چەند ساڵە گەدایە، شەوى جومعە نازانێ
بە یەکێک ئەوترێت کە شارەزاى پیشەى خۆى نەبێ.
چەوەندەرێک لەو ئەرزە هەڵکەنە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بەبێ هەولأ و تەقەلا شتێکى دەستکەوێ. واتە چۆن چەوەندەرێک لە خۆیەوە سەوز نابێ لەزەوى هیچ شتێکیش لە خۆیەوە دەست ناکەوێ.
چەپڵە بە دەستێک لێنادرێ
واتە دۆستایەتى لە دوولاوە ئەبێ، نەک هەر لە لایەکەوە.
چەپەرە شڕە، چ پێوەبێ، چ لێوەبێ
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە بوون و نەبوونى وەک یەک وابێ.
چەڵتە وەشێن ڕەهەندەى عامە
واتە چەنەباز هەموو کەس لێى بێزارە.
ڕازت لای یەکێک دانێ و پرست لای هەزار
واتە نهێنى دڵى خۆت بە کەس مەڵێ، بەڵام بۆ هەموو کارێک تا ئەتوانیت پرس بکەو ڕاوێژ لەگەڵ دۆستدا بکە.
ڕاست بە ڕاستی، خوار بە شکستی
واتە پاداشتى کردەوەى مەردوم دێتەوە ڕێ. چاکەى بە چاکەو خراپەى بە خراپە.
ڕاست بەو بە لای شێرا بڕۆ
واتە کە ڕاست بوویت لە هیچ مەترسە.
ڕاست و چەپی خۆی لێک جیاناکاتەوە
واتە زۆر گەلحۆو کەڕەواڵەیە.
ڕاستی وەک گۆچان وایە
واتە ڕاستى هەرگیز نییە.
ڕاستی ڕەفتی، چەفتی کەفتی
واتە کە ڕاست بوویت ئەڕۆیت و تێئەپەڕیت، کە خوار بوویت ئەکەویت.
ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵێتی
بە دەوڵەمەندێک ئەوترێ کە بیانوویەکى پێ بگیرێ. واتە مەبەست پارەکەیەتى کە لێى بسەنن.
ڕاوی گردی ڕەش ئەکا
واتە ئازاو لێهاتووە، بەگژ هەموو شتێکدا ئەچێ.
ڕای خۆی وا لە دەستی خۆی
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو شتێک بە دەست خۆى بێ.
ڕدێنى خۆت مەخەرە دەست مناڵان
واتە جڵەوى خۆت مەدەرە دەست نادانان.
ڕزق بەپێ ناگیرێ
واتە زۆرجار دواى ئەکەویت و کەچى هیچ.
ڕزق هەر ئەوە نییە بە بەرچاوەوە بێ
ڕۆژى: پێبژێوییەکە کە خوا بتداتێ. واتە ڕۆژى هەر ئەوە نییە کە ئەبینرێ، بەڵکوو زۆرى نابینرێ. نابینیت هى وا هەیە ئیشێکى سەد فلسى بە پەنجا فلس ئەکات.
ڕم بە کەوان ناهاوێژێ
واتە کارى گەورە بە پیاوى بچووک ناکرێ.
ڕم جێ بکەرەوە، ئینجا بیدزە
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک بدزێ و بۆى حەشار نەدرێ. واتە کە ناتوانیت حەشارى بدەیت مەیدزە.
ڕوو بە ڕوو ئەکەوێت و چاو بە چاو
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى ناشرین بکات لەگەڵ ئاشنایەکى خۆیدا. واتە کارى وا مەکە، سبەینێ چاوتان بەیەکترى ئەکەوێتەوەو ڕووزەردیت بۆ ئەمێنێتەوە.
ڕوو بە ڕوو دەم چەور، پاشملە دەم تەور
واتە لە ڕووتا دۆست و لە پاشەملە دوژمنە.
ڕوو زەردى کێشان، مایەى بێ دەسەڵاتییە
بەڵێ زۆرى ڕووزەردى لەبەر نەبوونییە، بەڵام هى واش هەیە ئەگەر هەرچى دۆلارى ئەمریکاو پاوەندى ئیستەرلینى هەیە هى ئەو بن هەر ڕووزەردە تا مردن.
ڕووناکى مانگەشەو، سەر لە ئێوارە دیارە
واتە هەموو کارێک لە سەرەتاوە دەرئەکەوێ کە چۆنە.
ڕووى زەمانە ڕەش بێ
یەکێک ئەیڵێ کە گلەیى لە بەختى خۆى بێ.
ڕووى قەڵغانى تێکردووە
واتە ئامادەى جەنگە.
ڕووى نەبوونى ڕەش بێ
هەژارێک ئەیڵێ کە ئارەزووى شتێکى بێ بیکاو نەیبێ.
ڕووى ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێ
واتە پیاوى گەورە بە درۆو دەلەسە ناشارێتەوە.
ڕووى ڕەش بێ داران، کە منى خستە مەنە مەنەى مناڵان
واتە ئیمساڵ داربەڕوو بەرى نەگرت، ناچار بووم مەنە مەنە بەڕوو قەرز بکەم. یەکێک ئەیڵێ کە کەموکوڕییەک ڕووى تێکردبێ و ناچار بووبێ بە داواکردن لەم و لەو.
ڕووى کردە ڕەشەبا
واتە مرد. بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى سووکییەوە کە بمرێ.
ڕوویى لە زۆرێ پترە
واتە زۆرجار ئەوەى بە تکا ئەکرێ بە زۆر ناکرێ.
ڕژدى ڕیسوایى لەدوایە
واتە لە هیچ شوێنێکدا ڕژدى مەکە.
ڕکێشە بە ڕەگ، گلێنە بە بنەتۆو
بە یەکێک ئەوترێ کە لە خوویەکى خراپدا چووبێتەوە سەر خزمێکى خراپى، لە باوکەوە یا لە دایکەوە.
ڕۆستەم نێر بوو یا مێ
بە یەکێک ئەوترێ کە سەعاتێک قسەى بۆ بکرێ لە بابەتێکەوە، کەچى لەپڕ قسەیەک بدرکێنێ نیشان بدات کە لە قسەکانت لە هیچى نەگەیشتووە.
ڕۆن لە پیاو بکڕەو گەنم لە ژن
ڕۆن بە ڕەنجى شانى ژن پێکدێ، هەروەک گەنم بە ڕەنجى شانى پیاو پێکدێ. کەواتە ڕۆن لە یەکێک بکڕە کە ئازاى پێوە نەدیبێ. گەنمیش هەروا تا بە هەرزان لێى بکڕیت.
ڕۆن کە زۆر بوو قنگى پێ چەور ئەکەن
بە شتێک ئەوترێ کە لەبەر زۆرى سووک بووبێ لەبەرچاو.
ڕۆنى خۆم ئەدا لە سەرى خۆم
بە یەکێک ئەڵێیت کە لەڕووى پیاوەتییەوە ماڵى خۆت دەرخوارد بدات.
ڕۆنى ڕژاو ئەکا بە خێرى باوکی
بە یەکێک ئەوترێ کە ماڵێکى لەدەستچوو بکا بە خێرى باوکى.
ڕۆژ بووە بە ساڵ، سک بووە بە جەواڵ
واتە ڕۆژگار درێژ بووەو مەردوم هەر بەوەدا ئەگات کە نان بخوات.
ڕۆژ بە پەنجە ئەژمێرێ
واتە زۆر چاوەڕوانى شتێکە.
ڕۆژ دیارە پەنجەى ناوێ
بە یەکێکى گەورەى ناودار ئەوترێ کە پێویست بە پرسیار نەبێ.