شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
سەری کوێرە ماری لا دەست ئەکەوێ
واتە هەرچى لاى مەردوم دەست نەکەوێ لاى ئەو دەست ئەکەوێ.
سەری کەر بگرە، نۆرە سیف الله یە
واتە تا یەکێ بێدەنگ ئەکەیت یەکێکیتر هەڵئەداتێ.
سەری کەچەڵان ئەکەوێتە باخەڵان
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە ئافرەتێکى جوانى ڕێکوپێک بووبێ بە هاوسەرى ژیانى.
سەری گا ئەکرێ بە قنگی کەرەوە
واتە تێکەلأ و پێکەڵە، کەس لە کەس ناپرسێتەوە.
سەری گرتووە کۆمە، لە خۆی گرتووە لۆمە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر کردەوەیەک لۆمە بکرێ و ئەم گوێ نەداتێ و لەسەر کردەوەکەى خۆى هەر بڕوا.
سەری گرتۆتە خەنە، ئەچێ بۆ ڕاوە گەنە
بە ژنێکى داوێنپیس ئەوترێ کە بە شوێن داوێنپیسیدا بسوڕێتەوە.
سەری گوریسەکە کورت بووە نەگەیشت بە تۆ
یەکێک ئەیڵێ کە قسەیەکى نهێنى بکات لەگەڵ یەکێکدا بە چرپەو یەکێکیتر کە لەو شوێنەیە بپرسێ لەو چرپەیە.
سەرێ بە دەستی خۆت نەیخورێنی، خورووی ناشکێ
چونکە کەس وەک خۆت شارەزاى دەردى تۆ نییە. واتە هەموو کەس ئەبێ خۆى دەرمانى دەردى خۆى بکات.
سەرێ تێنێ کاوجۆ، هەتا دەمری هەر بیخۆ
واتە تا ئەتوانیت هەل لەدەست مەدە، چونکە زۆر جارى وا هەڵئەکەوى بەشى هەموو ژیانت دەستئەکەوێ.
سەرێ لە سکی دایک دەرهات، ناچێتەوە جێی خۆی
تەماشاى پەندى (شیر کە دۆشرا، ناچێتەوە گوان) بکە.
سەرێک لە ناو سەرانا نەبێ بۆ بڕین باشە
واتە ئەو کەسەى دوورە پەرێز بێ لە خزمەتى کۆمەڵەو گەل بۆ نەمان چاکە.
سەرێک لە ناو سەرانا نەبێ بەرشەقان کەوێ
واتە ئەو کەسەى دوورە پەرێز بێ لە خزمەتى کۆمەڵەو گەل بۆ نەمان چاکە.
سەرێکی هەیەو هەزار سەودا
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر دەمەى خەریکى کارێک بێ.
سەرە واو لە سکیا نییە
واتە هیچ خوێندەوارى نییە.
سەرەنجامی گا هەر دۆڵە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر باو (عادەت)ێکى خراپى خۆى کە فێرى بووە هەر درێژە بسێنێ، هەموو ڕۆژێ بۆى بچێ و دواى بکەوێ.
سەفەر سەنگی مەحەکە
واتە بەهۆى سەفەر کردنەوە لە هاوڕێ ئەگەیت.
سەفەرە، هەر لە بەرە
واتە سەفەر کە لەبەر بوو تا زوو بکرێ باشترە.
سەلکی سیریت، قنچکی پیازیت
بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى سەرکۆنەوە کە لە کارێکى تایبەتى تۆدا هەڵبداتێ.
سەنگم پێ مەگۆڕە
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بیەوێ ئیخفالى بکات.
سەپانی کردم پاڵەوەدەرم، خەمی چاڵ و کەندوو کەوتۆتە بەرم
واتە ئەوانەى کە جاران پاڵیان بۆ ئەدامەوە لە کوڕو کچ و ژن و بووک، سەپانییان بۆ ئەکردم و دەستکەوتێکى باشم بوو، ئێستا کەوتوومەتە خەمى چالأ هەڵکەندن و کەندوو پەیدا کردن بۆ ئەوەى دەغڵى تێبکەم.
سەگ ئەوەڕێ و کاروان ڕێ ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە ناوى پیاوێکى گەورە ببا بە سووکى. واتە وەڕینى سەگ چەند کار سەکاتە سەر سوڕانەوەى مانگ بە ئاسمانەوە، قسەى ئەم ئەویش ئەوەندە کار ئەکاتە سەر ئەو جۆرە پیاوانە.
سەگ بتڕێ ئەڵی: بدە بەشم
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر لات و کەمدەست بێ.
سەگ بتڕێ کۆشی بۆ ئەگرێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر لات و کەمدەست بێ.
سەگ بە زەبری کلکی ئێسقان ئەشکێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە پشتیوانى یەکێکەوە خراپەیەک بکات.
سەگ بە شۆرین گڵاوی دەرناچێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر پیس و گوناهبار بێ.
سەگ بە لۆقەو خاوەن ماڵ بە ڕەوت
بە یەکێک ئەوترێ کە دواى کارێک بکەوێ بە پەلەو دەست و برد.
سەگ بە مانگەشەو ئەوەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە خراپە ناوى پیاوێکى پاکى گەورە ببا.
سەگ بە مەرەس جوان شکار ناکا
مەرەس: ڕستى ملى تانجییە کە لە کاتى ڕاوا ئەکرێتە ملى. واتە هەرچى مەرەسى لەملا بێ، مەعناى وا نییە کە زۆر چاک ڕاو ئەکا. بە یەکێک ئەوترێ کە بە دیمەن زۆر ڕێکوپێک بێ.
سەگ بە وەڕین ماندوو نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە کەوتە دەمدرێژى نەیبڕێتەوە.
سەگ خاوەنی خۆی ناناسێ
بە شوێنێکى زۆر چڕوپڕ و قەڕەباڵغ ئەوترێ.
سەگ دڵی خۆشە بە داری گوڵەوە بەستراوە
بە پیاوێکى خراپ ئەوترێ کە کەوتبێتە لاى پیاوێکى گەورەى باش.
سەگ دەستی ئەشکێ، کلکی هەڵئەبەستن
بە کارێک ئەوترێ کە هیچى بەسەر هیچەوە نەبێ.
سەگ لە سەگ بەردە، خۆت تەماشا کە
واتە پیاو خراپ لە پیاو خراپ بەردە، بەو ڕەنگە تۆڵەى لێبسێنە.
سەگ لە سەگ ڕەهاکە، خۆت نیگاکە
واتە پیاو خراپ لە پیاو خراپ بەردە، بەو ڕەنگە تۆڵەى لێبسێنە.
سەگ لە قەسابخانە نەمرێ عومری بە بادە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە لەو شوێنانە بێ کە خواردنى چەورو مشەى تیا دەستئەکەوێ.
سەگ لە کولێرە ڕاناکا
زۆرتر ژنێک ئەیڵێ کە لەبەر خراپى مێردەکەى لێى تۆرا بێ. واتە کەس لە خۆڕایى دەست لە ژیانى خۆش هەڵناگرێ.
سەگ لەبەر ماڵی خاوەنیا ئازایە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر مەڵبەندێکى تایبەتى دا بتوانێ ئازایى بکات.
سەگ نایەوێ کلکی بلەقێنێ، کلک سەگ ئەلەقێنێ
بە پیاوێکى خراپ ئەوترێ کە بە ئیشارەى یەکێکى تۆ خراپەیەک بکات.
سەگ و سیروان پێی پێ ئەکەنێ
لە ڕووى تیتاڵییەوە بە یەکێکى بێ نرخ ئەوترێ کە مەردوم پێى پێبکەنن.
سەگ و شوانی هاتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زەرەرێکى زۆرى کردبێ، وەک یەکێکى ئاژەڵدار کە ڕانەکەى قڕ بووبێ، سەگ و شوانەکەى نەبێ هیچیتری نەمابێ.
51525354555657