زەردە لوو، بۆ گەرو
بە یەکێک ئەوترێ کە خواردنى زۆر مەبەست بێ.
زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە هەر باشە
دیارە پێنج سەد دینار زەرەر بکەیت لە هەزار چاکترە، بەڵام ئەمە تێگەیشتن و بیرى قوڵى ئەوێ، هەموو کەسێک بە ئاسانى لەمە ناگات.
زەلام بۆ کوشتن، ژن بۆ دانیشتن
واتە بەرخى نێر بۆ سەربڕینە، نەک لەبۆ دۆشین و ڕان.
زەمانی سەگ و گورگ، شیوەنی شوانە
واتە کە سەگ و گورگ زۆر بوو، ئاژەلأ زۆر ئەخورێ. ئەو حەلە شوان ئەبێ هەر شیوەن بکات. بە یەکێکى بێدەسەڵات ئەوترێ کە هەر سات نا ساتێ زۆردار شتێکى لێ داگیر بکات.
زەمانەیی گون درێژەو زەمانەیی کێر درێژە
واتە مەردوم دەمێ لە سەرەوەیەو دەمێ لە ژێرەوەیە.
زەوى تەزێنە
بریتییە لە ئادەمى تەمەلأ کە لە شوێنێک دانیشت تاقەتى نەبێ هەستێت.
زەڕم داوە، بەڵام کڕیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ پارەى تیا خەرج بکەیت و عەزێتى پێوە بکێشیت، کەچى ئەو لەجیاتى قازانج ئازارت پێبگەیەنێ.
زەڕینی هاتووە
بە یەکێک ئەوترێ کە بەهۆى پارە یا پایەیەکى بەرزەوە خەریک بێ یاخى ببێ.
زەڕینی هەیە، پەڕینی نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە گوفتارى ببێ و کردارى نەبێ.
زەینی بووە بە زەینی سور سورە
واتە هیچى بۆ لەبەر ناکرێ.
سابوون مەدە لە ژێر پێم
واتە بە قسەى لووس هەڵممەخەڵتێنە، بە یەکێکى ئەڵێیت کە بیەوێ هەڵتبدات بۆ ئەوەى ئیشێکت پێبکات.
ساتێک بژی و شێر بی، نەک سەد ساڵ بژی و لەژێر بی
واتە ساتێک بژى بە ئازادى خۆشترە لە ژیانى سەد ساڵ بە دیلى.
ساردە لوو، بۆ گەلوو
بە چێشتێک ئەوترێ کە هەر بە ساردى بخورێت.
ساغمان بە کۆڵی کەر ئەگەڕێ
واتە هەموو نەخۆش و کەفتەکارێک.
سالێکەو دوو بەهار
یەکێک ئەیڵێ کە لە ساڵێکدا دووجار بەهرەمەند بووبێ بە بەهرەى گەورە.
ساوەر ئالیکی مێردییە
واتە خواردنى پیاوى بەهێزە.
ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار
چونکە هەموو کەسێک لەماوەى ئەو ساڵەدا چەند دۆست و ئاشنایەکى ئەمرن و چەند کەسێکیتر دێنە جێگایان، کە تامى ئەوان نادەن و جێیان پڕ ناکەنەوە.
ساڵ دوانزە مانگ بزن قنگی بە دەرەوەیە کەس قسە ناکات، جارێ مەڕ قنگی دەرکەوێ لێی ئەکەن بە هەرا
یەکێک ئەیڵێ کە جارێک بە هەڵە شتێک بکات و لێى بکەن بە هەرا.
ساڵ سییە، سیوەیل برسییە
واتە دەغڵ و دانى ئەمساڵ زۆر بە بڕشت بووەو یەک و سى بڕی، کەچى لە سیوەیل نان دەستناکەوێ و مەردوم هەر برسییەتى.
ساڵانمان خایاندووە، مانگانیش ئەخایەنین
یەکێک ئەیڵێ کە زۆر چاوەڕوانى کردبێ و چەند مانگێکى مابێ، چاوەڕوانى ئەویش بکا.
ساڵی جارێک باز بەسەر دارەوە ئەنیشێتەوە
واتە هەل زۆر کەم هەڵئەکەوێ، وریابە لەدەستى نەدەیت.
ساڵێ ماڵ و ساڵێ مناڵ
واتە ئەو ساڵەى ژن مناڵى تیا ببێت نایپەرژێتە سەر مالأ لەبەر بەخێوکردنى مناڵەکە، ئەو ساڵەى مناڵى تیا نەبێ ئەتوانێ سەرپەرشتى خۆى بکات، کەواتە با وابێ.
ساڵێکی تریش هەر ئەم ڕۆژەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ ئیشێک بکات لە ساڵى ئایندەدا. واتە ئەی ئێستا بۆ نایکەیت، خۆ ساڵێکى تریش هەر ئەمڕۆیە.
ساڵەکەی تەڕە ساڵە
بە ساڵێک ئەوترێ کە بەفرو بارانى زۆر بێ.
سایەی سەران لە مێزەران
بە پیاوى گەورەو ماقولأ ئەوترێ کە جاران سەروپێچیان ئەبەست بەسەرەوە لە مێزەر، یا لە کەشیدە، یا لە شتیتر.
سرکە ئەفرۆشێ
واتە زۆر تووڕەیە.
سرکە لە ناو چاوی ئەبارێ
واتە زۆر تووڕەیە.
سرکە گەڕایەوە ئەبێ بە شەراب
سزای گرانجان لێ نەکڕینە
بە خوا تۆڵەى چاکە، خۆزگە هەموو کەسێک ئەم تۆڵەیەى بەکاربێنایە، ئەو حەلە کەس نەیئەوێرا یارى بە نرخى هیچ شتێک بکا، نەخوازەڵا خواردەمەنى.
سفرەی بەتاڵ (بسم الله)ی لێ ناکرێ
واتە (بسم الله) بۆ خواردن ئەکرێ، کە خواردن لەسەر سفرە نەبوو هیچ.
سم سمی کەرەو چنگ چنگی یاسێ، من سەرم لەم کارە ئەماسێ
ئەگێڕنەوە کە پیرێژنێک بوکێکى ئەبێ، ناوى (یاسێ) ئەبێ، کە کورتەى (یاسەمین)ە. ئەوەندەى نان ناداتێ کە تێرى پێبخوات، ڕۆژێک پیرێژن سواغى ئەو ژوورە ئەدا کە کوپەڵەى کەرەى تیا ئەبێ و خۆى ئەچێتە دەرەوە، بوکەکەى لە برسانا سوارى کەرەکەیان ئەبێ و بەناو ژوورەکەدا ئەڕوا تا ئەچێتە سەر کوپەى کەرەکە، چنگێک کەرەى لێدەردێنێ و ئەیخوا، خەسۆکەى کە دێتەوە جێ سمى کەرەکە ئەبینێ لەناو سواغەکەدا، کە ئەچێتە سەر کوپە کەرەکەش جێ چنگى بوکەکەى ئەبینێ، کە لە بوکەکەى ئەپرسێ، ئەڵێ: نازانم. ئەبێ کەرەکە چووبێتە ژوورەکە، ئەمیش ئەڵێ (سم سمى کەرەو چنگ چنگى یاسێ، من سەرم لەم کارە ئەماسێ) ئێستا ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە دەستى لە کارێکا بێ و بەڵام بەڵگەى لەسەر نەبێ.
سمی کەر بە سم تەراش ئەتاشرێ
بە یەکێکى هەرزەى بێ ژیر ئەوترێ کە شتێکى خراپى لەگەڵ کردبێت. واتە کەر چۆن سمى ئەتاشرێ کە درێژ بوو، ئەمیش ئەبێ نینۆک بکرێ.
سمێڵی گوگرە بووە
بە کوڕێک ئەوترێ کە تازە خەتى دابێ.
سنعات و قنیات
واتە مەردوم لە جیهاندا بە دوو شت ئەژى، یەکەم پیشەسازى دووهەم قەناعەت کردن.
سنعەت بازنی زێڕە
لە هەر ساتێکدا ویستت ئەتوانیت بازنەکەت بکەیت بە پارە.
سنعەتکار دەوڵەمەند نابێ و لە برسیشانا نامرێ
ئێستاش بەشى زۆرى سەنعەتکار وایە، بەڵام سنعەتى واش هەیە لە پاش چەند ساڵێک خاوەنەکەى لەدەست ئەکەوێ.
سنعەتەو سەبەتە، مسگەری نییەو قنگ هەڵسوڕان
سنعەتکارێک ئەیڵێ کە سنعەتەکەى لە برەودا بێ.
سنگ شێری ماکەر پشت
بە مەردومى زل و قەبەو پفەڵى بێ هونەر ئەوترێ.
سنگ لەقێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەناو مەردوما فیتنە بەرپا بکات.
سنگ هەڵکێشە
واتە چەموش و ناڕەحەتە.