پەنجەی دەستان هەمووی چوون یەک نین
بە یەکێک ئەوترێ کە سەرسام بێ لە دوو براى باوک و دایکى کە یەکێکیان زۆر چاک و ئەوى تریان خراپ بێ. واتە پەنجەى دەستێک چۆن لە یەک جیان بە درێژى و کورتى، براش ئاوان.
پەڕۆیەک لە من دادڕە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێکا بۆڵە بۆلأ بکات. واتە منیش وەک تۆ وامە، وە بۆڵە بۆڵیش ناکەم. کەواتە چاو لە من بکە.
پەڵووڵەش دەم ئەسووتێنێ
بە یەکێکى بێنرخى بێ نموود ئەوترێ کە دەستێک بووەشێنێ، یا قسەیەک بهاوێژێ.
پەیمان هەورە، بە جێهێنانی بارانە
واتە مەبەست لە پەیمان بەجێهێنانەکەیەتى.
پەیمانەی تەواو پڕ بووگە
واتە کاسەى پڕ بووە.
چ باکم هەیە، دراوم هەیە
یەکێک ئەیڵێ، کە بە پارەى زۆر یاخى بووبێ.
چ باکمە، کوڕە کەچەڵە کاکمە
بە تەوسەوە یەکێک بە یەکێکى ئەڵێ.
چ بڵێى حەسەن کەچەڵ، چ بڵێى کەچەڵ حەسەن
بە قسەیەک ئەوترێ کە بە دوو جۆر بکرێ و هەردووکى وەک یەک وابێ.
چ خواى گورگ و چ خواى سوار
واتە هیچ جیاوازییەک نییە لەناوەندى ئەم دووانەدا، گورگ مەڕەکە بفڕێنێ، یا پیاوخراپ بیبا.
چ لەبار بچێ، چ لە سوار بچێ
ژنێک ئەیڵێ کە مناڵێکى لەبار بچێ و کەسوکارى پێى بڵێن: خەم مەخۆ، ئەمە ئەوە ناهێنێ. ئەمیش ئەڵێ: چ لە بار بچێ، چ لە سوار بچێ. واتە ئەم مناڵە ئەگەر بمایە ئەبوو بە سوارێک.
چ کێوژێ و چ مێوژێ
کێوژ: باتمانە، ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى هەورامى حەزى لە مێوژ ئەبێ، ئەچێ تۆزێک بکڕێ بیخوات، لە ڕێ دەنکە مێوژێک ئەدۆزێتەوەو هەڵیئەگرێ و ئەیخوات، بەرودوا ئەگەڕێتەوە، ئەڵێ: چ کێوژێ، چ مێوژێ. واتە بەو دەنکە مێوژە ئارەزووەکەى پێ چووەسەر، ئیتر پێویست بە مێوژ کڕین نەما. نموونەى ئەم پەندە پەندێکى ترە کە ئەڵێ: (دیدارى یاران چ ساڵێک و چ ساتێک).
چ کەرەکە بەریتە لاى بارەکە، چ بارەکە بەریتە لاى کەرەکە
بە کارێک ئەوترێ کە بە دوو جۆر بکرێ، هەردووکى وەک یەک وابێ.
چ کەویژێ، چ مەیوژێ
کێوژ: باتمانە، ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى هەورامى حەزى لە مێوژ ئەبێ، ئەچێ تۆزێک بکڕێ و بیخوات، لە ڕێ دەنکە مێوژێک ئەدۆزێتەوەو هەڵیئەگرێ و ئەیخوات، وە بەرودوا ئەگەڕێتەوە، ئەڵێ: چ کێوژێ، چ مێوژێ. واتە بەو دەنکە مێوژە ئارەزووەکەى پێ چووەسەر، ئیتر پێویست بە مێوژ کڕین نەما. نموونەى ئەم پەندە پەندێکى ترە کە ئەڵێ: (دیدارى یاران چ ساڵێک و چ ساتێک).
چارەى نەخۆر، بخۆرە
واتە ماڵى خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆر.
چارەى ڕێ ڕۆیینە، چارەى خەو نووستنە
واتە هیچیان دوا مەخە لە کاتى خۆیان.
چاو برسى ئابڕووى نییە
چونکە بۆ شتێکى هیچ و پووچ ڕەنگ زەردى بەسەر خۆیا ئەهێنێ.
چاو بە چاو ئەکەوێ و ڕوو بە ڕوو
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ کارێکى ناشرین بکات لەگەڵ یەکێکى تردا. واتە ئەم کارە مەکە، چونکە سبەینێ چاوتان بەیەک ئەکەوێتەوە و تەریق ئەبیتەوە.
چاو تێر ئابڕوودارە
چونکە ڕووزەردى بەسەر خۆیا ناهێنێ.
چاو لە دەست بیت، دەست بەستەیت
چونکە ناوێریت هیچ بکەیت و هیچ بڵێیت لە ترسى ئەو کەسەى کە چاوت لە دەستێتى.
چاو لە چاو شەرم ئەکات
واتە کارێکت کەبوو خۆت دواى کەوە، چونکە ئەو شەرمەى کە لە چاوى خۆت ئەکرێ لە کەسیتر ناکرێ.
چاو چاو دەرناکات
واتە زۆر تاریکە.
چاو چووە خەو، قنگ ئەچێتە پاشایى
ئیتر شەرم لە کەس ناکات بە کەیفى خۆى هەرچى وردە ڕوانێکێکى ببێ بەرى ئەداتەوە.
چاوبازە ناگیرێ
یەکێک ئەیڵێ کە پێى بڵێن بۆ ئەوەندە تەماشاى ژنى نامەحرەم ئەکەیت.
چاوت لە دەرکە بێ، قوونت لە گوڕکەى بێ
گوڕکە: ئاگردانە، واتە لە ژووریشەوە بى ئەبێ ئاگادارى دەرەوەى ماڵى خۆت بکەیت.
چاوت نەفڕێ
بە یەکێکى ئەڵێیت کە چاوەڕوانى نەخۆشییەک بێ بۆت. واتە بەڕێوەیە خۆشى لە خۆت.
چاوى جن دەردێنێ
بە یەکێکى جرچنى جەربەزە ئەوترێ.
چاوى سوور بووە
بە یەکێک ئەوترێ کە یاخى بووبێ.
چاوى مار دەردێنێ
واتە زۆر دەستى ڕاستە.
چاوى چۆتە پشتى سەرى
واتە زۆر تووڕە بووە.
چاوى ڕەشماڵ کاڵ بووەوە
یەکێک ئەیڵێ کە بەتەماى شتێکى باش بووبێ، لە پاشا نائومێد ببێ.
چاوێ دوژمنى خۆى پێنەناسێ، بۆ کوێربوون باشە
واتە مەردوم ئەبێ دوژمنى خۆى بناسێ.
چاوێ لە دەرێ، خۆڵێ تیوەرێ
واتە ئەو ژنەى کە چاوى لە پیاوى بێگانە بێ، هەردوو چاوى کوێر بێ.
چاوێ کە یەشا بۆ دەرکێشان باشە
باوکێک بە کوڕێکى خۆى ئەڵێ کە لێى زویر بێ و دەریکات.
چاکیان سووژنە، کونێک لە بنە
بە دوو کەس یا زیاتر ئەوترێ کە یەک لە یەک بەدتر بن.
چاکە ئیستخارەى ناوێ
ئیستخارە: بەوە ئەڵێن کارێکت کە هاتە پێش، وە نەتزانى بیکەیت یا نەیکەیت، شەو پێش نووستن دەستنوێژ ئەشۆیت و دوو ڕکات نوێژ ئەکەیت، لە پاشا لە خوا ئەپاڕێیتەوە کە لە خەوا ڕێى ڕاستت نیشان بدا، تا کارەکە بکەیت یا نەیکەیت. واتە کارى چاک بەبێ ئیستخارە بکە.
چاکە بکەو بیدە بەدەم ئاوا
واتە مەردوم چاکە ئەبێ بکات هەر لەبەرئەوەى کە چاکەیە.
چاکە لە چاکە ئاوسە
واتە کە چاکەت کرد چاکە دێتە ڕێت.
چاکە لە چاکە ئەبێتەوە
واتە کە چاکەت کرد چاکە دێتە ڕێت.
چاڵ هەڵکەن، هەمیشە لە چاڵایە
واتە هەرکەسێ چالأ بۆ مەردوم هەڵکەنێ خۆى تێى ئەکەوێ.
چرا شەوقى بۆ ژێر خۆى نییە