شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
نە شیعەم و نە سوننی، بابایەکم کرنی
کرن: ناوى شارێکە لە ئێران.
نە شین بۆ بێکەس، نە ڕەنج بۆ ناکەس
بە دوو لا ئەوترێ کە کارێکى خێریان بەدەستەوە بێ. واتە هیچ لایەکتان پەڵپ لەویترتان مەگرن. بە ڕەنگێکى وا کە تووشى زەرەر ببێ.
نە شێت بگێ نە شێت بتگێ
واتە لەگەڵ مەردومى بێعەقڵدا هەرگیز تێکەڵى مەکە.
نە شەیتان ببینە، نە (اعوذ بالله) بکە
نە قازەنی، نە بازەنی، ئینە بلبلی خۆش ئاوازەنی
ئەگێڕنەوە کە سێ هەورامى لە قەراغ چەمێک چاویان ئەکەوێت بە کیسەڵێک، یەکێکیان ئەڵێ ئەمە قازە، یەکێکی تریان ئەڵێ نەخێر بازە، ئەوى کەى تریان کە خۆى لەوان بە ژیرتر ئەزانێ، ئەڵێ: (نە قازەنى، نە بازەنى، ئینە بلبلى خۆش ئاوازەنى). ئینجا ئێستا ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى وا هەڵە بکات لە بابەت شتێکەوە.
نە ماڵت لەسەر شیوبێ، نە ژنت کچەتیو بێ
چونکە ئەم دووانە هەمیشە بۆگەن ئەدەنەوە.
نە ماڵی هەیە ڕەحمان بیبا، نە دینی هەیە شەیتان بیبا
بە یەکێک ئەوترێ کە نە دینى ببێ و نە دنیا.
نە هاواری گۆران، نە سۆفێتی ژنان
چونکە یەکەمیان زۆر دەم بە هاوارەو دووهەمیان هیچ ئیعتیبارێکى پێ نییە.
نە هێندە تاڵ بە فڕێت بدەن، نە هێندە شیرین بە قووتت بدەن
واتە لە هەموو شتێکدا مامناوەندى بە.
نە هێندە وشک بە بشکێیت، نە هێندە تەڕ بە بگوشرێیت
واتە لە هەموو شتێکدا مامناوەندى بە.
نە هەرشتەی ماش، نە پڵاوی باش
وا دیارە ئەم کابرایەى کە ئەم پەندەى وتووە میوانى یەکێک بووە کە چێشتى هەرشتەى بۆ کردووە بە ماش. لەجیاتى ئەوەى بە نیسک و نۆک بۆى بکات. ئەمیش ئەبێ وتبێتى کە تا ئێستا شتى واى نەدیوە. کابراى خانەخوێش ئەبێ عوزرى بۆ هێنابێتەوە کە نەیتوانیوە پڵاوێکى باشى بە دایک و باوکى بۆ بکات. کابراى میوانیش ئەڵێ: کە پڵاوى باشت بۆ نەکرا، با شتێکى مامناوەندى بووایە لە بەینى ئەم دووانەدا. واتە نە وەک ئەویان باش، نە وەک ئەمیان خراپ.
نە پێت هەڵکەوێ لە مێخ، نە بچۆ بۆ لاى شێخ
واتە نە بە شەو بچۆ بۆ دزى تا لە مێخى دەوار هەڵەنگویت، نە بشچۆ بۆ لاى شێخ بۆ تۆبە کردن.
نە پێڵاوى تەنگ، نە خانەى بەجەنگ
چونکە ئەویان قاچت بریندار ئەکاو ئەمیان دڵت.
نە ڕێسراوە نە چنراوە، تەقە تەقى دێ لە دواوە
بە شتێک ئەوترێ کە هیچى لێنەکرا بێ، کەچى خۆى بۆ ئامادە بکات.
نە ژنى نزیک باوان، نە گوێرەکەى نزیک ئاوەدان
واتە ئەویان هەمیشە ئەچێتەوە ماڵى دایکى و ئەمیان هەر سات نا ساتێک ئەچێتەوە ناو دێ.
نە کردی و نە خواردی، لە سمێڵان مەیی
واتە هیچى نەکردوەو هیچى نەخواردووە بە سمێڵییەوە مەییوە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکدا نەبێ کەچى نیشانەى ئەو کارەى پێوە بێ. وەک یەکێ ئاردى نەدزى بێ و کەچى شانى ئارداوى بێ.
نە کوتەک لەگەڵ ئاغایان، نە شەرع لەگەڵ مەلایان
واتە نە بە کوتەک دەرەقەتى ئاغا دێت، نە بە شەرع دەرەقەتى مەلا دێت.
نە کوندەی نزیکە ئاوان، نە ژنی نزیکە باوان
چونکە یەکەمیان هەمیشە وشک و برنگ و بێ ئاوە، لەبەرئەوەى کە نزیکە لە ئاوەوە هەموو کەس ئەڵێ: ئاوى تێکراوە. دووهەمیان هەمیشە لە ماڵە باوانییەتى، مەگەر بە دەگمەن مێرد بیبینێ.
نە کۆنەکانی بە باخ کە، نە لە دوای چوون ئاخ کە، نە هەتیوچە چراخ کە
تەماشاى پەندى بکە.
نە کەر بگێ و نە کەر بتگێ
تەماشاى پەندى بکە.
نە کەوڵ ئەبێ بە پۆست، نە دوژمن ئەبێ بە دۆست
واتە چۆن بەرگ و کاڵا نابێ بە بێستى ئەندام، دوژمنیش نابێ بە دۆست.
نە گورگ خۆرەو نە دز بەرە
بە شتێکى بێ نرخ ئەوترێ.
نە گوللەی هەیەو نە بارووت، ماڵێکی هەیە ڕەق و ڕووت
نە گوڵی گەنمی دیوەو نە چەقچەقەی ئاش
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە لە شتێکدا خۆیت لێ گێل و هەڵە بکات.
نەبوونی شوورەیی نییە
بەڵام گەلێ بوون بە شوورەییە.
نەخشی ڕووی ئاو زوو تێک ئەچێ
بە کارێک ئەوترێ کە بناغەى نەبێ و هەر قسە بێ.
نەخۆش میوانی خوایە
واتە زۆرى لێمەکە بۆ خواردن.
نەخۆشە، شەکرو شیری پێ خۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە نازو نووز بکات بۆ شتێکى باش.
نەدی بدی کوڕێکیان بوو کێرو گونیان بڕی
بە یەکێک ئەوترێ شتێکى واى دەستکەوتبێ کە بە خۆیەوە نەیدیبێ، هەر بیگرێ بە دەستەوەو نەزانێت چى لێبکات.
نەرمۆکەی بن کایێ، ئاگرت بەردا دنیایێ
بە یەکێکى بێدەنگ ئەوترێ کە بەبێدەنگى ئاژاوەیەکى نابێتەوە.
نەزان بە پێیەک، زانا بە دوو پێ تێ ئەکەوێ
بە یەکێکى ساویلکەى کەرەواڵە ئەوترێ کە بە ساویلکەیى خۆى لە هێندێ شت ڕزگار ببێ. ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى کەڕەواڵە لەبەر هەژارى ژنى بۆ نایەت، لەگەڵ حاکمى ئەو شوێنەدا سەرو ساختى ئەبێ، حاکمەکە ڕۆژێ لێى ئەپرسێ تۆ بۆ ژن ناهێنیت؟ ئەویش ئەڵێ پارەم نییە. حاکمیش ئەڵێ من سەد قڕانت ئەدەمێ ژنێکى پێبێنە، بەڵام بەو مەرجەى کە هێنات لە پێشەوە بۆ شەو و ڕۆژێک بیهێنیت بۆ ماڵى ئێمە چاوم پێى بکەوێ و تا بزانم چۆنە. ئەمیش ئەڵێ باشە. لە پاشا پارەکەى لێوەرئەگرێ و ژنێکى جوانکیلەی پێئەهێنێ. لە پاش چەند ڕۆژێک ئەچێ بۆ لاى حاکم، لێى ئەپرسێ ژنەکەت گواستەوە؟ ئەڵێ بەڵێ. ئەڵێ: ئەى بۆ نەتهێنا بۆ ماڵى ئێمە تا بیبینم؟ ئەمیش ئەڵێ بەخوا پێموت نەهات. وتى: من ناچم چونکە نازانم منى بۆ چییە. حاکمەکەش ئەڵێ: من هیچى لێناکەم هەر تڕێکى پیا ئەکەنم. کابراکەش بە هەموو سادەییەکەوە ئەڵێ: ئینجا قوربان تۆ تڕەکە بکە بە (.....) ى منا. منیش ئەچم پیا ئەماڵم. بەم ڕەنگە کابرا ڕزگارى ئەبێ و ژنێکیشى دەست ئەکەوێ. حاکمیش بە نائومێدى ئەمێنێتەوە.
نەزمێ دەزانێ، ئەویش سێ پێیە
بە یەکێک ئەوترێ کە خوویەکى ناشرینى ببێ و هەرچەند پێى بڵێیت دەستى لێهەڵنەگرێت.
نەشارەزا وەک کوێر وایە
چونکە هەردوووکیان نازانن چى بکەن.
نەشارەزا کوێرە
چونکە هەردووکیان نازانن چى بکەن.
نەفس ئەگەر بیگریت مشتێکە، بەری دەیت دەشتێکە
واتە ئارەزووى ئادەمى بێ پایانە، ئینجا ئەگەر لغاوى بگریت ئەوا لە شوێنى خۆى ئەوێستێ، ئەگەر لغاوى بەر بدەیت ئەوا بۆت ناگێڕێتەوە.
نەقڵی کفر، کفر نییە
نەقیزە ئەزانێ کەر بە کوێدا ئەڕوا
تەماشاى پەندى (کوتەک ئەزانێ قۆناغ لەکوێیە) بکە.
نەم دیایە باوکت، ئەمردم لە عەزرەت دایکت
لەڕووى سووکییەوە بە یەکێک ئەوترێ کە لە خۆى گۆڕا بێ.
نەمرێ و نەچێ، لە خۆی ئەچێ
واتە ئەم مناڵە نەمرێ و بمێنێ، لە باوکى ئەچێ یا لە دایکى.
نەهاتی خۆشە، قۆرتی ناخۆشە
بە یەکێکى هەژارى دەستکورت ئەوترێ کە تووشى قۆرتێکى تر بووبێ لە نەخۆشى یا مردوو مردن.
77787980818283