شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
مردن هەر جارێکە
ئەم پەندە وەک پەندى (پیاو هەر جارێک ئەمرێ) وایە.
مردن کەرى دەجاڵە، لە هەموو ماڵە
واتە کەس دڵى لە خۆى نەمێنێ، مردن ئەچێتە ماڵى و ئەبێ بە میوانى.
مردنى میرى چاکترە لە ژینى ئەسیرى
واتە لە دەوڵەتى خۆتا بمریت باشترە لەوەى بە دیلى بژیت لە دەوڵەتێکى بێگانەدا.
مردنى پێ نیشان دە، تا بە لەرزو تا ڕازى بێ
واتە چۆن مردن کە یەخەگیرى یەکێک بوو ئەو کەسە بە لەرزو تا ڕازى ئەبێ، تۆش لە هەموو کارێکدا وابکە. واتە بارى قورس بدە بەسەر یەکێکدا تا بە بارێکى سووکتر ڕازى ببێ.
مردوو بێ کفن لە ماڵ دەرناچێ
زۆرتر ژنێک ئەیڵێ کە مێردەکەى تەڵاقى دابێ و بەبێ هیچ دەریکردبێ.
مردوو بە شیوەن زیندوو نابێتەوە
مردوو بە پەلەقاژە زیندوو نابێتەوە
مردوو شەیتان دەستى لێهەڵئەگرێ، زیندوو دەستى لێهەڵناگرێ
تەماشاى پەندى (لەپاش مردن ڕەحمەت چاکە) بکە.
مردوو لەمە پاکتر ناشۆرێ
بە هەلێک ئەوترێ کە هەڵکەوتبێ. واتە هەلى چاکەو لە دەستى مەدە.
مردوو لەوێ کەوتووە، بۆڕە بۆڕى بە زیندوو خستووە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستى لە ئیشێکى پێویست هەڵگرتبێ و خۆى بە ئیشێکى هیچ و پووچەوە خەریک کردبێ.
مردوو مردو وەسێتى با بردى
بە مردوویەک ئەوترێ و کە لە دواى خۆى وەسێتەکەى بەجێ نەهێنرێ.
مردوو و زیندوو بە ئاو پاک ئەبێتەوە
واتە هەموو شتێک بە شۆرین و بە ئاو پاک ئەبێتەوە.
مردوو کوشتن نیشانەى ناپیاوییە
بە یەکێک ئەوترێ کە بچێ بە گژ زەبوونێکدا.
مردوو کە مرد شەیتان دەستى لێهەڵئەگرێت
واتە ئەى تۆ بۆ دەستى لێهەڵناگرى.
مردووت نەمرێ پێت لە شیوەنگا نەبڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە لە ئیش و کارى مەردوما بێ.
مردووى ئیسفەهان نابرێتە کاشان
واتە هەروەک مردووى شوێنێک نابرێ بۆ شوێنێکیتر، خێرێکیشى کە بۆ بکرێ هەر ئەبێ لەو شوێنە بۆى بکرێ کە لێى مردووە، نابێ بنێرێ بۆ شوێنێکیتر.
مردووى بەشى زیندوو خۆرە
بە مەردومى بێکەڵک ئەوترێ.
مردووى خەڵک باراشى ئاشە
واتە شت لاى خاوەنى خۆى سەنگینە، بە یەکێک ئەوترێ کە کە بە سوکى دەست بداتە شتێکى خۆشەویستى مەردوم.
مردووى ناوەجاخ گوو ئەکاتە کفن
بە کەسێکى نزیک ئەوترێ لە جیاتى قازانج زیانى ببێ.
مردووى پار هاوینێ، ئەمساڵ ئەیکا شینێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زیانێکى کۆنى بیر کەوتبێتەوە و خۆى بۆ پەست و زویر کردبێ.
مردوویەک و زیندوویەک پێکەوە ئەنێتە قەبرێک
واتە زۆر دڵ ڕەق و بێ ڕەحمە.
مردە شۆر بە حەقى خۆى گەیشت، مردوو گۆڕ بە گۆڕ بێ
واتە هەموو کەسێک چاوى لە حەقى خۆیەتى، دواى ئەوەى وەریگرت ئیتر هەرچى ئەبێ با ببێ.
مرووچە خۆى چەس، تا گازى چە بێ
بە دوژمنێکى بێ نرخ ئەوترێ کە هەڕەشەت لێبکات.
مرۆڤ بە قسە، مەنجەڵ بە ئاگر
واتە پیاو بە قسەى ناخۆش ئاگر ئەسێنێ و مەنجەلأ بە ئاگر.
مریشک ئاو بخواتەوە، سەر بەرز ئەکاتەوە
واتە هەر کارێکت کرد پشووى تیا بدە.
مریشک ئەڵێ یاخوا هەموو ڕۆژێ لە ماڵى خاوەنەکەم یەکێ بمرێ تا تێر برنجى پرسە بخۆم، سەگ ئەڵێ یاخوا هەموو ڕۆژێ لە ماڵى خاوەنەکەم شایى بێ تا تێر گرتکى زەماوەند بخۆم
واتە هەرکەسێک بەپێى نەفسیەتى خۆى ئەدوێ، سپڵە بەپێى خۆى و بەوەفا بەپێى خۆى.
مریشک بارى خست نیشانەى میوان هاتنە
بارى خست. واتە لەسەر تەنیشت کەوت.
مریشک تەنگاو بێ هێلکە لەسەر بەرد ئەکا
واتە هەمیشە جێى نەرم و شلت دەستناکەوێ.
مریشک خۆى خۆڵ نەکا بەسەر خۆیا، کەس ناتوانێ خۆڵى بەسەردا بکات
واتە مەردوم ئەگەر خۆى باش بێ کەس ناتوانێ خراپى بڵێ.
مریشک خەو بە چاڵە گەنمەوە ئەبینێ
تەماشاى سێ پەند دواى ئەم پەندە بکە.
مریشک لاسایى قاز بکاتەوە قنگى ئەدڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پارە خەرجکردندا لاسایى لە خۆى دەوڵەمەندتر بکاتەوە.
مریشک لە دانەوێڵە سڵ ناکات
واتە کەس بە خۆڕایى دەست لە ژیانى خۆش هەڵناگرێ.
مریشک هێلکەش ئەکاو ڕیقنەش ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشى باشیش و خراپیش بکات، یا دوو مناڵى ببێ یەکێکیان باش و یەکێکیان خراپ.
مریشکى برسى، ئاشى ئاو بردوو لە خەوا ئەبینێ
چونکە هەموولەبەرێک بە بیرى ئەو شتەوە ئەنوێ کە پێویستى بێ.
مریشکى ڕەش هێلکەى سپى ئەکات
بە یەکێکى خراپ ئەوترێ کە ئیشێکى باش بکات، یان مناڵێکى باشى لێکەوتبێتەوە.
مریشکێکى هێلکەکەر لە گایەکى جووتنەکەر باشترە
چونکە یەکەمیان کەڵکێکى هەیە، بەڵام دووهەم نا.
مزگێنى هێلکە پەمووانەیە
واتە مزگێنى هەموو شتێک بەپێى ئەو شتەیە، گەورە گەورە و بچوک و بچوک.
مزگەوت بێ مەلا نابێ
واتە هیچ شوێنێک بێ گەورە نابێ.
مزگەوت ڕووخاوەو میحرابى ماوە
بە یەکێکى گەورە یا شوێنێکى گەورە ئەوترێ کە خۆیان نەمابن، بەڵام بەڵگەو نیشانەو ناوبانگیان مابێ.
مزگەوتى کەر خۆڵە کەوەیە
واتە چۆن موسڵمان لە مزگەوت خۆى پاک ئەکاتەوە بە دەستنوێژ شتن و مەلەکردن، کەریش کە گەیشتە خۆڵەمیش و سەرەنوێڵکێک تیا ئەگەوزێ. بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر هاتوچۆى شوێنێکى خراپ بکات.
69707172737475