شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
لە بۆ نەوسێ خۆى داهەرسێ
هەرس: ورچە. بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ شتێکى هیچ و پووچ خۆى بخاتە چورتمێکى گەورەوە.
لە بیستى، هەر تۆم پێویستى
یەکێک بە هاوڕێیەکى زۆر لەبارى خۆى ئەڵێ کە زۆر ڕێک بن و دڵى یەکترى ڕابگرن.
لە بێ ئیشیدا سەرى ئەیەشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر بێ ئیشى وەک گوێرەکەى گێژ بسوڕێتەوە.
لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات
لە ڕووى تیتاڵییەوە بە یەکێک ئەوترێ کە ئاگاى لە کارێک نەبێ.
لە بێ ماڵ وایە بێژنگ و حاجەت و هێڵەکە
چونکە هیچى بە خۆیەوە نەدیوە.
لە بێ ژن وایە ژندار نان و قوز ئەخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى نەبێ و زۆرى حەز لێبێ.
لە بێ کەسى ئەتۆم بەسى
یەکێکى بێکەس بە هاوڕێیەکى هیچ و پووچى خۆى ئەڵێ.
لە بەختانمە ئەبێ وا بڵێ
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە قسەیەکى ساردى کردبێ دەربارەى ئەم.
لە بەختەکەى خۆم وا ڕائەبینم، بچمە سەر سیروان هیچ ئاو نابینم
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە قسەیەکى ساردى کردبێ دەربارەى ئەم.
لە بەراز موویەک بکرێتەوە، وەڵیفەتە
واتە لە دوژمن زەرەرێک بدەیت با کەمیش بێ هەر باشە.
لە تاو بێوەژن ئەچمە کونەوە، چرا هەڵئەکەن ئەمدۆزنەوە
یەکێک ئەیڵێ کە هەر بەشى لێ بێوەژنا بێ.
لە تڕى لۆتى مەشهورترە
بە شتێک ئەوترێ کە دەنگى دابێتەوەو بڵاو بووبێتەوە.
لە تڕە نەرێ، چووە تسە نەرێ
تڕەنەرێ: جێگاى تڕ، ئەسڵەکەى تر ئەندرێیە. تسەندرێ جێگاى تس. واتە لە جێگەیەکەوە کە ناوبانگێکى ببێ و چووە جێگایەک کە هەرچى ناوبانگ بێ نیەتى.
لە تڕەنگەرى ڕۆى بۆ تسەنگەرى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شوێنێکى خراپەوە بچێت بۆ شوێنێکى خراپتر.
لە تەمەڵیدا بارى بۆ هەوار ناچێ
لە تەڕ ئەخواو لە وشک ئەنوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە گوزەرانێکى باشى ببێ و خۆش ڕابوێرێ.
لە تەک خرسە ئەچێتە جەواڵەوە
خرس: ورچە. بە یەکێک ئەوترێ کە بتوانێ هاودەمى هەموو خراپێک بکات.
لە جێى بەرزى بنیشە، قسەى قەوى بوێشە
بویشە: لە بوێژەوە وەرگیراوە، واتە پیاوى گەورە ئەتوانێ چەند ئارەزوو ئەکا قسەى زل بکات.
لە جێى سندان قوزەڵقورتە
واتە پاداشتى خراپە خراپەیە.
لە جێى شابازان گۆر گۆرە وازان
کۆر کۆرە: باڵندەیەکى بۆرەقنەى بێهۆش و بیرە. بە یەکێکى ناوەجاخى خراپ ئەوترێ کە لە جێى پیاوێکى گەورە دانیشتبێ.
لە جێى شێران سەگان ئەکەن گێران
کۆر کۆرە: باڵندەیەکى بۆرەقنەى بێهۆش و بیرە. بە یەکێکى ناوەجاخى خراپ ئەوترێ کە لە جێى پیاوێکى گەورە دانیشتبێ.
لە جێى نانوێ ئاو بچێتە ژێرى
واتە زۆر دووربین و پارێزگارە.
لە جێى وێرانە گەنج دەرئەکەوێ
واتە لە زۆر ماڵى هەژار کوڕو کچى زۆر ژیرو ڕێک و پێکى لێدەرئەچێ، هەروەک لە زۆر کەلاوە کوپەڵە پارە ئەدۆزرێتەوە.
لە جێى چۆڵا فیکە مەکە، نانى گەرم بە تیکە مەکە
لە جێى چۆڵدا فیکە مەکە، نەوەک پیاوخراپێکت لێ ڕاپەڕێ، نانى گەرم بە تیکە مەکە، نەوەک دەمت بسووتێنێ.
لە حیز وایە هەموو کەس حیزە
چونکە لە چاوى خۆیەوە تەماشاى هەموو کەسێ ئەکات.
لە حیزى جوتیار، گا کاوێژ ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست و پێوەندى باش نەبێ.
لە حەمامى زرو زەنگ، نە من دەنگ نە تۆ دەنگ
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى زۆردارى ستەمکار زۆر ستەم ئەکات لە پیاوێکى هەژار، کابراى هەژار بیر ئەکاتەوە چۆن تۆڵەى خۆى لێبکاتەوە. دێ پێستى بەرانێکى گەورەى تیسکن پەیدا ئەکات و هەر تیسکەى زەنگۆڵەیەکى پێوە ئەکات، خۆى ئەشارێتەوە لەو حەمامەى کە هەمووجارێ تەرخان (قۆرخ) ئەکرێ بۆ ئەو کابرایە. شەو کابراى ستەمکار کە ئەچێ بۆ حەمام لە ناوەڕاستى خۆشتندا کابراى هەژار پێستەکە لەبەر ئەکات و بە چوار چنکۆڵە بۆى ئەچێتە ژوورەوە، لە بەردەمیا خۆى بۆ ڕائەوەشێنێ. کابرا لە ترسدا بێهۆش ئەکەوێ، ئیتر هەرچییەکى ترى لێئەکا ئەیکا و ئەچێتە دەرەوە پێستەکە دائەکەنێ و دەرباز ئەبێ. لە پاشا کابرا هۆشى بە خۆیا دێتەوە تۆزێ ئاو ئەکات بە خۆیاو دێتە دەرەوە، خۆى پۆشتە ئەکاتەوەو بە دەم لەرزەوە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە چل شەو ئەکەوێ. لە پاشا کە چاک ئەبێتەوە خەڵک ئەچن بۆ لاى، لە سەرەى ئەواندا کابراى هەژاریش ئەچێ بۆ لاى، بە دزییەوە پێى ئەڵێ: (لە حەمامى زرو زەنگ، نە تۆ دەنگ نە من دەنگ).
لە حەوت ئاسماندا ئەستێرەیەکى نییە
واتە ئەستێرەى بەختى ئاوا بووە.
لە حەوت ئاسیاو مشتێ ئاردى نییە
ئاسیاو: ئاشە. واتە حەوت ئاش ئەگەڕێ کەچى مشتێ مزە شک نابا، بە یەکێکى دەستبڵاو ئەوترێ.
لە حەوت ئاوى داوە قولى تەڕ نەبووە
واتە زۆر دنیا دیدەیە.
لە خاک هێمن ترە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر هێواش و لەسەرخۆ بێ.
لە خشەى مارو مێروو ئەترسێ
واتە زۆر ترسنۆکە.
لە خۆشیانا هار بووە
واتە یاخى بووە.
لە خۆشیانا پێى ناکەوێتە زەوى
واتە وەک باڵى گرتبێ وایە.
لە خۆشیدا بەرخى بازى ئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر کەیفخۆش بێ.
لە داوێنى ئەبڕێ و ئەیداتە ناوشانى
زۆرتر بە ژنێک ئەوترێ کە لە مەسرەف کردندا ڕاست بێ لەگەڵ مێردەکەیا.
لە دز وایە هەموو کەس دزە
چونکە لە چاو خۆیەوە تەماشاى مەردوم ئەکات.
لە دواى باران کەپەنەک
کەپەنەک: فەرەنجییە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە دواى قەومانى کارێک ئینجا خۆى بۆ ئامادە بکات.
لە دووى چووان مەچۆ
واتە شت کە لەدەستچوو دواى مەکەوە.
لە دەر ماڵى قەرەتاجى بتڕێ، نان و دۆى ئەبڕێ
قەرەتاجى: پیاوێکى گەورەى نان بدە بووە لە سەلجوقییەکان. واتە ئەم کابرایە ئەوەندە شوومە ئەگەر لەبەر ماڵ نان بدەیەکى وەک قەرەتاجى بتڕێ، نان و درى ئەویش ئەبڕێ.
61626364656667