پێبکەنە لەگەڵ دنیا، بگرى بۆ خۆت بە تەنیا
واتە پێکەنینت بە ئاشکرا بێ، بەڵام کەس بە خەم و خەفەتت نەزانێ تا دوژمن پێت خۆش نەبێ.
پێخاوسی باشترە لە پێڵاوی تەنگ، بێ ماڵی باشترە لە ماڵی بەجەنگ
پێستی بێ عار کێشا بە ڕووی خۆیا
واتە بێ شەرمى نواند.
پێستی سەگ بە دەباغ پاک نابێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە خەریکى ئامۆژگارى یەکێکى بۆگەنى پیس بێ کە بیهێنێتە سەر ڕێیەکى ڕاست. واتە بە تەماى چاکبوونى شتى وا مەبە و خۆتى پێوە ماندوو مەکە.
پێستی قورواق بە دەباخ ناژی
بە کارێک ئەوترێ کە نرخى ئەوەى نەبێ ڕەنجى تیا بدەیت.
پێستی لە دەباخ نایەت
بە شتێک ئەوترێ کە هیواى خێرت پێى نەبێ.
پێستەکەی ئەوی کێشاوە بەسەری خۆیا
بە یەکێک ئەوترێ کە ڕەوشت و خووى یەکێکى ترى گرتبێ.
پێش ئەوەی بژیتە ناوبیر، بیر لە هاتنە دەرەوەت بکە
چونکە ئەگەر بیر نەکەیتەوە ئەچیتە ناوى و ناتوانى بێیتە دەرەوە.
پێشکەوتووى دواکەوتووە
بە یەکێک ئەوترێ هەرچەند هەوڵبدا بۆ شتێک هەر لە دواوە بێ.
پێشینان کردیان، تۆ خواردت، تۆش بیکەو مەردوم بیخۆن
پێشەى ڕەش نەکردگە
واتە مناڵە هێشتا خۆى دانەڕشتووە.
پێشەی خۆی شکاندووە
پێشە: ئێسقانە، بە یەکێک ئەوترێ کە هەڵەیەکى زلى کردبێ بە جۆرێکى وا کە بۆى پینە نەکرێ.
پێمان لێ مەبڕە
واتە ناو بەناو سەرمان بدە.
پێنج پەنجەى دەست هەموو چۆن یەک نین
بە چەند برایەک ئەوترێ کە وەک یەک نەبن لە ڕەوشت و خوودا.
پێوانەى پڕ بووە
واتە کاسەى پڕ بووە.
پێى زل نەگبەتە، سەرى زل دەوڵەتە
چونکە نیشانەى زۆرى ژیرى و بیرە.
پێى چرا تاریکە
بە یەکێک ئەوترێ خزمەتى بێگانە بکا، نەک کەسوکارى خۆى، وەک چرا کە چواردەورى ڕووناک ئەکاتەوە، ژێرى خۆى نەبێ.
پێچى دارێ، لە پەناى شایى باشترە
چونکە لە یەکەمدا منەتبارى تیا نییە.
پێچى مێزەرێکە
بە یەکێک ئەوترێ کە ماوەیەکى پێ زۆربێ. واتە ئەم ساڵە یا ئەم دوو ساڵە کە تۆ تیا ئەچیتە دەرەوە بۆ خوێندن، هەر بەقەد پێچێکى سەرپێچەکەتە.
پێچکە چوارە، بە ژمارە
لە کاتێکدا بەکاردێنرێ کە دەمقاڵییەک ببێ لە ژمارەو حسابێکا. واتە ئەمە ئەوەندەیە بەبێ زیاد و کەم.
پێکەنینى زۆر گریانى لەدوایە
واتە زۆر پێمەکە، چونکە سەر ئەکێشێ بۆ ناخۆشى.
پێکەوە ناچنە جەواڵێکەوە
واتە سروشت و ڕەوشت و خوویان لە یەکەوە دوورە.
پێڵاوە شڕێکى لە دیوانا هەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە خزمێکى یا ئاشنایەکى لە دەوڵەتا یا لە ماڵە گەورەیەکا ببێ.
پێیەکى لێرەیەو پێیەکى لە بەغدایە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە لە ناوەندى دوو شوێنى دوورا هاتوچۆ بکات.
پەتی درۆ کورتە
چونکە هەموو درۆیەک پاش چەند ڕۆژێک دەرئەکەوێ.
پەتی سواڵی مل دائەبڕێ
واتە سەر بە مەردوم شۆڕ ئەکات، بە یەکێک ئەوترێ کە داواى شت لە مەردوم بکات.
پەرژین بۆ حەڵاڵ زادەیە
واتە یەکێ حەڵاڵزادە بێ لە پەرژین ئەگەڕێتەوە، بەڵام دز پەرژین ئەشکێنێ.
پەرژین بۆ پیاوی بەشەرمە
چونکە هەموو کەسێک ئەتوانێ بەسەر پەرژیندا بازبدا، یا پەرژینەکە لابەرێ، بەڵام شەرم ئەکات کە شتى وا بکات.
پەرژینی پیاو ئەدەبە
واتە ئەگەر پەرژینى شەرم و شۆ نەبێ، هەموو کەسێک ئەتوانێ کارى خراپ بکات.
پەشیمان شاخی لێ بڕوایە شاخی لێ ئەڕوا
واتە تا ئەتوانیت کارێکى وا مەکە کە پەشیمان ببیتەوە.
پەشیمانی بێکەڵکە
واتە کە هەلێکت لەدەست دەرچوو ناگەڕێتەوە. کەواتە مەیەڵە لەدەستت دەرچێ.
پەشیمانی دادت نادا
واتە کە هەلێکت لەدەست دەرچوو ناگەڕێتەوە. کەواتە مەیەڵە لەدەستت دەرچێ.
پەشیمانی نەوتن لە پەشیمانی وتن چاکترە
واتە پەشیمان بوونەوە لە نەکردنى قسەیەک باشترە لە پەشیمان بوونەوە لە کردنى.
پەلەپیتکەم لێدەیت شەق ئەبەم
واتە ئەوەندە خەمبارم.
پەمووانە بۆ هەمووانە
بە شتێک ئەوترێ کە بۆ هەمووان بێ.
پەمووش لە شارەزوور زۆرە
بە یەکێک ئەوترێ کە داواى شتێکت لێبکات، تۆش بڵێیت نییە. واتە نیمە بۆت بکڕم، کابراش تێنەکات بڵێ: لە بازاڕ زۆرە، تۆش ئەڵێیت (پەمووش لە شارەزوور زۆرە). واتە کە پارە نەبوو بە چى بیکڕم.
پەنجە بنێ دەمی نایگەزێ
واتە زۆر ساوێلکەو بێ دەسەڵاتە.
پەنجەی خۆی ئەکوروژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕقى هەستابێ.
پەنجەی خۆی برد بە دەما
واتە زۆر پەشیمان بووەوە.
پەنجەی خۆی گەست
واتە زۆر پەشیمان بووەوە.