شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
شایی بۆ دووانە، گڕ لە هەمووانە
بە کارێک ئەوترێ دوان لێى بەهرەمەند ببن، کەچى کەسانیتر پێى کەیفخۆش ببن.
شایی شایی کەران و خوروی دراوسێیان
بە یەکێک ئەوترێ کە یەکێکیتر کەوتبێتە خۆشییەکەوە، کەچى ئەم هەڵپەڕێ.
شتن ڕەنگ و ڕووە، خواردن گەندو گووە
واتە کەم بخۆو زۆر خۆت بشۆ.
شتی باش خۆی هاوار ئەکا
واتە باشى و خراپى چاو و ڕاوى ناوێ، بە یەکێک ئەوترێ کە چاو ڕاو بکا بۆ شتى خۆى، واتە ئەگەر ڕاست ئەکەیت وا باشە، ئەم چاو ڕاوەى بۆ چییە.
شتی چاک پارەی بۆ خۆیەتی
چونکە قازانج ئەکات لەجیاتى زەرەر.
شتی کەم تیز بە خاوەنییەوە ئەگا
کەواتە شت نەدان بە کەس باشترە لە شتى کەم دان.
شتێ بخۆ، شتێ بدە، شتێ هەڵگرە
واتە ئەوى دەستت ئەکەوێ بیکە بە سێ کەرتەوە، بەشێکى بخۆ، بەشێکى خەرج کە لە ڕێى قازانجى گشتیدا، بەشێکیشى هەڵگرە بۆ پاشەڕۆژت.
شتێ بخەرە بن پێت با بگەیتە ئەو
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە زۆر هەوڵ بدات بۆ گەیشتن بە یەکێک لە شتێکدا، واتە تۆ ناگەیتە ئەو مەگەر گلمتکێک بخەیتە ژێر پێتەوە.
شتێ گۆشتی پێ نەگرم، بۆ گۆشتی پێ دانێم
یەکێک ئەیڵێ کە داواى ئیشێکى لێبکەن کە دەردیسەرى تیابێ.
شمشێر لە گاسنیچ هەرچەند بی پەسنی هەر ئەچێتەوە سەر ئاسنی
تەماشاى پەندى (سەد ساڵ بى پەسنى) بکە.
شنگڵی بدە بە ماڵا، شەیتان بەرە بە چاڵا
بە یەکێکى تەمەلأ ئەوترێ کە تاقەتى نەبێ ئیشى ناومالأ بکات.
شوان ئارەزووی لە پەنیر بێ، لە گونی بەرانا دروستی ئەکا
واتە هەموو کەسێک لە ئیشى خۆیا چى بوێ ئەتوانێ بیکا.
شوان بە شوانی عار نییە، بە نانەوەچنی عارە
بە یەکێک ئەوترێ کە پیشەیەکى پێ نەنگ نەبێ، کەچى پێویستێک لە پێویستانى ئەو پیشەیەى پێ نەنگ بێ.
شوان تا دانیشێ گەلەی دوور ئەکەوێتەوە
واتە ئیشى ئەمڕۆ مەخەرە سبەینێ.
شوانی ناپاک لە گورگ خراپترە
چونکە گورگەکە مەڕێ ئەخواو ئەڕوا، بەڵام شوانى ناپاک هەموو ڕۆژ دەستى ناپاکى ئیش ئەکات.
شوست و شۆی لێ بڕی
واتە ئەوەندەى قسەى پێوت تەرزە شکێنى کرد.
شوکرانەی ناعەلاجی ڕوو نەکاتە کەس
بەم ڕەنگە بەڵایەکى گەورەت بەسەرا بێ، وە دەست بە دەستا بدەیت و بڵێیت خوایە شوکر.
شوڵی لێ هەڵکێشاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکا پێى لێهەڵبڕێ و زۆر بە جەختى بچێتە ژێرى.
شوێن کلاوی با بردوو مەکەوە
واتە دواى کارێک کەوتووە کە هەرگیز نابێ.
شوێن کڵاوی با بردوو کەوتووە
واتە دواى کارێک کەوتووە کە هەرگیز نابێ.
شوێنی خۆت بناسە
واتە لە جێیەک دامەنیشە کە هەڵتسێنن.
شوێنی شێرە، ڕێوی لێ ئەکەن گێرە
بە شوێنێک ئەوترێ کە لەوەوپێش یەکێکى گەورەى تیابووبێ و ئێستا تیای نەمابێ، وە لە شوێنەکەى ئەو چەند کەسێکى هیچ و پووچ دانیشتبن.
شڕ بخۆ، بێ کەسییە
واتە ئەمڕۆ ڕۆژى کەوا بخۆرە، بەڵام چونکە لە تۆ پۆشتەتر نییە، کەواتە بخۆ.
شڕکە بێ و ڕۆنکە بێ
بە کاڵاو پۆشاکى کۆن ئەوترێ، واتە هەر پاک و تەمیز بێ با شڕو دڕاویشى بێ قەیناکە.
شڵقە مەشکەو چزە تاوە
بە ژنێکى نەوسن ئەوترێ لەوانەى ئەگەر مەشکە بژەنێ، دواى ژەندنى خێرا کەرەکەى هەڵچزێنێ و بیخوا.
شیاکەی لە قنگ هەڵسوو، بیکەرە گاگەل
واتە زۆر کەرەواڵەو بەسەزمانە.
شیاکەی لە قنگی هەڵسوویت، ئەچێتە گاگەل
واتە زۆر کەرەواڵەو بەسەزمانە.
شیر بەرە بەرە، ئەبێتە کەرە
واتە هەموو شتێک بەپێى خۆى دان بە خۆداگرتنێکى ئەوێ.
شیر کە دۆشرا ناچێتەوە گوان
واتە قسەیەک یا کردەوەیەک کە کرا ئیتر ناگەڕێتەوە.
شیری حوشترو دیداری عەرەب
شیری میسر لە کێلانا ناوەستێ
واتە هەرکەسێک جەوهەرێکى ببێ، بێ پەروا جەوهەرەکەى خۆى دەرئەخات.
شین و شایی دەستەوایی
واتە خۆشى و ناخۆشى دەستیاو، بەم ڕەنگە هەر کەسێک بەخۆشى و ناخۆشیمەوە بێ منیش بە خۆشى و ناخۆشى ئەوەوە ئەبم، وە ئەگەر نەبێ ئەوان منیش نابم.
شیو لەشکرە، یا دێ یا دەچێ
واتە چۆن لەشکر جارێ سەرئەکەوێ و جارێ ژێر، شیویش وایە.
شێت باشە، شێتەزا خراپە
واتە لەگەڵ شێتا هەرچۆنێ بێ ئیدارە ئەکرێ، بەڵام لەگەڵ نەوەى شێتا ئیدارە ناکرێ، چونکە ئەم شێتى کوڕى شێتە.
شێت بگا بە شێت، تەمەرێز هەی تەمەرێز
واتە بەهۆى شەڕە شەقیانەوە، ئەبێ بە تەپ و تۆز، چ تەپ و تۆزێ.
شێت بگا بە شێت، قنگی ئەخورێ
واتە هەرکەسێ بە هاولفى خۆى دڵى ئەکرێتەوە، ئەم پەندە بە پیاوى بەڕێز ئەوترێ.
شێت بەرنە لای شێخ، شێخ بەرنە لای کێ
بە شێخێک، یا زانایەکى ئایینى ئەوترێ کە لە ڕێى دین لایدابێ.
شێت لە عەقڵی خۆی ڕازییە، کەس لە بەختی خۆی ڕازی نییە
شێت کە شێت بوو ئەبرێ بۆلای شێخ، شێت ئەگەر شێت بوو ببرێ بۆ کوێ
ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێیت: هەموو شت بە خۆى ئەپارێزرێ، خۆى ئەگەر بۆگەن بوو، بەچى بپارێزرێ؟!
شێتی عاقڵ گێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دیمەن ساویلکەو کەڕەواڵەو لە دڵیشا وریا و زۆرزان بێ، بە ڕەنگێکى وا کە بە سەد میچێکى لێنەبنەوە.
53545556575859