وێرانە ماڵ قوڕ بە چ لایەکتەوە بدەم
واتە هەمووى بە قوڕ گیراوە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو ڕوویەکەوە خراپ و ماڵوێران بێ.
وە بیرم بدێرە، بە مڵاک بم بنێرە
مڵاک: کەوچکى چێشت پێخواردنە. واتە تۆ یادم بکە با بە کەوچکێک چێشتیش بێ کە بۆم بنێریت.
وە جرتەى خۆت پێناکەنیت، وە بڵەى من پێئەکەنیت؟
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى جرتاوایى و کابرایەکى بڵەسەنیى یەکانگیر ئەبن، کابراى یەکەم لە کابراى دووهەم ئەپرسێ: کوێندەریت؟ ئەمیش ئەڵێ: بڵەسەنیم، کابراى جرتاوایى بە (بڵە، بڵە) ئەکەوێتە گاڵتە پێکردنى، ئەمیش ئەڵێ: (وە جرتەی خۆت پێناکەیت، وە بڵەى من پێئەکەنیت؟). واتە مەردوم ئەبێ خەریکى نەنگى خۆى بێ، نەک نەنگى ئەم و ئەو.
وەجاخزادە بە ئیشارەو ناوەجاخ بە کوتەک
چونکە ئەویان شەرمى بە خۆیەتى. نەک ئەمیان.
وەجاخزادە هانینى گرانەو ڕاگرتنى ئاسانە
چونکە خۆى بە هاوسەرى هەموو کەسێک نازانێت، بەڵام دواى ئەوەى کە هات ئیتر دەنگى لێ دەرناچێ.
وەحەى لێکەیت ئەچێتە گاگەل
واتە زۆر کەرە.
وەختى چزو بز ئەمانکەن بە دز، وەختى کەڵک و کار ئەمانکەن بە یار
بە یەکێک ئەوترێ کە لە وەختى خۆشى و ڕابواردندا نەیەڵێ بچیت بەلایا، لە وەختى ئیش و بێگاریشدا بتخوێنێتەوە.
وەختێک بووک و خەسوو ڕێکئەکەون، کە حوشتر بە پەیژەدا سەربکەوێ
واتە خۆ ئەمیان هەرگیز نابێ، کەواتە ئەویشیان نابێ.
وەرە ئەم کەرە لەم قوڕە دەربێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە بتەوێ پینەى قسەیەکى بکەیت، کەچى لەو میانەدا هەڵەیەکى تر بکات کە تۆ نەتوانیت بۆى پینە بکەیت.
وەستاى قسان، کۆڵەوارى دەستان
بە یەکێک ئەوترێ کە بە گوفتار تەواو بێ، بەڵام بە کردار هیچى لەدەست نەیەت.
وەستاى نەجاڕ بنوو بێ خەم و خەیاڵ، خوا یەکەو دەرگاى هەزار
تەماشاى چیرۆکى پەندى (خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە) بکە.
وەفاى مێردى، سێبەرى بەردى
واتە زۆر مێرد لەگەڵ ژنى خۆیدا بێوەفایە، ژنەکەى وەک لە بنى سێبەرى بەردێکدا دانیشتبێ وایە کە لە دواى پێنج دەقیقە نەمێنێ.
وەلى وەلى ئەناسێ
واتە هەموو کەسێک هاوبیرى خۆى ئەناسێ.
وەک ئاردى بەڕوو بە پەینکەى خۆى نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیش و کارى تێکەلأ و پێکەلأ و بیرى پەرت بێ.
وەک ئاگرى بن کا وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە پەنهانى دووزبانى بکات و ئاگرى ئاژاوەو ناکۆکى هەڵگیرسێنێ.
وەک ئەسپى کراسە کۆن وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسە زۆر بزرنگێنێتەوەو لە مەردوم نەبێتەوە.
وەک بازەکەى فڵان کەس وایە بە مریشکى ئاوایى فێرە
بە زۆردارێکى ستەمکار ئەوترێ کە بتوانێ زۆرو ستەم هەر لە ئەهلى ئاواییەکەى خۆى بکات و هەر بەوان بوێرێ.
وەک بە بەرزیدا ئەڕوانیت، بە نزمیشدا بڕوانە
واتە وەک تەماشاى خۆت ئەکەیت تەماشاى مەردومیش بکە. بە یەکێک ئەوترێ کە هەر قازانجى خۆى بوێ.
وەک تانجییەکەى ئەحمەدى ساغا لە وەختى ڕاوا گووى دێ
ئەگێڕنەوە کە ئەحمەدى ساغا تانجییەکى بووە هەموو جارێک لە وەختى ڕاودا گووى کردووە تا نێچیرەکەى لەدەست دەرچووە. ئێستا بە هەموو کەسێک ئەوترێ کە لەکاتى هەلێکدا بە شتێکى هیچ و پووچەوە خەریک بێ تا هەلەکەی لەدەست دەرئەچێ.
وەک تڕى بن گۆم ڕۆى
بە شتێک ئەوترێ کە بکرێ و کەس پێى نەزانێ، یا لەبیر بچێتەوە.
وەک حوشترى ناو پەموو وایە
بە یەکێکى درێژداولأ ئەوترێ کە لەگەڵ چەند مناڵێکدا یارى بکات.
وەک خەنجەرى دەبان لە کالاندا ناوەستێ
بە یەکێک ئەوترێ کە جەوهەرێکى ببێ و دەریبخات.
وەک سەگ بە مانگەشەو بوەڕێ وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە ناوى پیاوێکى گەورە بە خراپ ببات.
وەک سەگى پێ سووتاو وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر خوێڕى و گەڕۆک بێ.
وەک مارى بێ ئیجازە وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر خراپ بێ و هەرگیز لێى دڵنیا نەبێ.
وەک مارى پێ لەزگە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیرى خۆى هەرگیز دەرنەبڕێ.
وەک ماستى مەییو وایە
بە یەکێکى سەرڕاست ئەوترێ کە لە هیچ شتێکدا سەرپێچى نەبێ.
وەک ماسى وایە، جارێ سەر ئاو ئەکەوێ، جارێ ژێر ئاو
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچ ئەرکێکى بەسەرەوە نەبێ.
وەک مامە خەمە وایە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە هەموو شتێک خەفەت بخوات.
وەک مریشک وایە لەسەر خەرمانى گەنم هەڵیگرە، لە گوودا چینە ئەکات
بە یەکێکى پەست ئەوترێ کە لە پیشەیەکى بەرز بیهێننە خوارەوە بچێ دەست بداتە کارێکى پەست.
وەک مۆم وایە ڕووناکى بۆ ژێر خۆى نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە خزمەتى بێگانە بکاو خزمەتى خزم و خوێشى خۆى نەکات.
وەک میزى حوشتر هەر بۆ دواوە ئەگەڕێتەوە
بە شتێک ئەوترێ کە پاشەوپاش بگەڕێتە دواوە.
وەک مێشە سەگانە وایە، بە هەرشتێکەوە نیشت لێى نابێتەوە
وەک نیسک وایە بەرو پشتى بۆ نییە
بە مەردومى دووڕووى دووزبان ئەوترێ.
وەک نیسکێنە هەڵئەچێ
بە یەکێک ئەوترێ کە توڕەو تڕۆ بێ.
وەک نێرەکەرەکەى عوزێر پێغەمبەر وایە زەڕینى هەیەو پەڕینى نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە گوفتارى ببێ و کردارى نەبێ.
وەک هێلکەو ڕۆنى سەر کڵاوڕۆژنە وایە
بە ئیشێک ئەوترێ کە لە شوێنێک بێ و تۆ لە شوێنێکى دوور هەوڵى بۆ بدەیت، کە ئەو هەوڵە بێکەڵک بێ. واتە ئەگەر ئەتەوێ ئەو ئیشە ببێ بچۆ بۆ شوێنى خۆى لەوێ هەوڵى بۆ بدە.
وەک هەڵمات وایە بارى بۆ نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر ساتەى لەسەر بارێک بێ.
وەک پیازى عەوداڵان، خوردانى هەیەو بردنى نییە
پیازى عەوداڵان لەبەر ناسکى نابرێتە دەرەوە، بۆ دوور نابرێ.