سەگ وەڕی، بووک دەرپەڕی
بە یەکێکى جرپن ئەوترێ لە کاتێکدا پێویست بێ سەنگى و گرانى خۆى نیشان بدا، کەچى ئەو بەدەم هەموو تەقەو ڕەقەیەکەوە هەستێ و سەرکۆڵان بگرێ، وەک بووکێک کە لە پەردەدا بێ کەچى بە وەڕەى سەگێک لە پەردە دەرپەڕێ.
سەگ کلک و گوێی نەکەی باش پاس ناکا
ئەم پەندە لە ناوچەیەکى دەرەبەگیدا وتراوە کە نایەوێ دەست و پێوەند نینۆکیان ببێ تا سەرى خۆیانى پێ بخورێنن.
سەگ کە نەوەڕی بۆ کوشتن باشە
واتە هەرکەسێک پێویستى خۆى بەجێهێنا بۆ دەرکردن باشە.
سەگ گوێی ببڕی وریا ئەبێ، کلکی ببڕی خێرا ئەبێ
سەگی برسی ئەکەوێتە شوێن پیاو
واتە دەست و پێوەند تا برسى بن خزمەت باشتر ئەکەن.
سەگی تێر ڕاو ناکا
زۆرتر ئاغا ئەیڵێ بۆ خزمەتکار.
سەگی دز لە ماڵی، بە بۆڵەبۆڵ ئەچێتە دەرەوە
واتە هەرچى خواردن بێ تیا دەستناکەوێ.
سەگی دوای دێڵە بە بایەو چاری ناکرێ
سەگی دوای سوارانە
بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى سوکییەوە کە هەمیشە بە دواى پیاوى گەورەوە بێ.
سەگی سپی بۆ بارخانەی لۆکە زەرە
بە یەکێکى خراپ ئەوترێ کە خراپییەکەى بووبێ بە مایەى شکستى هاوڕێکانى.
سەگی لێدراو لە سێبەری دار ئەترسێ
بە پیاوێکى خراپ ئەوترێ کە زۆر سزاو بەندیخانەو لێدانى دیبێ و بەم بۆنەیەوە لە خشەى مارو مێروو بترسێ.
سەگی هار چل شەوی عومرە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە تەواوى یاخى بووبێ و بە ڕاست و چەپدا دەستدرێژى بکات بۆ مەردوم.
سەگی هەڵەوەڕ دز ئەهێنێتە سەر خاوەنی
بە خوار دەستى یەکێک ئەوترێ کە زۆر قسە بکات و لە هەموو قسەیەکدا هەڵبداتێ.
سەگی پێ سووتاوی پێ ناگا
واتە زۆر خوێڕییە.
سەگی ڕەش بە بزن حساب ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەسود بێ.
سەگی کونە ماسییەو پاسی جرتاوا ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێکدا هەڵبداتێ، کە هیچ دەخڵێکى بەسەریەوە نەبێ.
سەی سادق تۆ ئەیکەیت بە گیسکێک خاسە ئەر نا حاجی ئەوڵا خول ئەدەم ئەیکا وە دیزەیی دانوولە
سەى سادق و حاجى ئەوڵا دوو پیرن، گوایە هەرکەسێک بچێتە سەر خوابگاهەکەیان خێرێکیان بۆ بکا، چى لە دڵا بێ خوا بۆى ئەکا، بەڵام یەکەمیان بە خێرێکى گران و دووهەمیان بە خێرێکى سووک و ئاسان. بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکت پێ ببێ. واتە ئەگەر تۆ بەم پارەیە یا بەم دیارییە نەیکەیت یەکێکیتر هەیە بە هەرزانتر ئەیکا.
سەی لێ گڵاو ئەبێ
واتە لە سەگ گڵاوترە.
سەی نان دە، سەفەلەی نان مەدە
واتە نان بدە بە سەگ و مەیدە بە سپڵەى ناکەس بەچە.
سەیر لەوەدایە خاوەن تەڵەکە بێتەوە
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک لە دەشت تەڵەیەک ئەنێتەوە، بە ڕێکەوت ڕێوییەکى پێوە ئەبێ، لە دواى تۆزێک شێرێک بەوێدا ئەڕوا چاوى بە ڕێوییەکە ئەکەوێ کەوا پێوە بووە و پەلە پەل ئەکات، شێرەکە ئەڵێ: بەخوا سەیرە، ڕێوییەکە ئەڵێ: سەیر لەوەدایە خاوەن تەڵەکە بێتەوە. واتە ئەو حەلە سەرم ئەبڕێ و کەوڵم ئەکاو گۆشتەکەم فڕێ ئەداو پێستەکەم ئەبات. کەواتە ئێستام پاشاییە لەچاو ئەو حەلەدا.
سەیرە ئەو دنیا پان و بەرینە، هەرکەس کاری خۆی لەلا شیرینە
سەیرە لە کۆیە
بە شتێک ئەوترێ کە زۆر سەیر بێ.
شا ئەیکەوێتە گەدا، گەدا ئەیکەوێتە شا
واتە دنیا دەوران دەورانە.
شا بێ شالیار نابێ
شالیار: ئەبێ یارو ئاوەڵى شا بێ، کە وەزیرە. واتە شار بێ وەزیر نابێ، بە تەوسەوە ئەوترێ کە هەمیشە لەگەڵ پیاوێکى گەورەدا بێ بۆ هەموو شوێنێک و لێى جیا نەبێتەوە.
شا بە سەپانی خۆی نازانێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بێنیاز بێ.
شا دای، شالیار نەیدا
یەکێک ئەیڵێ کە پیاوێکى گەورە شتێکى بداتێ، کەچى لەو بچووکتر نەیەڵێ بیداتێ.
شاباشی خۆم داوەو قنج هەڵئەپەڕم
واتە پێویستى سەرشانى خۆمم بەجێهێنا، هیچم بەسەرەوە نەما، ئیتر لە هیچ ناترسم.
شاخی بزنێکی پێ تیمار ناکرێ
واتە دەست پاچەیە هیچى پێناکرێ.
شاد مەبە بە بوونی، شاد بە بە ژینی
بە یەکێک ئەوترێ کە کوڕێکى نۆبەرەى بووبێ. واتە هەر بوون مەبەست نییە، بەڵکوو مان مەبەستە، بوونى بەبێ مان، چ کەڵکێکى نییە.
شار خەڵوەتەو گورگ هەڵمەتە
بەوانە ئەوترێ کە لەگەڵ هەلێکیان بۆ هەڵکەوێ دەست بکەن بە تاڵان و بڕۆ.
شاران لە حەسرەت بەغدا ئەکران، بەغداش وێران بوو
وا دیارە ئەم پەندە لە سەدەى حەوتەما وتراوە کە هۆلاکۆ هێرشى بردۆتە بەغداو وێرانى کردووە. ئێستا یەکێکى گەورە ئەیڵێ کە لێکەوتبێ و یەکێک گاڵتەى پێبکات.
شاران گەشتە زۆر درۆزنە
چونکە ئەیەوێ قسەى خۆش و زل بگێڕێتەوە، ئەمەش بە درۆ نەبێ دەستناکەوێ.
شارستانی قیروسیایەکی لادێیی بەسە
شارستانى کەشت بکڕن لەلادێى بۆ ئەوەى کە قازانجێک بکەن لادێییش زۆر فیرسیچمە و گیرە گیر کەرە، بەڵام شارستانییەکە بە قازانجێکى کەم ڕازییە، بە ڕەنگێکى وا کە لادێییەکە بڵێ: قیروسیا لەم چەند فلسە. واتە شارستانى ئەم قیروسیایە بەسە.
شاری بێ حاکم وێران بێ
چونکە حاکم لە هەموو کەس زیاتر تەرازووى دادى بەدەستەوەیە.
شاناخسێ بە قنگی مەروێوەیە
(شاناخسێ و مەروێ) دوو دێن لە نزیک یەکەوە، ئێستا بە دوو کەس ئەڵێن کە هەمیشە پێکەوە بن.
شانازی بە کێلی گۆڕی باوکەوە ناکرێ
چونکە چاکى و خراپى ئەو بە تۆ چى.
شانم کردووە کۆمە، هەڵم گرتووە لۆمە
یەکێک ئەیڵێ کە لۆمەیەک ڕووى تێکردبێ و گوێى نەداتێ.
شانی دادا
واتە مرد، لە ڕووى سووکییەوە بەکاردێنرێ.
شانی دایە بەر
واتە چووە ژێر بارێکى قورسەوە.
شانی لێ ئەخورێ
واتە حەزى لەو کارەیە.