شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
قیاسی کەشکە لە مشک
بە یەکێک ئەوترێ کە قیاسى شتێک بکات لە شتێکیتر کە زۆر لەیەکەوە دوور بن.
قیری کەوای سپییە
بە یەکێک ئەوترێ کە نەنگێکى ئاشکرا ببێ بە ڕەنگێکى وا کە هەرگیز لێى نەبێتەوە.
قەبر هەڵکەن بیزانیایە کەی ئەمرێ، چاڵێکی بۆ خۆی هەڵئەکەن
واتە کەس عیلمى غەیبى نییە، ئەگینا هەرچى قازانج بووایە بۆ خۆى ئەبرد.
قەحبە لە کێری زل ناترسێ
قەحبە کە پیر بوو، تەوبە ئەکا
بە یەکێکى خراپ ئەوترێ دواى ئەوەى پەکى کەوت ئینجا دەست لە خراپى هەڵگرێ.
قەدری دان وا بە لێوەوە
بە یەکێک ئەوترێ ئەو کەسەى کە مایەى حورمەتى بووبێ نەمێنێ.
قەدری زێڕ بەلای زەڕەنگەرەوەیە
چونکە هەر ئەو ئەیناسێ و پەسەندى ئەکات.
قەدری مانگ نییە تا نەگاتە شەو
واتە هەموو شت لە وەختى پێویستدا نرخى دەرئەکەوێ.
قەرز بە قەرز دەست ئارداوی
واتە ئەم ئاردى دا بەو بە قەرز، ئەویش قەرزەکەى دایەوە بەم بەبێ زیاد و کەم، هیچ لایەکیان هیچیان دەست نەکەوت دەستى ئارداوى نەبێ.
قەرز تا بمێنێ قەڵەو ئەبێ
بەم ڕەنگە قەرزدار شەرمەزار ئەبێ.
قەرز دوو ماڵ ئاوەدان ئەکاتەوە
یەکەم ئەو کەسەى قەرزەکە ئەکات، دووەم خاوەن قەرز، چونکە لە وەختێکدا بۆى ئەهێنێتەوە کە خۆى زۆرى پێویستى بە پارەکەیە.
قەرز کردن و دانەوەی دوو دڵ ئاوەدان ئەکاتەوە
یەکەم دڵى قەرزدارەکە کە پێویستە بە قەرزەکەو دەستى ئەکەوێ. خاوەن قەرزەکە کە قەرزەکەى دەست ئەکەوێتەوە.
قەرز کردنەکەی خۆشە، دانەوەکەی ناخۆشە
واتە تا ئەتوانى قەرز مەکە.
قەرز کۆن ئەبێ، نافەوتێ
ئەمە ڕەوشت و خووى جارانى کورد بوو کە زۆر موسڵمان بوون، هەرچۆنێک بووایە قەرزەکەى ئەدایەوە، بەڵام ئێستا هەرچى قەرز بدا بە یەکێک دوژمنێک بۆ خۆى ئەکڕێ.
قەرزار قەرزاری نەکوشتووە
قەرزارێک ئەیڵێ کە خاوەن قەرز داواى قەرزەکەى لێبکاتەوەو تەنگى پێهەڵچنێت.
قەرزی بێنەو نییەیە
یەکێک ئەیڵێ کە قەرزى دابێ بە یەکێک و هەرچەند داواى بکاتەوە بڵێت نییە.
قەرزی کۆن و خزمی دووری لە یاد کردووە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەژار کەوتبێ و بە دووی شتى ڕۆیوا بگەڕێ کە زیندووى بکاتەوە.
قەزای دیزە کەوت لە گۆزە
بە بەڵایەک ئەوترێ کە بۆ یەکێک بێ و بەر یەکێکیتر بکەوێ.
قەساب کاتێ ئاشنایە گۆشتی لێ قەرز نەکەیت
واتە ئاشنایەتى قەساب هەر ئەوەندە بڕ ئەکات کە مادە نەیەتە پێشەوە.
قەساب گۆشتی بێ ئێسقان نافرۆشێ
واتە شتى بێ نەنگ نییە.
قەل ئەگەر مەلێکی شەریف بووایە گووی نەئەخوارد
قەل بە قەل ئەڵێ ڕوو ڕەش
بەپیاوێکى خراپ ئەوترێ کە ناوى یەکێکیتر بە خراپ ببات.
قەل بە قەل ئەڵێ ڕووت ڕەش بێ
بەپیاوێکى خراپ ئەوترێ کە ناوى یەکێکیتر بە خراپ ببات.
قەل بەخێوکەیت، چاوت دەردێنێ
واتە خزمەتى ناڕەسەن مەکە.
قەل فڕی، قشقاڕە دەرپەڕی
بە دوو کەسى خراپ ئەوترێ کە لەگەڵ یەکێکدا کارێکى کرد ئەوى تریشیان بیکات.
قەیاری هاتووە
قەیار: زیادەى سمى وڵاخى یەک سمە. بە یەکێک ئەوترێ کە یاخى و زیاد لە ئەندازەى خۆى سەربەست بووبێ، واتە چۆن ئەو ئەبێ قەیار بکرێ، ئەمیش ئەبێ نینۆکى بکرێ.
قەیتول و بەیتول، مەردنەپەی پول
واتە گەورەو بچووک لە کراسى خۆیا بۆ پارە مردووە.
قەیسەری لێ بووە بە کونە مشک
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێک بترسێ و خۆى لێبشارێتەوە.
لات پاڵەوانى خوایە
واتە لە هیچ ناترسێ، چونکە هیچى نییە.
لاتانە ئەفرۆشێ
بە لاتێک ئەوترێ کە بیانوویەکت پێبگرێ بۆ ئەوەى شتێکى بدەیتێ.
لادێیى ڕۆن بێنێ و ئاو بەرێ هەر ئەو قازانج ئەکا
چونکە ئەرکى زۆرە.
لاف لە غەریبى و گوز لە بیابان
گوز: بە فارسى تڕە، واتە لە غەریبیدا چونکە کەس ناتناسێ هەر درۆیەک بکەیت کەس پێى نازانێ تا بەدرۆت بخەنەوە، لە چۆلأ و بیابانیشدا هەر تڕێ بکەنیت کەس گوێى لێ نییە.
لافاو لە تکە تکە پەیدا ئەبێ
واتە هەموو شتێکى زۆر لەپێشەوە کەم کەم کۆئەبێتەوە.
لام خۆشە لە دۆزەخا بم سەربەست، نەک لە بەهەشتدا بم بە ژێر دەست
بەڕاستى سەربەستى لە هەر شوێنێک بێ ئەو شوێنە بەهەشتە، ژێردەستیش لە هەر لایەک بێ ئەو لایە دۆزەخە.
لاو لاوى بێ داڵدە بەرز نابێتەوە
بە مناڵێکى بێ کەسى بێ پشتیوان ئەوترێ.
لاى دادا
واتە مرد. لە ڕووى سوکییەوە ئەوترێ.
لاى دیزەى ڕەشەوە دانیشتیت ڕەش ئەبیت
واتە هاوڕێى خراپ بکەیت خراپ ئەبیت، واتە تا ئەتوانیت هاوڕێى باش بکە. وەک قورئان ئەخوێنێ وەک قورئان ئەفەرموێ: [وکونوا مع الصالحین]. واتە لەگەڵ چاکاندا بن.
لاى لایەش ئەکاو ئەشگرى
بە یەکێک ئەوترێ بەسەر مەردومیشدا بێ و خۆشى ئەو کارە بکات کە مەردومى تیا ئامۆژگارى ئەکات.
لاى چاوە ساغەکەوە ئەیداو لاى چاوە کوێرەکەوە ئەیدزێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ لە لایەکەوە شتێکت بداتێ و لە لایەکى ترەوە لێت بسێنێتەوە.
لاى کورەى ئاسنگەرەوە دانیشتیت پریشکت بەر ئەکەوێ
واتە هاوڕێى خراپ بکەیت خراپ ئەبیت، واتە تا ئەتوانیت هاوڕێى باش بکە. وەک قورئان ئەخوێنێ وەک قورئان ئەفەرموێ: [وکونوا مع الصالحین]. واتە لەگەڵ چاکاندا بن.
59606162636465