شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ماڵ ماڵى منەو ماڵ ئاوى خەڵک
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکیتر لە ماڵەکەیدا خاوەن ماڵى بکات.
ماڵ چووە ماڵان، چوو بە تاڵان
واتە کە ماڵى یەکێک دابەشکرا بەسەر ماڵاندا بۆ ئەوەى بۆت هەڵگرن هیچت دەست ناکەوێتەوە، مەگەر بە دەگمەن.
ماڵ کە لە خاوەنى نەکا حەرامە
بە تەوسەوە بە ماڵێکى خراپ ئەوترێ کە خاوەنەکەشى یەکێکى خراپ بێ.
ماڵت ماڵ نەبێ و بازاڕت بازاڕ بێ
واتە ماڵت گەر لە مالأ نەچێت قەیناکات، بەڵام بازاڕت ئەبێ لە بازاڕ بچێ، ئەگینا ناژیت.
ماڵتان ئەڵێى هەلاج گسکى داوە
واتە هیچى تیا نییە.
ماڵمان ماڵى، کیسەمان خاڵى
ماڵمان ماڵى: واتە گسکمان لێدا. بە دوو براى دەستبڵاو ئەوترێ کە هیچیان لە ماڵدا نەهێشتبێ.
ماڵمان پشتاو پشتە، شیرى کاکم لە پشتە
یەکێک ئەیڵێ کە پشت ماڵەکەى خزمێکى گەورەى خۆى بێ.
ماڵى با بە با ئەچێ
واتە ماڵى بە هەوانتە دەست ئەکەوێ، ئەبێ بە هەوانتەش لەدەست دەرچێ.
ماڵى بوکێ گەرمن، ماڵى زاوا نەرمن
ئینجا گەرمى بووکێ و نەرمى ماڵى زاوا یەکیان گرت بە چوونە باخەڵى یەک، بزانە چ خۆشییەک پەیدا ئەبێ.
ماڵى حەڵاڵ لەدەست ناچێ
چونکە چاو لە دوو نییە.
ماڵى خۆت توند بگرە، سەگى ئاوایى بە دز مەگرە
واتە کە ئاگەدارى خۆتت نەکردو دزرا، خۆت لە دزەکە گوناهبارتریت.
ماڵى خۆم بەپێش چاوى خۆمەوە بێ
ئەگێرنەوە کە باڵوڵى دانا بەشى دەمێ بنێشتى ئەبێ، ئەینێ بە پشتى چاویەوە، لێى ئەپرسن: بۆ وا ئەکەیت؟ ئەڵێ: ماڵى خۆم با بەپێش چاوى خۆمەوە بێ. واتە ئەمانەت نەماوە.
ماڵى خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆر
بە چروکێک ئەوترێ کە یەکێکیتر ماڵەکەى خواردبێ.
ماڵى خەلیل ماڵاواى جەلیل
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکیتر لە ماڵەکەیدا خاوەن ماڵى بکات.
ماڵى خەڵکى لەگەڵ خەڵکا ئەخورێ
واتە ماڵى خۆت ئەتوانى هەر خۆت بیخۆیت، بەڵام ماڵێک کە لەم و لەوى بسێنیت بە تەنیا بۆت ناخورێت، بەڵکوو ئەبێ بەشى خەڵکى لێبدەیت.
ماڵى دزێتى مەگەر شەو بکرێ بە خۆدا
چونکە بەڕۆژ ئەبینرێ و ئەناسرێتەوە.
ماڵى زیاد سەر ناشکێنێ
واتە ئەگەر قازانجى نەبێ زەرەرى نابێ.
ماڵى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش
واتە لە ڕۆژى سپیدا ماڵى سپى پاشەکەوت بکە بۆ ڕۆژێک کە لێت بقەومێت.
ماڵى فرەکوزان، ئاو نییە لە گۆزان
واتە ماڵێک کە ژنى زۆرى تیا بێ، گۆزەکانیان هەمیشە بێ ئاوە، چونکە هەریەکێکیان بەتەماى ئەوى تریانە.
ماڵى قەڵب سەرو بەرى ساحێبى ئەگرێتەوە
واتە ئەدرێتەوە بەسەریا.
ماڵى مرێ، لە خۆیەوە ئەکرێ
بە هەژارێک ئەوترێ کە ماڵەکەى چوار دیوارو چوار دار بێ.
ماڵى مفت قازى مەراغاش ئەیخوا
ماڵى مفت: ماڵێکە کە منەتى تیا نەبێ، یا خاوەنى نەبێ، وەک کوپەڵەیەک کە لەو دەشتە بدۆزرێتەوە، بەڵام ماڵێ کە منەتى تیا بێ زۆر هەژارى مەرد بێزى نایە بیخوات، چ جاى قازى مەراغا.
ماڵى مە بەرەو بایە، هەمیشە دەرکەى پێوە درایە
بە ماڵێک ئەوترێ کە ژنەکەى سەر بە دەرەوە بێ.
ماڵى مەردوم لە دەورى گردن
بە دەوڵەمەندێک ئەوترێ کە بمرێ و بەشدار تێى بوروکێ.
ماڵى ها بە کۆڵییەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە جێگاو ڕێگایەکى نەبێ و هەر شەوەى لە شوێنێک بێ.
ماڵى وا بە کۆڵییەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە جێگاو ڕێگایەکى نەبێ و هەر شەوەى لە شوێنێک بێ.
ماڵى پڕ لە ژنان، چ ئاو نینە لە کونان
چونکە ئیشکەر کە زۆر بوون ئەمیان ئەڵێ: ئەویان ئەیکا و ئەویان ئەڵێ: ئەمیان ئەیکا. لەو ناوەدا کوندەکان بە وشکى ئەمێننەوە.
ماڵى پڕە لە ڕازیانەو بە دڵ ئێشە ئەمرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە چارەى دەردى خۆى لەلاى خۆى بێ و نەیکا.
ماڵى چاو لەدوو خێر ناداتەوە
چونکە بە چاوێکى پیس و دڵێکى پیسەوە هەر چاویان تێوەیەتى.
ماڵى چووە سەر بەشى ماڵان
بە یەکێک ئەوترێ کە ماڵەکەى دابەش بکرێ بەسەر ماڵاندا.
ماڵى گەش بۆ ڕۆژى ڕەش
تەماشاى چوار پەندى لەمەوپێش بکە.
ماڵیان کرد بە ماڵێک، خەلەیان کردە چاڵێک
بە دوو کەس ئەڵێن کە ببن بە یەک ماڵ.
ماڵێکى ئاوەدان لە سەد ماڵى وێران باشترە
چونکە لەو بەهرە وەرئەگیرێ، بەڵام لەمان بەهرە وەرناگیرێ.
ماڵەکەى تۆ ئەخۆم بە بەلاش، هینەکەى خۆم ئەخەمە پاش
بە یەکێک ئەوترێ کە ماڵى تۆ بخواو ماڵى خۆى هەڵگرێ.
مایەى بوو بە مایەى پیاز فرۆش
واتە وەک پیاز فرۆشێک پیازەکەى هەمووى بگەنێ، یا پووت ببێتەوە، ئەمیش مایەکەى هیچ نەما.
مایەى سەفەر سەلامەتییە
زۆرتر بە نەخۆشێک ئەوترێ کە چاک بووبێتەوە.
مردن بۆ ژیانە، نەک ژیان بۆ مردن
واتە مەردوم مردن قبولأ ئەکات بۆ خاترى ژیان، نەک بە پێچەوانەوە.
مردن لەگەڵ ئاوەڵان جەژنە
تەماشاى پەندى (مەرگ لەگەڵ ئەوەڵان جەژنە) بکە.
مردن مردنە، لنگ بزاوتن چییە؟
یەکێک ئەیڵێ کە پێشەکى لە شتێک بترسێ، لە پاشا گوێى نەداتێ و تێهەڵچێ.
مردن مردنە، لنگە فرتێ چییە؟
یەکێک ئەیڵێ کە پێشەکى لە شتێک بترسێ، لە پاشا گوێى نەداتێ و تێهەڵچێ.
68697071727374