شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
هەرکەس خانەدارۆ، خەبەردارۆ
تەماشاى پەندى (ئەگەر خانەدانیت لە خانەدانان خەبەرداریت) بکە.
هەرکەس دایکى نانەوا بێ، لە برسانا نامرێ
هەرکەس دشى لە دێدایە، درەوشێکى لە پێدایە
دش: خوشکى مێردە، واتە دش هەیە هەمیشە بۆ خزمەتى براکەى سەرکۆنەى براژنەکەى ئەکات.
هەرکەس دەست بۆ دەمى خۆى ئەبا
واتە هەرکەس قازانجى خۆى ئەوێ.
هەرکەس زۆر بخوا، زۆر ناژى
واتە زۆر خواردن باش نییە.
هەرکەس زۆر گەڕا، زۆر ئەبینێ
واتە ژیرتر ئەبێ.
هەرکەس سەرەن بکا، هێڵەکى ئەکەن
سەرەن: کەوى شت بێژانەوەیە. واتە هەرکەسى مەردوم لە کەو بداو نەنگى گەورەى باس بکات، مەردومیش ئەو لە هێڵەک ئەدەن و نەنگى وردو درشتى بەرچاو ئەخەن.
هەرکەس سەڵا لە چاوى خۆى
واتە هەرکەس خۆى و بیروباوەڕى خۆى.
هەرکەس لە ئاشێ ئەکا
بە کۆڕێک ئەوترێ کە کەس گوێ لە کەس نەگرێ و هەرکەسە بۆ خۆى قسە بکات.
هەرکەس لە بەڕەى خۆى پێ زیاتر ڕاکێشێ ئەیبڕنەوە
واتە نابێ کەس لە سنورى خۆى بچێتە دەرەوە.
هەرکەس لە خۆى بگرێتەوە، خواش لەوى ئەگرێتەوە
کەواتە تا بتبێ لە خۆت و مالأ و مناڵت مەگرەوە.
هەرکەس لە ماڵى خۆیا سەرى شا ئەبڕێ
واتە هەموو کەسێک ئەتوانێ قسەى زل زل بکات لە شوێنێکدا کە کەس ئاگاى لێنەبێ، ئینجا ئاخۆ ئەمە ئازایەتى پێبڵێن؟ بێگومان نا، ئازایى لەوەدایە کە بتوانێ ڕووبەڕوو قسە بکاو بێتە پێشەوە.
هەرکەس لە هەرچى بترسێ لێى ناخەلسێ
چونکە ترسان سەر لە مەردوم ئەشێوێنێ.
هەرکەس لە کراسى خۆیا پیاوە
واتە نابێ کەس بە چاوى سووک تەماشاى کەس بکات.
هەرکەس نانى ناوچەوانى خۆى ئەخوا
کەواتە خۆت و ناوچەوانى خۆت.
هەرکەس نانى گاور بخوا، سڵاوات لە دیارى گاور ئەدا
واتە هەرکەس پیاوەتى دى لە یەکێکەوە، ئەبێ سوپاسى بکات.
هەرکەس نەفسى بوو، کەسى نەبوو
واتە یەکێک کە هەر نەفسى خۆى مەبەست بێ، کەسیش ئەوى مەبەست نییە.
هەرکەس نەیکرد بە قسەى گەوران، بە قنگەوە کەوتە ناو کەندەڵان
کەواتە تا ئەتوانى لە قسەى گەورە دەرمەچۆ.
هەرکەس هات ئەحواڵى دایکى پرسى، یەکێک نەبوو ئەحواڵى باوکى بپرسێ
واتە هەموو مناڵێک پەیوەستى لەگەڵ دایکى زۆرترە وەک لەگەڵ باوکى.
هەرکەس هەرزانى و گرانى لە ماڵى خۆیایەتى
ئارەزوو بکا هەرزانییەو ئارەزوو بکا گرانییە.
هەرکەس هەرچى بچێنێ ئەوە دێتە ڕێى
کەواتە هەر چاکە بچێنە.
هەرکەس هەڵئەستا خولەى ئەگا، خولەش بلەى ئەگا
بە یەکێک ئەوترێ کە ببێ بە حیزى حیزان گاو.
هەرکەس پێڵاوە شڕێکى لە دیوانا بێ، تڕى پێوە لێئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە خزمێکى کاربەدەستى ببێ لەلاى دەوڵەت یا لاى ئاغا.
هەرکەس کردى بێگانە بە خوێش، کردى بە سەریا خۆڵ بەدەستى وێش
واتە هەرگیز نهێنى خۆت مەدەرە دەست بێگانە.
هەرکەس کوێر نانە، کوێر ئیمانە
کوێرنان: ڕژدى چروکە.
هەرکەس کەر بێ ئەو کورتانە
بە یەکێک ئەوترێ کە کوڕى وەخت بێ.
هەرکەس گوێ ئاگرى خۆى ڕۆشن بێ
واتە کەس تا سەر بەکەڵکى کەس نایەت.
هەرکەس گوێز لە بارى خۆى ئەژمێرێ
واتە هەرکەس بەپێى دڵ و دەروونى خۆى قسە ئەکات.
هەرکەسێ بیکوژێ دەستى سەوز ئەبێ
بە یەکێکى زۆر خراپ ئەوترێ کە سەر تا پێى زەرەرو زیان بێ بۆ کۆمەڵە.
هەرکەسێ بە پێى عەقڵى خۆى قسەى لەگەڵ ئەکرێ
خوێندەوار بەپێى خۆى و نەخوێندەوار بەپێى خۆى، نەخوێندەواریش نزمیان بەپێى خۆى و بەرزیان بەپێى خۆى، ئەگینا لە قسەت ناگەن.
هەرکەسێ فرەگەڕە، بەختى شەڕە
چونکە کە زۆر گەڕا پێویستى بۆ بەجێناهێنرێ، ئەو حەلە پەکى ئەکەوێ.
هەرکەسێ لە خۆى بە شکە، پڕ قنگى مارو مشکە
واتە هەرکەسێک ناپاک و لەخۆى دوودڵ بێ دەروونى پڕە لە ترس و بیم.
هەرکەسێ پەز بێ، گورگ ئەیخوا
واتە ئەوەندە بەسەزمان مەبە تەماعت تێبکرێ.
هەرکەسێ پەڕى تاوسى ئەوێ، ئەبێ بڕوا بۆ هندستان
واتە هەموو شتێک بەپێى خۆى ئەبێ هەوڵى بۆ بدرێ.
هەرکەسێ چاڵ بۆ یەکێک هەڵکەنێ خۆى تێى ئەکەوێ
کەوابوو با کەس چالأ بۆ کەس هەڵنەکەنێت.
هەرکەسێ کەسە حەرفێکى بەسە
کەواتە تا ئەتوانى هەر کەس بە.
هەرکەسە بە زمانى خۆى لەگەڵى بدوێ
واتە بەپێى ژیرى خۆى بیدوێنە.
هەرکەسە بە کەسێک ئەگیرێ
کەواتە پیاوناس بە.
هەرکەسە چاوەڕوانى توێشووى خەڵک بێ، لە برسا ئەمرێ
کەواتە بەتەماى هیچ مەبەو هەر پشت بە هەولأ و تەقەلاى خۆت ببەستە.
هەرگى نم دراو، ئاوێکى بەسە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەوە پێش لە یەکێک توڕە بووبێ و قسەى پێوتبێ، دووبارە بیەوێ قسەى ترى پێبڵێتەوە. واتە زۆر خەستى مەکە، سەرى مەکەرە سەر با نەتەقێ.
82838485868788