شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
هەر بەربەکەی کڕێوەیە
ئەگێڕنەوە کە لەناوچەى ئالان کابرایەک ئەبێ لە دێى (کرێوە) کە کوێرە دێیەکى بێ بەروبوومە هەرچەند کشتوکالأ ئەکات بە هیچ نابێ. ناچار سەرى خۆى هەڵئەگرێ بەرەو گەرمیان، وە لەوێ دەست ئەکات بە کشتوکاڵ، کاتێک کە خەرمان هەڵئەگرێ ئەبینێ کشتوکاڵەکەى ئەوێشى وەک کرێوە بێ بڕشتە، ناچار ئەگەڕێتەوە بۆ دێیەکەى خۆى، کە خەڵق و خوا لێى ئەپرسن ئایا دەستکەوتى ئیمساڵت چۆنە؟ ئەڵێ: بەخوا (هەر بەربەکەى کرێوەیە)، واتە هیچم زیاد نەکردووە، ئینجا ئێستا ئەم پەندە یەکێک ئەیڵێ کە دەست لەکارێک هەڵبگرێ وە دەست بداتە کارێکى تر، یا لە شوێنێکەوە بچێ بۆ شوێنێکى تر کە بە باشترى بزانێ، کەچى ئەمیش هەروەک ئەو وابێ.
هەر جارێ بە زستان ئەڵێن سارد
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەک زۆر بڵێتەوە.
هەر جارەلات، هەموو وڵات
لات: بانەیەکە لە زەوى، کە جوتیار ئەیکێشێ بۆ ئەوەى تۆوى پێوە بکاو بیکێڵێ. واتە ئەگەر هەموو خاوەن زەوییەک هەموو جارێ بانەیەک بکێڵێ هەموو وڵات ئەکێڵرێ و پارچەیەک زەوى بەیار نامێنێتەوە.
هەر جێگەیەک پەری هەیە، دێوێکی لەگەڵ هەیە
واتە لە هەر شوێنێک پیاوێکى باشى خزمەتگوزار ببێ، ئەبێ مڵۆزمێکى بۆ پەیدا بێ.
هەر خوا خوایە، دنیا کا و بایە
واتە هەرچى ئەکەیت هەر بۆ ڕەزاى خواى بکە و لە چوارچێوەى فەرمووەو فەرمانى خوا مەچۆرە دەرەوە، هەرگیز بە دنیا هەڵنەخەڵەتێیت، چونکە ژیانى دنیا وەک کایەک وایە کە بیدەیت بەدەم باوە، تا چاو ئەکەیتەوە نامێنێ.
هەر خوا لە قەرارەکەی دەمێنێ
واتە ئەو شتەى کە بڕیارى لەسەر داوە ئەبێ هەر ببێ.
هەر خواردنێک رینێکی ئەوێ
واتە چۆن خواردنێکت خوارد ئەبێ لە پاشا بە نقەنق دایبنێیتەوە، کە شتێکیشت لە یەکێک وەرگرت بە هەر ناوێکەوە بێ، ئەبێ لە پاشا خێرى بۆ بدەیتەوە.
هەر خوایان یەکە
بە دوو شت ئەوترێ کە زۆر لەیەک جیابن.
هەر دارێک نەرم بێ، کرم ئەیخوا
واتە مەردوم لە جیهانا نابێ ئەوەندە نەرم بێ هەموو کەس تەماعى تێبکات.
هەر دوو تای برنجە
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە یەکێکى لە یەکێکیتر پێ باشتر بێ. واتە وانییە وەک تێگەیشتوویت هەردووکیان وەک یەکن.
هەر دۆڵێکیان بە بایەک سپاردووە
واتە هەرکەسێک چى ئەزانێ ئەبێ هەر لەوە بدوێ.
هەر دەرکێک بە کلیلی خۆی ئەکرێتەوە
واتە هەر گرێیەک لە ژیاندا بە جۆرێکى تایبەتى خۆى ئەکرێتەوە، هەر دەردێک بە دەرمانێک تیمار ئەکرێ.
هەر دەرەلنگێکی لە ماڵێک پساوە
بە ژنى گەڕۆک ئەوترێ.
هەر دەوەنە ئەبێ بە دار، لە بنیا دائەنیشن فەقیرو هەژار
واتە هەر شتى بچووکە گەورە ئەبێ.
هەر رینێک لە خواردنێکە
واتە هەموو ناخۆشییەک سەرەنجامى خۆشییە.
هەر سیر بخۆو زوڕنا لێدە
واتە ئەو شتەى کە بەتەماى بوویت بۆ تۆ نابێ.
هەر سەرێک سەودایەکی هەیە
واتە هەر کەسێک جۆرە بیرێکى هەیە.
هەر عەقڵە لە خەسارێ
واتە تا هەڵە نەکەیت و ئازارو زیان نەبینیت دەرس وەرناگریت.
هەر قسەیەک لە دڵ دەرێ، لە دڵا جێگە ئەگرێ
واتە قسە کە لە دڵ دەرچوو ئەدا لە دڵ، بەڵام کە لە دەم دەرچوو ناگاتە دڵ.
هەر قوڕى زستانە پاشەڵ پیس ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە درێژەى ببێ لەسەر کردنى کارێک کە زۆر پەسەند نەبێ، پێى بڵێن: دەست لەم کارە هەڵگرە، چونکە جوان نییە ئەویش ئەڵێ: خۆ بێشەرعى نییە، ئەویش ئەم پەندەى پێئەڵێ. واتە قوڕى زستانیش عەفووە تا ڕادەیەک، بەڵام کە زۆر بوو ئەبێ بە شتێکى ناپەسەند کە پاشەلأ پیس ئەکات.
هەر لە عەرش هەتا قورش، کەس بە دۆى خۆى ناڵێ ترش
واتە هیچ کەسێک چاو ڕاو لە شتى خۆى ناکات.
هەر ملێک سەختە بڕۆ بیگرە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەڕەشەت لێبکات. واتە چیت لەدەست دێ درێغى مەکە.
هەر موویەکى بە ساڵێک ڕوواوە
واتە زۆر وریاو چاوکراوەیە.
هەر نەهاتیت هەر نەهاتیت، تا وەک دومەڵ لە جێى ناسک دەرهاتیت
بە یەکێک ئەوترێ کە لە وەختێکى ناوەختدا بچێتە لاى یەکێک.
هەر هێندە هەڕ وە جێیان، شتێکت بخەنە بەر پێیان
واتە ئەوەندە مەچۆرە شوێنان کە بێڕێز بیت.
هەر هەورازێک نشێوییەکى هەیە
واتە هەموو بەرزبوونەوەیەک نزمبوونەوەیەکى لەدوایە.
هەر پیاوێکەو هەزار پیاو دێنێ
چونکە ئەویان لە هەزاران لاوە قازانجى هەیە بۆ کۆمەڵەو گەل، بەڵام ئەمیان هەرچى کەڵک بێ نییەتى.
هەر پەنجەیەک خوێنی خۆی لێدێ
یەکێک ئەیڵێ کە مناڵى زۆرى ببێ، وە یەکێکیان بمرێ پێى بڵێن خەفەت مەخۆ، چونکە مناڵى ترت هەیە.
هەر چیایەک دۆڵی خۆی هەیە
واتە هەر دەوڵەمەندێک هەژارى خۆى هەیە.
هەر ڕۆژێ کاری خۆی وا لە تەک خۆیا
واتە ئیشى ئەمڕۆ مەخەرە سبەینێ.
هەر ڕۆژە با یا بارانە، کەچەڵ سەرشۆِرانە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر ڕۆژە نەڕۆژێ بە بۆنەى شتێکەوە خۆى بشوا، یا خۆى بگۆڕێ.
هەر ڕێیەک لە بۆ جێیەک
هەر کێو بە کێو ناگا
واتە هەموو دوو کەسێک ئەگونجێ بەیەک بگەن.
هەر گوێرەکەیە ئەبێ بە گا
واتە هەموو شتێکى منالأ بەرە بەرە گەورە ئەبێ.
هەردى بەسەر بەردییەوە نەماوە
بە شتێک ئەڵێن کە تێکچووبێ و هیچى بەسەر هیچەوە نەمابێ.
هەرزان بەهایى بێ مەڵامەت نییە
واتە شت تا بێکەڵک نەبێ هەرزان نابێ، هەروەک شت تا زۆر چاک نەبێ داواى گرانى لێناکەن.
هەرزان کڕى، هەمان دڕ
بە یەکێک ئەڵێن کە شتى خراپ و هەرزانى وا بکرێ کە بنى هەمانە بدڕێنێ.
هەرزە چنەیان خستە ناو ئاگر، ئەیوت دارەکەى تەڕە
هەرزەچەنە: چەنەبازە.
هەرمێ دارە هەروا دیارە
بە شتێک ئەوترێ کە ئاشکرا و نمایان بێ.
هەرمێ دارەو هەروا دیارە
80818283848586