شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
قالۆنچە بۆنی گوڵ بکا سەری دێشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ هێندێ شتى باشدا سەرو ساختى نەبێ.
قاڵاو چی کرد، تا قشقاڕە بیکا
واتە گەورە چى کرد تا بچووکیش بیکات. واتە شتێ گەورە نەتوانێ بیکات، بچوک هەر ناتوانێ.
قسە ئەکەیت بەد ناویت، قسە ناکەیت پونگاویت
یەکێک ئەیڵێ کە قسەیەک لە دڵیا بێ و نە بتوانێ بیکاو نە بتوانێ نەیکا.
قسە بیگێژەو بیبێژەو بیوێژە
واتە قسەیەک کە هاتیتە سەر کردنى لەپێشەوە وەک دانەوێڵە بە قەڵبیرى مێشکت گێژى بدەو سەر کۆزەرەکەى بگرە، ئینجا بە بێژنگى بیر بیبێژەرەوە هەرچى زیوانییەکى پێوەیە بیگرە، ئینجا بە پاکى و پوختەیى بیڵێ.
قسە بە پاش حەوت کێو، ئەگاتەوە بە خێو
کەواتە تا ئەتوانى ناوى کەس بە خراپە مەبە.
قسە تا نەجوویت، قووتی نەدەیت
واتە ئەو قسەیەى ئەتەوێت بیکەیت تا بیرى لێنەکەیتەوە نەیڵێیت.
قسە تا نەکوڵێنیت، دەری نەهێنیت
واتە لە ئەنجامى قسەکەت ورد بەرەوە، ئینجا بیکە.
قسە حەوت پلەی هەیە
واتە حەوت جار ئەبێ ئەمدیو و ئەودیو بکەیت، لە هەموو لایەکەوە لێى ورد ببیتەوە ئینجا بیکە.
قسە قسە ئەهێنێ
واتە قسە قسە ڕائەکێشێ.
قسە لە قافا خۆشە
واتە قسەى بێجێ مەکە.
قسە لە قافیەدا خۆشە
واتە قسەى بێجێ مەکە.
قسە مەکە بۆ دۆستی وێت، نەوا ئەویش دۆستێکی بێت
وێت: خۆت. واتە قسەى نهێنى خۆت مەگێڕەوە بۆ دۆستێکى خۆت، نەوەک ئەو کەسەش دۆستێکى ببێ و بۆى بگێڕێتەوە.
قسە ناچێتە جەواڵەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى نابەجێ بکات و تۆ قسەکەى ببەیتە دواوە. واتە قسە ئەوەیە بچێتە مێشکەوە، خۆ ناچێتە جەواڵەوە یان گیرفانەوە.
قسە ناچێتە گیرفانەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى نابەجێ بکات و تۆ قسەکەى ببەیتە دواوە. واتە قسە ئەوەیە بچێتە مێشکەوە، خۆ ناچێتە جەواڵەوە یان گیرفانەوە.
قسە هاتەڕوو، نامێنێ ئەرجوو
واتە کە قسەیەک دڕا لە ناوەندى دوو کەسدا، ئیتر ئەبێ بێ پەردە قسە بکرێ و جێى تکا نامێنێ.
قسە هیچی تێ ناچێ
کەواتە لە قسەى باشدا درێغى مەکە. یاخود بە یەکێک ئەوترێ کە قسەى هاشەو هوشە زۆر بکات.
قسە هەتا نەکوڵێ دەرنایەت
تەماشاى ڕاڤەى پەندى نۆهەم بکە لە پیتى (ق).
قسە هەزارە، دووانی بەکارە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە بابەت شتێکەوە قسەى زۆرى بێکەڵک بکات.
قسە کە بوو بە دوو، ئەبێ بە گوو
واتە قسەیەک هەر تاقە جارێک ئەبێ بکرێ.
قسە کەوتە زارێ، ئەکەوێتە شارێ
زار: دەمە. واتە قسەکە لە دەم دەرچوو ئیتر بڵاو ئەبێتەوە بە شاردا. کەواتە تا ئەتوانى ئاگات لە نهێنى خۆت بێ.
قسە یا لە شێت ببیسە یا لە مناڵ
چونکە هەردووکیان بێ پەردە قسە ئەکەن.
قسەم حەقە بۆیە ڕەقە
بە یەکێکى ئەڵێیت کە پێت بڵێ: تۆ زۆر قسەت ڕەقە.
قسەکردن بە پارە بووایە کەس نەیئەکڕی
واتە قسە قسە ڕائەکێشێ.
قسەکەت لە دەما بە شەکر بێ
یەکێک ئەیڵێ کە بیەوێ قسە بە یەکێکیتر ببڕێ و خۆى قسە بکات.
قسەی ئەو، تڕی دەیایی لایەکە
واتە هیچ نرخى نییە.
قسەی تتەر، کوێستانی تەر
یەکێک ئەیڵێ کە هاشەو هوشەو بەڵێنى خۆش ئیخفال کرابێ.
قسەی حسابی زۆر زوو سەوز ئەبێ
بە قسەیەکى ڕاست ئەوترێ کە لەگەڵ کرا خێرا بێتەجێ. واتە قسەى ڕاست زوو دەرئەکەوێ.
قسەی حەق ڕەقە
چونکە لە قازانجى ئەو کەسە نییە کە قسەکەى پێئەڵێت.
قسەی خولە باسی بلەی لەناو برد
بە قسەیەک ئەوترێ کە بەسەر قسەیەکى ترا بێ و ئەمیان ئەویان داپۆشێ.
قسەی خۆت بۆ یار مەکە، یاریش یاری هەیە
واتە یارەکەشت بۆ یارى خۆى ئەگێڕێتەوە، ئەو حەلە بڵاو ئەبێتەوە.
قسەی خۆش کوێستانی کێرە
قسەی خۆمان لە بیر خۆمان
یەکێک ئەیڵێ بە چەند کەسێک کە بە کۆمەڵێک قسە لە کارێک بکەن و یەکێکى بێگانە بچێ بەسەریانداو ئەوانیش قسەکە هەڵگرن بۆ وەختێکى تر.
قسەی دڵت بۆ من بێ
بە یەکێک ئەڵێیت کە قسەیەکى ساردت لەگەڵ بکات. واتە ئەم قسە ساردەت هەر بەسەر زارییەو بەدڵ هەر لەگەڵما میهرەبانیت.
قسەی سوارە
واتە قسەى لە سەرەوەیە.
قسەی شەو وەک خەو کەمتر دێتەڕوو
واتە قسەیەک لە شەوا بکرێ کەمتر دێتەجێ.
قسەی نەخشی بەردە
واتە کە قسەیەکى کرد ئەیباتە سەر.
قسەی وەک قوڕی زستان وایە
واتە لێى ناگیرێ.
قسەی پاڵودار، تاڵەو نالەبار
واتە قسەى بە توێکلأ ناخۆشە، هەرگیز توانج مەگرە کەس.
قسەی پیاو لە سەنەد گەورەترە
قسەی پێشینان وەک نەقشی دیوار وایە
57585960616263