شێتە بۆ شێتیت؟ ئەڵێ بۆم ئەلوێ
بە یەکێک ئەوترێ هەرچى داوا بکات بۆى بچێتە سەر.
شێر ئەگەر بتخوا، پەنا بۆ لانەی ڕێوی ئەبا
واتە مەردوم بشکوژرێ، بە دەستى مەرد بکوژرێ، نەک بەدەستى نامەرد.
شێر بمشکێنێ، نەک ڕێوی بمخوا
واتە مەردوم بشکوژرێ بە دەستى مەرد بکوژرێ، نەک بە دەستى نامەرد.
شێر بە گوێ ئەگرێ
واتە زۆر ئازاو بە زاتە.
شێر دەشکێنێ، چەقڵ و ڕێوی دەیخوا
واتە لە سایەى پیاوێکى گەورەوە زۆرکەس ئەلەوەڕێ.
شێر لە دەنگی کەڵەشێر ئەترسێ
چونکە دەنگى کەڵەشێر نیشانەى ئاوەدانییە، ئاوەدانیش واتە ئادەمى، هەر لەبەر ئەمەیە کە پێى ئەڵێن: کەڵەشێر، واتە کەڵى شێر.
شێر نوستبێتیش مەچۆرە سەری
نەوەک خەبەرى بێتەوە.
شێر کە لە بێشە دەرپەڕی، چ نێرێ، چ مێ
واتە مەردوم کە ئازا بوو جیاوازى نییە لە ناوەندى نێرو مێدا.
شێر کە پیر بوو، ئەبێ بە مەخسەرەی کەران
بە گەنجێک ئەوترێ کە گاڵتە بە پیرێک بکات.
شێر کە پیر بوو، چەقەڵ گاڵتەی پێ ئەکا
بە گەنجێک ئەوترێ کە گاڵتە بە پیرێک بکات.
شێر کە پیر بوو، ڕێوی دەمی تێ ئەژەنێ
بە گەنجێک ئەوترێ کە گاڵتە بە پیرێک بکات.
شێری ماڵەوەیەو ڕێوی دەرەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە کە لەناو پیاواندا نەوێرێ قسە بکات، بەڵام لەناو ماڵى خۆیا هەمیشە شاتەى بێ.
شێرە بەفرینە کەس لێی ناترسێ
شێرە بەفرینە: شتێکە لە وێنەى شێرێکى گەورە دروست ئەکرێ لە بەفر، لە ساڵێکا بەفر زۆر ببارێ، ئینجا بەو کەسانەى کە سنگ شێرى ماکەر پشتن پێیان ئەوترێ: شێرە بەفرینە، واتە بێنرخن.
شێوی خۆش لە هەڵمێ ڕا دیارە
بە شتێک ئەوترێ کە هەر بە بۆن و بەرامەیا دیار بێ کە باشە.
شێوی زۆر کابان، یا سوێرە یا بێ خوێ
یا هەموو خوێى تێئەکەن، یا هیچیان تێى ناکەن.
شەخس زەبرێ نەنوێنێ، دیزەیە دانولە ناکەن بە خێرێ
شەخس: خوابگاه (مرقد)ى پیاوێکى گەورەى ئاینییە. واتە وەختێک مەردوم خێرى بۆ ئەکەن، کە شتێکى لێ ببینن. کاربەدەستێک ئەیڵێ کە زەبرو زەنگێکى نواندبێ لەناو مەردوما.
شەدەم بۆ دەربەند ئەویست، کە دەربەند گیرا شەدەم بۆ چییە
ئەگێڕنەوە کە لە دەربەندى بازیان شاییەک ئەبێ، یەکێک لە دانیشتوانى ئەو ناوچەیە ئەیەوێ بچێ بۆ هەڵپەڕکێى ئەو شاییە، بەو بۆنەیەوە ئەنێرێ بۆ شار کە شەدەیەکى بۆ بکڕن تا لەو شاییەدا بیبەستێ بەسەریەوە، بەڕێکەوت لەشکرى دوژمن دێ و دەربەند ئەگرێ، کابراش شەدەکەى بۆ دێتەوە، ئینجا بەم بۆنەیەوە ئەم قسەیە ئەکا کەوا لەو ڕۆژەوە بووە بە پەند.
شەرابى دەستى دولبەر، خۆشترە لە ئاوى کەوسەر
شەرابى مفت قازیش ئەیخوا
واتە شتى خۆڕایى با حەرامیش بێ دەستى لێهەڵناگیرێ، مەگەر لەلایەن یەکێکى لەخواترسەوە.
شەرعى مار بە دار
ئەگێڕنەوە کە مارێک ئەچێتە ناو دەوەنێکەوە، یەکێک ئاگر ئەنێ بە دەوەنەکەوە، شێخ هۆمەر ناوێک دێ دار دەستەکەى ڕەت ئەکات بۆ مارەکە بۆ ئەوەى کە ڕزگارى بکات، کەچى مارەکە ئەپەڕێتە ملى شێخ هۆمەرو تێوەى ئەئاڵێ و هەرچى ئەکات نایەتە خوارەوە، لە پاشا ئەچن بۆ لاى چەند کەسێک کە شەرعیان بکەن، هەموو شەرعەکە وا ئەکەن کە مارەکە لە ملى شێخ هۆمەر بێتەوە، بەڵام مارەکە بە قسەى کەسیان ناکات و لە ملى نابێتەوە، لە پاشا ئەچنە لاى ڕێوى بۆ شەرع کردن، ڕێوییەکە بە مارەکە ئەڵێ تا نەیەیتە خوارەوە شەرعتان ناکەم، کە لەگەڵ دێتە خوارەوە خێرا بە دار سەرى پان ئەکاتەوە، ئینجا ئەڵێ: (شەرعى مار، بە دار). واتە زۆردارى ستەمکار ئەبێ وەک مار سەرى پان بکرێتەوە.
شەرمى سەران لە مێزەران
تەماشاى پەندى (سایەى سەران، لە مێزەران) بکە.
شەریکی دزەو ڕەفیقی قافڵە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شوێنێک ئەمیندار بێ و شت لەو شوێنە بدزێ و ساغى بکاتەوە بەهۆى یەکێک لە دەرەوە.
شەریکی و خەریکی
یەکێک ئەیڵێ کە شەریکى یەکێکیتر بێ، وە بەهۆى ئەوشەراکەتەوە دەستى بەسترا بێ و نەتوانێ سەربەست هەڵسوڕێ.
شەشی بە تەشپییەکە، حەوتی ربەیەکە
بە قسەیەکى وا ئەوترێ کە هیچى بەسەر هیچەوە نەبێ.
شەق ئەزانێ قۆناغ لە کوێیە
بە یەکێک ئەوترێ کە پێویستییەکى سەرشانى بەجێنەهێنا بێ و ئێستا بە زۆر پێیکرابێ.
شەقەی قەڵماسکی نەبیستووە
بە یەکێک ئەوترێ کە ساردى و گەرمى ڕۆژگارى نەچەشتبێ.
شەل نییە، پای شکاوە
بە شتێکى عەیبدار ئەوترێ کە خاوەنەکەى بە ناوێکیتر ناو ببات.
شەلم کوێرم ناپارێزم
یەکێک ئەیڵێ کە دەستبووەشێنێ بێ ئەوەى وردبێتەوە.
شەلە باوان، کوێرە باوان
یەکێک ئەیڵێ کە لێیقەومابێ و بەبێ جێگاو ڕێگا مابێتەوە، بە ناچارى چووبێتەوە ماڵى گەورەیەکى، واتە هەر کامێکمان لێمان بقەومێ هەر ئەبێ بێینەوە ئەم ماڵە باوانە.
شەلەم بخۆم و جەهەنەمیش بچێژم
یەکێک ئەیڵێ کە لە شوێنێکى ناخۆشى خراپ بێ، دەستکەوتەکەشى شتێکى هیچ و پووچ بێ.
شەممە بە کەم کەس
بە یەکێک ئەوترێ کە بڵێ فیسار کەس باش هەڵگڕا، واتە ئەمجۆرە هەڵگرانە دەست کەم کەس ئەکەوێ.
شەممە لە مانگ ببڕێ
بە شتێک ئەوترێ کە هەرگیز نەگونجێ ببێ.
شەممە لە ملی جولەکەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى بدرێ بەسەرا، واتە چۆن شەممە لە ملى جوولەکەیە، ئەم کارەش لە ملى تۆیە.
شەممە کارە شەممە بار، هەر بووکی تیا مەکە سوار
واتە هەموو کاروبارێک لە ڕۆژى شەموانا پیرۆزە، بووک گواستنەوە نەبێ، کە ئەم پیرۆزییە کە لە شەوى هەینیدایە.
شەن و کەو ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ناڵیش بداو لە بزماریش بدا.
شەنە لە مەنە، کەمتر نییە
واتە ئەم لەو کەمتر نییە، بە یەکێک ئەوترێ کە بڵێ: من لە تۆ وەجاخزادەترم.
شەو ئەنوێ بە جلی گایە، ڕۆژیش ئەڵێی پاشایە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ماڵى خۆیا شتى دڕاوى پینەکراو لەبەر بکات، بەڵام بە دەرەوە شتى جوانى بەنرخ بپۆشێ.
شەو دەروێش بە، ڕۆژ دەروێش مەبە
دەروێش بە شەو هەر نوێژ و خواپەرستى ئەکات، بەڵام بە ڕۆژ ئیشى هەر درۆو دەلەسەو فڕوفێڵ و دەستبڕینە، کەواتە وەک دەروێش بە لە شەودا، نەک لە ڕۆژدا.
شەو دەڕوا، ڕۆژ دەڕوا، قەزاو بەڵا ناڕوا
واتە قەزاو بەڵا بەسەر کەسا تێناپەڕێ، وە هەر ئەبێ بێتەدى.
شەو قەڵای مێردانە
چونکە تاریکە هەموو کەسێک ئەتوانێ هەموو کارێکى تیا بکات.