ڕۆژ دەڕوا، قەزا ناڕوا
واتە ئەوەى خوا چارەنووسى کردبێ هەرگیز بەسەرتا تێناپەڕێ.
ڕۆژ لە ڕۆژاوا هەڵات
بە کارێک ئەوترێ کە پێچەوانەى ئاوات و ئومێدى تۆ بێتەدى.
ڕۆژ هەموو ڕۆژێ لە جێگەیەک هەڵنایە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەمڕۆ ئەو دەستى ببێ و یارمەتى تۆ نەدات. واتە هەموو ڕۆژ وا نابێ کە من پێویستم بێ بە تۆ.
ڕۆژان ڕۆژیان لەشوێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەمڕۆ لە خۆشییەکدا بێ و ئاگاى لە پاشەڕۆژ نەبێ.
ڕۆژى نەفسى نەفسییە، کەس ئاگاى لە کەس نییە
بە ڕۆژى تەنگانەو چەڵەمە ئەوترێ.
ڕۆژى پاک بۆ تەمەڵ شەوەزەنگە
چونکە ئیشى تیاناکات.
ڕۆژێک بە مل بەرزى، نەک سەد ساڵ بە مل حیزى
واتە پیاوى مەرد و گەلى مەرد ئەوەیە کە بە ئازادى و سەربەرزى بژى، نەک بە ژێردەستى و سەرشۆڕشى.
ڕۆژێک بە کەڵەشێرى، نەک هەزار ڕۆژ بە مریشکى
واتە پیاوى مەرد و گەلى مەرد ئەوەیە کە بە ئازادى و سەربەرزى بژى، نەک بە ژێردەستى و سەرشۆڕشى.
ڕۆژێک کەڵەشێرى لە سەد ڕۆژ مریشکى چاکترە
واتە پیاوى مەرد و گەلى مەرد ئەوەیە کە بە ئازادى و سەربەرزى بژى، نەک بە ژێردەستى و سەرشۆڕشى.
ڕۆڵە لەبەر دایک هەڵئەگرێ
واتە دزێکى زۆر چالاک.
ڕیخۆڵە بە کێشە
زۆرتر بە مناڵێکى نەخۆش ئەوترێ کە لەپێ نەکەوتبێ و هەر خۆى کێش بکات.
ڕیخۆڵەم ئاڵاوە بە پێما ناتوانم بڕۆم
یەکێکى دەوڵەمەندى قورس ئەیڵێ کە نەتوانێ ئەو شوێنەى کە تیایەتى بەجێى بێڵێ.
ڕیسەکەمان بووەوە بە خورى
یەکێک ئەیڵێ کە بە کارێکەوە خەریک بێ و لەناوقەدا ئیشەکەى تێکبچێ.
ڕیش نەبێ بە تووشەوە، کە بوو بە تووشەوە ئەبێ شانەى بۆ هەڵگریت
واتە هەر ئیشێک کە بوو بە تووشەوە با حەزیشى لێنەکەیت، ناچاریت ئەبێ لەگەڵیدا بڕۆیت.
ڕیشم لەبەر هەتاو سپى نەکردووە
یەکێکى دنیادیدەى شارەزا ئەیڵێ کە لە هەموو نەریتێکى ڕۆژگار گەیتشبێ.
ڕیشى ئەتاشێ و ئاوێنەشى ئەداتە دەست
بە یەکێک ئەوترێ کە هەڵەیەکت پێبکاو لە پاشیشا پێت پێبکەنێت.
ڕیشى تەماعکار بە قنگى مفلس
بە یەکێک ئەوترێ کە پارەیەکى دابێ بە یەکێکى ساختەچى درۆزن بۆ قازانج، کابرا نابووت بووبێ و پارەکە فەوتا بێ.
ڕیشەى دابەستراوە، بە کزەبا هەڵناکەندرێ
واتە دۆستایەتى کۆن، بە زوویرییەکى بچووک لاناچێت.
ڕێ باریکە، شەو تاریکە
واتە دنیا ناخۆشەو هەمووى گیروگرفت و ترس و بیمە.
ڕێ بێ ڕۆیشتن نابڕێ
واتە دەرمانى ڕێ ڕۆیشتنە.
ڕێ لە دز ناگیرێ
چونکە هەر ڕێیەکى لێبگریت ئەو لە ڕێیەکى ترەوە بۆت دێ.
ڕێبوار ئەڕوا سەگ ئەوەڕێ
واتە بێ ئەوەى تۆ گوناهت ببێ پیاوى خراپ قسەت لێئەکەن.
ڕێبوار بە خەوتن لە کاروان بەجێئەمێنێ
واتە دەخیل سەد دەخیل لە کاروانى ژیان دوانەکەویت.
ڕێوى ببێتە پۆست، دوژمن نابێتە دۆست
واتە دوژمن بە دۆست بوون نەبووەو نابێ.
ڕێوى بە فێڵ ناوێستێ، مەگەر تەڵە پێى بەستێ
بە یەکێکى فێڵبازى زۆرزان ئەوترێ.
ڕێوى بەبێ مریشک هەڵناکات
بە یەکێک ئەوترێ کە فێرى خواردنى ماڵى حەرام بووبێ و نەتوانێ دەستى لێهەڵگرێ.
ڕێوى دەمى نەئەگەیشتە ترێ ئەیوت ترشە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دڵ شتێکى بووێ، بەڵام لەبەرئەوەى کە دەستى نەکەوێ بڵێ من خۆم نامەوێ.
ڕێوى فێڵى خۆى ئەکا، مریشک باوکەڕۆ ئەکا
واتە هەریەکە هەوڵى خۆیەتى.
ڕێوى لە کونى خۆى هەڵگەڕێتەوە گەڕ ئەبێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە قەوم و قیلەى خۆى هەڵگەڕابێتەوە.
ڕێوى ماڵ و شێرى دەرەوەیە
واتە لە ماڵا نەرم و هێمن و لەسەرخۆ، لە دەرەوەش ئازاو نەبەرد بە.
ڕێوى نەئەچوو بە کونەوە، هەژگێکیشى بەستبوو بە گونەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى بار بێ بەسەر یەکێکەوە، کەچى کلکێکیشى بەدواوە بێ.
ڕێوى هاتووە بە پیرتەوە
واتە بەخت ڕووى تێکردوویت.
ڕێوییەکى گەڕۆک لە شێرێکى نوستوو چاکترە
چونکە یەکەم شتێکى هەر لەدەست دێ، بەڵام دووهەم هیچى لەدەست نایەت.
ڕێى ئەکەوێتە کونى مار
بە مەردومى زیرەکى بزێو ئەوترێ.
ڕێگەى درۆ نزیکە
واتە درۆ زوو دەرئەکەوێ.
ڕەتی بڵاوە
واتە ئیشى زۆرەو بیرى بڵاوە.
ڕەحم بە بەچکەی مار ناکرێ
چونکە کە گەورە بوو پێتەوە ئەدا.
ڕەحم کردن بە زۆردار، زوڵم کردنە لە هەژار
چونکە تا دەستى ببێ ستەم ئەکات لە هەژار.
ڕەحمەت لە کفن دزی پێشوو
ئەگێڕنەوە کە لە کۆندا دەستەیەک بوون شەو کفنى مردوویان دزیوە، چەند زەلامێکى مەرد بۆیان دائەنیشن تا ئەیانگرن و تۆڵەیان ئەدەن. دواى ئەوان دەستەیەکى تر لە کفن دز پەیدا ئەبن، لەگەڵ ئەوەى کە کفنەکە ئەدزن هەر مردوویەکیش ئافرەتێکى جوانى ڕێکو پێکى ببوایە دەستى نامەردییان بۆ ئەبردن. ئینجا بەم بۆنەیەوە ئەم پەندە وتراوە.
ڕەخش بێ و ڕەخشی ڕۆستەم بێ
بە یەکێکى ئەیڵێى کە زۆر پەسەند بێت لات، بە ڕەنگێک کە هەرچیش سەر بەو بێ هەر وا لەلات پەسەند بێ.