شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
پیاو لە بنەماڵ نابڕێ
چونکە ڕەوشت و خووى بەرزى ئەو بنەماڵە، کارى خۆى هەر ئەکات.
پیاو لە دەویتی بترسێ، ژن ناهێنێ
واتە پیاو نابێ لە ترسى زبانى خەڵق دەست لە ژیان هەڵگرێ.
پیاو لە ماڵی خۆیا ملی شا ئەپەڕینێ
چونکە لە کەس ناترسێ و هەرچى بڵێ ئەیڵێ.
پیاو لە کوانووی خۆیەوە ئاو ئەچێتە ژێری
یەکێک ئەیڵێ کە بەهۆى خزمێکییەوە زەفەرى پێبرا بێ.
پیاو نابێ دراوسێی حوشترەوان بێ، ئەگەر بوو ئەبیچ دەرکی قاپییەکەی بەرزکاتەوە
واتە هاوڕێى هەرکەسێکت کرد ئەبێ وەک ئەو بێ.
پیاو نەمرێ بە هەموو ئاواتێک ئەگا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە دواى ماوەیەکى زۆر بە ئاواتێکى گرنگى خۆى بگا.
پیاو هەر جارێک ئەمرێ
واتە نابێ سەرشۆڕى قبولأ بکات، ئەگینا هەموو دەمێک جارێ ئەمرێ.
پیاو کە ئاڵتیرەم نانی خوارد ئەبێ فڵتیرەم عەقڵی ببێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەڵەیەکى زلى کردبێ.
پیاو کە زۆری وت، چاکیش ئەڵێ و خراپیش ئەڵێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بڵێ بێ و ڕێى بکەوێتە هەموو قسەیەکەوە.
پیاو کە لە ماڵا نەبوو، ژنی ئەدرێ بە شوو
واتە هەمیشە ئەبێ ئاگات لە مالأ و مناڵت بێ.
پیاو کە لە ژن بە بیانوو بوو، ئەڵێ: ئارد ئەبێژی قنگ ئەلەقێنی
واتە پیاو کە لەسەر بیانوو بوو پەکى ناکەوێ.
پیاو کە ناچار بوو بە جوجکە ئەڵێ بە ڕیشی مەردانەت قەسەم
واتە ناچارى هەموو شتێ بە مەردوم ئەکا.
پیاو کە ناچار بوو بە دۆستی دایکی ئەڵێ لالە
واتە ناچارى هەموو شتێ بە مەردوم ئەکا.
پیاو کە پیر بوو چۆلەکەی پێ ئەگرن
واتە پیاو نابێ بە خۆڕایى دانیشێ، بەڵکوو کردن هەتا مردن.
پیاو کە گڵۆڵەی کەوتە لێژی، کەس خاسی پێ نایەژێ
واتە تا ئەتوانیت کارێکى وا مەکە گڵۆڵەت بکەوێتە لێژى.
پیاوی دووژنە، وەک کەوگیر جەرگی کون کونە
چونکە هەردوولا هەر ئازارى ئەدەن.
پیاوی دەستەوسان چ لە گەرمیان چ لە کوێستان
واتە لە هیچ لایەکیان ڕەنجى پێنادرێ.
پیاوی سەر ڕاست شەریکی دەوڵەمەند
چونکە هەمیشە دەستى ئەگرێ و پارەى ئەداتێ بە قەرز.
پیاوی فەقیر لای باوە ئەتسێ
واتە ئەوەندە بەدبەختە تسەکەشى لەلایەکى واوە دەرئەچێ کە با بیبا بەسەر مەردوما تا پێى بزانن و جنێوى پێبدەن.
پیاوی نابووت خزمی دوورو قەرزی کۆن لە یاد ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر نەبوونى دەفتەرى کۆن بخوێنێتەوە.
پیاوی چرووک پاسەوانی پارەکەیەتی
چونکە لێى خەرج ناکات.
پیاوی ژیر ئەوەیە لە پێش بیرکردنەوەدا نەیەتە وتار
بەڵکوو هەموو قسەیەک بکوڵێنێ، ئینجا دەریبێنێ.
پیاوی کورت بە قەیسەری دا بڕوا سەر دائەنوێنێ
چونکە هەست بە ناتەواوى خۆى ئەکات و ئەیەوێ پڕى بکاتەوە.
پیاوی گولە، تڕی زلە
چونکە هەستى ناتەواوى (مرکبى نقصی) هەیە.
پیاوەتی ئەگەر بە ڕیش بێ، سابرێن لە هەموو کەس پیاوترە
چونکە ڕیشى درێژترە.
پیاوەتی بە ئیشە، نەک بە ڕیشە
واتە هەرگیز دیمەن پەرست مەبە.
پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە پیاوەتى بەسەر ماڵى مەردومەوە بکا.
پیر تا نەکا تەگبیر، نابێ بە میر
واتە پیر بە ژیری و بیر ئەبێ بە میر، نەک بە تەمەن درێژى.
پیر لە پیری مەڕوانە، لە هەوڵ و داوی بڕوانە
بە پیرێک ئەوترێ کە بە بڕشت بێ و لە ماڵا خاوەنى زەبرو زەنگ بێ.
پیر لە پیری نییە لەسەر گوزەشتەیی یە
واتە پیر کە شارەزایە لە تەمەندرێژى نییە، بەڵکوو لە قاڵبوون و دنیا بینینێتى.
پیر و تەڕپۆش هاتوونەتە جۆش
بەو ژنانە ئەوترێن کە لە ڕەشبەلەکا کۆئەبنەوە.
پیری و سەد عەیب
پیرێک ئەیڵێ کە نەنگى پیرێتى لێدەرکەوتبێ.
پیری و فەقیری، هەردووم بە کیری
واتە نە بە پیرى پەستم نە بە هەژارى.
پیرێژنی ئەوە دنیایە، دڵداری خۆی لە بیرنایە، ئەکا مەنعی من و یابە
بە پیرێژنێک ئەوترێ کە بەسەر کوڕ یا کچێکى گەنجا بێ، وە هێندێ شتى واى لێ قەدەغە بکات کە خۆى کردبێتى.
پیرە بە ڕا و تەگبیرە
بە پیرێکى ژیرى بە بیر ئەوترێ.
پینەى شینە بە دەرقنگیەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە نەنگێکى پێوە بێ لەناو مەردوما.
پینەکەرى، ڕوو سپیکەرى
واتە ئەوانەى پینەى کاڵا ئەکەن ڕووى خۆیان سپى ئەکەن لەناو کۆمەڵەدا، وە ئەوانەى کە لەبەر تەمەڵى پینە ناکەن و بە بەرگى دڕاوەوە ئەچنە ناو مەردومەوە، ڕووى خۆیان ڕەش ئەکەن.
پێ بەقەد بەڕەى خۆت ڕاکێشە
واتە زیاد لە ئەندازەى خۆت خەرج مەکە و لە هیچ شتێکدا لە سنوورى خۆت مەچۆرە دەرەوە.
پێ لە سۆسنان مەنى
سۆسنا: گوڵە سۆسەنە، بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى هەڕەشەوە کە کارێکى خراپى کردبێ. واتە جارێکیتر ئەو کارە نەکەیتەوە، وەک بڵێیت: جارێکیتر پێنەنێیت لەو پشکۆیە.
پێ لەو پشکۆیە نانێ
واتە ئەو بەڵێنە نادات و ناچێتە ژێرى.
89909192939495