شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
نانى نییەو چاو ئەڕێژێ
واتە لەجیاتى نانخواردنیش هەر چاو ئەڕێژێ.
نانى هارى گرتووە بە دەمەوە
واتە چاوى سوور بووەو یاخى بووە.
نانى پاڵەوان هەرکەس بیخوات ئەبێ زۆران بگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر نانى مەردوم بخوات، بێ ئەوەى نانێک بە یەکێک بداتەوە.
نانى ڕۆم ئەخواو خەرج بە عەجەم ئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە بە نان و خوانى یەکێک بژى و کەچى سوودى بۆ یەکێکیتر بێ.
نانى کونەماسى ئەخواو پاسى جرتاوا ئەکا
تەماشاى پەندى ( ) بکە.
نانى کەوتۆتە ڕۆنەوە
واتە کەوتۆتە شوێنێکى باشى بە خۆراک.
نانى گاورت خوارد ئەبێ سڵاوات لە دیدارى گاور بدەیت
واتە لە هەرکەسێک بەهرەمەند بوویت ئەبێ ناوى بە باشى بەریت.
نانێکم خوارد بەو ڕۆنەوە ئەڕۆمەوە بەو شوێنەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شوێنێک قازانجى دەستکەوتبێ و بەتەماى ئەو قازانجە بێ بۆى بچێتەوە.
نانێکى خواردووە بە ڕۆنەوە، هەموو ڕۆژێ ئەچێ بە شوێنییەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە سفتاحێکى کردبێ لە شوێنێک و هەموو جارێک بە شوێنییەوە بچێ.
نانەکەش ئەخواو سفرەکەش ئەدڕێ
تەماشاى پەندى ( ) بکە.
ناوبژیکەر دڵى فراوانە
چونکە دڵى بەیەک لایەکا ناسوتێ.
ناونیشانى پەڵە هەورە کەس
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى شێتۆکە بووە هەرچەند پارەیەکى کۆکردبێتەوە بردوویەتى لە دەشت لە ئاستى پەڵە هەورێک کردوویەتى بە ژێر گڵەوە، واى زانیوە کە ئەو پەڵە هەورە لە شوێنى خۆى هەر ئەمێنێ. ئینجا ئەم پەندە بەیەکێک ئەوترێ کە ناونیشانێکى وەک ئەو پەڵە هەورە هەڵدا بۆ شتێک.
ناوى بە کۆرەگەى ئاشا چێ
کۆرەگە: نێى ئاشە. بە یەکێک ئەوترێ کە حەزت لێى نەبێ و نەتەوێ ناویشى ببەیت.
ناوى خۆى بیستۆتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ناوبانگى بێ حەیایى، یا هەر شتێکیترى خۆى بیستبێتەوە کەمێ لووتى بەرز کردبێتەوە.
ناوى سەگ برا چێوە بگرە بە دەستەوە
بە پیاوێکى خراپى لەخوا نەترسى ستەمکار ئەوترێ کە ناو ببرێ.
ناوى شات هێنا قاڵى ڕاخە
واتە شاتان خۆشبووێ، چونکە گەورەى هەمووانە، مایەى یەکێتى گەل و کۆمەڵەو نیشتمانە.
ناوى هەیە، ناوکى نییە
واتە ناوى هەیەو کردارى نییە.
ناوى گورگیان برد گورگ حازر
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى ناوبردنى لە شوێنێک کتوپڕ حازر بێ.
ناوى گەورەو دێى وێران
بە یەکێک ئەوترێ کە ناوێکى گەورەى ببێ، کەچى وەکى تریش هیچ نەبێ.
ناوکى خست
واتە دایچڵەکاند.
ناوکى گرتەوە
واتە زەرەرێکى قورسى لێدا.
ناپاک گیرفانى پڕو ڕووى ڕەشە
چونکە بۆ پەیداکردنى ماڵى دنیا هیچى پێ عەیب نییەو هەرچى نامەردى هەیە ئەیکات.
ناپیاو ئەگەر ماڵى بوو بە کەعبە سەرى پیا مەکە
چونکە نامەردە، نامەردیش ئەوەیە کە پێى وتراوە.
نرخێکەو شا عەباس بڕیویەتی
واتە ئەم شتە لەو نرخە کەمتر نییە.
نزیکە لە خۆشیانا شادە مەرگ ببێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر کەیفخۆش بێ.
نمەک ئەخواو نمەکدان ئەدڕێنێ
واتە سپڵەو پێنەزانە.
نمەکی سوێرە
بە یەکێکى دەستدارى خزمەتگوزار ئەوترێ کە خزمەتى هەرکەسێک بکات لێى هەڵگەڕێتەوەو خراپەى بڵێ.
نوێ هاتن، کۆنە خەڵاتن
واتە کە نوێ هات، کۆن ئەبێ بە خەڵات.
نوێژ لەسەر داوێنی بکە
واتە زۆر موسڵمان و لەخوا ترسە.
نوێژکەریت نوورینیت، فرمانکەریت شیرینیت
بە بەردەست ئەوترێ کە لە ماڵدا پیشەیان ئیشکردنە. واتە ئەگەر ئەتەوێ شیرین بى ئیشکەر بە، ئەگەر ئەتەوێ نوورانى بیت نوێژکەر بە.
نۆ بکە بە سێ
واتە نۆ مانگى خۆشیانى ساڵ هەولأ بدە بۆ سێ مانگى زستان.
نۆ عەربە خۆی لە سکیا گیر ئەبێ، دووقسە لە زگیا گیر نابێ
عەربە: چوار ڕبەى سلێمانییە. بە یەکێک ئەوترێ کە نەتوانێ قسەیەکى نهێنى هەڵگرێ.
نۆکێک بە نۆ پاروو ئەخوا
واتە زۆر ڕژدو چرووکە.
نۆکەری بێ جیرەو مووچە، تاجی سەری ئاغاس
بە یەکێک ئەوترێ کە بەبێ پارەو مووچە ئیش بکات بۆ یەکێک.
نیرگە لە تویسی هەل نەکە فتگە
توێسى: گیایەکى دڕکاوییە جەوى دەرئەکات. واتە پیاوى گەورە لە خێزانى نزم و نەخوێندەوار هەڵناکەوێ.
نیشانەی شت لەیەکەم ڕۆژەوە دیارە
نیشانەی ڕۆژ لە بنە ڕۆژەوە دیارە
واتە هەموو کارێک لە سەرەتاوە دیارە کە چۆن ئەبێ.
نینۆک درێژ بوو شەیتان نوێژی لەسەر ئەکا
واتە هەرگیز نینۆکت درێژ مەکە، چونکە چڵک و پیسى لەژێریا کۆئەبێتەوە، نەخوازەڵا لە کاتى تارەت گرتندا.
نینۆک و گۆشت لێک نابن
واتە پێویست بە یەکن.
نیوەی هەزار پێنج سەدە
بە یەکێک ئەوترێ کە درێژە بە قسەیەک بدا. واتە بیبڕەوە، چونکە قسەکە ئاشکرا بوو لە هەموو لایەکەوە.
75767778798081