لە زستان بە ئەرکترە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەرکى ئێجگار زۆر بێ.
لە زستان شەوێ، لە پیران تەوێ، لە بۆرە سواران هەوێ
واتە پشت بە خۆشى زستان و بە ساغى پیرو بە قنج و قیتى بۆرە سوار مەبەستە، چونکە ئەویان کە لە شەوێکدا گۆڕى حەقى بەرودوا ئەکاتەوە، ئەمیشیان پەنجە تا یەک ڕاست نابێتەوەو ئەویتریشیان بە هوویەک ئەکەوێتە خوارەوە.
لە زۆر زانى پف ئەکات لە ماستى
لە زێى داو پێى تەڕ نەبوو.
ئەم پەندە وەک پەندى (لە هەزار ئاوى داوە قولى تەڕ نەبووە) وایە.
لە سایەى گوڵە گەنمێکەوە هەزار گوڵە مرۆر ئاو ئەخواتەوە
بە پیاوێکى گەورەو بەڕێز ئەوترێ کە بەهۆى ئەوەوە زۆرکەس بەهرەمەند ببێ.
لە سوژن بێکەسترە
بە یەکێک ئەوترێ کە کەسى نەبێ.
لە سیروان پێ مەلە ئەکات، لە پیر بازۆک خەلە ئەکات
بە مەردومى بە هەڵپەى ڕەتبڵاو ئەوترێ.
لە سێبەرى خۆى ئەسڵەمێتەوە
واتە زۆر ترسنۆکە.
لە سەر ماڵم بدە لە باڵم
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بە ماڵى خۆى دەستگیرۆیى کردبێ، کەچى سەرەڕاى ئەوەش پیاوخراپى بکات. واتە دەستیشم گرتوویت و پیاوخراپیشم ئەکەیت؟
لە سەرخۆش گەڕێ بۆخۆى ئەکەوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستى دابێتە کارێکى خراپ و دەستى لێهەڵنەگرێ. واتە پیاوى وا وەک سەرخۆش وایە، ڕۆژێک ئەبێ کە خۆى بکەوێ.
لە سەرەوە شۆخ لە ژێرەوە پەڕۆ
بە یەکێک ئەوترێ لە سەرەوە کاڵاى جوان و لە ژێرەوە کاڵاى دڕاوى لەبەردا بێ، یا بە دیمەن لە پێستى مەڕو بە دڵیش گورگ بێ.
لە سەرەوە هەى ئەکا و لە ژێرەوە دەى ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دیمەن خۆى بکات بە کۆترى ئاشتى و لە ژێریشەوە ئاژاوە بنێتەوەو ئاگر خۆش بکات.
لە سەگ سواڵ ئەکات
واتە زۆر نەداراو ڕەجاڵە.
لە شارێکدا کە پیاو نەما بە کەڵەشێر ئەڵێن بڵقاسم بەگ
لە کاتێکدا ئەوترێ کە پیاوێکى چاک لە پیشەیەکدا نەمابێ و یەکێکى هیچ و پووچ چووبێتە جێگاکەى.
لە شوومى دا بایەقوچى ناگاتێ
لە شیرازە دەرچووە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو سنورێکى شکاندبێ و هیچى تیا نەهێشتبێتەوە.
لە شیرى بەرى دایکى حەڵاڵترە
بە شتێک ئەوترێ کە زۆر حەڵالأ بێ.
لە شێر ترسان عەیب نییە
یەکێک ئەیڵێ کە لە پیاوێکى گەورە، یا لە یەکێکى دڕ بترسێ.
لە شەمشەمە کوێرەیان پرسى بۆ هەر بە شەو ئەگەڕێیت؟ وتى نامەوێ چارەى قورسى ڕۆژ ببینم
بە یەکێکى چەوت و چەوێلأ ئەوترێ کە یاراى ئەوەى نەبێ بچێتە ڕووى پیاوێکى گەورەى ڕاست پەرست.
لە شەڕا بەشى ئاشتى، لە ئاشتیدا بەشى شەڕ بهێڵەرەوە
واتە لە شەڕدا ئەوەندەى تێدا بهێڵەرەوە ئەگەر ئاشتتان بووەوە ڕووت بێ قسە لەگەڵ ئاشناکەتدا بکەیت، هەروا لە ئاشتیشدا ئەوەندە ئاشت مەبن کە هەموو نهێنییەکتان ئاشکرا ببێت لەلاى ئاشناکەتان، بە ڕەنگێکى وا ئەگەر شەڕتان بوو زەفەرت پێببات.
لە شەڕا شەریکم، لە خێرا تەریکم
چونکە پەڵى هەردوو لاى بەرئەکەوێ.
لە شەڕا هەر ناوبژیکەر تیا ئەچێ
چونکە پەڵى هەردوو لاى بەرئەکەوێ.
لە عیسایان ئەدا موسا ئەچوو بە تاسەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەگەر لە یەکێکیتر بدەن ئەم بترسێ.
لە عەباداران مەترسە، لە شەدەلاران بترسە
واتە لە پیاوى بەساڵاچوو مەترسە، بەڵکوو لە گەنجى بە خۆناز بترسە.
لە عەرش تا قورش کەس بە دۆى خۆى ناڵێ ترش
واتە کەس نەنگى خۆى ناڵێ.
لە عەزرەت نانى تیرى کاغەز ئەجاوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەزى لە خواردنێک بێ و دەستى نەکەوێ، بە خواردنێکیتر خۆى ئیخفال بکات.
لە عەزرەت پڵاو ترش ئەکاتە ئاو
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەزى لە خواردنێک بێ و دەستى نەکەوێ، بە خواردنێکى تر خۆى ئیخفال بکات.
لە قامکى ساغ کرم دەردێنێ
تەماشاى پەندى (لە پەنجەى ساغ کرم دەردێنێ) بکە.
لە قل هو الله ساتمە ئەکات
واتە هیچ خوێندەوارى نییە.
لە قنگە کڵاشێکیان پرسى ماڵت لە کوێیە؟ وتى با ئەیزانێ
یەکێک ئەیڵێ کە ئیشى خۆى بەدەست خۆى نەبێ.
لە قنگەوە لغاوى ئەکات
واتە کارەکەى پاش و پێشە.
لە قوڕ تۆز هەڵناستێ
بە یەکێکى ڕژدى چروک ئەوترێ کە هیچى لەدەست نەبێتەوە.
لە قۆڕەى سکى ئەسڵەمێتەوە
واتە زۆر ترسنۆکە.
لە قینى دراوسێ قنگى مناڵى خۆى ئەدڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ڕقى لە یەکێک هەستا بە کەسێکى خۆى بڕێژێ.
لە قەلانیش بووەو لە کۆترانیش
واتە لە هەردوولا نائومێد بوو.
لە لێفەى باوکیا نەتڕیوە
واتە هەر لە ماڵان و کۆڵانانا گەورە بووە.
لە ماسى نێر شەرم ئەکات
بە تەوسەوە بە ژنێک ئەوترێ کە بە دیمەن لە پیاوى نامەحرەم شەرم بکات، وەکى تریش وانەبێ.
لە ماڵ درەنگى پێچووەو لە کەژ پەلەیەتى
بە یەکێک ئەوترێ کە لەلایەک دواکەوتبێ و لە لایەکى تر پەلەپەل بکات.
لە ماڵ لێیان داوەو لە گیاى کەژى ئەتۆرێ
واتە بە کەر ناوێرێ بە کورتان شێرە.