شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
واتە تا نەیبێژى نەیوێژى
واتە قسە تا لە بێژنگ و هێڵەکى نەدەیت نەیڵێیت.
وامزانى ئەم گومەزە شەخسى تیایە
گومەز: لە کوردستاندا بە زۆرى پیرێکى تیا نێژراوە. بە یەکێکى بە سەرو سورەت ئەوترێ کە تۆ بە مرۆڤێکى ژیرى تێگەیشتووى بەنرخى بزانیت، کەچى وا نەبێ.
واى لە قونێ، واى لە دۆشاوێ
ئەگێڕنەوە کە کوڕێک بوو دوو مەشکە دۆشاو ئەبا بۆ فرۆشتن، لە ڕێگا تووشى کابرایەکى نامەرد ئەبێ، تەماعى تێئەکات، وا نیشان ئەدا کە گوایە ئەیەوێ دۆشاوەکەى لێبکڕێت، داواى ئەکات کە نیشانى بدات. کوڕەکەش دەمى مەشکەکانى بۆ ئەکاتەوە. کابراش لەدواى تەماشا کردنیان ئەڵێ نامەوێ، دەمى هەردوو مەشکەکە بە کراوەیى ئەداتەوە دەست کوڕەکە. ئەمیش دەمى هەر مەشکەیەکى بە دەستێک ئەگرێ، لەپێش ئەوەى کە بیانبەستێتەوە کابراى نامەرد سوارى ئەبێ. کوڕە نازانێ چى بکات دەست لە مەشکەکان بەردا دۆشاوەکە ئەڕژێ، دەستیان لێبەرنەدات کابرا تەنگەتاوى کردووە. ئینجا بەم بۆنەیەوە ئەڵێ: (واى لە قونێ واى لە دۆشاوێ).
وتى بێنە مەلا، وتى استغفرالله، وتى هانێ مەلا وتى بارک الله
جاران مەلا مانگانەیان نەبووە، نە لەلایەن دەوڵەت و نە لەلایەن ئاواییەوە، ماوەتەوە چەند تەنەکەیەک گەنم و جۆو چەند مەڕو بزنە لاتێک کە ساڵەو ساڵ بەناوى زەکاتەوە وەریان گرتووە، لەبەرئەوە زۆر دەستکورت بوون، بێزیشیان نەهاتووە باسى هەژارى خۆیان بکەن، یا داواى شت بکەن، یا کارێکى ناشایستە ڕوویان تێبکات، یا شتێ وەربگرن بەرامبەر بە وەرامێکى شەرعى.
وتى سواربوونى حوشتر زۆر خۆشە، وتى ئەى خۆت بۆچى سوار نابیت
بە یەکێک ئەوترێ کە هانە هانەى مەردوم بدات بۆ کردنى کارێک، کەچى خۆى نەیکات.
وتى میمکە هاجەرە کەچەڵە دایکم، وتى دیزەیە دۆمان بۆ بنێرە، وتى: ئەو زمانە شیرینەى دایکت هەیەتى شەپێ کەرەشى وە ئەنێمە بانى
بە یەکێکى قسە ڕەق ئەوترێ کە داواى شتێکت لێبکات.
وتى نێرە، وتى بیدۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە داواى کارێکت لێبکات کە لە کردن نەبێ و هەرچەندە تۆ پێى بڵێیت ئەو دانەکەوێ.
وتى ڕیشت بگرم، دنیات پێبگێڕم، وتى خۆ تۆشم هەر لەگەڵدایت
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ ئابڕووى یەکێکیتر بەرێ، کەچى ئابڕووى خۆشى پێبچێ.
وتى گا سوور من ڕق تۆ ڕق، بزانین کاممان ئاخرى ئەیبەینەوە؟
واتە ئەگەر دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتێک مان لەیەک بگرن، ئاخرى هەر بە زەرەرى بێ دەسەڵاتەکە تەواو ئەبێ.
وتى: ڕۆستەم نێر بوو، یا مێ
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ قسەیەکى بۆ بکەیت و ئەو تێینەگاو قسەیەکى وا بکات نیشان بدات کە تێنەگەیشتووە.
وتیان ئێستر باوکت کێیە؟ وتى خاڵم ئەسپە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە خێزانێکى بێناونیشان بێ و ڕووی نەیەت ناویان ببات، بەڵام یەکێکى تیا هەڵکەوتبێ، هەمیشە خۆى بەوە هەڵواسێ.
وتیان بە بەراز بۆ بەڕۆژ دەرناکەویت؟ وتى لەبەر ئیشە باشەکانى شەوم
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر شەرمەزارى خۆى دەرنەکەوێ.
وتیان بە دۆم قوزت ڕەشە، وتى بە میراتم کەوێ هەر ئەوەتە
یەکێک ئەیڵێ کە نەنگێکى لێبگیرێ. واتە هەر ئەوە شک ئەبەم و لەوە زیاتر لە توانامدا نییە.
وتیان بە قەحبە بۆ مناڵت نابێ؟ وتى یەکێ ئەیکاو دوان تێکى ئەدا
وتیان بەردە بۆ بەردیت؟ وتى بەرد ئەبینم بۆیە بوومەتە بەرد
یەکێک ئەیڵێ کە خراپە لەگەڵ یەکێکدا بکات، کە ئەویش خراپەى لەگەڵ ئەمدا کردبێت، من بۆیە دڵم ڕەقە لە ئاستى ئەو، چونکە ئەویش لە ئاستى من دڵى ڕەقە.
وتیان بەهار ئەوەندە بۆ تەمەنت کورتە؟ وتى خوا غەزەب لە دراوسێى خراپ بگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر باش بێ، بەڵام بەهۆى هێندێ شتى دەوروپشتییەوە هیچ چاکەیەکى لەدەست نەیەت.
وتیان حوشتر برات بووە، وتى بە من چى؟ بارى من هەر چل مەنە
واتە برا کە بارى من سووک نەکات بە من چى.
وتیان حوشتر بۆ بەرز ئەڕوانێ؟ وتى دووربینى ئەکەم
واتە هەموو کەسێک پێویستی بە دووربینییە.
وتیان حوشتر بۆ ملت درێژە؟ وتى دووربینى پێئەکەم
واتە هەموو کەسێک پێویستی بە دوربینییە.
وتیان حوشتر لەکوێ بووى؟ وتى: لە حەمام، وتیان بە قاچ و قولى گواویتدا دیارە
بە یەکێک ئەوترێ کە درۆیەکى وا بکات کە پێى وابێ بۆى ئەچێتە سەر، کەچى لە هەموو کەسێکیشەوە ئاشکرا بێ.
وتیان شێتە بۆ شێتى؟ وتى بۆم ئەلوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە پشتیوانێکى ببێ پێى بنازێ، بەو بۆنەیەوە یاخى ببێ.
وتیان شەیتان خوا ئیمانت بداتێ، وتى درۆیەکى ناموستەجابە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ درۆیەک بکات، بەڵام لەبەر ئاشکرایى پێى نەکرێ، بە ناچارى دان بە ڕاستییەکەدا بنێ.
وتیان قڕژاڵ بۆ بە دوو سەر ئەڕۆیت؟ وتى بۆ جوانان هیچ عەیب نییە
بە یەکێکى ناشرین ئەوترێ کە کارێکى ناشرین بکات.
وتیان لە کوێ زەمى خۆت بیست، وتى لەو شوێنەى کە هى دراوسێم تیا بیست
واتە کە لە ماڵە دراوسێکەت ناوى یەکێک برا، ناوى تۆش ئەبرێ.
وتیان مام ڕێوى خورما ئەخۆى یان مێوژ، وتى ئەمیش و ئەویش
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر تەماعکار بێ و بە هیچ پڕ نەبێتەوە.
وتیان مام گورگ ئەمڕۆ نۆرە ئاژەڵتە، وتى خۆ پێشم پەتییە، بەڵام ناچارم هەر ئەبێ بچم
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى پیا بدەیت بە دڵ پێى خۆش بێ، وەکى تریش وا نیشان بدات کە پێى ناخۆشە.
وتیان مام گورگ بۆ نادیاری؟ وتى لە کارى خۆم شەرمەزارم
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر شەرمەزارى خۆى دەرنەکەوێ.
وتیان مەیمون خوا غەزەبت لێبگرێ، وتى بمکات بە ئاسک
واتە لەمە زیاتر چیم لێبکات.
وتیان پشیلە گووت بۆ دەرمان ئەشێ، ئەچوو ئەیشاردەوە
بە مەردومى زۆر سپڵەو پیسکە ئەوترێ کە هەموو شتێکى خۆى لە مەردوم بشارێتەوە.
وتیان ڕانە هەڕۆ، بڕۆ، شوانت بمرێ، وتى: خاوەنیشم بمرێ بێ شوان نابم
یەکێک ئەیڵێ کە لاى چەور بێ و هەموو کەس چاوى تێوە بێ.
وتیان ڕێوى چەند بەند ئەزانى؟ وتى: نەوەدو نۆ، چاکترینیان پێچ کردنەوەیە
بەڵێ هەمیشە پێچ و پەنا پیشەى فێڵبازانە.
وتیان ڕێوى کێ شایەتە؟ وتى کلکم
بە دوو کەس ئەوترێ کە کەسێ پشتى ئەوى کەى تریان نەدا بە زەوى، هەموو تاوان و کەموکوڕییەکى بۆ پاساو بدات.
وتیان کابرا ژنەکەت زۆر ئەگەڕێ، وتى ئەگەر زۆر بگەڕایە ڕێى ئەکەوتە ماڵى خۆشمان
بە شتێک ئەوترێ کە لە حەد تێپەڕى بێ.
ورگ بە ژمارە ناخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بە ژمارە خواردنت بداتێ. واتە گورگ ئەیەوێ تێر بخوات، ئینجا ئەمە بە کەم یا بە زۆر.
ورگ دڕاوە
بە مەردومى زۆرخۆر ئەوترێ.
ورگى داوە بە شانیا
بە چڵێسێک ئەوترێ کە دووى خواردن بکەوێ.
وشتر بارى خورمایەو وشترخوار ئەخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە یاراى ئەوەى نەبێ بەهرە لە شتێک وەربگرێ.
وشتى بە وشتى، خۆى چ نییە، دەعیەى کوشتى
بە مەردومێکى بە دەعیەو دەمار ئەوترێ کە لەو پێناوەدا زەرەرمەند بووبێ.
وڵات لە هەى هەی کۆسە لە ئیش خۆى
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر قسەى لێبکەن و ئەو گوێى نەداتێ و هەر لەگەڵ ئیشى خۆیدا خەریک بێ.
وڵاخى هەڵەشە، زوو خۆى ئەپڕوکێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ئیش و کاردا هەڵەشە بێ و بە جرت و فرت ئیش بکات.
85868788899091