کاسەی پڕ بووە
بە یەکێک ئەوترێ کە یاخى بووبێ.
کاغەزی سپی ئەخوێنێتەوە
واتە زۆر زیرەک و بلیمەتە، بە ڕەنگێک کە قسەى نەوتراوە ئەدۆزێتەوە و کاغەزى نەنووسراو ئەخوێنێتەوە.
کاغەزی نەنووسراو ئەخوێنێتەوە
واتە زۆر زیرەک و بلیمەتە، بە ڕەنگێک کە قسەى نەوتراوە ئەدۆزێتەوە و کاغەزى نەنووسراو ئەخوێنێتەوە.
کانییەک ئاوت لێ خواردەوە، بەردی تێ فڕێ مەدە
واتە هەرچى شتێک کە بەهرەت لێوەرگرت لەقەى لێمەدە.
کاژێ و کێژێ، لە یەک ئەئاژێ
بە دوو کەسى بێ حەیاى دەمپیس ئەوترێ کە بەربووبنە یەکترى.
کاکەو برالە ئەکەن
بە دوو نێرینە ئەڵێن کە سەر بە سەرێ بکەن.
کاڵا لە قەد باڵا
بە شتێک ئەوترێ کە لە پلەى خاوەنەکەیدا بێ.
کاڵا هەڵئەگرێ لە دوکانان، گەنم هەڵئەگرێ لە خەرمانان، ئەکەوێتە دەستی نەزانان
واتە بە ڕەنجى شان و عەرەقى ناوچەوان پارە پەیدا ئەکاو ئەیدا بە کوتالأ و زەخیرەو ئەیخاتە ژێر دەستى ژن و مالأ و منالأ کە قەدرى ناگرن.
کاڵا کێ دڕی، ئەوی نەیپرسی
واتە یەکێک کاڵا ئەدڕێ کە نەپرسێ لە جوانى و ناشرینى، بەڵام ئەوانەى کە جوانى و ناشرینى ئەخوێننەوە، کاڵایەک ئەوەندە لەبەر ناکەن کە بیدڕن.
کاڵک خۆری، یان بێستان
بە یەکێک ئەوترێ کە ئاگاى لە خەرجکردنى مالأ نەبێ، کەچى لە هێندێ شتیش بپرسێ. واتە تۆ هەر بخۆ، دەخڵت بەسەر شتى ترەوە نەبێ.
کاڵەک بە ئەژنۆ ئەشکێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکدا زۆر پەشیمان بێ.
کاڵەکی شیرین ماڵی چەقەڵە
بە زۆردارێکى ستەمکار ئەوترێ کە هەرکەس شتێکى باشى ببێ ئەو داگیرى بکات.
کای تۆ نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسە لە شتێک بکات کە لە پایەى ئەودا نەبێ، وە بەرزتر بێ لە ژیرى ئەو.
کای چی و جۆی چی
ئەڵێن لە بەهاراندا نێرەکەر کە چاوى بە ماکەر ئەکەوێ و لێی دائەهێڵێ، داواى پەڕینى لێئەکا، ئەویش ئەڵێ: تۆ ئێستا کەیفى خۆت ئەکەیت و ئەڕۆیت، من سبەى ئەکەومە ژێر دوو بارەوە، بارى سک و بارى پشت بەبێ ئاو و ئالیک، نێرەکەرەکەش کە کێرى ئەماڵێ بەسەر سنگیا یەک لەدواى یەک، گۆیا پێى ئەڵێ: کات لەسەر خۆم و جۆت لەسەر خۆم، بەم ڕەنگە ماکەرەکە ڕازى ئەکات، کە نێرەکەرەکە ئیشى خۆى تەواو کردو دابەزى، کێری سیس ئەبێتەوەو بەلاى ڕاست و چەپدا تەکەى دێ، گۆیا پێى ئەڵێ: کاى چى و جۆى چى. ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە تا ئیشێکى پێت بێ بەڵێن لەسەر بەڵێن بەڵێنت پێبدا، کە ئیشەکەى نەما ئیتر کاى چى و جۆى چى.
کای کۆن ئاگری تێ بەر نەبێ
بە یەکێک ئەوترێ کە کۆن عاشق بووبێ و بیرى بکەوێتەوە، یا دڵ بریندار بووبێ و برینەکەى بکولێتەوە.
کای کۆن بە با مەکە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى کۆن زیندوو بکاتەوە.
کتک باڵى ببوایە تۆوى چۆلەکەى ئەبڕى
بە زۆردارێکى دڵڕەقى بێ دەست ئەوترێ کە ئەگەر دەستى ببێ دەستى خراپ بووەشێنێ.
کتک ختکى شێر ئەدا
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە بیەوێ فێلأ لە پیاوێکى گەورە بکات.
کتک دەمى نەئەگەیشتە دووگ ئەیوت سوێرە
تەماشاى پەندى (ڕێوى دەمى نەئەگەیشتە ترێ، ئەیوت ترشە) بکە.
کتک لەسەر ڕمانە
واتە زۆر چڕو قەرەباڵغە، جێى پشیلە نەماوە مەگەر بەسەر نوکى ڕمەوە نەبێ.
کتک نییەن لە ماڵۆ، مشکان تلیلیانە
بە ڕۆژێ ئەوترێ کە پیاوانى گەورەى وڵات نەمابن، ناپیاوان چووبنە جێگایان.
کتک و مشک بوون بە خوشک
بە دوو دوژمن ئەوترێ کە بووبن بە برا بۆ خواردنى ماڵى یەکێک.
کتک چڵپاوە
بە شتێک ئەوترێ کە شتێکى پیس کردبێ، وەک ئافرەتێکى پاک و تەمیز کە ببێ بە چارەنووسى پیاوێکى هیچ و پووچ، لە پاشا تەڵاقى بداو یەکێکیتر کە بیەوێ بیهێنێ، پێى بڵێ: مەیهێنە کتک چڵپاوە. واتە کتک دەمى تێخستووەو پیسى کردووە.
کتێب بۆ ئاخرى ئەگیرێتەوە
واتە پاشەڕۆژ هەموو شتێ دەرئەخا.
کراسى حەیرانێک چار بەرە، هەرکەس خەمى خۆى لەبەرە
یەکێک ئەیڵێ بە خۆى کە بە پیشەى خۆیەوە خەریک بێ و هیچ وچانى تیا نەدات.
کراسى قورئان لەبەر بکەیت، پێت باوەڕ ناکەم
واتە لەجیاتى سوێندێک بخۆیت، کراسێک لەبەربکەیت لە قورئان باوەڕ ناکەم.
کراسى کەتان شۆڕەى دێ، سکى لە برسا قۆڕەى دێ
بە یەکێک ئەوترێ کە نەیبێ، کەچى پارەیەکى زۆر لە شتێکى بێنرخدا خەرج بکات.
کراسێ بە پیسى، هەزار بە پاکى
واتە یەکێک کراسێک بە پیسى بدڕێت، ئیتر ناوبانگ دەرئەکات بە خراپە، دواى ئەوە هەزار کراس بدڕێ بە پاکى کەس باوەڕى پێناکات. کەواتە تا ئەتوانیت ناوبانگى پاک و تەمیزى خۆت لەکەدار مەکە.
کراسێ سوورتر، گەڕەکێ دوورتر
بە ژنێک ئەوترێ کە هەر ڕۆژە شوو بکات بە یەکێک .
کردمان بە جۆڵا، مەکۆکەى لێدزین
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ متمانەى پێبکەیت و کاروبارى خۆتى بخەیتە ژێر دەست، کەچى ئەو ناپاکیت لەگەڵ بکات.
کردن هەتا مردن
واتە جیهان جێى هەولأ و تەقەلایە تا مردن.
کردن و بردن و مردن، سەریان پێکەوە ناوە
واتە ژیان لە یەکەم ڕۆژییەوە کردن و بردنە تا مردن، هەناسەیەک ئەم سیانە لەیەک جیانابنەوە.
کردى بە بنێشتە خۆشەى ژێر دانى
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەک زۆر بڵێتەوە.
کردى بە نەخشى دیوار
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەیەک سەرسام بکرێ، بە جۆرێک کە لە عاستى خۆى وشک ببێ.
کردى بە کەرەى نێوە زەڕ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى قسەکردندا قسەى پێببڕن.
کردى بە گیسکەکەى هەیاسى خاس
واتە دەمێ قسەى خۆشەو کەرەو دەمێ قسەى تاڵە وە کەرەوەى لەگەڵ کرد.
کردە پەشیمان بە نەکردە پەشیمان مەبە
واتە مەردوم ئیشێک بکات و پەشیمان ببێتەوە باشترە لەوەى نەیکات و پەشیمان ببێتەوە.
کردەى ئێمەو بردەى خەڵقە
یەکێک ئەیڵێ ئەوى دەستى ئەکەوێ لەم و لەودا خەرجى بکات.
کردەى ئەوە، بردەى شەیتان
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستکەوتەکەى بێ پیت بێ.
کردەى من و بردەى شەیتان
یەکێک ئەیڵێ کە ساڵ دوانزە مانگ هەوڵبدات کەچى هیچیشى دیار نەبێ.