شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
وەک پەشتەماڵى حەمام هەر ساتە بە بەر یەکێکەوەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر ڕۆژەى لەگەڵ یەکێکدا بێ.
وەک چالەکە وایە، تا لێیدەى قەڵەو ئەبێ
چالەکە: دەعبایەکى پانکەڵەى چوارپێى قەڵەوە، گۆشتى ئەخورێ.
وەک چرا شەوقى بۆ ژێر خۆى نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە قازانجى هەر بۆ بێگانە بێ، نەک بۆ کەسوکارى خۆى.
وەک چرا وایە سێبەرى بۆ خۆیەتى و تیشکى بۆ بێگانە
بە یەکێک ئەوترێ کە قازانجى هەر بۆ بێگانە بێ، نەک بۆ کەسوکارى خۆى.
وەک کێشکەى بە چلانە
بە خواردنێکى کەم ئەوترێ کە لەبەردەمى چەند زەلامێکدا دابنرێ. واتە ئەم خواردنە وەک چۆلەکەیەک وایە کە بۆ چل کەس دابنرێ.
وەک کەرى دێز وایە حەزى بە تۆپینى خۆى و زەرەرى ساحێبى ئەکات
بە مەردومى زۆر حەسوود ئەوترێ کە زیان بە مەردوم بگەیەنێ، با خۆشى لەپێناوى ئەوەدا تووشى زیان ببێ.
وەک کەرى دەروێش سەر بە هەموو ماڵێکدا ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە هاتوچۆى هەموو شوێنێک بکات.
وەک کەرى ناو جۆگە لە هەردوولا ئەخوات
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەردوولا بەهرەمەند ببێ.
وەک کەو چوو
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەیەک، یا بە بینینى یەکێک وا بچێ قسەى بۆ نەکرێ.
وەک کەپەکى لێهاتووە، بە پەینکەى خۆى نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر ئیشوکار زۆرى سەرلێشێوا بێ، ئیشەکانى لەیەک پچڕا بێ.
وەک کەڵەشێرى ناوەخت وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو کارێکى لە ناوەختدا بێ.
وەک گاى عەلى خۆى ئەلێسێتەوە
چیرۆکى ئەم پەندە لە پەندى (بووە بە گاى مام عەلى) دا نووسراوە.
وەک گاى مارۆ وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو لایەکەوە دیار بێ.
وەک گورگ بەدەم خشپەوە ئەچێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو لایەکەوە سووسەى شتێکى کرد دواى کەوێ.
وەک گوریسى ناو هەمانە وایە
واتە زۆر بە پێچە.
وەک گوریسى گا گێرە وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە جڵەى وکارى لەدەست دەرچوو بێ.
وەک گوو وایە تا چیلکەى تێوەژەنى بۆن ئەداتەوە
بە مەردومى پیسى ناپاکى قەبەى دەم دڕاو ئەوترێ.
وەک گڵۆڵە بەفر هەتا تلەوە بێ گەورەتر ئەبێ
بە یەکێک ئەوترێ تا دەستى بدەیتێ خراپتر ببێ.
وەک گیسک لە دایکى خۆى هەڵدێ
بە یەکێک ئەوترێ کە فوو لە دۆ نەکات.
وەک گەنمە قەندەهارى هەموو شتێکى لێدێ
بە یەکێکى بە جەوهەر ئەوترێ کە هەموو شتێکى لێبێ.
پا ئەدا لە پەین
بە یەکێک ئەوترێ کە نەتوانێ تۆڵەى خۆى بستێنێ لە یەکێک.
پادار بگرە، بێ پێ ماڵى وێمانە
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى لادێى ترێ ڕەشکە هەڵئەخات بۆ ئەوەى بیکات بە مێوژ، لە پاشا کە ئەچێ کۆى بکاتەوە تەماشا ئەکات وا قاڵۆنچەى ڕەشى زۆرى پێوە نیشتووە و قاڵۆنچەکان ئەیانەوێ بڕۆن، کابرا وا ئەزانێ کە ئەمانەش هەر مێوژن، خێرا ئەڵێ (پادار بگرە، بێ پێ ماڵى وێمانە). واتە ئەوانەى کە ئەڕۆن بیانگرە، ئەوانیکەى تر هى خۆمانە.
پاروو لە دەم داکەوێ، بۆ کۆش باشە
واتە خێر بۆ خوێش، نەک بۆ دەروێش.
پاروو هەتا نەجورێ، قووت نادرێ
واتە قسە تا پوختە نەکەیت نەیڵێیت.
پارە بدەیت مەلا لە مزگەوت دەرئەکەیت
واتە بە پارە هەموو شتێک ئەکرێ.
پارە بۆ نامەرد، ڕوو زەردیى دێنێ
چونکە لە شوێنى خۆیا خەرجى ناکا.
پارە پارە ئەهێنێ
واتە بەبێ پارە کەسابەت ناکرێ.
پارە چڵکى دەستە
واتە خەرج ئەبێ و ئەڕوا.
پارەت کە بوو، کەس ناپرسێ کوڕى کێیت
واتە ئەمڕۆ هەموو شتێکە.
پارەى خەڵق، کیسە ئەدڕێنێ
واتە مەردوم شتى خەڵقى لەلا قورسە، کەواتە تا زوو بیدەیتەوە درەنگە.
پارەى زۆر سەرشۆڕى دێنێ
واتە پارەدار لەبەر ئاگادارى پارەکەى ناوێرێ لە شوێنى خۆیا نە قسەیەکى پیاوانە بکاو نە کارێکى مەردانە بنوێنێ.
پارەى چەرمگ بۆ ڕۆژى ڕەش
تەماشاى (ماڵى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش) بکە.
پاشای سەر تەختی، بنواڕە وەختی
واتە پیاوى گەورە ئەبێ بزانێت کەى ئەچیتە لاى و چۆن قسەى لەگەڵ ئەکەیت.
پاچکە بدەیت بە ناکەس، هەوەسڕانی ئەکا
واتە ناوەجاخ کە تێرى خوارد ئەزەڕێ.
پاژنەم نەبێ بە خوێنێ، نامداتێ سەلکێ ترخێنێ
واتە دەستوورو باوى خوا وایە لە جیهانا تا هەولأ نەدەیت هیچت دەستناکەوێ.
پاڵی لێداوەتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەو ئیشەى هەیەتى بنبەستى کردبێ و بێ خەم لێى دانیشتبێ.
پایزە برا
بە یەکێک ئەڵێن کە لە ساڵا هەر پایزان دەرکەوێ و بێ بۆ لات، کە ڕەزو باخات ڕازاونەتەوە بە میوەهات.
پایزە بەهاری بنیادەمە
واتە هەر وەک بەهار، بەهارى ئاژەلأ و حەیواناتە بەهۆى زۆرى گژوگیاوە، پایزیش بەهارى ئادەمییە بەهۆى زۆرى هەموو جۆرە میوە و خواردەمەنییەکەوە.
پرسابە و دانا بە
واتە هەرچیت نەزانى پرس بکە.
پشتم سەفین بێ، تف لە ئاسنیش ئەکەم
سەفین: ناوى شاخێکە لە پشت شەقڵاوەوە. واتە کە پشتیوانم بوو لە کەس ناترسم.
87888990919293