موو ئەقەڵێشێ
بە یەکێکى زۆر دانا ئەوترێ کە هەموو شتێک لەیەک جیا بکاتەوە.
موو بە بەینیانا ناچێ
بە دوو کەس ئەوترێ کە زۆر تێکەلأ بن. واتە هیچ شتێک لەیەکیان ناکات.
موو و ماست لێک ئەکاتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ورد بێ و هەموو شتێ ببینێ.
مووى سپى قەڵغانى ڕووڕەشى پیرە
واتە پیر ئەبێ شەرم بکات لە مووى سپى خۆى و دەستبگرێتەوە لە کارى خراپ و ئەو مووە سپییە بۆى ببێ بە قەڵغان لە خراپە.
مووچەکەمان بکە بە داڕوجان
بە یەکێک ئەوترێ کە هەڕت بەسەردا بکات.
موویەک لە بەراز بکرێتەوە هەر باشە
بە چروکێکى پیسکەى ڕەزیل ئەوترێ کە شتێکى لێ بسەندرێ.
موویەک لەم ناو مستە هەڵکەنە
بە شتێک ئەوترێ کە دەست نەکەوێ و پەیدا نەبێ.
مژدەى شیرینى لە بنى دانایە
واتە وەک قسەى ناخۆش نییە بشارێتەوەو بەڵکوو ئەم باس ئەکرێ.
مژدەى هێلکەیەک دەنکە پەمووانەیەکە
تەماشاى پەندى ( ) بکە.
مژمۆر لەناو کوێراندا چاو ساغە
مژمۆر: کەسێکە کە بە ئەستەم چاوى ببینێ، ئیجا ئەم مژمۆرانە لەناو کوێرانا بە چاوساغ دائەنرێن، هەروەک لەناو چاو ساغانا بە کوێر دائەنرێن.
مڵک گورگ نەخۆرى دز نەبەرە
واتە موڵک نە ئاژەڵە گورگ بیخوات، نە پارەو ماڵە بدزرێ.
مۆرەى بەسەرچووە
بە یەکێک ئەوترێ کە باوى نەمابێ.
مۆم ئەڵێ بسووتێنم، نەک بتوێمەوە
چونکە بۆ سوتان دروست کراوە، نەک بۆ توانەوە. واتە هەموو شتێک ئەبێ چاوى لە پێویستى خۆیەوە بێ.
مۆم دائەگیرسێ ناسووتێ
چونکە بۆ داگیرسان دروست کراوە نەک بۆ سوتان.
میراتى کەر بۆ کەمتیارە
لە ڕووى سوکییەوە بە یەکێک ئەوترێ کە کەلەپوورەکەى بەجێمابێ بۆ یەکێکى وەک خۆى هیچ و پووچ.
میرییان دایە دۆم لە پێشا دایکى خۆى گا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ڕۆژێ دەستى بوو لەپێش هەموو کەسێکدا بچێ بەگژ خزم و خوێشى خۆیا لەجیاتى ئەوەى خزمەتیان بکات.
میزى کەف ناگرێ
واتە ئەو کارەى کە بەتەمایت بەزوویى بۆت ناکات.
میوان ئازیزە
چونکە دیارى خوایە.
میوان ئاوازۆ، خاوەن ماڵ کڵاو هەڵوازۆ
واتە کە میوان دەنگى هات، خاوەن مالأ خێرا ئەچێت بە پیرییەوە.
میوان بێ دیارى، کافر بێ بە حاڵى
میوان بە خوڵکى خانەخوێوە بەندە
واتە ڕووى خۆش بوو دائەنیشێ و ڕووى گرژ بوو ئەڕوا.
میوان بە دیارییەوە دیارە
با دیارییەکەشى کەم بێ.
میوان جەژنى خانەخوێیە
چونکە ئەویش بە بۆنەى میوانەکەوە نانى ئەکەوێتە ڕۆنەوە.
میوان دیارى خوایە
کە ڕووى تێکردى نابێ پێت ناخۆش بێ.
میوان سەگى هاهایە، هەویر شلەو لێى نایە
بە میوانێک ئەوترێ کە لەگەڵ یەکێک دەمەقاڵێى بوو لەگەڵ خانەخوێکەیدا ئەم بێ ئەوەى تێبگات هەر لەخۆیەوە تێهەڵکات و پشتیوانى خانە خوێکەى بکات. ئینجا چونکە نازانێ مەسەلە چییە، نازانێ بڵێ چى، قسەکانى لە گوێى کابردا هیچ مەعنایەکى نییە، هەر ئەوە نەبێ کە دەنگ و حەوە حەوە.
میوان لە میوانى خۆش ناوێ، خانەخوێ لە هەردوو لایێ
چونکە خۆى بارە بەسەر خانەخوێکەوە، ئینجا وەرە بارێکى تریشى بێتە سەر.
میوان نان ئەخۆیت؟
ئەم پرسیارە لە کوردەواریدا زۆر نەنگە، لەبەرئەوەى لە ڕووى تەوسەوە کراوە بە پەند. واتە چۆن پرسیارى وا ئەکرێ و چۆن شتى وا ئەوترێ.
میوان هات خاوەن ماڵى دەرکرد
بە میوانێک ئەوترێ کە لە ماڵى خانەخوێکەیدا خاوەن ماڵى بکات.
میوان و خانەخوێ کە بوو بە شەڕیان چارەى میوان هەر ڕۆینە
چونکە خاوەن مالأ خۆى دەست لە ماڵى خۆى هەڵناگرێ.
میوان کەرى خانەخوێیە
چونکە ئەبێ بە فەرمانى ئەو هەستێ و دانیشێ.
میوانى جارو بارە، شیرین و شیرین کردارە
میوانى درەنگ وەخت گلەیى لەسەر خۆیەتى
واتە ئەگەر نانێکى ڕێکوپێک ئامادە نەکرا.
میوانى ساتێ جاسووسى ساڵێ
بە میوانێک ئەوترێ کە هەر بۆ قسە وەرگرتن بێ بۆ لات.
میوەى نەگەییو تاڵە
بە کچێک ئەوترێ کە منالأ بێ و وەختى شووى نەهاتبێ. بە کوڕێکى مناڵ ئەوترێ کە وەختى ژنهێنانى نەهاتبێ.
میوەیەک کە گەیى ئەگەر نەیکەیتەوە ئەگەنێ
بە خاوەن کچێک ئەوترێ کە کچەکەى وەختى شووى هاتبێ و نەیدا بە شوو.
مێخ زنجیر با ئەیباو کورۆکە کەماى ئەدەنە بەر
بە یەکێکى گەورەو بە دەسەڵات ئەوترێ کە تووشى ڕۆژێکى ڕەش بووبێ و لە قین و ڕووخانا بێ، کەچى کەسوکارى بێن بە هێندێ شتى هیچ و پووچ بیانەوێ ڕایبگرن.
مێخ سنگان با ئەیباو پێچە کولوى ئەدەنە بەر
بە یەکێکى گەورەو بە دەسەڵات ئەوترێ کە تووشى ڕۆژێکى ڕەش بووبێ و لە قین و ڕووخانا بێ، کەچى کەسوکارى بێن بە هێندێ شتى هیچ و پووچ بیانەوێ ڕایبگرن.
مێخى دوو حاجە ناچێ بە زەویدا
واتە مێخى دووپەل داناکوترێ. بە تکایەک ئەوترێ کە دوو سێ پەلى لێبووبێتەوەو هەر پەلەى تکایەکى تایبەتى بێ.
مێرد کە سوار بوو یارە، کە دابەزى مارە
واتە هەموو کەسێک تا ئیشى پێتە بە دەوورو پشتدا دێ، کە ئیشەکەى نەما هیچ.
مێش ئەقەپێنێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بێ ئیش دانیشتبێ.