شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
مستە خۆلەک لە مستە زێرەکى باشترە
مەبەست لە مستەخۆلأ: پارچەیەکە لە زەوى، چونکە مستە زێڕەکە ئەبڕێتەوە، بەڵام بەروبوومى پارچە زەوییەکە نابڕێتەوە.
مستە کۆڵە لە درەوش ئەگەڕێتەوە
واتە هێز لە هێز ئەگەڕێتەوە.
مسقاڵێک گۆشت لە سەد شاهید چاکترە
واتە مەردوم هەرچەند جوان بێ، بەڵام کە لەڕ و لاواز بوو جوانییەکەى دەرناکەوێ و ئەو حەلە تۆزێ قەڵەوى بۆ دەرخستنى ئەو جوانییە لە سەد شاهید باشترە کە گەواهى بدەن لەسەر جوانییەکەى.
مشت لە درێشە ئەگەڕێتەوە
درێشە: درەوشە. واتە دەست لە هێز و دەسەڵات ئەگەڕێتەوە.
مشتى داوە بە درەوشە
بە یەکێک ئەوترێ کە چووبێ بە گژ ئیشێکى گەورەداو زیانى لێوە تووش بووبێ.
مشتێک نموونەى خەروارێکە
بە شتێکى کەم ئەوترێ لە شتێکى زۆر.
مشتەرى ئێواران یا دزە یا حیزە
واتە یا بۆ دزى دێ، چونکە بازاڕ لە ئێواراندا چۆڵە، یا بۆ پاشماوە دێ کە بە هەرزان بیکڕێ.
مشتەى ئێواران یا دزە یا حیزە
چونکە خاوەن دوکان پەلە پەلیەتى کە دوکان هەڵگرێ.
مشتەى ناو هەمانەکە کوشتوومى
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى دۆم ڕقى لە ژنەکەى هەڵئەستێ و مشتەى دۆمیکەى بۆ ئەخاتە ناو هەمانەکەیەوە، بەو هەمانەیە دەست ئەکات بە لێدانى، ژنەکە دەست ئەکات بە هات و هاوار هاوار، ژنانى دراوسێ لێى کۆئەبنەوە، کە ئەزانن بە هەمانە لێى ئەدات دەستى ناگرن و پێى ئەڵێن: ئافرەت ئەم هاوار هاوارەت لە چییە؟ هەمانەى فش و فۆلأ چ ئازارێکى هەیە تا تۆ ئەمەى بۆ بکەیت؟ ئەویش ئەڵێ: مشتەى ناو هەمانەکە کوشتوومى. ئینجا ئێستا بە قسەیەک یان کردەوەیەک ئەوترێ کە بە دیمەن قورس نەبێ، بەڵام ناواخنى ببێ و لە دڵى بەرامبەرەکەیدا زۆر کاریگەر بێ.
مشتەى ناوەتە ناو هەمانەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەى بە توێکلأ بکات و قسەى بە دیمە قورس و گران نەبێ، بەڵام وەکیتر کاریگەر بێ.
مشک لە ماڵیا سەفرا داوێتییە سەرى
واتە زۆر ڕژدو چروکە، هەرچى خواردن بێ لە ماڵیا نییە.
مشک لە ماڵیا کلکى چەور نابێ
واتە زۆر ڕژدو چروکە، هەرچى خواردن بێ لە ماڵیا نییە.
مشک لە هەمانە زەرەرى پێناگەیەنێ، هەمانە لە مشک زەرەرى پێئەگا
واتە مەردوم ئەبێ ئاگادار بێ و هەرگیز لە پیاوخراپ نزیک نەکەوێتەوە.
مشکى کوێر لە ماڵیان نان ناقرتێنێ
تەماشاى پەندى ژمارە ( ) بکە.
مشکێ لە بەردەمى دەرەوەوانێکەوە بێ هەر چاکە
چونکە ئاوەدانییە بۆى.
مل لە چەقۆ ئەسوێ
بە لاتێک ئەوترێ کە شەڕ بفرۆشێ بۆ ئەوەى شتێکى دەستکەوێ.
ملى بە نۆ تەور نابڕێتەوە
واتە زۆر مل ئەستورە.
ملێچک، خۆى ئەداتە پاڵ بنچک
بە بچوکێک ئەوترێ کە خۆى بداتە پالأ گەورەیەک.
من ئاغاو تۆ ئاغا، کێ جێمان بۆ ڕاخا
دوو کەس بە یەکى ئەڵێن کە هیچیان خزمەتى ئەوى تریان نەکات.
من ئەڵێم سیر، تۆ ئەڵێ پیاز
بە دوو کەس ئەوترێ کە دانوویان پێکەوە نەکوڵێ.
من ئەڵێم نێرە، ئەو ئەڵێ بیدۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ قسەیەکى بۆ بکەیت و ئەو وەرینەگرێ و هەر لەسەر قسەکەى خۆى بمێنێتەوە.
من بووم بە تۆ، تۆ بووى بەمن، من بووم بە جن، تۆ بووى بە ژن
ژنێک ئەیڵێ کە ژنێکى ناکەس بەچە بچێت بەگژیا.
من بۆ تۆ مردوو، تۆ من بە هیچ نەگرتوو
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بۆ ئەم دڵسۆز بێ و ئەم پێى نەزانێ.
من بۆ تۆمە، تۆ بۆ کێتە؟
یەکێک ئەیڵێ کە ئامۆژگارى یەکێک بکات و ئەویش لێى وەرنەگرێ گیرە گیرەى لەگەڵ بکات. واتە من مەبەستم قازانجى تۆیە، تۆ لەم گیرە گیرە مەبەستت چییە.
من بۆم دانا ناو، ئەو بۆى دانام داو
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە ئەم لە خێرى ئەودا قسەى کردبێ و ئەو لە شەڕى ئەمدا دوابێ.
من بێژنگ نەبوومایە، منداڵەکانم لە تینوانا نەئەخنکان
واتە من دەست شەڕ نەبوومایە ئەمڕۆ مناڵەکانم پێویستیان بە نان و ئاو نەئەبوو.
من بەرزت ئەکەمەوە، خوا بتباتەوە
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە لێى دڵگیر بووبێ. واتە من ئەتدەمە دەست خوا کە بتباتەوە بۆ لاى خۆى.
من زوو لە فیکەى خۆم گەیشتم
یەکێک ئەیڵێ کە لە چۆنییەتییەک بگات کە دەخلى بەوەوە نەبێت.
من لە ئاش دێمەوەو ئەو ئەڵێ نۆرەت نییە
بە یەکێکى بێ ئاگا لە دەنگوباسى جیهان ئەوترێ کە قسەى وابکات کە وەختى بەسەر چووبێ.
من مردوو تۆ زیندوو
یەکێک ئەیڵێ کە خەبەرێک بدات لە پاشەڕۆژەوە. واتە ئەگەر من مردم تۆ مایت بزانە کە ئەمە وا ئەبێ.
من منم تۆ کێیت؟
یەکێکى یاخى لووتبەرز ئەیڵێ بە یەکێکیتر.
من چى ئەڵێم و تەمورە چى ئەڵێ؟
بە یەکێک ئەوترێ کە لەدواى قسە بۆکردنى تۆ ئەو قسەیەکى وا بکات نیشان بدات کە لە قسەکانى تۆ نەگەیشتووە.
من کردم بە کزە کز، ئەو بردى بە زەبرى کوز
ژنێک ئەیڵێ بە هەژارى و چنگڵە کزێ لەگەڵ مێردەکەیدا ژیابێ تا دەوڵەمەند بووبێ، ئینجا ژنێکى بەسەر هێنابێ و ئەو ماڵەى کە ئەم کۆى کردۆتەوە بیداتە دەست ئەو.
من کە بە ئاگرى یەکێ گەش نەبمەوە، بە دوکەڵى بۆچى ڕەش ببمەوە
واتە من کە لە قازانجت بەشدار نەبم، لە زەرەرت بۆچى بەشدار بم.
من کە ڕازى بووم بە نانى جەو، سەرى خاقان بە قنگى کەیخوسرەو
واتە من کە قانع بم بە بەشى خوا، ئیتر نە کلکە لەقێ ئەکەم بۆ کەس و نە ماکەر مەلە.
مناڵ لە مناڵییەوە دیارە
واتە نیشانەى زیرەکى یا کەودەنى لە مناڵییەوە دەرئەکەوێ.
مناڵى بە دەرمانان ناچێتە سەر بانان
بە مناڵێکى خۆشەویست ئەوترێ کە باوک و دایکى چاوى تێبڕن و هەمیشە دەرمان بکەن بە دەمیا.
مورووى دزێتى مەگەر بە شەو بکرێتە مل
بە شتێکى دزراو ئەوترێ کە لە ترسى خاوەنەکەى نەوێریت بەڕۆژ بەکارى بهێنیت.
مورووى ماڵئاوسێ مەگەر بەشەو بکرێتە مل
تەماشاى پەندى ( ) بکە.
مورووى کوندار پەکى ناکەوێ
واتە هەموو ئافرەتێک شوو ئەکاو هیچى بەبێ مێرد نامێنێتەوە.
70717273747576