شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
هەموو کانییەک ئاوى تێدایە، بەڵام هەموو ئاوێک ناخورێتەوە
هەموو کون کون نییە دەستى تێڕاکەی
واتە هەموو کەسێک کەسێک نییە تێکەڵى بکەیت، پیاوى خۆت بناسە.
هەموو کەس ئاغاى ماڵى خۆیەتى
وە کەس ژوور دەستى نییە لە ماڵى خۆیدا.
هەموو کەس ئەزانێ ئاڵى کەچەڵە
یەکێک ئەیڵێ کە نەنگێکى ببێ و هەمیشە بیدەنەوە بە چاویا. واتە ئەوەندە پێویست بە وتنەوە ناکات.
هەموو کەس بە عەیبى خۆى کوێرە
واتە یا نایزانێ یا ئەگەر بیشیزانێ دانى پیا نانێ.
هەموو کەس نانى خۆش ئەوێ، بەڵام وەک شوان نایگرێ بەسەر دڵییەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى یەکجار خۆشبوێ.
هەموو کەس گەمە بە مشک ئەکات، مشکیش بە ئاشەوان
واتە لە هەموو شوێنێک ڕاوى مشک ئەکرێ بە تەڵە، لە ئاشا نەبێ.
هەموو کەسێ گۆشت خۆرە، هەر ناوى گورگ بەدناوە
واتە هەرکەسێک دەستى ببێ زۆردار و ستەمکارە.
هەموو گون ڕەشێ تووشى گون ڕەشى خۆى ئەبێ
گون ڕەش: بە یەکێک ئەڵێن کە مڵۆزمى یەکێکیتر بێ. واتە هەموو مڵۆزمێک خوا مڵۆزمێکى بۆ ئەنێرێ.
هەموو گیانى سست و مستە، جێى خواردنەکەى دروستە
بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ هەموو شتێک نەخۆش بێ، بەڵام بۆ خواردن ساغ بێ.
هەموو گیاى مردنین
واتە هەموو ئەمرین.
هەمیشە گۆزە بە ساغى ناگەڕێتەوە لە کانى
واتە قاپ و قاچاخیش وەک ئادەمى ئەشکێ و ئەجەلى دێ.
هەمەوەند! نەگبەتى بۆ ئەحەى ڕابى تاقیکەرت بۆ
بە پیاوێکى گەورە یا تیرەیەکى ناودار ئەوترێ کە کڵۆڵى ڕووى تێکردبێ و مەردومى هیچ و پووچ بگەڕێ بۆ زیان پێگەیاندنى.
هەندێ ژنە و هەندێ ژان، هەندێ هەوێنى نۆ تەبەق نان
هەوێنى نۆ تەبەق نان واتە فیتنەو فەسادى ئەکاو ئاژاوە ئەنێتەوە.
هەنگ لە ماکى، کچ لە داکى
واتە ئەچنەوە سەر ئەوان.
هەنگوین بە دەمى تاڵە
واتە زۆر خەفەتبارە.
هەنگوینەو لە پێستى سەگایە
بە شتێکى بەنرخ ئەوترێ کە بە جۆرێکى بێنرخ پێشکەش بکرێ.
هەوات مرێ هەوا زەنگى، قەڵتاغ شڕى بێ ئاوزەنگى
بە یەکێکى لووتبەرزى چەکمەڕەق ئەوترێ کە هیچى نەبێ و هیچى بەدەست نەبێ.
هەواڵ ببەن بۆ میران، وەرزێر وەرزێر مەگیران
واتە کارەکەر بۆتە ئاغاژن و کارەکەر بۆ خۆى ڕائەگرێ، هەروەک وەرزێر بووە بە ئاغاو وەرزێر بۆ خۆى ڕائەگرێ.
هەواڵ ببەن بۆ میران، کارەکەر کارەکەر مەگیران
واتە کارەکەر بۆتە ئاغاژن و کارەکەر بۆ خۆى ڕائەگرێ، هەروەک وەرزێر بووە بە ئاغاو وەرزێر بۆ خۆى ڕائەگرێ.
هەودا توند ڕایکێشیت ئەپچڕێ
واتە لە هەموو شتێکدا توندى خراپە.
هەورامى لەبەر مەرامى کارى، بن کلکى کەرى خۆى ماچ ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە مەرایى یەکێکى ناڕەسەن بکات.
هەورامى و ڕمبازییان نەوتووە
چونکە شوێنەکەیان هەموو شاخ و داخە لەبەرئەوە ڕمبازى نازانن، جگە لەوە ئەگەر بیشیزانن جێگایان نییە ڕمبازى تیا بکەن. بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکەوە دوور بێ.
هەورى سوور، بارانى دوور
واتە هەور کە سوور بوو بارانى دوورە.
هەورى پایز خوڕى، دەوڵەمەند ڕیشى خۆى بڕى
بەو دەوڵەمەندانە ئەوترێ کە دەغڵودانیان هەڵگرتبێ بۆ گرانى. واتە لەگەڵ هەورى پایز پەڵەى دا دەوڵەمەند سەرى لێتێکئەچێ.
هەولێرە هەر بەخێرە
واتە هەولێر هەمیشە هەر شوێنى پیت و بەرەکەت بووە.
هەویرى مێردان ئاوى زۆر دەوێ
واتە کارى پیاوان زۆر ئەخایەنێ، چونکە بە گۆترە نییە، بەڵکوو هەمووى لە ڕووى پیلانەوەیە.
هەویرى هەڵات، پیشەى وڵات، هەویرى فەتیرە، پیشەى فەقیرە
واتە پیشەى وڵات وایە کە هەویر هەڵبێ ئینجا بکرێ بە نان، یا بە کولێرە، بەڵام هەژار ئەم دەستوورە تێکئەدات، هەویر هەیە فەقیر ئەیکات بە نان، چونکە برسییەتى.
هەوێ بە کراس و کەوێ نامەوێ
بەو دەوڵەمەندانە ئەوترێ کە دەغلأ و دانیان هەڵگرتبێ بۆ گرانى. واتە لەگەڵ هەورى پایز پەڵەى دا، دەوڵەمەند سەرى لێتێک ئەچێ.
هەوێ هەوێ جوان ئەکات، هێوەرژن هێوەژن خێرا ئەکات
هەوێ: ژنى مێردە، هەروەک هێوەرژن: ژنى براى مێردە. واتە لە یەکەمدا هەردوو لا لە ڕقى یەکترى خۆیان جوان ئەکەن. لە دووەمیشدا هەردوولا لە ڕقى یەکترى باشتر ئیش ئەکەن.
هەوێنى مێردان، بە حەوت ساڵان دێتە جۆش
واتە پیاوى گەورە درەنگ تووڕە ئەبێ.
هەوێنى نۆ قازان شیرە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر خراپ بێ و ڕێى کەوتە هەر شوێنێ ئاژاوەى تێبخات.
هەوەڵ بەخت ئەوەڵ تەخت
واتە نیشانەى خۆشى و ناخۆشى هەر لە سەرەتاوە دەرئەکەوێ.
هەڕەشە نیوەى مێردییە
واتە زۆر شت هەر بە هەڕەشەو چاوسورکردنەوە جێبەجێ ئەبێ.
هەژارى کراسى ئاگرینە
واتە لەبەر هەرکەسێکدا بێ ئارامى نابێ.
هەڵمەتە کاسەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە بێ وردبوونەوەو بیرکردنەوە دەست بداتە هەموو کارێک.
هەڵەکۆکە پرچنە، چۆڕە چۆڕەم کەوتە بنە، چیمە لەم ماڵ و ژنە؟
ئەگێڕنەوە کە هەڵەکۆک لە سەرەتاى بەهاردا کە سەردەردێنێ لە زەوى تەماشا ئەکات وا بەفر جیهانى داگرتووە بە شاخ و داخ و دەشت و دەرەوە، ئەمیش لە ژێرەوە بە بەفرەکە ئەڵێ: بمخوازە. ئەویش ئەڵێ: تۆ وا تازە لەدایک بوویت و سەرت لە زەوى دەرهێناوە، من چی بخوازم؟ کە بەهار گەرم ئەبێ هەڵەکۆک بەرز ئەبێتەوە لە بەفرەکە، ئینجا پێى ئەڵێ بمخوازە، ئەویش ئەڵێ: (هەڵەکۆکە پرچنە، چۆڕە چۆڕەم کەوتە بنە، چیمە لەم مالأ و ژنە؟).
هەیدەر تەریکە، لە هەموولا شەریکە
یەکێک ئەیڵێ کە گومان بە (متهم) کرابێ بە شتێک. واتە بووم بە هەیدەر کە ئەویش لە هەموو شتێکدا گومانبار ئەکرا.
وا دەکەم داکم ئەمرێ، وا دەکەم بابم ئەمرێ
ئەم پەندە لە مەعناى پەندى (ئەم لا ئەڕۆم ئاو ئەمبا، لەولا ئەڕۆم گورگ ئەمخوا) دایە.
وا نەدڕاوە پینە بکرێ
بە هەڵەیەک ئەوترێ کە ئەوەندە زل بێ پینە نەکرێ.
84858687888990