ڕەز بۆ ڕەزەوان، بەز بۆ بەزەوان
واتە هەر کارێک بە پیاوى خۆى بسپێرە.
ڕەش بە وەک تاوە، ئەتخوازن بە ناوى باوە
بە کچێکى ناشرین ئەوترێ کە شوویەکى باشى کردبێ بەهۆى دەوڵەمەندى باوکییەوە.
ڕەش هەر ڕەشە
واتە خراپ هەر خراپە.
ڕەش و سپى لێک جیاناکاتەوە
واتە زۆر نادان و کەودەنە.
ڕەشى، ڕووتى، کڵاوت نییە، ئەم جەژن بەو جەژن پڵاوت نییە
هەژارى لات بە خۆى ئەڵێ.
ڕەشەبا وتى بە کایەن: قاپى بکەرەوە کات بۆ تێبکەم، کایەن وتى: ئەوى تیا ماوە مەیبە، هیچیشم بۆ تێمەکە
بە یەکێک ئەوترێ کە یەکێکى فێڵباز بیەوێ هەموو ماڵەکەى بخوات، تا لەم پەندە دەرس وەرگرێ و خۆى بۆ شل نەکات.
ڕەفیقى دزە و شەریکى قافڵە
بە یەکێک ئەڵێن کە لە ماڵێکدا بێ و لە پیت و فەڕى ماڵەکەدا بەشدار بێ، کەچى لەگەڵ دزى دەریشەوەدا دەستى ببێ.
ڕەقە وەک توور، ڕەشە وەک موو، دەوڵەتى باوکى ئەدا بە شوو
تەماشاى پەندى 44 بکە.
ڕەمەزانە، مەرگى ژنانە
چونکە ئەرکى ژن لە ڕەمەزاناندا گەلێ لە ئەرکى پیاو زیاترە.
ڕەنج سەرەنجامى گەنجە
واتا تا ڕەنج نەدەیت گەنج دەست ناخەیت.
ڕەنج پەیژەى سەرکەوتنە
واتە هیچ شتێک بەبێ ڕەنج دەست ناکەوێ.
ڕەنجى بوو بە ڕەنجى فەرهاد
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر ڕەنجێک بدات بێسود بێ.
ڕەنگ زەردى کێشان، مایەى بێدەسەڵاتییە
واتە نەبوونى زۆرجار ڕەنگ زەردى بەسەر مەردوما ئەهێنێت.
ڕەنگى جاجمەکەى لێنیشتووە
بە نەخۆشێک ئەوترێ کە ڕەنگى مردووى لێ نیشتبێ.
ڕەنگى زەردە وەک مردیان، چارەى ناکرێ بە نوشتیان
واتە خوا بۆ هەموو نەخۆشییەک دەرمانێکى داناوە، تۆش دەرمانەکەى بدۆزەرەوە.
ڕەپی خۆت دەربێنە، سیسی خۆمی بهاومێ
واتە تۆ کارى خۆت مەکە با من کارى خۆم بکەم.
ڕەگى خڕنوک لە ئاوە
بە داراییەک ئەوترێ کە لەبن نەیەت.
ژمارەى جوجەڵەو مریشک پایز دەرئەکەوێ
چونکە تا پایز ئەوى ئەمرێ ئەمرێ و ئەوى ئەمێنێ ئەمێنێ.
ژن بدە بە ژن مردوو، گا بدە بە گا مردوو
چونکە هەردووکیان نرخیان ئەزانن.
ژن بێباوەڕیشەو خۆشباوەڕیشە
واتە زۆر بێباوەڕ بە پیاو، بەڵام زووش ئیخفال ئەکرێ.
ژن بە بێکەسى هار ئەبێ، پیاو بە بێ بەکەسى هەژار ئەبێ
واتە زۆر بێباوەڕ بە پیاو، بەڵام زووش ئیخفال ئەکرێ.
ژن تا جووتێ پێڵاو ئەکڕێ، هەزار جووت ئەدڕێ
چونکە درەنگ ڕێ ئەکەوێ لەسەر نرخى و لەسەر گەورەو بچوکى.
ژن تا نەزێ بێگانەیە
وات تا مناڵ نەکەوێتە بەینەوە، دڵنیا نابن لە یەک.
ژن لە ساجێ، مێرد لە حەجێ، پێکەوە گەیشتنە جێ
بە ژنێکى تەمەلأ ئەوترێ کە درەنگ شتى لەژێر دەست دەرچێ.
ژن هەسانى مێردییە
واتە مێرد بە قسەى ئیخفال ئەبێ.
ژن هەیە ماڵ وێران ئەکاو ژن هەیە ماڵ ئاوا ئەکا
یەکەمیان دەردى بێ دەرمان و دووهەمیان مەڵحەمى گیانە.
ژن و تفەنگ و ماین لە کن کێ بێ هى وییە
واتە بێوەفان.
ژن و ماڵیان وتووە
واتە کە ژن بوو ئەبێ ناومالأ ببێ.
ژن وەک هەنگە، یا هەنگوینت ئەداتێ، یا پێتەوە ئەدا
واتە نیشیشى هەیە و نۆشیشى هەیە.
ژن کە توڕە بوو ئەو گۆزەیەى کە پڕە لە نهێنى ئەیشکێنێ
چونکە کە توڕە بوو خراپ توڕە ئەبێ، ئەیەوێ بە تەواوى بتڕوخێنێ.
ژن یا بە هەمانەیێ پارە، یا بە هەمانەیێ درۆ
واتە ژن بە پارەى زۆر شوو ئەکا، ئینجا یا هەمانەیەک پارەى بۆ هەڵڕێژە، یا هەمانەیەک درۆ.
ژنت بە دەست خەڵقەوە بێ، ماڵت بەدەست خەڵکەوە نەبێ
واتە خۆ ژن شەریکى نابێ، کەواتە با ماڵیشت شەریکى نەبێ، چونکە پەشیمانى لەدوا ئەبێ.
ژنت شەریکى بێ، ماڵت شەریکى نەبێ
واتە خۆ ژن شەریکى نابێ، کەواتە با ماڵیشت شەریکى نەبێ، چونکە پەشیمانى لەدوا ئەبێ.
ژنى بدە ژن مردیان، داینێ لەجێى حۆریان
چونکە پیاوى پیر نرخى ژن زۆرتر ئەزانێ.
ژنى بەد ژانە، گەر خۆتى لێدەیت ماڵت وێرانە
ژنى خۆى ئەگێ و منەت بەسەر هاوسێدا ئەنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە پڵاو و گۆشت بۆ خۆى بخواو دەعیەو دەمار بەسەر مەردوما لێبدا.
ژنى میران بە، وەکى میران بە
ژنى مێردە کرد تڕۆ، عالەم هەڵسێ نایکا پەڕۆ
واتە ژنێک کە مێرد شکانى، ئیتر بە هیچ جۆرێ پینەو پەڕۆ ناکرێ.