شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
پشتکۆڵێ پشت دەرگامە
واتە دڵسۆزو پاسەوانم.
پشتی دەستی خۆی برد بە دەما
تەماشاى (پەنجەى خۆى گەست) بکە.
پشتی یەکتری نادەن لە زەوی
بە دوو دۆستى گیانى بە گیانى ئەوترێ.
پشتێنی لێ بکەرەوە
واتە دڵنیابە و لە هیچ مەترسە.
پشقڵێ بخەرە ژێر زمانت
لە ڕووى سووکیەوە بە یەکێک ئەوترێ کە باڵاى زۆر کورت بێ و دەستى نەگاتە شتێک.
پشقڵێ بخەرە ژێر پێت
لە ڕووى سووکیەوە بە یەکێک ئەوترێ کە باڵاى زۆر کورت بێ و دەستى نەگاتە شتێک.
پشیلە باڵ ببوایە، تۆوی چۆلەکەی ئەبڕی
واتە خوا دەست بە زۆردارى ستەمکار نادات.
پشیلە بێچووی خۆی نەوێ، حەوت ماڵی ناگێڕێ
واتە هەموو گیانلەبەرێک بێچووى خۆى خۆشئەوێ.
پشیلە دووگی دیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە دواى تەماعێک کەوتبێ.
پشیلە دەمی نەئەگەیشتە دووگ ئەیوت سوێرە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى بۆ نەبێ و بڵێ حەزم لێى نییە.
پشیلە لە دوای جگەر عەوداڵە، دەمی نایگاتێ ئەڵێ تاڵە
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى دەستنەکەوێ و بڵێ ناخۆشە.
پشیلە لە ماڵ نییەو مشکان تلیلیانە
بە خێزانێک ئەوترێ کە گەورەکەیان لە مالأ نەبێ و ئەوان بە سەربەستى بێن و بچن و قسە بکەن.
پشیلە لە ماڵی ناشتا ناکات
واتە زۆر چروکە.
پشیلە وتوویەتی: یاخوا لە ماڵێکا بم پیرێژنێکی کوێری تیابێ
بە یەکێکى چاوبرسى ئەوترێ کە بووبێ بە هاوکارى یەکێکى گێلۆکەو بەسەزمان.
پشیلە گووی بە دەرمان ئەشیا، کوناو کون ئەیشاردەوە
بە یەکێک ئەوترێ لە پاش ئەوەى کە بزانێ ئیشێکیان پێیەتى خۆى بشارێتەوە.
پشیلەی کوێر شت لە ژێر چنگ دەرناهێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر پیسکەو چروک بێ.
پف لە بۆڵە مڕ ئەکات
بۆڵەمڕ: ژیلەمۆیە. واتە ئاسنى سارد ئەکوتێ.
پلێ هات و پلێ چوو، ئەویشی ڕست خاوەوە بوو
بە یەکێک ئەوترێ کە بە کارێکەوە خەریک بێ تا ماوەیەک، لە پاشا هەڵیوەشێنێتەوە
پوور ئەگەر گوونی ببوایە، ئەبوو بە مام
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو قسەو گفتوگۆیەکا بڵێ: ئەگەر ئەوە وابووایە وا ئەبوو.
پوورە فەرەنگێز تۆ تەشیەکەی من بڕێس، هینەکەی خۆت بدە بە نیوەڕێس
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشەکەى خۆى بە تۆ بکات و ئیشەکەى تۆ بهێڵێتەوە بۆ یەکێکیتر.
پوورە مەستان، کاسە بدەو کاسە بستان
واتە کاسە دراوسێتى نەنێریت، کاسە دراوسێتیت بۆ نانێرن.
پووش لە کا ئەبژێرێ
بە شتێکى ئێجگار زۆر ئەڵێت کە لە شتێکى ترى هەڵبژێریت. واتە چۆن پووش لە کا نابژێرێ، ئەم شتەش لەو شتە نابژێرێ.
پووشێکی دایە دەست
بە یەکێک ئەوترێ کە پارەى یەکێکى بەدەستەوە بێ، لە پاشا پێى بڵێ زەرەرم کردووە و پارەکەم هەموو لەناوچووە.
پووڵ ئەکا بە پەڕۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە نرخى پارە نەزانێ.
پپلارێکمان تێبگرە هەر باشە
بە خۆشەویستێک ئەوترێ. واتە بە پلارێکیش بمانخوێنێتەوە هەر خۆشە.
پپلکە شەمام، هەموو ڕۆژێ حەمام
بە ژنێک ئەوترێ کە هەمیشە خەریکى خۆشتن و جلگۆڕین بێ.
پڕ کۆشمە لە نان و دۆ، نازانم شوێنی باوانم ها لە کۆ
بە یەکێکى بێ باوان ئەوترێ کە لە خۆشیدا نوقوم بووبێ.
پڵاوخۆران پاڵداوە، جۆخۆران هۆی داوە
واتە ئەوان پاڵیان داوەتەوەو ئەمانیش ڕەنج ئەدەن و عەرەق ئەڕێژن.
پیادە ئەزانێ سوار تەنگەی بەربووە
واتە بچوک ئەزانێ کە گەورە نەنگى چییە لەناو کۆمەڵدا.
پیازی بۆ پاک ئەکا
واتە مەرایى ئەکات.
پیازی عەوداڵانە، خواردنی هەیەو بردنی نییە
پیازى عەوداڵانە، لەبەر ناسکى نابرێ بۆ شوێنان. ئینجا ئێستا بە هەموو شتێک ئەوترێ کە خواردنى ببێ و بردنى نەبێ.
پیاما بکە سووژن، بانگم بکە ئاغاژن
بە یەکێک ئەوترێ کە حەزى لە گەورەیى بێ.
پیاو ئەبێ لەسەر بەڕەی خەڵک هەڵسێ
واتە مەردوم هەر چەند ڕۆژێک ئەتوانێ میوانى یەکێک بێ.
پیاو ئەو پیاوەیە بچێتە هەوێ و بێتەوە
واتە پیاو ئەو کەسەیە بچێ بۆ کارێک و بیکات و بە دروستى بگەڕێتەوە.
پیاو بوخچەیە، تا نەیکەیتەوە نازانی چی تیایە
کردنەوەشى بە قسەکردنیەتى.
پیاو بە قسەی خۆی دەبەسترێتەوە
واتە کە قسەیەکت کرد ئەبێ بیبەیتە سەر.
پیاو بە گەورەیی فێری پڵاو خواردن بێ دەست بۆ لووتی ئەبا
بە یەکێک ئەوترێ کە تازە فێرى شتێک بووبێ و هەڵەى تیا بکات.
پیاو بەتەمای دراوسێ بێ، بێ شێو سەر ئەنێتەوە
واتە بەتەماى کەس مەبە و هەمیشە هەر بە کردەوەى خۆت پشت ببەستە.
پیاو تا نەتڕێ بە چوارمشقی دانانیشێ
واتە تا هەڵە نەکا و ڕۆژگار دەرسى قورس و گرانى نەداتێ، پوختە نابێ و بە ڕەحەتى دانانیشێ.
پیاو قوتابییەو ڕۆژگار مامۆستا
واتە تا ئەتوانیت دەرس لە بەسەرهاتى ڕۆژگار وەربگرە.
88899091929394