چرا لە پێشەوە نەڕوا، لە پشتەوە ڕووناکى نادات
واتە گەورەو سەرکردە ئەبێ خۆى لە پێشەوە بڕواو ببێ بە سەرمەشق.
چرا هەڵکە گووى تیاماوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بەشى دۆستایەتى نەهێشتبێتەوە.
چراى درۆ بێ شەوقە
واتە درۆ زۆر بڕ ناکات.
چراى نابووتى هەڵکرد
واتە بانگى نابووتى دا.
چراى کەس تا ڕۆژ ناگڕێ
واتە هیچ کەس تا سەر بەختى یار نابێ.
چل نان و قەرزیان نەوتووە
چونکە زۆرە.
چوار پینەى کەیت ناگاتە بەهار
واتە زۆر پیرە یا زۆر نەخۆشە.
چوالە بە خوێوە، ڕێواس بە پێوە
ڕێواس کە بەپێوە بێ خواردنى خۆشترە، چونکە تەڕ و ناسک و ئاودارە، بەڵام کە کڕاو دانرا، سیس ئەبێ و ئاوى نامێنێ.
چوالە درۆزن، بەڵاڵووک عەیار، هەنا گوڵى گرت، بەهار هەى بەهار
واتە نە بە چوالە باوەڕ بکەو نە بە بەڵاڵووک، چونکە ئەویان زوو گولأ ئەکاو ئەمیان درەنگ.
چوو بۆ خورما خواردن
بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى سوکییەوە کە بمرێ، واتە مرد.
چوو بۆ ڕیش سمێڵى نایە بان
بە یەکێک ئەوترێ کە دواى کارێک بکەوێ بۆ ئەوەى قازانجێک بکات، کەچى تووشى زیان ببێ.
چوو بۆ ڕەشکە وتى: گاڵى تیایە
واتە ناتدەمێ.
چوو بە چەقى لەعنەتا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ڕقانا کارێک نەکا.
چووم بۆ ڕاو، کەروێشک هات بەپیرمەوە
وا بڵاوە کە ڕێوى بە پیر یەکێکەوە بچێ باشە، بەڵام کەروێشک خراپە، یەکێک ئەیڵێ کە بچێ بۆ کارێک، بەڵام لە ڕێ شتێکى وا ببینێ نیشان بدات کە ئەو کارە نابێ.
چوون بە دەست خۆمە، هاتنەوە بەدەست خۆم نییە
چونکە نازانیت لە گەڕانەوەدا چى ڕووئەدات.
چووە دوور، بوو بە پوور
بە کارەکەرێکى بێنرخ ئەوترێ لە ماڵێکا کە شوو بکات بە پیاوێکى دەوڵەمەند، ئینجا بەو بۆنەیەوە هاتوچۆى بکەن بە گەرمى.
چوکڵەشکێن خۆى ئەشکێنێ
واتە یەکێک خزمى خۆى بشکێنێ، خۆى ئەشکێنێ.
چى بچێنیت ئەوە ئەدووریتەوە
واتە چاک بکەیت، چاک دێتە ڕێت، خراپ بکەیت خراپ دێتە ڕێت.
چڵەى چاوى دێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بێدار بێ و چاوى ببینێ، ئیمشەو هەر چڵەى چاوم هاتووە.
چۆتە سەردارێ، نایەتە خوارێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر قسەیەک ڕق بگرێ و دەستى لێهەڵنەگرێ.
چۆلەکە خۆت چیت و گۆشتاوت چییە
هاز: هێزە، بە یەکێکى بێ نموود ئەوترێ کە بەڵێنى یارمەتییەک پێبدات.
چۆلەکە هازت کامە، تا بازت کام بێ
هاز: هێزە، بە یەکێکى بێ نموود ئەوترێ کە بەڵێنى یارمەتییەک پێبدات.
چۆلەکەى ئیمساڵ بە هى پارى وت: تۆ جیکە جیک ئەزانیت
بە گەنجێک ئەوترێ لە ڕووى سەرکۆنەوە کە بە یەکێک بڵێ لە خۆى گەورەترو داناتر تۆ فڵان ئیش ئەزانیت.
چۆلەکەى دەشتى و بەردى دەشتى
بە شتێک ئەوترێ کە پارەى تێنەچێ.
چۆلەکەیەکى ناودەست، باشترە لە دە چۆلەکەى سەر درەخت
چونکە ئەم یەکە هی خۆتەو بەدەستتەوەیە.
چۆمێ درۆ.. سەرچاوەى نزیکە
واتە درۆ زوو دەرئەکەوێ.
چیلکەشکێن خۆى ئەشکێنێ
واتە یەکێک بە ئیشى مناڵانەوە خەریک بێ، خۆى بێ نرخ ئەکا.
چێشت بە گەرمى ناگەڕێتەوە
واتە ئەگەر ئەو کەسەى چێشتەکەى بۆ ئەچێ لەوێ نەبوو، ئەبێ ئەو چێشتە ببرێ بۆ ماڵێکى هەژار، تا نەگەڕێتەوە بۆ ماڵى خاوەنى.
چێشتى دوو کەیبانوو، سوێر خوێ دەرئەچێ
بە کارێک ئەوترێ کە دوو کەس سەرپەرشتى بکەن و کەسیان ئاگاى لەویتر نەبێ.
چێو بنێن بە ورگییەوە، ناگەڕێتەوە
واتە زۆر سوورە لەسەر چوون بۆ ئەو شوێنەى کە بۆى ئەچێ.
چێو لە تاریکى ئەکوتێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە نەشارەزاییەوە قسە بکات.
چەرخى لە چەمەر کێشا
واتە تۆڵەى لێسەند.
چەرمى گونى خۆت بخۆ، منەتى قەساب هەڵمەگرە
چەند جوانە ئەم هیممەتە بەرزە.
چەقۆ بە دەستى هەڵنایەت
هەڵنایەت: واتە تیژ نابێ. بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشى لەبەر نەڕوات.
چەقۆ دروست ئەکاو مشتووى تێناخا
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکت بۆ بکا بە نیوە و نیوەچڵ.
چەقەڵ بۆ چەم، ڕەخش بۆ ڕۆستەم
واتە هەرکەسێک شایستەى چى بێ ئەوەى ئەدرێتێ.
چەل و مەلە بە سەرمەوە
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکى بووبێ بە تووشەوە بۆ ئەوەى ئیشێکى کە هەیە بۆى بکات، یا بەخێوى بکات تا ئەمرێ.
چەم بێ چەقەڵ نابێ
واتە لە هەموو تیرەو نەتەوەیەکا پیاوى خراپ هەڵئەکەوێ.
چەمى درۆ سەرچاوەکەى کورتە
چونکە زوو دەرئەکەوێ.
چەند ساڵ بەڕۆژوو بوو، ئەنجامى بە گوو بەربانگى کردەوە
بە یەکێکى ئاخر شەڕ ئەوترێ.