لە ماڵى باوان نەتخوارد نان و دۆ، لە ماڵى خەزووران عاجبایت مەبۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ماڵى باوانیا هیچى نەدیبێ و ئێستا کەوتبێتە شوێنکى گەورەو ئاوەدانەوە.
لە ماڵى جوو بخۆو لە ماڵى گاور بنوو
چونکە یەکەمیان پاک و تەمیز ترە لە دووهەم، بەڵام دووهەم ئەمینترە لە یەکەم.
لە ماڵى زاوا باسێ نییە، لە ماڵى وەویى تلیلییە
تەماشاى پەندى (لە باوان هیچ نییە) بکە.
لە ماڵیا نییە دەنکە بڕوێشێ، قۆزى بێ زواد چۆپى ئەکێشێ
بە یەکێکى قنج و قیت ئەوترێ کە نانى نەبێ و دەست لە کوڕێنیش هەڵنەگرێ.
لە ماڵەوە برێشکە ئەخوا، لە دەرەوە بە سابوون دەست ئەشوا
بۆ ئەوەى نیشان بدات کە چێشت و گۆشتى خواردووە، بە یەکێکى هیمەت بەرز ئەوترێ کە خۆى بە تێرو پڕ نیشان بدات.
لە ماین دابەزیم، سوارى کەر بووم
یەکێک ئەیڵێ کە ژنێکى باشى بووبێ و نەمابێ، ئێستا ژنێکى هیچ و پووچى بەتووشەوە بووبێ.
لە ماینى نەبوو، ئاخوڕ هەڵئەبەستێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هێشتا ئەو شتەى دوایکەوتووە دەستى نەکەوتبێ، کەچى خۆى بۆ ئامادە بکات.
لە من نەدەن لە تۆ بدەن، وا ئەزانم لە ڕەشکەى کا ئەدەن
یەکێک وا ئەڵێ کە خۆپەرست بێ و هەر خۆى مەبەست بێ.
لە من کردەو لە شەماڵ بردە
یەکێک ئەیڵێ کە بە درێژایى ساڵ کەسب و کار بکاو پارە پەیدا بکات، کەچى هەر ڕۆژە خوا شتێکى واى بۆ بنێرێ کە تووشى پارە خەرجکردنى بکا.
لە مەنجەڵێکدا ناکوڵێن
بە دوو کەس ئەوترێ کە بە سروشت لە یەکەوە دووربن.
لە مەڕ دۆشان بێینە کەر دۆشان
یەکێک ئەیڵێ کە لە خێرو بێرێکى باشەوە هاتبێتە سەر شتێکى هیچ و پووچەوە.
لە نا عیلاجیدا بە جولەکە ئەڵێ: بە ڕیشى مەردانەت قەسەم
جاران لە جوولەکە نامەردتر نەبوو، بەڵام ئێستا لە جوولەکە نامەردتر ئێجگار زۆرە.
لە ناعیلاجى بە دوژمن ئەڵێ باجى
بە یەکێک ئەوترێ کە بە ناچارى مەرایى یەکێک بکات.
لە ناو گولا کوێر باشقەیە
واتە لە هەر نەنگێک نەنگێکى ناشرینتر هەیە.
لە ناڵیش ئەداو لە بزماریش ئەدا
واتە باشیش ئەڵێ و خراپیش ئەڵێ.
لە نۆ دەستمان، کۆڵێ بەستمان
واتە کۆڵێکمان بەست لە نۆبەرەى دەستمان، بە یەکێک ئەوترێ کە لە نۆبەرەى خۆى سفتاح بکات.
لە نێرەکەریان پرسى کوێ خۆشە؟ وتى سەر خەرمان، وتیان ئەگەر نەبوو، وتى قەراغ و بیجارى
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر چاوى لە قازانج و سودى خۆیەوە بێ.
لە هوو موو ئەکاتەوە
واتە لە (ه) کە دوو چاوى هەیە –چاوێکیان کە وەک (م) وایە لێی ئەکاتەوە، واتە مەردومێکى پاشەکەوتییە و لە هەموو شتێک شتێک گل ئەداتەوە.
لە هۆمەریان پرسى خەڵکى کوێیت؟ وتى هێشتا ژنم نەهێناوە
واتە پیاو ژنى لە کوێ هێنا ئەبێ بە خەڵکى ئەو شوێنە. ئەمە وا ئەگەیەنێ کە کورد لە بنیاتەوە ژنى خۆى لەلا خۆشەویست و بەڕێز بووە، بە ڕەنگێک کە دەستى لە کەسوکارى خۆى هەڵگرتووە بۆ کەسوکارى ژنەکەى.
لە هێلکەى سپى مریشکى ڕەش و لە مریشکى ڕەش هێلکەى سپى پەیدا ئەبێ
واتە ئەمە نیشانەى گەورەیى خوایە.
لە هەر لا ئاشە، کتک فەراشە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەر کوێیەک خواردن و ڕابواردنێکى خۆش ببێ ئەو لەوێ بێ.
لە هەر لایەکەوە با بێ ئەو شەن ئەکات
واتە با لە هەرلایەکەوە بێ ئەو نایدا بە خەسار، بەهرەى خۆى لێئەبینێ. بەم ڕەنگە شەن و کەوى خۆى ئەکات. بە یەکێک ئەوترێ کە بەپێى ڕۆژ هەڵسوڕێ و لەگەڵ هەموو کەسێکدا ڕێبکەوێ و بڕوا بە ڕێدا.
لە هەریش بوو، لە مەڕیش بوو
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو سەرێکەوە بێ هیوا بووبێ لە کارێک.
لە هەزار ئاش ئەکا، ئاشێ ناماڵێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچ قسەیەکى تەواو نەکا و نەیباتە سەر یەک.
لە هەزار ئاوى داوەو قولەپێى تەڕ نەبووە
واتە زۆر پوختە و دنیا دیدەیە.
لە هەموو جێیەک قوچە چوار ئیزرەمە
واتە حەق لە هەموو شوێنێک هەر حەقە.
لە هەموو دیزەیەکدا ئەسکوێیە
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى تێکەڵى هەموو کارێک بکا.
لە هەموو هەورێک باران نابارێ
واتە هەرچى تۆ هیوات پێبوو و نەبێ بەهرەى لێوەربگریت.
لە هەولێر کۆنترە
واتە ئێجگار کۆنە.
لە وڵاخى نەبوو ئاخوڕ ئەبەستێ
بە کارێک ئەوترێ کە پێش وەخت بکرێ.
لە وەختى ڕاوا گووى دێ
ئەگێڕنەوە کە ئەحمەدى ساغا تانجییەکى بووە هەموو جارێک لە وەختى ڕاوا گووى هاتووە تا نێچیرەکە لە دەست دەرچووە. ئێستا بە هەموو کەسێک ئەوترێ کە لە کاتى هەلێکا بە شتێکى هیچ و پووچەوە خەریک بێ تا هەلەکەى لەدەست دەرئەچێ.
لە پارەوە دوو ساڵە
لە ڕووى تیتاڵییەوە بە یەکێک ئەوترێ کە ئاگاى لە کارێک نەبێ.
لە پاش تەنگانە خۆشییە
وەک قورئان ئەفەرموێ: [فان مع العسر یسرا، ان مع العسر یسرا] واتە لەگەڵ هەموو تەنگانەیەکا فەرەحییە.
لە پاش تەنگانە فەرحانییە
وەک قورئان ئەفەرموێ: [فان مع العسر یسرا، ان مع العسر یسرا] واتە لەگەڵ هەموو تەنگانەیەکا فەرەحییە.
لە پیران تەوێ، لە زستان شەوێ
واتە پیر بەنچەتایەک ئەمرێ، زستانیش هەر شەوێ گۆڕى دەستى خۆى ئەوەشێنێ.
لە پێستى مەڕا گورگى ئەکات
واتە بەناوى باشییەوە خراپى ئەکات.
لە پێشەوە ئەڵێ: جانە جانە، لە پشتەوە کونان دەکا لە مەرجانە
بە یەکێکى دووڕوو ئەوترێ کە لە ڕوو جۆرێ قسە بکات و لە پاشەملەش جۆرێ.
لە پەنجەى ساغ کرم دەردێنێ
واتە ئەمەندە دانایە لە هەموو شت ڕەخنە ئەگرێ.
لە چۆڵ و بیاباندا بیت لەگەڵ زۆردارا لەوە باشترە کە ڕۆژ بکەیتەوە لە کۆشکدا لەگەڵ نەزانا
واتە زۆر دووربین و پارێزگارە.
لە چەمان لە پێشەوە بڕۆ، لە لمێ لە دواوە
چونکە لە ئاودا کە لە پێشەوە بوویت ئەگەر کەوتیتە خنکان، چونکە چاویان تێتەوەیە ڕزگارت ئەکەن. لە لما کە لە دواوە بوویت ئەگەر ڕۆژ بچێت قەیناکات، چونکە هەر ڕزگارت ئەبێ.