شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
لاى کوورەوە بیت پریشکت لێئەپەڕێ
کەواتە تا ئەتوانیت نزیکى کورەى ئاژاوە مەکەوە.
لنگى جووت کرد
ئەم پەندە بە مەعنا پەندى دەهەمە.
لنگە کەوشێکى لە دیوانا هەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە خزمێکى لاى ئاغا، یا کاربەدەستێکى گەورە بێ.
لووت با بمێنێ لە بەینى چاوا
چونکە ئەگەر لووت نەبێ چاو چاو ئەخوات.
لووت لووتى خۆتە هەرچەند چڵمن بیت
بە یەکێک ئەوترێ کە نەنگ لە خزمێکى خۆى بگرێ.
لووت نەبێ لە بەینا چاو چاو ئەخوا
بە گەورەیەک ئەوترێ کە لە شوێنێکدا کە شەرمى لێبکات.
لووتى بگرى گیانى دەرئەچێ
واتە زۆر لاوازو زەبوون تێقوپاوە.
لووتى لێ ئەخورێ
واتە ئارەزوى ئەکات.
لووتى لە ئاسمانە
واتە زۆر بەدەعیەو دەمارە.
لووتى لە کوڕە کاژاوە
کوڕە کاژاو: شاخێکى زۆر بەرزە لە شارباژێر. واتە زۆر بە دەعیەو دەمارە.
لۆ خۆمان نابێتە نان، لۆ خەڵکى ئەبێتە ناسکە نان
بە خزمێک ئەوترێ کە ڕێزى بێگانە زۆرتر بگرێ لە کەسوکارى خۆى.
لۆمەى عەبدان لە گۆڕەوشار گرانترە
واتە مەردوم ئەبێ لە زبانى ئەم و ئەو بترسێ، چونکە لۆمەو تەشەرى مەردووم زۆر ناخۆشە.
لۆژەى سەرى دێ
واتە بێتاقەتە.
لیباس ڕەنگ و ڕووە، خواردن گەنگ و گووە
واتە تا ئەتوانیت کاڵات پاک و تەمیز بێ، وەک قورئان ئەفەرموێ: [وثيابك فطهر] واتە کاڵات پاک بێ.
لێخوڕە دەشتە
بە کارێک ئەوترێ کە گیروگرفتى لەڕێدا نەبێ.
لێرەش بچوکە
بە شتێک ئەوترێ کە بە دیمەن بچوک و وەکى تریش زۆر بەکەڵک بێ.
لێفەى سواڵ سەرما ناگێڕێتەوە
چونکە تا دڕاو و کون کون نەبێ ناتدەنێ. کەواتە تۆش تا ئەتوانى سوالأ مەکە.
لێم بوویت بە ئەستێرەى سیوەیل هەر دەرناکەویت
لێم بووە بە مارەکەى شێخ هۆمەر
واتە بە هیچ جۆرێک لێم نابێتەوە.
لێم بووە بە مووى لووت
بە یەکێک ئەوترێ کە بە هیچ جۆرێ لێت دوورنەکەوێتەوە.
لێم چۆتە دارێ، نایەتە خوارێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرگیز پەشیمان نەبێتەوە لەو قسەیەى کە کردوویەتى.
لێو بە دان نازانێ
واتە زۆر بە نهێنییە.
لێوێکى با دێنێ و لێوێکى بۆران
بە مەردومى توڕەو تڕۆ ئەوترێ.
لێى بووە بە کوردە ناموسى
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێک بکات نەک لەبەر ئەوەى کە پێى باشە، بەڵکوو نەنگەى خەڵک.
لێیدەن لە ماڵى گەورە، یاپراخ و دوگى چەورە
واتە داواى نامەنگورى خۆت لە پیاوى گەورە بکە، چونکە بەرچاو فراوانە.
لە ئاش دواکەوتووەو لە ڕێ ڕائەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە سەرەتاى کارێکدا سستى کردبێ و لە دواییدا کەوتبێتە پەلە پەل.
لە ئاو بدە بتبا، مەچۆ بەسەر پردى نامەرددا
تەماشاى پەندى (ئاو بت با، لە پردى نامەرد مەپەڕەوە) بکە.
لە ئاو شەو وسڵ ئەکا
واتە لە حەڵالأ و حەرام ئەپرسێتەوە.
لە ئاوى خوڕ مەترسە، لە ئاوى مەنگ بترسە
بە یەکێک ئەوترێ کە مەنگ بێ و بە درێژایى ساڵ لەگەڵیا بیت و تێینەگەیت کە چییە.
لە ئاوى شەو وەرعا ئەکا
چونکە نازانێت چى لە دەروونایە.
لە ئاوى شەو پارێز ئەکا
واتە لە حەڵالأ و حەرام ئەپرسێتەوە.
لە ئاوى مەند و لە پیاوى مۆن بترسە
چونکە نازانێت چى لە دەروونایە.
لە ئێستریان پرسى باوکت کێیە؟ وتى خاڵم ئەسپە
بە یەکێک ئەوترێ کە ناوى باوکى خۆى نەبات لەبەر هەژارى، شانازى بە خزمێکى دەوڵەمەندییەوە بکات.
لە ئێوارەوە تا بەیانى ئەستێرە ئەژمێرێ
واتە شەو بێدارە.
لە ئەسپ دائەبەزێ سوارى کەر ئەبێ
زۆرتر بە یەکێک ئەوترێ کە ژنەکەى تەڵاق بدات و ژنێکى خراپتر بێنێ.
لە ئەسپى نەبوو ئاخوڕ ئەبەستێ
بە کارێک ئەوترێ کە لە پێش وەختا بکرێ.
لە باوان هیچ نییە، لە خەزووران تلیلییە
واتە ماڵى خاوەن کچ ئاگایان لە هیچ نییە، کەچى لە ماڵى ئەو کوڕەى کە بەتەماى کچەکەیە شاییە، کە گوایە کچەکە دراوە.
لە برسانا ئاو ئەکوڵێنێ
بە یەکێکى زۆر هەژارى نەدارا ئەوترێ کە خواردن لە ماڵیا نەبێ.
لە بن سێبەرى شێرا بنوو، با شێرەکە بتخوا
واتە لەگەڵ مەرد بی و تووشى زەرەر بیت، چاکترە لەوەى لەگەڵ نامەرد بى و تووشى قازانج بیت.
لە بوکێ زمان نەبوو، لە خەسوویێ ئیمان نەبوو
دوژمنایەتى بووک و خەسوو لە کۆنەوە هەیە، بووک منالأ و دنیا نەدیدەو بێ دەم و پل، خەسووش دنیادیدە و بێ ڕەحم و لەخوانەترس، ئینجا وەرە ئەم ئاگرو ئاوە چۆن بەیەکەوە ئیدارە ئەکەن.
60616263646566