەڵێ: ئێمە ئەتوانین ئەمە تاقیبکەینەوە. سوڵتان مەحمودیش ئەڵێ زۆرباشە. ئەیاز ئەڵێ کابرایەک هەیە لەم شارەدا مەشهوورە بە بەدبەخت، وە هەموو ڕۆژێ بەیانیان دواى هەتاوکەوتن لە فڵان کۆڵانەوە ئەچێ بۆ بازاڕ. ئەم بەیانییە هەزار قڕانى بۆ بخەنە پەڕۆیەکەوە لەسەر چەقى ڕێگاکە بۆى فڕێ بدەن، بزانین ئەبێ بە نسیبى؟ بەیانى سوڵتان مەحمود هەزار قڕان ئەدا بە پیاوێکى کە بیبا لە سەر ڕێگاى کابراى بەدبەخت دایبنێ. وە لە دوورەوە بوێستێ بزانێ کابرا چى ئەکات. بەیانى پیاوەکەى سوڵتان پارەکە ئەبات کە لە دوورەوە کابرا دەرئەکەوێ پارەکەى لە سەر چەپى ڕێگاکە بۆ دائەنێ و لە دوورەوە ئەوێستێ. کابراى بەدبەخت لەناو هەموو ڕۆژێکا ئەو ڕۆژەى لە دڵى خۆیا ئەڵێ: من چاوم هاتۆتە کزى، بۆچى من ئەمڕۆ پەراوەیەکى کوێرێتى نەکەم، بزانم ئەتوانم وەک کوێر بەبێ چاو بڕۆم بە ڕێگادا. کابرا چاو ئەقووچێنێ و دەست ئەکا بە ڕۆیین، تا لە پارەکە تێپەڕ ئەبێ، ئینجا چاو ئەکاتەوە، سوڵتان و ئەیازیش لە دوورەوە سەیر ئەکەن، سوڵتان مەحمود کە ئەمە ئەبینێ ئەڵێ: "ئەگەر نەیدا مەعبوود، چى بکا مەحموود".
ئەگەر هەموو مەلێ میوە خۆر بوایە، میوە بە دارەوە نەئەما
تەماشاى پەندى (هەموو مەلێ هەنجیر خۆر بووایە، هەنجیر بەدارەوە نەئەما) بکە.
ئەگەر هەوەسە، ئیتر بەسە
بە یەکێک ئەڵێیت کە سەرى کردبێتە سەرت و قسەى لاقرتێت لەگەڵدا بکات.
ئەگەر وا نەبووایە، وا نەئەبوو
تەماشاى ڕاڤەى پەندى (بە زوبانى خۆم، چیم کرد بە خۆم) بکە.
ئەگەر وتى ماست سپییە، باوەڕی پێمەکە
چونکە زۆر درۆزنە.
ئەگەر پشیلە لە ماڵ نەبێ، مشکان تلیلی لیانە
بە چەند کەسێک ئەوترێ کە ئەو گەورەیەى شەرمى لێئەکەن لەلایان نەبێ.
ئەگەر پیاوەتى بە شۆخ و شەنگى بووایە، بووک سوارى زاوا ئەبوو
چونکە هەرچى بەرگى جوان نییە لەبەر ئەوایە، هەرچى شتى جوان هەیە بەوەوەیە.