سیروان لە کونێکەوە پەیدا نابێ
سیروان: ئاوێکى زۆرە لە ڕۆژئاواى کوردستانى ئێرانەوە دێتە دەرەوە، لە خوار بەغداوە تێکەڵى دیجلە ئەبێ، ئینجا ئەم هەموو ئاوە لە تاقە کونێکەوە پەیدا نابێ، بەڵکوو لە چەند کون و لە چەند سەرچاوەیەکەوە پەیدا ئەبێ. بە یەکێک ئەوترێ کە مەسرەفێکى زۆرو دەستکەوتێکى زۆرى ببێ. واتە ئەم دەستکەوتە هەر لەلایەکەوە نییە، بەڵکوو لە گەلێ لاوەیە.
سیرە کۆڵەی سیروانە
سیرەکۆڵە: بەردێکى گەورەیە کە لەناو ئاوێکى خوڕا لوس بووبێ کە پێشى ئەڵێن: هێلەساوە. بە یەکێک ئەوترێ کە ڕۆژگار قاڵى کردبێ.
سێ و دووی لێ مەکە
واتە بێ بیرکردنەوە ئیشەکە بکە.
سێ و دووی لەپی خۆی ئەکا
واتە لەو کارەدا دوو دڵە، نازانێ بیکات یان نەیکات.
سێبەری دەستکەوێ پانی ئەکاتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕقى لە یەکێک بێ و دوژمنى بێ.
سێف سوور بۆ دەست کوڕی خان خاسە
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکیتر شتێکى لێبسێنێ لە تەزبیح یا هەر شتێکیتر.
سێپەڕە لە گونانە
واتە بەهارێکى زۆر تەڕە.
سەبر تاڵەو بەری شیرینە
چونکە کە سەبرت کرد، بە بەرى کردەوەى خۆت ئەبێ.
سەبر لە بێ دەسەڵاتییە
بەڵام کەسێک کە دەسەڵاتى بوو ئەگەر ستەمى لێکرا خۆى تۆڵەى خۆى ئەسێنێ.
سەد بار گۆشت لەڕ بێ، هەر لەسەر نانە
خزمێکى هەژار بە خزمێکى دەوڵەمەندى ئەڵێ کە خۆى بە زلتر بگرێ.
سەد بەرتیل قەرزێک نابژێرێتەوە
واتە کە قەرزار بوویت بەرتیل مەدە بۆ نەدانەوەى قەرزەکە، ئەوى ئەیدەیت بە بەرتیلا بیدەرەوە بە قەرزەکەدا.
سەد جار پیرە، هەر کۆنە بە گیرە
واتە کە قەرزار بوویت بەرتیل مەدە بۆ نەدانەوەى قەرزەکە، ئەوى ئەیدەیت بە بەرتیلا بیدەرەوە بە قەرزەکەدا.
سەد جەردە لاتێک ڕووت ناکا
چونکە هیچى پێ نییە.
سەد حەکیم بەقەد دەردەدارێک نازانێ
چونکە ئەویان بە زەبرى کتێب ئەیزانێ، بەڵام ئەمیان بە خۆى، وە لە خۆیا ئەیزانێ.
سەد ساڵ بکەی بێگانەپەرستی، دوایی هەر دێنیت نشوستی
چونکە بێگانە هەر قازانجى خۆى و پاشکەوتنى تۆى ئەوێ.
سەد ساڵ بی پەسنی، هەر ئەچێتەوە سەر نانەوەچنی
بى پەسنى: واتە پەسەندى بکەیت. ئەگێڕنەوە کە کوڕە گەورەیەک لە ڕاوا چاوى بە کچە شوانێک ئەکەوێ و حەزى لێئەکات، کە ئەگەڕێتەوە بە دایکى ئەڵێ، ئەویش هەر چەند بەسەریا دێ پەشیمان نابێتەوە. لە پاشا ناچار کچەکەى بۆ دێنن و سەروبەرى لە ئاڵتون ئەگرن. کچەکە کە ئەگوێزێتەوە ئێوارێ سینى بۆ ئەبەن دوو نانى لێهەڵئەگرێ و ئەویکەى ترى ئەگەڕێنێتەوە دواوە، سبەینێ هەروا نیوەڕۆ هەروا، دایکى کوڕەکە لە دەست و پێوەندو کارەکەرو پێش خزمەت ئەپرسێ کە بۆچى ئەم سینییە هەروا ئەگەڕێتەوە دواوە، ئەوانیش پێى ئەڵێن کە هەموو جارێکى دوو نانى وشکى لێهەڵئەگرێ و هیچیتر، ئەمجارە دایکى کوڕەکە خۆى لێ مات ئەدات کە سینى بۆ ئەبەن وەک جاران دوو نانى لێهەڵئەگرێ و ئەویکەى ترى ئەنێرێتە دواوە، لە پاشا نانەکان پارچە پارچە ئەکات و هەر پارچەیەکى ئەخاتە سوچ و قوژبنێکەوە، لە پاشا ئینجا بەسەریانەوە ئەگەڕێ و لەبەردەمى هەر پارچە نانێکدا وەک کاتى شوانێکەى کە نانەوە چنى کردووە ئەوێستێ، ئەڵێ: (مالأ ئاوا نانى شوان)، لە پاشا کە هەمووى کۆ ئەکاتەوە، ئینجا دەست ئەکا بە خواردنى، دایکى کوڕەکە کە ئەمە ئەبینێ، ئەڵێ: (سەد ساڵ بى پەسنى هەر ئەچێتەوە سەر نانەوەچنى). ئینجا ئێستا ئەم پەندە بە یەکێکى ناوەجاخ ئەوترێ کە سەد ساڵ بیئاخنیت لە کاڵاو ناوماڵى جوان و سەروبەرى لە ئاڵتون بگریت، ڕۆژێک ئەبێ لە شتێکدا بچێتەوە سەر ناڕەسەنى خۆى.
سەد ساڵ بە چۆڵی، ڕۆژێ بە ئاوەدانی
واتە شوێنێک سەد ساڵ چۆلأ بێ لە ئازیز، هەر کە ڕۆژێ ئاوەدان بووەوە هەمووى لەبیر ئەچێتەوە.
سەد سەر بە توربەیێ، یەک سەر بە تور بەیێ
توربە: توورەکەیە. واتە سەرى وا هەیە بە تەنها ئەخرێتە توربەیەکەوە، بۆ کێشانە کردن لەگەڵ سەد سەرى ترا کە هەموویان لە یەک تووربەدان. واتە تاقە مرۆڤى وا هەیە سەد مرۆڤ ئەهێنێ.
سەد فیکم بە فیکێکی
واتە زۆر فێڵبازو زۆرزانە.
سەد قەزوان بخۆیت بە گوێزێ پێت ئەگەم
یەکێکى دەستدار بە یەکێکى بێ دەستى ئەڵێ کە لە پێش دەست دارەکەدا دەستى دابێتە کارێک. واتە تۆ ساڵێک لەپێش منا ئیش بکەیت، من بە حەفتەیەک ئەتگەمێ و بەجێشت دێڵم.
سەد قەل و بەردێک
بە لەشکرێکى زۆرى بێهێز ئەوترێ کە بەرگەى هیچ نەگرێ، هەروەک بە قسەیەکى ڕەقى قورس و گران ئەوترێ کە بەرانبەر بە چەند قسەو توانجێکى هیچ و پووچ بوترێ، وەک بە تاقە بەردێک سەد قەل هەڵفڕێنیت.
سەد و سی مەساڵە، بەبێ پەڕە مریشکێک ئیشیان بەتاڵە
مەساڵە: پارچەکانى جۆڵاییە کە هەموویان سەدو سین، کە یەکێکیان مەکۆیە ئەگەر پەڕە مریشکێکى پیانەکرێ کارى جۆڵایەکە ناکرێ. بە کارێک ئەوترێ کە هەموو کەرەسەیەکى تەواو و ئامادەبێ تاقە یەک شتى بچکۆلانەى نەبێ، کە بەبێ ئەوە نەکرێ.
سەد ڕەحمەت لە کفن دزی پێشوو
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک بووە، هەر مردوویەک بنێژرایە شەو گۆڕەکەى هەڵئەدایەوە و کفنەکەى ئەدزى، لە پاشا کابرا ئەگرن و لە بەندیخانە توندى ئەکەن، دواى ماوەیەک کفن دزێکى تر پەیدا ئەبێ، هەروەک کفنەکە ئەدزێ دەستدرێژیش ئەکا بۆ هێندێ لە مردۆکان، ئینجا بەم بۆنەیەوە ئەم پەندە وتراوە.
سەد کراس بدڕە بە پاکی، کراسێ مەدڕە بە پیسی
تەماشاى پەندى (کراسێ بە پیسى، هەزار بە پاکى) بکە.
سەد گوناح و یەک تەوبە
واتە خوا بەخشندەى میهرەبانە بۆ بیانوو ئەگەڕێ کە لە بەندەى خۆى خۆش ببێ، بە یەک تۆبەو پەشیمانى، لە سەد گوناح خۆش ئەبێ.
سەد گۆزە دروست ئەکاو دەست لە یەکێکیان نانێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست بداتە زۆر کار و هیچیان تەواو نەکا و بە نیوەو نیوەچلأ بەجێیان بێڵێ.
سەدبار گاڵ بین، زادی خواین
خزمێکى هەژار بە خزمێکى دەوڵەمەندى ئەڵێ کە خۆى بە زلتر بگرێ.
سەر ئەداو سیر نادا
واتە سەرى خۆى ئەکا بە قوربانى نهێنى برادەرێک، بەڕاستى ئەمە بەرزترین ڕەوشتى ئادەمییە.
سەر بدە، سڕ مەدە
چونکە زۆر سڕى وا هەیە ئەگەر بدرکێ زۆر سەرى تیائەچێ، کەوابوو تاقە سەرێک بڕوا چاکترە لە چەند سەرێک.
سەر بۆ سەربڕین، نەک بۆ سەرزەنشت
واتە مەردوم بمرێ چاکترە لەوەى کە نەنگێک ڕووى تێبکا.
سەر درو بن دڕی جاوێکن
واتە هەردوو ڕووى یەکن، بە یەکێک ئەوترێ کە دەرو ناوى وەک یەک وابێ.
سەر درەکە، ماڵ بسپارە
واتە خۆت دەرکە با ماڵەکەت بڕوا، چونکە مالأ ئەبێتەوە.
سەر سووک و عەلاوە کەم
واتە دەستکەوتم کەم بێ و سەرم سووک بێ باشترە لەوەى دەستکەوت زۆر بێ بە خەم و خەفەت و دەردیسەرییەوە.
سەر لە بن بەردا بێ، لە بن منەتا نەبێ
واتە مردن باشترە لە منەتى نامەرد.
سەر هاتووە بۆ پێ
باوە لەناو کوردەواریدا هەر مناڵێک کە درەنگ پێبگرێ ئەیخەنە ناو سەبەتەیەکەوە و ئەیگێڕن بە ماڵە دراوسێداو ئەڵێن: (سەرهاتووە بۆ پێ). ئەوانیش ئەڵێن: (خوا پێى بداتێ). مەبەست لەم کردەوەیە هەر ئەم نزایەیە کە بۆى بکەن.
سەر هەڵبڕە، خوا بناسە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ زۆرو ستەمێکت لێبکات.
سەر هەڵێنە، خوا ببینە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ زۆرو ستەمێکت لێبکات.
سەر و قنگی کەڵاشکێن
بە دوو کەس ئەوترێ کە لە ڕووى سوکییەوە لە هەموو شتێکدا لەیەک بچن.
سەر وتی بە زبانێ، هەتا تۆم جیرانێ، چ ڕەحەتیم نین لە گیانێ
واتە بەشى زۆرى ناخۆشى کە دووچارى مەردوم ئەبێ لە زبانیەوەیەتى.
سەر کزی دڵ وریایە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دیمەن گێلۆکەو لە دڵا وریاو تێگەیشتوو بێ.