شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
مێش لە دەمى خۆى دەرناکا
واتە بەسەزمان و بێدەسەڵاتە.
مێش پیس نییە، دڵ تێکئەدا
بە قسەیەک ئەوترێ کە بە دیمەن قورس نەبێ، وەکیتر پێى دڵتەنگ بیت.
مێشوولە کۆمەڵە بێ، فیل یەخ ئەدا
واتە یەکێتى و یەککەوتن پێویستە بۆ هەموو خێزان و تیرەو نەتەوەو گەلێک، چونکە بەبێ یەکێتى زەبوونن و لەگەڵ یەکێتیدا بەهێزن. تەماشاکەن گەلى خواپێداو هەموو وەک یەک کەس وان، گەلى بەدبەختى خۆخۆریش وەک ئاردى ناو دڕکان وایە، هیچى بە هیچەوە نانووسێ.
مێشکى نەزان ئەشکەوتى شەیتانە
هەمیشە هێلانەو هێلکەى تیا ئەکات.
مێشێک میوانى نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ئامۆژگارى یا بەسەرهاتێکى گرنگ کارى تێنەکات. ئەبێژرێ ئەم هەموو ئامۆژگارییەى ئەکەم کەچى مێشێک میوانى نابێ. واتە یەکێک مێشێک ببێ بە میوانى چەندەى موبالاتی پێ ئەکات ئەم واش نییە.
مێوژە ڕەشە هەرچەند ڕەشە، بەڵام خۆشە
یەکێک ئەیڵێ بە شتێکى ناشرین کە خۆى حەزى لێبکات.
مەتى تەشی ڕێس بێ، بە کێرى کەریش ئەیڕێسێ
مەتى: پورە، واتە هەرکەسێک لە کارێکدا شارەزابوو، کارەکەى خۆى هەر تەواو ئەکات.
مەتى تەماى نەبوو شوو بکا، کەچى داواى مارەیى و هەشت یەکى ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پێشەوە نەیەوێ تێکەڵى کارێک ببێ، کەچى لە دواییدا لەپێش هەموو کەسێکەوە داواى بەشى خۆى بکات.
مەتى نەئەتڕى بە زۆر ئەیانتڕان
واتە ئەو ئیشەى پێناکرێ و بە زۆر پێى ئەکەن.
مەتیلە ناویان نەئەبرد، ئەچوو سەر ڕێگا گووى ئەکرد
تا ناوى بەرن. بە یەکێک ئەوترێ کە هەر بیەوێ خۆى بخاتە ناو ناوانەوە.
مەحکەمە ماڵى باوکى کەس نییە
واتە بە یەک چاو تەماشاى هەموو کەسێک ئەکاو تەرازووى دەستى هەرگیز سەر ناکات.
مەخۆ شتێ تۆ بخوا، مەکە کارێ لە پات بخا
واتە شتێک وەرمەگرە کە ببێتە مایەى دیلیت.
مەرحەباى ئاغا شەرابە
واتە ئاغا کە مەرحەبات لێبکات بۆ ئەوەیە بەو مەرحەبایە سەرخۆشت بکاو بێگارت پێبکات.
مەرد بنوو لەسەر بەرد
واتە یەکێ مەرد بێ چاوى لە ڕابواردنى خۆیەوە نییە، بەڵکوو هەر چاوى لە خزمەتى کۆمەڵەو گەلەوەیە.
مەرد بە کێشانە نییە
بەڵکوو بە پیاوەتى و مەردایەتییە.
مەردى بەر ئاگر کونى لە جەرگا نییە
واتە ئەوەى لە سەرماى زستاندا لەبەر ئاگر دانیشتبێ، ئاگاى لەوانە نییە کە لەبەر سەرما ئیش ئەکەن.
مەردى هوشیار دەست بە کونێکدا ناکات دووجار
چونکە کە جارى یەکەم شتێکى پێوەدا لە کونەکەدا، ئەبێ پەند وەرگرێ بۆ جارێکیتر دەستى پیانەکاتەوە.
مەرگ لەگەڵ ئاوەڵان جەژنە
واتە بەڵا بە تێکڕایى زۆر ناخۆش نییە.
مەرەزە دێمێ، پاراو کەماولۆ
مەرەزە بە ئاوى زۆرو (کەما و لۆ) بەدێم ئەبێ، پێچەوانەکەى هەرگیز نەبووەو نابێ. ئینجا ئەم پەندە بە کارێکى پاش و پێش ئەوترێ وەک ئەوەى مەرەزە بە دێم و کەماولۆ بە ئاو بێ.
مەزەب چارن، تۆپز هى پێنجێیە
شافیعى و حەنەفى و مالیکى و حەنبەلى، لەم چوارە بەدەر پووچە، مەگەر بە زۆرى کوتەک.
مەزەب یەکەو کوتەک دوو
واتە ماف زەبرو زەنگ و هێزى لەگەڵدا نەبێ دەستگیر نابێ.
مەشکەى مانگا ساڵێ لە دارەو ساڵێ لە خوارە
چونکە مانگا ساڵێ ئەزێ و ساڵێ نازێ.
مەقاش کە بوو، دەستى خۆت مەسوتێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ کارێکى ناشرین بکات بە دەستى خۆى، لە کاتێکدا کە یەکێکیتر ببێ ئەو کارەى بۆ بکات. واتە تا یەکێک ببێت ئەو کارەت بۆ بکات خۆت مەیکە.
مەل بە باڵێک نافڕێت
بەڵکوو بە دوو بالأ ئەفڕێ.
مەل نەماوە کۆر کۆرە بووە بە شامى مەلان
تەماشاى پەندى (لە جێى شابازە، کۆر کۆرەوازان) بکە.
مەل هەیە گۆشتى ئەخورێ، مەل هەیە گۆشتى ئەدرێتێ
واتە پیاوى وا هەیە ئەبێ خزمەت بکات، پیاوى واش هەیە ئەبێ خزمەت بکرێ.
مەلا ئەمە ئاردە؟
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى ناپەسەندى کردبێ.
مەلا بەزێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە قسەى خۆى هەرگیز پەشیمان نەبێتەوە، با هەڵەش بێ.
مەلا موساش ڕازى نەبوو
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێک بکرێ و ئەو ڕازى نەبێ، بشڵێ: من بەمە ڕازی نیم.
مەلا مەلاییت بنێ بە تاقۆ، بنیشەوە لە گەمەو مەزاقۆ
واتە مەردوم هەرچەند خوێندەوارو خواپەرست بێ، ئەبێ ناو بەناو بۆ پێکەنین و کرانەوەى دڵ گاڵتەو گەمەى ببێ، بەڵام بە ڕەنگێک کە لە پەردەى ئەدەب دەرنەچێتە دەرەوە.
مەلاى ماوەرانیش نایباتە دواوە
ماوەران: دێیەکە لە قەڵەمڕەوى هەولێر. لە زانایانى حەیدەرى، حەیدەى کوڕى ئەحمەدى کوڕى حەیدەرى یەکەم لەوێ مودەڕیس بووە. زۆر زاناو داناو تاقانە هەڵکەوتوویەک بووە لە چەرخى خۆیدا. مەدرەسەکەى هەمیشە پڕ بووە لە فەقێ و مەلاى زیرەک و خوێندەوارى بەرز، کە بە درێژایى ساڵ لە خەرمانى زانین و زانیارى ئەو گوڵەوەچنییان کردووەو زۆر لە فەقێکانى لە ئێران و خلخال و خۆراسان و داغستانەوە هاتوون. هەر مەسەلەیەکى زۆر قورس و گران ڕووی بدایە پرسیار لەو ئەکراو فتوا لەو وەرئەگیرا. لە دەوروبەرى ساڵى ( )ى هیجرى لەدایکبووەو لە ساڵى ( ) هیجرى کۆچى دوایى کردووەو سێ کوڕى زۆر زاناو بزانى بووە کە ناویان (ئەحمەد و عبدالله و ئیبراهیم) بووە. هەروەها ئیبراهیمیان دوو کوڕى زۆر زاناو بلیمەتى بووە کە ناویان (ئیسماعیل و سیبغەتوڵا) بووە. کە ئەم سیبغەتوڵایە مەشهورە بە سیبغەتوڵاى گەورە. کە مامۆستاى بێتووشى و هەموو زانایانى کوردستان بووە. ئەمانە هەموو لە ماوەران تەدریسیان کردووەو بە هەزاران زانایان و دانایانیان پێگەیاندووە، کە هەر یەکێکیان تا ماون وەک ئەستێرەى بەرى بەیان بە ئاسمانى کوردستانەوە ورشەو پرشەى هاتووە. لە دواى خۆشیان ئینجا ناوى پیرۆزیان لەسەر ڕووپەڕى مێژووى کورد و عەرەب وەک گوڵەباخێک کە بەدەم باى بەرى بەیانەوە بگەشێتەوە، بۆنى خۆش بڵاو ئەکەنەوە.
مەلایەتى چ ئاسانە، ژیربوون چ گرانە
واتە خوێندەوارى ئاسانەو ژیربوون گرانە.
مەلکە دۆمیان کرد بە حاکم لەپێش هەموو شتێکدا سەرى دایکى خۆى تاشى
واتە ناوەجاخ لەگەڵ دایک و باوکى خۆشیا هەر ناوەجاخە.
مەلکە مەناى من ئەکا، خۆشى وشە ڕن ئەکا
مەلکە: ناوى ژنە. مەنا: واتە مەنعى من ئەکات، وشکە رن: مەبەست کلکە لەقێ و ڕووپاماییە.
مەلیچک پەنا ئەباتە بەر بنچک
واتە مەلى بچکۆلانە پەنا ئەباتە بەر شتى بچووک. مەلى گەورەش پەنا ئەباتە بەر شتى گەورە.
مەلەکردنى چۆلەکە نیشانەى باران بارینە
بەم ڕەنگە نیشانەى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمییە، کە گەرمیش لە بەهاراندا نیشانەى بارانە.
مەمرەو مەژى بۆ خۆى ئەژى
مەمرەو مەژى: بە گوزەرانێکى وا کەموکوڕ ئەوترێ کە نە ژیان بێ و نە مردن. بە یەکێک ئەوترێ کە بە کولەمەرگى هەر بۆ خۆى بژى.
مەمشۆ بە گواوێ، خاسێتى دوایم ناوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە ئاشکرا ناوت بەرێ بە خراپە، وەکى تریش دەستگیرۆییت بکات.
مەمکە لە کەڵەشێرى زەماوەند
واتە بە کوشتن مەدە.
مەن کە پڕ بوو ئەڕژێ
واتە مەردوم کە زۆر قینى خواردەوە ئاخرییەکەى دەری ئەبڕێ.
72737475767778