هەرچی ئەخوا بەشەوی تاریک، ڕەنگی زەردو قۆڵی باریک
واتە بە شەو خواردنى قورس مەخۆ.
هەرچی بترسێ، ناخەلسێ
واتە ترسان ڕێى پێشکەوتن لە ئادەمى ئەگرێ.
هەرچی بزنێکی ببێ، خەمێکی ئەبێ
واتە هیچ شتێک بەبێ خەم نابێ.
هەرچی بوو بە ڕەفیقی قەلەندەری، لە ڕیش سمێڵ بوو بە بەری
واتە هەرچى بوو بە هاوڕێى سەرسەرى، نە ڕێزى ئەمێنێ و نە نرخى.
هەرچی بچێتە شاری کوێران، ئەبێ دەست بە چاوەوە بگرێ
واتە مەردوم ئەبێ بەپێى باوى ئەو شوێنەى کە تیایەتى بجوڵێتەوە.
هەرچی بکرێ لە کیسەی خەلیفە دەرئەچێ
واتە مالأ و منالأ هەرچى خەرج بکەن، هەر لە کیسەى خاوەن مالأ دەرئەچێ.
هەرچی بکێڵیت، هەر ئەوە ئەدووریتەوە
واتە چاک بکەیت و چاک و خراپ بکەیت خراپ دێتە ڕێت.
هەرچی بەرز بفڕێ، پیا ئەتڕێ
واتە لوتبەرزى لوت شکانى لەدوایە.
هەرچی دشێکی لەگەڵیە، درەوشێکی لە پێدایە
دش: خوشکى مێردە. واتە دش بۆ براژن وەک درەوشێک وایە کە بکرێ بە پێیا.
هەرچی دەستت بۆ برد تیتکی بوو، بیسمیلات لێکرد عەیبی نەبوو، ئیتر ئەوە ژنە
واتە هەرچى قژى بوو ژن نییە.
هەرچی زۆر گەڕا، یا کۆڵ دێنێتەوە، یا زۆڵ دێنێتەوە
واتە ئەوانەى زۆر ئەگەڕێن نەخوازەڵا ژن یا شتى زۆریان دەستکەوێ، یا ئابڕوویان ئەچێ.
هەرچی فرە گەڕە، بەختی شەڕە
چونکە قسە زۆر ئەبێت، قسەى ئەم و ئەو زۆر ئەبات و ئەهێنێت.
هەرچی لە دز بمێنێتەوە، رەماڵ ئەیبا
رەمالأ: فاڵگرەوەو کتێب گرەوەیە. واتە هەرچى لە دز بمێنێتەوە دزێکیتر ئەیبا.
هەرچی لە دێزەدا بێ، بە ئەسکوێ دەدرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ نەنگى تۆ بڵێ. واتە ئەگەر تۆ نەنگى من بڵێیت منیش هەموو نەنگێکى تۆ ئەڵێم، هەرچى لە دێزەدا بێ بە ئەسکوێ دەریئەهێنم.
هەرچی لە ماڵ نەبێ، ژنی ئەدەن بە شوو
واتە پیاوێک کە کەم بکەوێتە ناو مالأ و مناڵى، ژنەکەى خراپ دەرئەچێ.
هەرچی لە مشک بێ، جەواڵ ئەدڕێ
بە پیاوخراپێک ئەوترێ کە مناڵەکەى وەک خۆى بێ. واتە زۆرتر پیاوى خراپ مناڵى خراپى ئەبێ.
هەرچی مەلا کەرۆ، منیش کەرۆ
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى هەورامى نوێژنەکەر لە وەختى نوێژدارێى ئەکەوێتە مزگەوتێک، ناچار کابرا دەستنوێژ ئەگرێ و ئەچێتە ڕیزى نوێژکەرەکانەوە، کە لێئەبێتەوە لێى ئەپرسن: چۆنت نوێژەکە کرد، ئەویش ئەڵێ: (هەرچى مەلاکەرۆ منیش کەرۆ) واتە هەرچى مەلا کردى منیش کردم).
هەرچی نەترسا، نەخەلسا
لە مەعناى پەندى هەشتەمدایە لەپێش خۆیەوە.
هەرچی هاتە پێشم، پیا ئەکێشم
بە پیاوخراپێک ئەوترێ کە مناڵەکەى وەک خۆى بێ. واتە زۆرتر پیاوى خراپ مناڵى خراپى ئەبێ.
هەرچی پەستەکی سوور بێ کاکە حەمەد نییە
ئەم پەندە لە مەعناى پەندى شەشەمیندایە لە دواى خۆى.
هەرچی چووە دێی ژنێ، دەستی بوو بە گونێ
واتە جێى خۆت بەجێ مەهێڵە بۆ ژن.
هەرچی ڕیشی بێ سۆفی نییە
هەروەک هەرچى مێزەرى بەسەرەوە بێ مەلاى خوێندەوار نییە.
هەرچی ڕیشی سوور هەمزاغا نییە
واتە نەخێر.
هەرچی کەر بێ ئەو کۆپانە
بە یەکێک ئەوترێ کە کوڕى ڕۆژگار بێ.
هەرچیت دا دیتەوە، هەرچیت خوارد ڕیتەوە
واتە هەرچى بکەیت بەخێر دۆزیتەوە، هەرچیش بخۆیت بە پیسى دایئەنێیتەوە.
هەرچیت کردۆتە بەری بێژنگەکە، بیکەرە پشتی بێژنگەکە
بە یەکێکى ئەڵێیت کە هیچ خێرێکى بۆت نەبووبێ. واتە ئەو خێرو بێرەى کە تا ئێستا بۆت ناردووم لەناو بێژنگا، لەمەولا بیکەرە پشتى بێژنگەکە.
هەرچییەکت هەیە مەیخەرە کەشتییەکەوە
واتە هەموو دەستمایەکەت مەخەرە کەسبێکەوە، نەوەک هەمووى بە زەرەر بڕوا لەو کسبەدا، وەک کەسێک کە هەرچێکى هەیە بیخاتە کەشتییەکەوە و کەشتییەکە نقوم ببێ.
هەرچەند ئەکا نانی بە ئاو ناگا
واتە تا نان پەیدا ئەکا ئاوى نییە، تا ئاو پەیدا ئەکات نانى نییە.
هەرچەند بارم لارە، بەڵام ڕاوێژم ڕاستە
یەکێک ئەیڵێ کە هەژارو لێقەوماو بێ، بەڵام ژیرو بە بیرو قسەزان بێ.
هەرچەند مزگەوت ڕووخاوە، میحرابی ماوە
بە شتێک ئەوترێ کە خۆى نەمابێ، بەڵام نموونەیەکى واى مابێ کە گەورەیى ئەو شتە نیشان بدات.
هەرچەند پیرە، هەر کۆنە بە گیرە
بە شتێکى کۆنى نیوداشت ئەوترێ کە لە شتێکى تازە قایمتر بێ.
هەرکەس بانى فرەترە، بەفرى زۆرترە
واتە تا بەشت لە جیهانا زۆرتر بێ، ئەرکت زیاترە.
هەرکەس ببینێ مرغ و ماسى، عەجەب سەرى ناگا بە پادشایى
واتە هەرکەس لە خوا مورغ و ماسى ببینێ تووشى خێر ئەبێ.
هەرکەس بە تەماى خاڵۆ و مامۆ بێ، ئێوارە بێ نان و شەو بێ دۆ بێ
ئەم پەندە نزایە لەو کەسانەى کە بەتەماى خزم و خوێشى خۆیان بن. واتە پێویستە لەسەر هەموو کەسێک کە هەر پشت بە خۆى و بە هەولأ و تەقەلاى خۆى ببەستێ، نەک بە خزم و خوێش.
هەرکەس بە لێفەى خۆى ئەنوێ
واتە هەرکەسە لە سەر حسابى خۆى ئەژى.
هەرکەس بە گژ ڕاستا بڕوا، زەى ئەخوا
واتە ئەڕووخێ و ژێر ئەکەوێ.
هەرکەس بە یارى خۆى هەڵدەڵێ
واتە هەرکەسە گۆرانى بەسەر یارى خۆیا هەڵئەدا.
هەرکەس بە یارى خۆیدا هەڵدەڵێ
واتە دڵدارى خۆى پێ جوانە.
هەرکەس بەدەمتەوە پێکەنێ، وە نەبێ ڕازى بێ
واتە بە هەموو پێکەنینێک باوەڕ مەکە.
هەرکەس بەشى خۆى دەزانێ، بە جێ نەمێنێ لە کاروانێ
واتە هەرکەس بەپێى قازانج و سوودى خۆى ئەزانێ.