شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
نێر بێ و مێ بێ، بۆ دۆی ئەوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچییەکى دەست بکەوێ بیخوات.
نێرە بیدۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر قسەیەکى ناڕەواى خۆى لانەچێ و هەر بمێنێتەوە.
نێرە قیتێ، هەرچی ئەبینێ دڵی ئەچیتێ
بە یەکێک ئەوترێ کە چاوى بە شتێک بکەوێ حەزى لێبکات.
نێرەکەر بە بارە تەنگزەوە ئەگێ
تەنگز: دڕکە. بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەشەرى بێ و بە هیچەوە نەوێستێ.
نێرەکەریان کرد بەسەر پشک، کێری گەورەی بۆ خۆی هەڵگرت
بە گەورەیەک ئەوترێ کە بەشى زۆرى بۆ خۆى هەڵگرێ.
نێزە لە پێشا ئەبێ جێی بکەیتەوە، ئینجا بیدزیت
واتە تا نەزانیت شتێکت بۆ ئەچێتە سەر مەیکە.
نێچیری خۆت لە دەست دەرمەکە
واتە ئەو هەلەى بۆت هەڵئەکەوێ لەدەستى مەدە.
نە ئاگرو نە دوو، هیچى نابێ بە شوو
ئەگێڕنەوە کە خوشک و برایەک بە ڕێگەیەکدا ئەڕۆن، بارانێکى زۆریان لێئەدات، لە پاشاندا ئاگرێک ئەکەنەوە کە خۆیانى پێ وشک بکەنەوە. کچەکە توومەز دەرپێکەشى تەڕ بووە، لەبەر براکەى ڕووى نایە وشکى کاتەوە. لەبەر خۆیەوە ئەڵێ: (نە ئاگرو نە دوو هیچى نابێ بە شوو). براکەى ئەیەوێ لەسەر ئەم قسەیە بیکوژێ. کچەکە پێى ئەڵێ: برا گیان داواى شوو ناکەم، بەڵام مەبەستم ئەوە بوو ئەگەر لەجیاتى تۆ مێرد بووایە ڕووم ئەهات بە تەواوى خۆم وشک بکەمەوە. ئەگینا برا گیان بەخوا (خۆشە ئاگر خۆشە دوو، برا خاسە نەوەک شوو).
نە ئاگرى بى، نە هاوارى گۆران
واتە باوەڕ بە هیچ کامیان مەکە، چونکە ئەویان گڕو کفێکە، ئەمیان هەر دەنگە دەنگێکە.
نە ئەرز قووتى دام، نە ئاسمان هەڵیکێشام
یەکێک ئەیڵێ کە لەناو چەند کەسێکدا تەریق ببێتەوە، بە جۆرێک کە حەز بکات لەو دەمەدا بچێت بە ناخى زەویدا.
نە ئەم هێلکەو ڕۆنە، نە ئەم زەبرە بەقونە
ئەگێڕنەوە کە یەکێک ئەبێ بە میوانى ماڵێک، بۆ قاوەڵتى هێلکەو ڕۆنى بۆ ئەکەن. بەڵام ئەوەندەى ئیش پێئەکەن کابرا ئێوارێ ناتوانێ لەسەر قنگ دانیشێ، ئەڵێ: (نە ئەم هێلکەو ڕۆنە، نە ئەم زەبرە بە قوونە). ئینجا ئێستا ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە خزمەتێکت بکات و بێگارێکى قورست پیا بدات.
نە ئەوەندە تاڵ بە فڕێت بدەن، نە ئەوەندە شیرین بە قوتت بدەن
واتە لە هەموو شتێکدا مامناوەندى بە.
نە ئەوەندە وشک بە بشکێیت، نە ئەوەندەش تەڕ بە بگوشرێیت
واتە لە هەموو شتێکدا مامناوەندى بە.
نە بازاڕى چۆل، نە شایى بێ دەهۆڵ
واتە هەموو شتێک بە شتى خۆیەوە خۆشە، بەم ڕەنگە بازاڕ بە خەڵکەوە، شایى بە دەهۆڵەوە، قوتابخانە بە قوتابییەوە.
نە باى دیوەو نە باران
بە مەردومى بێ عار ئەوترێ.
نە بخۆیت نە بکەیت، تەماشاى ساى گەردنى بکەیت
بە ئافرەتێکى زۆر سپى و جوان و ناسک و نازدار ئەوترێ.
نە بمشۆ بە گواوێ، نە بمخەرە سەر چاوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هێندێ جار ڕێزت بگرێ و هێندێ جار قسەى سووکت پێبڵێ.
نە بۆ کوێر هەڵپەڕە، نە بۆ کەڕ گۆرانى بڵێ
چونکە بێکەڵکە، کەسیان بەهرەى لێوەرناگرن.
نە بێژە عەرەبا مەرحەبا دەریتە سەر عەبا
چونکە ڕوویان زۆر قایمە، ئەوى خواردى خواردى، ئەویشى مایەوە ئەیەوێ لەگەڵ خۆیا بیبا.
نە بێژە عەرەبا مەرحەبا، هەم ئەخوات و هەم ئەبا
چونکە ڕوویان زۆر قایمە، ئەوى خواردى خواردى، ئەویشى مایەوە ئەیەوێ لەگەڵ خۆیا بیبا.
نە بە بەرخى تێر شیرم خواردنە، نە بە کاوڕى تێر گیا
واتە نە بە مناڵى لە بەروبوومى باوک و دایک بەهرەمەند بووم، نە بە گەورەیى لە مالأ و مێرد.
نە بە پێکەنینى زاڵم باوەڕ بکە، نە بە خۆشى زستان
چونکە هەردووکیان لە ساتێکدا ئەگۆڕێن.
نە بەرگ بۆ کوێر، نە خواردن بۆ تێر
چونکە ئەویان چاوى نییە تا جوان و ناشرین لێکبکاتەوە، ئەمیشیان تێرە ئارەزووى خواردنى نییە.
نە توتنى جێ میز، نە کچى دایک حیز
واتە هیچیان باش نین.
نە تڕە دەنگى بێ، نە تسە بۆنى بێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هیچ ڕوویەکەوە کەڵکى نەبێ.
نە تەنراوەو نە هۆنراوە، بە لەشى ساغى بدڕیت
بە یەکێک ئەوترێ کە باسى لەبەرکردنى کاڵایەک یا خشڵێک بکات کە هێشتا دروست نەکرابێ.
نە خانەى سەر شیو، نە ئاغاژنى کچەتیو
واتە هیچیانت نەوێ.
نە خەسووم هەیە بکوژێ، نە گۆلکم هەیە بمژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە منالأ و دەستگر و پێگرى نەبێ.
نە دار بێ و نە پەردوو، لەعنەت بێ لە هەردوو
بە دوو کەسى خراپ ئەوترێ کە یەکێکیان بڵێ: فڵانیان لە فڵانیان باشترە.
نە دار دەبێتە ماشە، نە کەر ئەبێتە پاشا
ماشە: مەقاشە.
نە دەرزییە بشکێ، نە دەزووە بپچڕێ
واتە زۆر لەڕو لاوازو ڕەق و تەقە.
نە ساڵى دوو بەهار، نە ژنى دووچک دار، نە پیاوى گوێ بە گوار
دووچکە: کلکە. واتە ژنێ کە لە مێردەکەى پێشووى مناڵى ببێ کەڵکى نییە.
نە ساڵى لەسەرەتاوە خۆش و نە بووکى لە سەرەتاوە خێرا
چونکە زۆرتر یەکەمیان لە دواییدا زۆر ناخۆشى کردووە، دووهەمیان لە دواییدا زۆر تەمەلأ دەرچووە.
نە سیرو نە پیاز، نە ئینسانى وەسواس
نە سێ ماین لە دۆڵێک، نە سێ ژن لەسەر کەمۆڵێک
واتە پێکەوە هەرگیز هەڵناکەن.
نە سێبەرى بەردان، نە بەقاى مێردان
واتە سێبەرى بەردێک کە لە بنیا دانیشیت چەندە پشتى پێئەبەسترێت، وەفاى مێردیش بۆ ژنى هەر ئەوەندە پشتى پێئەبەسترێ، بەڵام ئەمە بە تێکڕایى وا نییە، بەڵکوو بۆ هێندێکە بە دەگمەن.
نە سەربانى لێژ، نە بانگوشى گێژ
واتە هەردووکیان یەکە یەکە خراپن، ئینجا وەرە یەک بکەون.
نە سەرى بێ ماڵ، نە ماڵى بێ سەر
واتە هیچیان بە تەنها نرخى نییە.
نە سەلکى سیریت، نە قنچکى پیازیت
ئەم پەندە وەک پەندى (سەلکى سیریت؟ قنچکى پیازیت) وایە.
نە شیش بسووتێ و نە کەباب
بە دوو لا ئەوترێ کە کارێکى خێریان بەدەستەوە بێ. واتە هیچ لایەکتان پەڵپ لەویترتان مەگرن. بە ڕەنگێکى وا کە تووشى زەرەر ببێ.
76777879808182