ژنى پیاوى کوێر ئارایشى ناوێ
چونکە جوان و ناشرین لاى کوێوە وەک یەکە.
ژنیان کرد بە کوێخا، ساڵى حەوت جار بزنى بڕییەوە
بۆ ئەوەى بیڕێسێ، بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک لە ئەندازە بەدەر بەکاربێنێ.
ژنیش هەیە، ژانیش هەیە
واتە هێندێ ژن مایەى ژیانى پڕ لە خۆشى و هێندێکیش مایەى ژیانى پڕ لە ژانە.
ژنێ مێردە کردى سەنگى، عالەم هەڵسێ نایکا لەنگى
واتە ژنێک کە مێرد سەنگین و گرانى کرد لەبەر چاوان، ئیتر کەس ناتوانێ لەنگى بکا.
ژنێکم ئەوێ زبان دلێر، باوان خەزوور بەیەکەوە نێر
واتە ژنێکى قسەزانم ئەوێ، کە ماڵى باوکى وەک باوکى خۆم نێر بێ.
ژنێکم ئەوێ ژنانە، پێستە بکا بە هەمانە
واتە ئیشکەرو دەستڕەنگین بێ.
ژنە حیز نەبوو، بەڕوو حیز بوو
واتە شەل نییە، پاى شکاوە.
ژنە کە نەتوانێ تۆڵە بسێنێ، وەک مناڵ ئەگرى
چونکە گریان چەکى بێدەسەڵاتە.
ژوو ژوو وتوویە: ئاخۆ گیانلەبەر ببێ بێچووى لە بێچووى من نەرم و شلتر بێ
واتە مەردوم نەنگى مناڵى خۆى نابینێ.
ژیانى بێ ئەرک و ئازار سوودى نییە
چونکە خوا وایکردووە، هەرچى بە ڕەنجى شان و عەرەقى ناوچەوان پەیدا بکرێ خۆشترو بەنرخترە.
ژیانى بێ ژن وەک ماڵى بێ چەقۆ وایە
واتە ئافرەت مایەى خۆشى و بەختیارى ژیانە.
ژیشک ئەڵێ لە بەچکەى من نەرم و شلتر نییە
واتە هەموو کەسێک مناڵى خۆى پێجوانە.
ژێر بەندە زبان، ژێر دیزە ئاگر
واتە ئاگر چۆن دیزە ئەهێنێتە کوڵ، زبانیش وایە بۆ مەردوم.
کا بۆ خۆم و جۆ بۆ کەرەکەم
بە یەکێک ئەوترێ کە داواى شتێک بکات بۆ خۆشى و بۆ یەکێکى تریش.
کا هی خۆت نەبوو، کادان هی خۆت بوو
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر خوانى مەردوم ئەوەندە بخوات تا نەخۆش ئەکەوێت.
کابان لە کەوگیری دا دیارە
واتە هەر دەست دانە کەوگیرەکەى نیشان ئەدات کە کابانە.
کابان یا بێ بەشە، یا ڕوو ڕەشە
واتە ئەو چێشتێ کەیبانوو لێى ئەنێ، یا باش دەرئەچێ و بەشى خۆى نامێنێتەوە، یا خراپ دەرئەچێ و تەریق ئەبێتەوە.
کابرایەک بوو ندی و بدی، کوڕێکی بوو لە بری ناوکی کێری بڕی
بە یەکێک ئەوترێ کە ندی و بدى بێ و ئەو کارەى کە ئەیکات پاش و پێش بێ.
کاتی سەرخەرمان یارانت جەمە، لە کاتی تەنگی یارات کەمە
واتە لە کاتى خێرو بێردا دۆست زۆرن، لە کاتى تەنگ و چەڵەمەدا کەمن.
کاتی کەڵک و کار ئەمانکەن بە یار، کاتی چزو بز ئەمانکەن بە دز
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى ئیش و کاردا بتخوێنێتەوە، بەڵام لە کاتى چێشت و گۆشتدا هیچ.
کاتێک جەنگیت ئاشتیت لە بیر بێ
واتە بەشى ئاشتى تیا بهێڵەرەوە.
کار لە کار ترازا
واتە کارەکە لەدەست دەرچوو.
کارد و کفنی کردگە
کارد: کێردە. واتە خۆى ئامادەکردووە بۆ کوشتن.
کارسازم نارد کار بسازێنێ، نەمزانی کارساز کار ئەترازێنێ
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک ئەیەوێ ژنێک بهێنێ، برادەرێکى خۆى ئەنێرێ بۆ خوازبێنى ئافرەتێک، کابراکە ئەبینێ خۆى حەزى لێئەکات و بۆ خۆى خوازبێنى ئەکات و ئەیسازێنێ. ئینجا بەم بۆنەیەوە کابراکەى تر ئەم پەندە ئەڵێ.
کاری خێر بە تەعجیل، کاری شەڕ بە تەحلیل
واتە ئیشى باش دەست و بردى لێبکەو زوو بە زوو بیکە، بەڵام کارى خراپ لێى وردبەرەوەو ئەم دیو و ئەودیوى بکە.
کاری زل بە بچوک مەسپێرە
چونکە بۆى ناکرێ.
کاریتە لە کفر هەڵناکەوێ
کاریتە: نیرگەى خانووە. کفر دارێکى گەڵا وردە لەناو خڕو چەمدا ئەڕوێ. واتە پیاوى گەورە لە خێزانى پەست و نەخوێندەوار هەڵناکەوێ.
کارێکی پێکرد با بە دەواری شڕی نەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە بە گوفتار یا بە کردار حەشر بکات بە یەکێکیتر.
کاسە دراوسێتی بردم، لە عەزرەتی مردم
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک ببەخشێ، کەچى لە دڵدا پێى ناخۆش بێ.
کاسە دراوسێتی بەران، کافروەران
وەران: بیخۆن. واتە یاخوا هەر بێ بڕوا بەتەماى چێشتى کاسە دراوسێتى بێ.
کاسە دراوسێتی دوو پێی هەیە
واتە نانى کاسە دراوسێتى کە هات و خورا، ئەبێ تۆش بۆ ئەوى بکەیت و بۆى بنێریتەوە.
کاسە دراوسێتی یا بەرشێو ئەبێ، یا دواشێو
یەکێک ئەیڵێ کە بە تەماى شتی یەکێکیتر بێ. واتە شتى خەڵک کە چاوەڕوانى بکرێ لە کاتى خۆیدا نایەت، بەڵکوو یان پێش ئەکەوێ یان پاش ئەکەوێ.
کاسە لە ئاش گەرمترە
ئاش: چێشتە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە ئیشى یەکێکدا ئەم سەر گەرمتر بێ لە خاوەنەکەى.
کاسە کە پڕ بوو ئەڕژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ماوەیەکى زۆر بێ لە خەم و خەفەتدا بێ. واتە چۆن کاسە کە پڕ بوو لێى ئەڕژێ، کاسەى خەمیش وایە. بۆیە پێغەمبەریش (د.خ) لە کاتى تەنگانەدا وتوویەتى: "اشتدى ازمه تنفرجى" واتە ئەى تەنگانە پڕ بە تا لێت بڕژێ.
کاسە کە پڕ بوو لێی ئەڕژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە یاخى بووبێ.
کاسەو ئاوسێ بەران، کافر وەران
کاسە دراوسێیەتى هەر بۆ ئەوە باشە کە بێبڕوا بیخوا.
کاسەى پڕ ئاشتى ماڵە
مەبەست لەم پەندە و پەندى یەکە.
کاسەکەی بە مل منا ئەشکێنێ
واتە گونانەکەى بەسەر مندا ئەسەپێنێ.
کاسەی هاوسەر بە یەکتر ئەدەن بە قەرز
واتە ئەو کاسە دراوسێیەتییەى کە بۆیان دێ نایخۆن و بە یەکێکى ترى ئەدەن بە قەرز.
کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە
چونکە ئارەزووى هەموو لایەکیان بەجێدێ.