لەترسى مار پاڵ بە ئاگرەوە ئەدات
بە یەکێک ئەوترێ کە لە تاو ناخۆشییەک خۆى بخاتە ناو ناخۆشیەکى ترەوە.
لەتفەنگى خاڵى دوو کەس ئەترسێ
یەکەم ئەو کەسەى کە ڕووى لوولەکەى تێئەکرێ، دووەم ئەو کەسەى کە ئەیتروکێنێ.
لەتەک کوێردا کە نانت خوارد خوا لە ناوا ببینە
واتە لە ترسى خوا گزى مەکە.
لەسەر باسکێک دابنیشە، هەردوو دیوت لێدیار بێ
واتە بیر لە بەرودواى ئیش و کارت بکەرەوەو چاوت لە بەرودواى ڕۆژگارت بێ.
لەسەر شکستە ڕۆیین پەشیمانى ئەهێنێ
واتە شتێک کە لە ماڵدا شکا لەسەرى مەڕۆ، چونکە پەشیمان ئەبیتەوە.
لەسەر فرسەتان باز مەدە
واتە بەسەر هەلەوە مەڕۆ.
لەسەر قوڕێ تۆزێ دەکات
واتە لە هەموو شوێنێک ئاژاوە ئەنێتەوە.
لەسەر ڕێگا بنوویت خەوى هاشەو پاشە ئەبینیت
چونکە هەمیشە مەردوم بەسەرتدا ئەڕۆن و پێت پیا ئەنێن. واتە ئەگەر ئەتەوێ بحەسێیتەوە لە قەرەباڵغ دوور بکەوەرەوە.
لەسەر ڕێگا لابدەیت، دڕک ئەچێ بە پێتدا
واتە لە دەستورو باوى وڵات لامەدە.
لەسەرت زیاتر وچان بدە بە دەستت
واتە ئەوەندە مێشکت پێویستی بە حەسانەوەیە، دەستت زۆرتر پێویستی پێیەتی، چونکە ئەرکى زۆرترە.
لەسەگى دڕ لە حاکمى کوڕ، لە ئافرەتى دەمشڕ بترسە
واتە زۆر ترسنۆکە.
لەش بە دۆشاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە بایەک ساغ و بە بایەک نەخۆش بێ.
لەش بەبارە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە بایەک ساغ و بە بایەک نەخۆش بێ.
لەشى ساغ پاشایەتییە
چونکە کە لەشت ساغ بوو، هەموو شتێکت لەلا خۆشە، بەڵام کە لەش بەبار بوویت هەموو شتێکت لەلا تاڵە.
لەم ئەرزە چەوەندەرێک هەڵکەنە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بەبێ هەولأ و تەقەلا شتێکى دەستکەوێ. واتە چۆن چەوەندەرێک لە خۆیەوە سەوز نابێ لە زەوى، هیچ شتێکیش لە خۆیەوە دەست ناکەوێ.
لەم قوڕە هەر ئەوەندە تۆز هەڵئەستێ
بە یەکێکى ڕژدى چروک ئەوترێ، کە پیاوەتییەکى کەمى لەدەست دەرچووبێ.
لەم ناو مشتە موویەک دەربێنە
تەماشاى پەندى (لەم ئەرزە، چەوەندەرێک هەڵکەنە) بکە.
لەملا چیچى، لەولا چیچى، ئەڵێى حیزى مایەپووچى
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێک نەکا و هەر بە سوڕانەوەو دانیشتن لەملاو لەولا خەریک بێ.
لەملایان بردن، لەولایان بردن، خەبەرداریان کردن
واتە پیاو ئەبێ لە گەڕان و هاتووچۆ پەند وەرگرێ.
لەناو کوێرانا مشمۆر باشقەیە
لەناو گوژاڵکدا بۆ دەنکى تاڵ ئەگەڕێ
لە کاتێکدا کە دەنکەکان هەموو تاڵن، بە یەکێک ئەوترێ کە لەناو شتێکدا کە هیچیترى تیا نەبێ ئەو شتە نەبێ، بۆ ئەو شتە بگەڕێ.
لەو جێیە ئاو هەیە زەوى نییە، لەو جێیە زەوى هەیە ئاو نییە
واتە هەرگیز دنیا بە کامى کەس نابێ.
لەو محەمەدانە نییە کە سڵاواتى لێبدرێ
بە محەمەد ناوێکى خراپ ئەوترێ.
لەوە بترسە لە خوا ناترسێ
چونکە لەخوانەترسە هەموو شتێک ئەکات.
لەوە پێش کاوڕ بازى بوو، ئێستا بەران بازییە
واتە جاران ئیشەکەى بچووک بوو، بەڵام ئێستا زلتر و گەورەترە.
لەپاش تڕکەندن قنگ قوچاندن کەڵکى نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە دواى هەڵەیەکى زل ئینجا خۆى کۆبکاتەوە. واتە ئەم کۆکردنەوەیە ئەبوایە لەپێش هەڵەکەدا بووایە.
لەپاش تڕێ خەمشەى بڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى قەوماندبێ، ئینجا پەشیمان بووبێتەوە.
لەپاش مردن ڕەحمەت چاکە
ئەمە بۆ مردوویەکە کە چاکەى لە خراپەى زیاتر بێ، یا ئەگەر خراپەى زۆرى کردبێ لە ڕووى نادانییەوە بووبێ، یا خراپەکانى هەمووى هەر لە بەنى خۆى و خوادا بێ، بەڵام ئەگەر یەکێک خراپ بووبێ لەگەڵ هاونیشتمانیا و مایەى دووبەرەکى و ئاژاوەو وێرانى و دواکەوتنى وڵات بووبێ، بۆ ئەوانە دواى مردنیان نەفرین (لعنت) چاکە، تا هەموو خراپێک تێبگات کە دواى مردن بەشى نەفرینە لە هەموو کەسێکەوە. سا بەڵکوو بسڵەمێتەوە لە خراپییەکەى. خوا لە قورئاندا نەفرینى کردووە لە گەلى (عاد و سەمود و لوت و فیرعەون). دواى مردنیان بە هەزاران ساڵ، ئەفەرموێ: [والذين ينقضون عهد الله من بعد ميثاقه. ويقطعون ما أمر الله به أن يوصل ويفسدون في الأرض أولئك لهم اللعنة ولهم سوء الدار]. واتە ئەوانەى ڕیشتەى یەکێتییەک ئەپچڕن کە خوا فەرمانى داوە بە بەستنى وا ئاژاوە ئەنێنەوە لە وڵاتا، ئەوانە نەفرینیان بۆ هەیە و جێى سزا بەشیانە لە دۆزەخدا.
لەپاش مردوو درۆ ئەکرێ
واتە ئەگەر مردوو پیاوى گەورە بێ، گەلێ درۆى بەدەمەوە ئەکرێ.
لەپاش ملە سەرى شا ئەبڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر لە پاشملە ئازابێ.
لەپاش میران سەران ئەبڕێ
بە یەکێک ئەوترێ لە ڕوودا قسە نەکات، بەڵکوو هەر لە پاشملە هاشەو هوشە بکات.
لەپاش چووە مەچۆ
واتە دواى شتى ڕابردوو مەکەوە.
لەپاش ڕووت کردنەوە تەشیت تەڵا بێ بنێ بە سەرتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە دواى قەومانى کارێک ئینجا مەترسى لێبکات.
لەپاش ڕەشى ڕەنگى تر نییە
واتە لە پاش ڕووڕەشى ئیتر چى؟
لەپشت کەرەوە بڕۆى ئەبێ بۆنى تەرسى بکەیت
یەکێک ئەیڵێ بە هاوڕێیەکى کە لە قسەیەکى دڵگیر بووبێ.
لەپڕێ نابێ بە کوڕێ
واتە هەموو شتێک بەرەبەرە پێئەگات.
لەپەشیمانیدا شاخى لێڕواوە
واتە زۆر پەشیمانە.
لەپەناى کەرا ڕاوە چێرگ ئەکات
وا بڵاوە کە چێرگ سلأ لە کەر ناکات، لەبەرئەوە ڕاوچى لە پەنا کەرا ئەچێ بۆ ڕاوە چێرگ، ئەم پەندە بە زۆرزانێک ئەوترێ کە لە پەنا پیاوێکى بەڕێزى گێلۆکەدا هێندێ شت لەم و لەو بکێشێتەوە.
لەڕ بێ و ماڵى خۆم بێ
واتە مالأ کەم بێ و بۆ خۆم بێ، باشترە لەوەى زۆر بێ و ستەمکار تەماعى تێبکات.
لەڕ کوژە
بە نەخۆشییەک ئەوترێ کە زۆرتر لەڕو لاواز بکوژێ.