نەوشیروان حاکم بێ و بەختەک وەزیر بێ، سەد کەلاوە بە پارەیەک
ئەگێڕنەوە کە نەوشیروان لە سەرەتاوە زۆردار و ستەمکار بووە، وەزیرێکى بووە ناوى (بەختەک) بووە، هەرچەند ئەکات بەختەک نازانێ چۆن ئامۆژگارى نەوشیروان بکات. ڕۆژێک نەوشیروان و بەختەک بەناو شارى (مەداین)دا ئەگەڕێن، لە کەلاوەیەکدا دوو کوندەبەبوو ئەبینن بەسەر دارێکەوە، یەک لەدواى یەک ئەخوێنن، واش دەنگ بڵاوبۆوە لەناو خەڵکدا کە گوایە بەختەک زمانى باڵندەو گیانلەبەران ئەزانێ. بەم بۆنەیەوە نەوشیروان لە بەختەک ئەپرسێ: ئەم دوو کوندەبەبووە چى ئەڵێن؟ ئەمیش ئەڵێ پاشام یەکێکیان خوازبێنى کچى ئەویتریان ئەکات بۆ کوڕى خۆى، ئەویشیان پەڵپى مارەییەکى زۆر سەیرى لێئەگرێ. ئەڵێ ئەبێ کچەکەم لەسەر سەد کەلاوە مارە بکرێ، نەوشیروانیش ئەڵێ: ئەى ئەم ئەڵێ چى؟ بەخوا پاشام ئەمیش ئەڵێ: نەوشیروان حاکم بێ و بەختە وەزیر بێ سەد کەلاوە بە پارەیەک. لەسەر ئەم قسەیە نەوشیروان تەوبە ئەکات و دەست لە زۆرو ستەم هەڵئەگرێت. ئینجا ئێستا ئەم پەندە بە یەکێکى ستەمکار ئەوترێت کە لەجیاتى وڵات ئاوا بکاتەوە وێرانى بکات.
نەچیتە ناو ئاوی مەلە فێر نابی
واتە فێربوونى هەموو شتێک جۆرە هەولأ و تەقەلایەکى ئەوێ.
نەڕەنج بۆ ناکەس، نە شین بۆ مردوو
واتە هەردووکیان بێ کەڵکە.
نەکردە کارێ، چۆن ئەبا بارێ؟
بە یەکێکى نەشارەزا ئەوترێ کە ئیشێکى واى پێسپێرا کە هیچى لێنەزانێ.
نەگبەتی باشە، قۆرتی خراپە
نەڵێیت کوا ماڵم، ناڵێم کوا قەبرت
واتە یەکێک هەواڵم نەپرسێ هەواڵى ناپرسم.
هات بنوو، نەهات بنوو
ئەم پەندە ئەگەر مەعناى وایە بە تەمەڵى دانیشەو هەولأ مەدە، وە چاو ببڕە سەر نفیشت (قەزاو قەدەر)ى خوا، ئەمە وانییە، وە پێچەوانەى فەرموودەى قورئانە کە ئەفەرموێ: [وأن لیس للإنسان إلا ما سعى] واتە هەرچى مەردوم بە هەولأ و تەقەلاى خۆى دەستى نەخات دەستى ناکەوێ، وە سەنفیشت تابعى کۆششى ئادەمییە، وە ئەگەر مەعناى وایە نە بە هات زۆر کەیف خۆش و یاخى بە، وە نە بە نەهاتى زۆر خەمبارو خەفەتبار بە، زۆر جوانەوەرێکى ئایەتى [لا تاسوا على ما فاتکم، ولا تفرحوا بما ێتاکم]ە، واتە لەسەر چووە خەفەت بخۆ، وە لەسەر هات زۆر کەیف خۆش و یاخى ببە.
هاتم شاخ بکەم، گوێم نایە بانی
واتە هاتم خۆم دەرخەم کەچى گوێچکەشم دانا، بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ قازانجێکى بچێ کەچى تووشى زیان ببێ.
هاتینەوە سەر بای بەڕە
بە یەکێک ئەوترێ کە کە هەر قسەیەک بکا بیباتە سەر باسێکى تایبەتى.
هازا گۆو هازا مەیدان
هازا: هژاى عەرەبییە کە بە مەعنا ئەمەیە، بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێکدا خۆى هەڵبکێشێ، واتە فەرموو ئەگەر ئەتوانى بیکە.
هامسای خراو لە گۆڕەوشار خراپترە
هامسا: دراوسێیە، گۆڕەوشار: سزاى ناو گۆڕە.
هاورێی بەدخوو، نەشتسووتێنێ ڕەشت ئەکا
واتە لەبەر چاوى خەڵق.
هاوسێ لە هاوسێ ئەگرێ سەراسێ
سەراسێ: سەریەشەیە، واتە دراوسێ لە هێندێ دراوسێوە تووشى سەریەشە ئەبێ.
هاوڕێی گان ئەکا، ئەو بن کلکی ژان ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە هاوڕێکەى ئیشێکى باشى کردبێ، وە ئەم زۆرى پێناخۆش بووبێ.
هاوڕێیەکی باش لە دە برای خراپ باشترە
چونکە لەو بەهرەمەند ئەبێ، بەڵام لەم بەهرەمەند نابێ.
هاوین بەڕەی فەقیرە
چونکە هەژار لە هاوینا هەر لەسەر زەوى دائەنیشێ.
هاوینان دۆ، زستانان لۆ
لۆ: گیایەکە بەهاریە وەک "کەما" گزرە ئەکرێ و لە زستانا ئەدرێ بە ئاژەڵ، زۆر بە شیرە.
هاڵاوێک خۆشترە لە پڵاوێک
لە کاتێکدا ئەوترێ کە زۆر سەرمات ب، وە هاڵاوێکى گەرمى ببینیت.
هاڵە بە ئەنگورا ئەڕوانی ئاو ئەگرێ
واتە منالأ چاو لە گەورە ئەکات.
هاڵە ڕۆی هەنگور ما، ڕوو رشەشی بۆ باخەوان ما
هاڵە: بەرسیلەیە، هەنگور: ترێیە. واتە بەرسیلەى ڕەزەکان بوون بە ترێ و خۆش بوون، ئیتر باخەوان نایەڵێ کەس نزیکى باخەکەى بکەوێتەوە.
هورچ دەعبایەکى ناعالە، هێلکەى کرد کردى
بە هێندێ کەسى چەموشى نالەبار ئەوترێ کە هەموو شتێکیان لێبووەشێتەوە.
هونەرمەند لە هیچ لایەک پەکى ناکەوێ
چونکە لە هونەرەکەى خۆى بەهرەمەند ئەبێ.
هوهاى دواى گورگە
بەیەکێک ئەوترێ کە ماڵى یەکێکى خواردبێ بە ڕەنگێک کە لێى نەسەندرێتەوە.
هى خۆم بۆ خۆم هى تۆ ئەخۆم
بە یەکێکى زۆردار ئەوترێ کە چاوى بڕیبێتە شتێکى تۆ.
هى خۆیان دەجوون، هى من دەژمێرن
بەیەکێک ئەوترێ کە بەشى خۆى بخواو چاوى لە بەشى ئەم و ئەویشەوە بێ.
هۆ هۆیە، هەرکەس بۆ خۆیە
لە کاتێکدا ئەوترێ کە ئاژاوە بێ و دنیا بووبێ بە ئاشوفتەو هەرکەس بۆ خۆى بێ.
هۆز نەگەیى، لەتەچن گەیى
لەتەچن: سواڵکەرێکە کە لەتە نان بچنێتەوە.
هۆڕمان خواردووە، هەمانەمان ماوە
واتە زۆرمان خواردووەو کەممان ماوە.
هۆڕیا ئەم تاى، یا ئەو تاى
بە کارێک ئەوترێ کە لە هیچ سەرێکەوە جیاوازى نەبێ.
هیچ مشکێ بێ کون و هیچ کونێ بێ مشک نامێنێتەوە
هیچ نایەوێ ماسى فێرى مەلە بکەیت
چونکە خۆى بە سروشت مەلەوانە. بە یەکێک ئەوترێ کە ئامۆژگارى یەکێکى وا بکات کە پێویستى بە ئامۆژگارى نەبێ.
هیچت نەبێ و ڕاخەرت ببێ
چونکە بەڕاستى خانووى ڕووتى بێ ڕاخەر وەک مەردومى بێ کاڵا و بەرگ وایە.
هیچى نەدیوە، نە چەقچەقەى ئاش، نە گوڵە گەنم
بە تەوسەوە بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى هەڵە بکات لە کارێکداو وا نیشان بدات کە هیچى لێنازانێت.
هێشتا باى نەداوە شەقەى دێ
بە یەکێک ئەوترێ کەلەپێش تەواوبوونى کارێکدا خۆى ئامادە بکات هەروەک تەواو بووبێ.
هێشتا خێرو شەڕ بەش نەکراوە هاتۆتە سەرم
واتە بە تەواوى ڕۆژ نەبۆتەوە.
هێشتا زەردوویى فڕێ نەداوە
واتە مناڵەو بۆنى شیرى خاو لەدەمى دێ.
هێشتا زەردوویى وا بە دەمەوە
واتە مناڵەو بۆنى شیرى خاو لە دەمى دێ.
هێشتا لە کوێتە، هۆمەرە کوێر نیوەى ڕێتە
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى گرنگى دەست دابێتێ و گەیاندبێتى بە نیوەى، وا بزانێ لە تەواوبووندایە، تۆش ئەمەی پێئەڵێیت بۆ ئەوەى تێبگات هێشتا زۆرى ماوە.
هێشتا مەڵاشووى هەڵنەدراوەتەوە
واتە زۆر مناڵە.
هێشتا نەبووە بە قۆچەقانى ڤنگەى دێ
تەماشاى لێکدانەوەى پەندى (هێشتا باى نەداوە شەقەى دێ) بکە.