لە چەکان هاتۆتە سەر حەیزەران
واتە لەناو هەموو جۆرە چەکێکدا هەر دارێکى حەیزەران شک ئەبات، بە یەکێک ئەوترێ کە هیچى بەدەستەوە نەمابێ شتێکى هیچ و پووچ نەبێ.
لە ڕاستى ڕەحمەت ئەبارێ
واتە هەرگیز لە ڕاستى تووشى زیان نابى.
لە ڕقى دراوسێ، قنگى مناڵى خۆى ئەدڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ڕقى ئەم و ئەو زەرەر لە خۆى بدات.
لە ڕۆن نیسکێ لە موو تیسکێ
یەکێک ئەیڵێ کە لە ڕووى ئامۆژگارییەوە بە کەیبانووى ماڵێک دەستبڵاو بێ. واتە لە ژیانا مەردوم ئەبێ پاشەکەوتى بکات، بەم ڕەنگە لە هەموو کەوچکە ڕۆنێ بەقەد نیسکێک و لە هەموو دەست پێچکە موویەک تیسکێکى لێ گل بداتەوە.
لە ڕیشم هەڵئەگرم ئەیخەمە سەر سمێڵم
یەکێک ئەیڵێ کە لە گوزەرانى ماڵێدا پینەو پەڕۆ بکاو بەم ڕەنگە لەم هەڵگرێ بیخاتە سەر ئەو، لەو هەڵگرێ بیخاتە سەر ئەم.
لە ڕێوى بەپێچ ترە
واتە زۆر فێڵبازە.
لە ڕێوى دایک مردوو ئەکات
بە گیاندارى لەڕو لاوازو تێقوپاو ئەوترێ.
لە ڕێوییان پرسى کوێ خۆشە، وتى ناو ڕەز، ئەگەر نەبوو بەرانبەرى بوێستە
لە ڕەشى ئەکوژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر شتى هیچ و پووچ ملى مەردوم بشکێنێ، وەک یەکێک کە هەر تارماییەکى بەدیکرد تفەنگێکى پێوە بنێ.
لە ژێر ئەم کاسەیەدا نیو کاسەیەک هەیە
بە گوفتار یا کردارێک ئەوترێ کە مەبەستێکى نادیارى ببێ.
لە کاکڵانیش بوو لە توێکڵانیش
بە یەکێک ئەیڵێى کە لە شتێک بێبەش بوو بێ بە کاکڵەو توێکڵییەوە.
لە کفرى فیرعەون مەشهورترە
فیرعەون پاشاى میسر بووە لە کاتى موسا پێغەمبەردا، خۆى بە خواى میسر زانیوە، هەرچەند موسا لەگەڵیدا خەریک بوو کە بڕوا بێنێ بە خواى ئاسمان و زەوى و بە پێغەمبەرێتى موسا بڕواى نەهێناوە، تا لەدواییدا لە دەریاى سوردا خنکا. ئینجا قورئان لە شوێن باسى بێبڕوایى فیرعەون ئەکات و لەدواى شەیتان هیچ پیاوخراپێک بەقەد فیرعەون ناونەبراوە لە قورئاندا بە خراپە، هەرچى ناوى موساى پێگەیشتبێ، ناوى بێبڕوایى فیرعەونیشى پێگەیشتووە.
لە کوڵە چوارشەممە سورترە
کوڵە چوارشەمە: دواترین چوارشەمەى مانگى سەفەرە، کە دانێکى پێغەمبەرى تیا شکێنرا لە جەنگى ئوحوددا، گەلێ هاوڕێى پێغەمبەرى تیا شەهید بووە. بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر سوور بێ لەسەر شەڕ.
لە کوێ پسا، لەوێ گرێى بدەرەوە
واتە لەگەڵ هەر دۆست و ئاشنایەکدا پەیوەستیت پچڕا، خێرا بیبەستەرەوە.
لە کۆپانى خۆى ئەخوا
واتە لەبەر بێ قازانجى لە سەرمایەى خۆى ئەخوات.
لە کێویان پرسى بۆ وا بەرزى؟ وتى لە سایەى دۆڵەکەى بەردەممەوە
لە زبانى دەوڵەمەندێکەوە ئەوترێ کە لەناو کۆمەڵێکى هەژاردا بژى و هەڵیانسوڕێنێ لە کاروبارى خۆیدا و لەسەر حسابى ئەوان دەوڵەمەند ببێ.
لە کەر وایە کەس بیر ناکاتەوە
چونکە لە چاوى خۆیەوە تەماشاى هەموو کەسێک ئەکات.
لە کەرى تۆپیو ئەگەڕێ ناڵى بکێشێتەوە
واتە زۆر ڕەجاڵ و نەدارایە.
لە کەرێ جل و جۆر، لە بووکى سەرو پۆر
واتە کەر بە زەنگۆڵەو گێزو گوڵنگ بووکیش بە سەروپێچەوە جوانە.
لە کەشکیش بوو، لە مەشکیش بوو
بە یەکێک ئەوترێ ئەوەى هەیەتى بە سەرو بەرەوە بڕوات.
لە کەلى شەیتان وەرە خوارەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر کارێکى چەوت و چەوێلأ قینى گرتبێ و بە هیچ جۆرێک نەیەتەوە سەر ڕێى ڕاست.
لە گایەک چى بدەم بە برایەک، لە مەلێک هەریەکە پەلێک
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک گایەک و مریشکێکى ئەبێ، گاکەى جووتى بۆ ئەکات و مریشکەکەى هێلکەى بۆ ئەکات. ئەم کابرایە برایەکى زۆر هەژارو ڕەجاڵى ئەبێ، ڕۆژێ داواى لێئەکات کە بەشێکى بداتێ لە گاکەى. ئەمیش ئەڵێ: (لە گایەک چى بدەم بە برایەک، لە مەلێک هەریەکە پەلێک). واتە گایەک بەشى دابەشکردن ناکات، بەڵام مریشکێک بەشى ئەکات. بەم ڕەنگە هەریەکە پەلێک، ئینجا بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێکى باشدا بەشت نەداو لە شتێکى هیچ و پووچدا بەشت بدات.
لە گریسى ناو هەمانە بەپێچترە
واتە ئێجگار چەوت و چەوێلأ و بەفرت و فێڵە.
لە گوریسى جوو درێژترە
گوریسى جوو: تەماعکارییەتى. واتە لە جوو بەتەماعترەو ئاواتى لەو زیاترە.
لە گوریسى ڕەش و سپى ئەسڵەمێتەوە
کە لە مار ئەچێ، چونکە لەوەو پێش مار پێوەى داوە. بە یەکێک ئەوترێ کە دەستێکى لێ وەشێنرا بێ.
لە گونى بەرانا پەنیر ئەکا
واتە شوان لە دزى بێ، مەڕى دۆشینى ئەدۆشێ و شیرەکەى ئەکات بە پەنیر، با لە گوونى بەرانیشدا بێ. بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى لەژێر دەستدا بێ و بە هەموو جۆرێک بتوانێ دەستکارى بکات.
لە گونى گا ڕووتترە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕەش و ڕووت بێ.
لە گوڵ پاکتر
واتە هەرچى نەنگ بێ نییەتى.
لە گوڵیان پرسى زۆر گەشى، وتى باخەوانەکەم مەردە
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى لەژێر دەستدا بێ و شتەکەى زۆر پاک و تەمیز و ڕێکوپێک بێ.
لە گوڵێ کاڵترى پێناڵێم
واتە قسەیەکى واى پێناڵێن کە دڵى گەرد بگرێ.
لە گوێى گادا نووستووە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بێئاگا بێ لە شتێک.
لە گەورە گەورەى پشدەرێ، هۆمان کەوتە قون فرە هاجەرێ
یەکێک ئەیڵێ کە جاران ئاشناى زۆرى بووبێ و پیاوى گەورەى زۆر ناسیبێ، بەو هۆیەوە هەموو ئیشێکى بۆ کرابێ، بەڵام ئێستا ئەوانەى نەمابن، هۆى کەوتبێتە یەکێکى هیچ و پووچى بێ نرخەوە.
لەبەر باجى، لە پشت قەیچى
قەیچى: مەقەستە. واتە ڕووبەڕوو بە باجى باجى قسەت لەگەڵ ئەکا، کەچى لە پشتەوە دەمى وەک مقەست لێت ئەخاتە کار.
لەبەر خاترى خاتران، چوومەتە سەر دینى گاوران
یەکێک ئەیڵێ کە لەبەر تکاى یەکێک لایدا بێ لە ڕێى ڕاست.
لەبەر گەروى کێوى ئاگرینا سەرچۆپى ئەکێشێ
کێوى ئاگرین: کێوێکە کە بیرى ئاگر فڕێدەرى تیابێ. سەرچۆپى کێشان: هەڵپەڕینە لە پەڕى هەڵپەڕکیوە بە جۆرێک کە زەلامەکان بگێرێ بە گردى. بە یەکێک ئەوترێ کە لە شوێنێکى مۆلەکە دانیشتبێ بەبێ خەم.
لەبەرم نییە، لە پشتم نییە، بۆرە سوار ئەڕوا بە گونمەوە
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێکى بێگانە کە بکوژرێ و ئەم هیچ مەبەستى نەبێ. واتە ئەم لاوچاکە نە کچەزامە، نە کوڕەزامە، ئەکوژرێ قیروسیا، بەڵام ئەمە خۆپەرستییە و پەسەند نییە.
لەتاو بێوەژن ئەچمە سەر دارێ، پلارم تێئەگرن ئەمخەنە خوارێ
یەکێک ئەیڵێ کە هەر بەشى لە بێوەژنا بێ.
لەتاو نەوس کەوتە حەز
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر نەوسن و چڵێس بێ.
لەتاو پڵاو ترش ئەکاتە ئاو
بە هەژارێک ئەوترێ کە لەتاو شتێک کە حەزى لێئەکات شتێکیتر بخوات.
لەترسى ئاگر پاڵ ئەدا بە ئاوەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە دەست بەڵایەک ڕابکات بۆ بەڵایەکیتر.